"an independent online kurdish website

کالون دەڵێت: شمشێر دەتوانێت لەش لە جەستە جیا بکاتەوە بەڵام هەرگیز ناتوانی بێر و باوەری کەسێک لە مێشکی دەربە‌هێنێت. shaho_ebrahimi13

                                      

زۆر لە مێژە کە گەلی کورد ویستوویەتی لەژێر چەپۆکی دوژمنانی ڕەزگاری بێت و بە ئاوات و ئامانجە رەواکانی بگات و بۆیەش رۆژ نیە کە رۆڵە فیداکارەکانی بە خوێنی سووری خۆیان حەماسەی هەرمان و دەرسی ژیانێکی سەربەست تۆمار بەکەن.

رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی ئەوەی کە هەمیشە کانگای رۆڵە نەبەزو خۆڕاگرەکانی نەتەوەی کورد بووگە و شانازی ئەوەی هەبووە کە لە رۆژە خۆش و ناخۆشەکانی نەتەوەکەمان پاڵپشتی برا و خوشکەکانیان لە باقی پارچەکانی دیکەی  کوردستان ببن، بە دەیان نموونە هەیە کە شاهیدی ئەومان بۆ دەدەن کە رۆژهەڵاتی کوردستان خەمخوری بزاڤی رەزگاری گەڵی کورد بووگە کە  دەتوانین ئاماژە بە کۆڕەوەکە ، جێژنی فیدراڵی هەرێمی کوردستان  لە باشوور و پشتیوانی لە خەباتی گەڵی کورد لە رۆژئاوای نیشتمان و هاوخەباتی و خەمخۆری بۆ خەباتی گەلەکەمان لە باکوور و … بکەین

بەنووسینی ئەم بابەتە من تەنها دەمەوێت یادێک بکەم لە ئەو رۆڵە نیشتمانپەڕوەرانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی ڵاوانی خۆڕاگری شاری سنە، کە لە سێی ڕەشەممەی ساڵی 1377 هەتاوی بۆ ویستە رەواکانیان هاتنە سەر  شەقامەکان و نیزیک بە30 کەسیان لێ شەهید کرا و بە سەدان کەسیش بریندار بوون یان کەوتنە زیندانەوە و توشی ئازارو و ئەشکنجەی دەروونی هاتن کە ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆر کەسیان برینەکانیان سارێژ نەبووەتەوە و دەزانم کە برینەکانیان هەتاهەتایە وەک دایکە جەرگ سووتاوەکانی کوردستان کە چاوەری گەرانەوەی مەنداڵەکانیان بوون وەک خۆی دەمێنێتەوە.

کاک دوکتۆر قاسملوو دەڵێت: هیچ نیعمەتێک لە جیهان لە ئازادی بەنرختر نییە، ئازادی کەرامەت و شەخسیەت بە ئینسانەکان دەدات و رێگا نادات کە  ببێتە مۆرە، ئینسان دەبێت لە حالەتی مۆرە بێتە دەرەوە و ببێتە فەردێکی زێندوو و چاڵاکی ناو کۆمەل.

لە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٧ ی هەتاوی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەرێز ئوجەلان لە وڵاتی کێنیا بە هاوکاریی رێکخراوە جاسووسیەکانی مووساد و میت ناو براو گیراو بە دیلی درایەوە  دەستی وڵاتی تورکیە، ئەم کارەی دوژمنانی گەلی کورد بوو بە هۆی نارەزایەتی کۆمەڵگای کوردەواری و گەلی کوردیش لە هەر چوارپارچەی کوردستان و لە وڵاتانی دەریشەوە کە کوردی تێدا بوو بۆ نارەزایەتی  بەرانبەر بەو کردەوە دژە مرۆیی یە خۆپیشاندانی مەزنیان وەڕێخست، لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو خۆپیشاندانانە لە شارەکانی ورمێ، مەهاباد، سەقز، مەریوان، بۆکان، سنە و چەندین شاری دیکە ئەنجام دران کە بە داخەوە لە چەن شوێن رووداوی دڵتەزێن و شەهید بوونی لاوانی لێکەۆتەوە.

من لێرەدا دەمەوێ باسێکی کورت سەبارەت بە خۆپیشاندانی سنە بکەم و ئەوەی کە بۆ خۆم  لەوێ شاهیدی بووم و دوایش لە ناو دەفتەری بیرەوەریەکانمدا نووسی بووم باسی بکەم.

لە شاری سنە لە دوو رۆژی جیاوازدا خۆپێشاندان کرا کە هەر دووجار بە شێوەی یاسایی  و بە ئیزن وەرگرتن لە پارێزگاری کوردستان و لە سەروەی هەموویان خودی عەبدوڵڵای رەمەزانزادە، پارێزگاری ئەو کاتی سنە بەرێەوچوو.

رۆژی یەکەم خۆپێشاندان:

رۆژی هەێنی30  رێبەندانی ساڵی 1377 هەتاوی خۆپیشاندانەکە لەبەردەم مزگەوتی جامیعەی شارەوە دەستی پێکرد و تا دەوری مەیان واتە مەیدانی ئینقلاب درێژەی کێشا کە لە ئەو رۆژە هیچ چەشنە رووداوێکی نەخوازراو رووی نەدا و دروشمەکانیش هەر ئەو دروشمانە بوون کە  زیاتر باس لە دەژایەتی لە گەڵ ئیسرائێل و تورکیە و هەروەها دەروشمی ئازادی بۆ بەرێز ئۆجاڵان و پاڵپشتی کردن بۆ مافی گەڵی کورد لە کوردستانی تورکیە دا بوو.

رۆژی دوومی خۆپێشاندان:

لە رۆژەکانی یەکەم و دوومی ڕەشەممە لە لایەن خوێندکاران و بازاریانی سنە بەیاننامەگەلێک بەڵاو کرایەوە کە لە هەموویان ئەوە نووسرابوو کە بە هۆی گیرانی رێبەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بۆ محکووم کردنی رفاندنی ناوبراوو بە مەبەستی هاو دەردی لە گەڵ کوردانی کوردستانی تورکیە و هەر وەها بە ئیزن وەرگرتن لە پارێزگاری کوردستان خۆپیشاندانێکی هێمنانە بە دژی وڵاتانی تورکیە و ئیسرائیل لە کاتژمیر ٩ی بەیانی رۆژی ٣ ی رەشەممە لە شەقامی شەهیدان بەرێوە دەچێت.

 ئەوەیش بڵێم کە من ئەم بەیاننامەیم لە بەردەم دەبیرستانی موتتەهەری لە گەڕەکی غەفووری سنە و هەروەها لە  چەندین شوێنکی دیکە لە ناو شارە بینیم و خۆێندمەوە.

شەوی یەک شەممە ٢ی ڕەشەممە ساڵی ١٣٧٧ هەتاوی دوای ساعەتی ١٢ شەو کە خەڵک لە کاتی  خەودا بوون و هەروەها کاناڵی سنە، کە ئەو دەم تەنها رۆژانی هەێنی بەرنامەی هەبوو، هەڵوەشانەوەی ئەم ئیجازەی خۆپێشاندانەی  لە لایەن پارێزگاری کوردستان و بەشە ئەمنییەکانی سنەوە  راگەیاند کە خەڵکێکی زۆر ئاگاداری ئەم بانگوازەی دەسەڵات دارانی رێژیم نەبوون.

رۆژی دووشەممە ٣ی رەشەممە:

بەیانی ٣ی رەشەممە لە گەڵ چەند هاورێیەکم بۆ بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکە رەویشتین بۆ شەقامی فەراح کە لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی بە شەقامی شەهیدان ناودێر کرا بوو، تەواوی شار کەش و هەوایەکی حکوومەت نیزامی دایگرتوبوو و تەواوی شار پڕ بوو بوو لە هێزە نێزامییەکان، بەرە بەرە خەڵکێکی زۆر لە شەقامی فەراح کۆ دەبوونەوە و لە لایەکەوە گۆشاری هێزە ئینتێزامیەکانی رەژیم بۆ سەر خەڵک کە لە شوێنێک کۆ نەبنەوە دەستی پێکرد، کە هەر لە سەرەتاوە هێزە ئەمنییەتییەکان و ئەوانەی کە جلوبەرگی شەخسیان لە بەردا بوو دەستیان دایە گرتن و راوەنانی خەڵک، هەتا دەهات خۆپیشاندانەکە بەرینتر و ئاڵۆزتر دەبوو و ئازار و لێدانی هێزەکانی رژیم زیاتر پەرەی دەستاند.

بۆیە خەلکیش کەوتنە دیفاع کردن لە خۆیان، خۆپیشاندانەکە لە هەر چوار گۆشەی شارەی سنە دەستی پێکردبوو و زۆرێک لە لاوانی بەشدار بووی خۆپێشاندانەکە لە سێ رێیانی نمەکی، پردی مەلاوەیسی، مەیان ئیقباڵ و دەوری مەیان کۆ بەبوونەوە کە هەرچی دەهات گاردی ویژە کە لە شارەکانی دیکەوە هەمان رۆژ، یان ٢ی رەشەممە هاتەبوونە سنە خۆیان دەگەیاندە شوێنە گرینگەکانی شار، لە رووداوێکدا کابراێکی نێزامی کە خەریکی ئازار دانی لاوان بوو بە هۆی چەند کەسێکەوە لە سەر پردی مەلاویسی دەخرێتە خوارەوە، هەروەها لە مەیانی ئیقبال ماتۆر و ماشینیکی ئێنتزامی لە لایەن خەڵکی نارازییەو سووتێندرا.

 ئەو خۆپێشاندانە ئارامەی کە خەڵک ئەیانویست بەرێوەی بەرن، لە دۆخی ئاسایی خۆی دەرچوو و بوو بە تظاهرات  بە دژی کۆماری ئیسلامی، شوعاری مەرگ بۆ سەرانی ئەو حکومەتە لە لایەن خەڵکەوە دووپات دەکرایەوە کە من بۆ یەکم جاربوو کە گویم بۆ شوعاری مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی و بژی کوردستان و بژی قاسملوو و چەندین درۆشمی دیکە دەبوو کە شوێنی وتنی ئەو دروشمانە لە بان باشگاە و سێرای نمەکی زیاتر لە شۆێنەکانی دیکە دەبیسرا..

گاردی ویژە و هەروەها هێزه دەژی گەلیەکانی دیکە بە مشت و پێلەقەو باتۆم و گازی فرمێسکرێژەوە بگرە تا تەقەی راستەوخۆ و شەهید کردنی لاوان و خەڵکی شاری سنە دەستیان هەڵنەگرت و سنەیان خەڵتانی خوێن کرد، خەڵكیش بە دیتنی ئەم کردەوە ناچار بوون کە بە دەستی خاڵی، یان بەرد لە خۆیان دیفاع بکەن،  لێرە دا دەمەوەی بە کورتیش بێت چەن شتێک باس بکەم کە هیچ کات من لە بیری ناکەم و دەڵنیام کە ئەوە کەسانەو کە ئەو رۆژە لە نا  خۆپێشاندانەکەدا بوون ئەوانیش ئەزانن کە:

 ١.بەشدارانی خۆپێشاندانەکەی بەشە هەرە زووریان کچان و کوڕانی لاو و خوێنگەرم سنەیی بوون کە لە رووی تەمەنەوە زۆر لاو بوون.

٢. بەشداری ژنان و کچان لە ئەم تظاهراتدا زۆر بەرچاو بوو کە لە ئەو رۆژە شتێک بۆ من هاتە پێش کە هیچ کات لە ژیانم لە بیری ناکەم و ئەویش ئەوە بوو کە لە  شەقامی شەشەم بە‌همەن کە لە گەڵ چەن کەسێکدا لە ناو خۆپێشاندەکە دا بووین  کچێک هاتە پێش و لە ناو جانتایی مەدرەسەی کە بەردی تێکردبوو و دیدا بە بەشدارانی خۆپێشاندانەکە و هەروەها چەندین کچ و ژنی دێکەم   بینی کە هەرکامیان بە شیوازێک بەشداری تظاهراتەکە بوون کە دوای 14 ساڵ تیپەرێن بە سەر ئەم رووداوە ئەمن هیچکات ناتوانم لە بیری بکەم و دڵنیام کە هیچ کاتێکیش لە هزرم ناروێتەوە.

٣. لە کاتێک دا کە  لە دەستی  هێزە بەکرێگیراوەکانی رەژیم هەڵدەهاتین و خۆمان دەکردە کۆڵانە تەنگەکانی سنەدا خاوەن ماڵەکانی ناو شار بە دڵسوزی و دڵ ئاوەڵاییەوە دەرگایان بۆمان دەکردەوە و زۆر کاتیش ئەو لاوانەی کە بریندار دەبوون لە لایەن ئەو خاوەن ماڵانەوە حەشار دەدران.

زۆر شتی دیکە لە ئەو رۆژە روویدا کە بەداخەوە لێرە ناکرێت باسی هەموویان بکرێت، بەڵام ئەم شتانە نیشانیدا کە بۆ دیفاع کردن لە خاک و نیشتمان هەموومان بە هەر بیر و باوەرێک کە هەمانە  دەتوانین بۆ رەزگاری خاکەکەمان لە تەنیشت یەکدی خەبات بکەین.

لە ماوەی کەمتر لە ٤ ،٥ ساعەت زۆرێک لە هاورێ و هاوخەباتەکانمان شەهید یان ئەسیر و رەوانەی گەرتووخانە تەرسناکەکانی رژیم کران .

شەهیدانی ٣ی رەشەممە:

 بە داخەوە لە ناو تظاهرات و لە شوێنە جیاوازەکانی سنە نزیک بە 30 کەس لە  لاوانی ئەم شارە  شەهید کران کە کاتێک تەرمی شەهیدان دەکەوتە دەستی رژیم دەبوایە پارەی ئەو فیشەکانەی کە رۆلەی خەڵکیان پێ شەهید کردبوو لە بنەماڵەکانیان وەربگرن، بێجگە لە ئەوە حەتمەن بۆ دانەوەی هەر  تەرمەێک  بە بنەماڵەکانیان 400 یان 500هەزار تەمەنی  وەردەگرت و دوایش بە کەس و کاری قوربانیەکانیان ڕایاندەگەیاند کە بێ ئەوەی سەرەخۆشی دابنێن تەرمەکان بە خاک بسپێرن کە من بۆ خۆم ئەوەم بینی، زۆر کاتیش نەیاندەهێشت کە لە گۆڕستانی بە‌هەشت موحەممەدی سنە ئەو کەسانە کە لە خۆپیشاندانەکە شەهید ببوون بە خاک بسپێردرێن.

برێنداەکانی ٣ی رەشەممە :

       برێنداەکانی ٣ی رەشەممە دوو دەستە بوون

١. لەو رۆژە دا رژیم بەکرێگیراوەکانی خۆیانی لە ناو شار بەڵاو کردبووەوە کە یەکێک لەو شوێنانە نەخۆشخانە و بیمارەستانەکانی شار بوو کە ئەگەر کەسێکی بریندار لەوێ بێت لە گەڵ خۆیان دەیانبرد کە بە داخەوە چەندین هاورێ ئازیزمان کە لە بیمارستانەکان  بە بریندارنی کەوتنە دەستی هێزەکانی رژیمی دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامی کە بە هۆی پێرانەگەیشتن پێان  برێنەکانیان تووشی عفوونت بوون کە زۆر بە داخەوە  بەشیک لە جەستەیانیان لە دەست دا.

٢. ئەو هاورێ برێندارانەمان بوون کە بە هۆی کەس وکارەکانیان بە نەهێنی تیمار دەکران کە ئەویش کێشە و گرفتی یەکجار زۆری بۆ بنەماڵەکانیان دروس دەکرد.

ئەسیرەکانی ٣ ی رەشەممە:

 دەیان کەس لە لاوانی سنە  لە رۆژی تظاهراتەکەوە و یان بە هۆی فیلم هەڵگرتنی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شار کە لە ئەو رۆژەدا خەریکی فیلم گەرتن لە خۆپیشاندرەکان  بوون  بە داخەوە تا ماوەیکی زۆر هەر خەڵکیان دەگرت بە  تاوانی  ئەوە  کە بانگی ئازادیتان سەرداوە، زۆرێک لە ئەو ئازیزانە کە گیران لە ژێر ئەشکەنجەدا تووشی کێشە و گرفتی دەروونی بوون کە بەداخەوە هەتاکوو ئێستاش زۆرێک لە ئەو دۆستانە هێشتا دوای ساڵانێکی زۆر چاک نەبوونەتەوە.

٣ی رەشەممە رۆژێکی زۆر تار و ناخۆش و پڕ لە دەرد بوو کە ئاسەوارە ناخۆشەکانی بەداخەوە هەر نەرواوەتەوە  بەڵام دەزانین کە ئازادی قوربانی دەوێت.

لەو رۆژە گاز، ئاو و بەرقی برێک لە گەرەکەکانی ناو شاریان لە خەڵک پچراند، من لە بیرمە کە لە حەوشەکەمان کانی ئاوێکمان بوو کە خەڵک دەهاتن بۆ ماڵی ئێمە ئاویان دەبرد.

بۆ ماوەی چەن رۆژ ناوشار حاڵەتی حکومەت نیزامی بوو و هەر چەند مترێک ٢ نەفر گاردەی ویژە راوەستابوون و بە کەس ئیزنی راوەستان و کۆبوونەوەیان نەدەدا.

ئەو شتانە کە لە سەرەوە باسم کرد تەنها بەشێکی بچووک بوو لە خۆراگری و هەستانەوەی لاوانی شارەکەم کە لە مێژووی رەزگارێخوازی نەتەوەکەمان هەمیشە نەقشی بەرچاوی هەبووە، با هەمو کەس بزانێت کە لاوەکانی سنە بە کوشتن، زیندان و ئەشکەنجەدان و هەروەها بە تومەت لێدان کە گوایا ئەو خەلکە راپەریوە  سەر بە ئیسرائیل و تورکیە و ئەمریکا بوون دەس لە ویستە رەواکانیان ناهێنن و بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافی رەواکانیان لە هیچ قۆربانیەک سەڵ ناکەن و هەمیشە حازرن کە رۆڵەکانیان بێنە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی.

ئەو گیان فیداییەی لاوان لە ئەو سەردەمەدا بوو  کە بە باوەری من  وایکرد کە بڵێم،

 سێ رەشەممە دەستپێکی خەباتی جەماوەری بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

لە کۆتاییدا سەری رێز و حورمەت لە بەرانبەری ئیرادەی پۆلائێنی لاوانی شۆرشگێری نیشتمانەکەم و بە تایبەت لاوانی شارەکەم سنەی خوێناوی دادەنوێنم و هیوادارم کە رۆژێک بێت کە هەموومان بۆنی ئازادی هەڵمژێن و لە سێبەریدا هەموو رەنج و ئازارەکانمان دەرمان بێت .

یادی شەهیدانی کارەساتی ٣ی رەشەممە بەرز و پێرۆز بێت و هیوادارم کە ئەو کەسانێشە کە توشی ئازار و ئەشکنجە بوون چاک ببنەوە.

شاهۆ ئیبراهیمی

سوید{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی