"an independent online kurdish website

کوردە پیرۆز بێ جێژنی نەورۆزت        نە بەزی لە ڕێی سەر بەرزی هۆزتmela_biraym1

دەستی داگیر کە ر لە خاکت ببڕە           ئازایی بێنە و ئازادی بکڕە .  هەژار

بە بۆنەی هاتنی نەورۆزو ساڵی تازە پیرۆزبایی خۆم پێش کێش بە هەمو خوشکو برا کوردەکانم لە هەر چوار پارچەی کوردستانو خزم دۆستو هاوڕێیانم دەکەم . لە قوڵایی دڵمەوە ئاواتە خوازم ساڵێکی پڕ لە خۆشێ ، شادی ، بەختەوەری ، کامرانی وسڵامەتی و سەر کەوتن بێ.

شنە بای شەماڵی ڕەشەمە تارای سپی بوکی زەوی کون دەکاو دەیدڕێنێ ، لوتکە بەرزەکانی چیا لێرو لەوێی سەر دەر دێنێ ، چۆڕ چٶڕە دەکەوێتە ژێر ڕنوی بەفران ودەیان ڕوخێنێ ،ئاوەچۆڕەی توانەوەی بەفر لە داوێنی چیا جۆباری ڕونو بارێک دەخوڵقێنێ ، کانیاو دەژێینەوەو لەدەشتاییان زەوی دەخەمڵێنێ، بەیبون و گیاخاوو سوێسن وهە ڵاڵە و وەنەوشە و کوڕادەو کارگو کەما و مەندۆکو بیزابەخۆدا دێنەوەو بەجۆرێک کە دنیای کوردەواری بێ وێنە دەڕەنگێنێ . گیاو گۆڵو دارو دەوەن  هەر هەمویان تەدارەکی سەر لەنوێی ژیانەوەو ڕزگار بونیان لەژێر کراسی رەشی زەویو تارای سپی بەفر دەگرن. نەو رۆز ئەگەر بۆ زۆرێک لە گەلان نوێبونەوەی ساڵ و ڕۆژی خۆشی و شادیە ، بۆکورد جگە لەوانە ماناو ناوەرۆکی تایبەت بەخۆی هەیە.

نەورۆز مە شخەڵی ڕۆژانی ژیانەوەی کورد بۆ ژیانە . مزگێنی دەری هاتنی وەرزی کارو تێکۆشانە ، پەیامی دوایی هاتنی سەرماو سۆڵە و توانەوەی سەهۆڵبەندانی زستانە. جوتیارو فەلاقوڵی مەردانە هەدەماڵن و زەوێ ژێرو ژوور دەکەن و بژیوی ژیانی خۆیان و کۆمەڵگای لیوەبەر دێنن. گەلی کورد بە سەدان ساڵە بە دەستی تۆفانی سەرماو سۆڵی ڕقو قینی فاشیان و داگیر کەران و کورد کوژان  دەلەرزی ، دەتەزی ، بەلام نابەزێی، ئازار دەچێژێ ، بەڵێێ بۆ دوژمنان نابێژێ ، سەر دادەنێ کە چی سەر دانانوێنێ. هیوادارە بتوانێ بە هاری ئازادی وەبەر بێنێ.

بە باوەڕی من نەورۆز بۆ ئێمەی کورد تەنیا جێژنی سەری ساڵ نیە ، ناوەرۆکی گەلێک بەرزو بەنرخی هەیە و ئەرکی گەلێک قورستر دەخاتە سەر شانمان . وشەی نەورۆز هەر پیتێکی ڕاسپاردەیەکی گرینگی بۆ ئێمە پێیە ، کە ئەمن ئاوایان لێک دە دەمەوە.

  نـــــە و رۆز

نونەکەی : نەبەزی ، نە وەستان ، نەسرەوتن، نەترسان و کۆڵ نەدانە.

هێ یە کەی :  هەڵمەتو ، هێرشو هەوڵدانە .

واوەکەی :  ورە ، وشیاری بٶ وەرزی کارو تێکۆشانە .

ڕێی یە کەی : ڕاپەڕین ، ڕزگاری ، رێبازی شە هیدان بەر نەدانە.

ئۆ یە کەی : ئومێدو هیوای دوا ڕۆژمانە.

زێی یە کەی : زەماوەندی سەر کەوتنی گەلو ڕزگاری نیشتمانە.

هیوادارم بەو ناوەرۆکانە لە نەورۆز تێبگەین ، لە بەرانبەریاندا هەست بە بەر پرسایەتی نەتەوەیی بکەین . ئاوڕێک لە ساڵی ڕابردو بدەینەوە ، کۆسپەکان و هەڵە کان بدۆزینەوە،  کە لێن و لەکە بە رەکان پڕ کەینەوە و لە ئاسۆی سەر کەوتن نیزیک و نیزکتر ببینەوە.  نەورۆزی بێ ئازادی باڵندە ی لە قەفەسکراوە ، ڕوحێکی زیندە بەگۆڕە ، عاسمانی بێ ئەستێرەو بارانە ، لە شێکی بەرواڵەت زیندوی لە ناوەرۆکدا بێ گیانە ، لە پشتەوەی شایی نەورۆز دنیایەک دەردو کەسەرو ژانە ، ئازادی تاکە ڕێگای وەدیهاتنی حەزو ئارەزوەکانمانە ، نەورۆزی بە وڵاتی ئازادەوە ژیانەوەی ڕاستە قینەی دوبارەمانە ، شایی نەو رۆز هەر لە ئامێزی ئازادی دا جوانە ، ڕزگاری کوردو کوردستان نەورۆزی راستە قینەی کوردانە. بەو هیوایە.

دووبارە نەورۆزتان پیرۆز

 براتان مەلا برایم مەجید پور ١٥/ ٣ / ٢٠١٣

{jcomments off}     

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی