بۆ ئەو هەڵبژاردنە هەتا ئێستا سێ جەناحی (ئوسوولگەرای موحافیزەكار و نەریتی، جبهەی پایەداری یان بەرەی مانەوە و لایەنگرانی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد) خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەركۆماریی ئامادە كردووە و كاندیداكانی خۆیان بە شێوەی نافەرمیی ناساندووە.
بەپێی یاسای بنەڕەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنی سەركۆماری بەڕێوە دەچێت و وەزارەتی ناوخۆیی ئێران بۆ ئەو مەبەستە ئەركدار دەكرێت و پێویستە دوو ناوەندی گرینگ لە ئێران وەكوو شۆرای نیگابان كە پێك هاتوو لە 12 كەس و رێبەر، دەنگ هێنانەوەی سەركۆمار پشت راست بكەنەوە و سەركۆمار تەنیا دوو خول دەتوانی ئەو پۆستەی هەبێت.
هەڵبژاردنی ئەم جارەی سەركۆماری( خولی یازدەهەم) رێكەوتی 24ی جوزەردان واتە سێ مانگی دیكە بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەر لە هەڵبژاردنەكان پێویستە رێكەوتی 17 هەتا 21ی مانگی بانەمەڕ پاڵێوراوەكان خۆیان بە لقەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەشارەكان بناسێنن و ناویان تۆمار بكەن.
مەرجە سەرەكییەكانی پاڵێوراوان بۆ پۆستی سەركۆماریی:
ـ پیاو بێت
ـ بوونی بڕوانامەی ماستەر
ـ تەمەنیان لە 45 ساڵ كەمتر و 75 ساڵ زیاتر نەبێ
ـ مەزهەبیان شیعەی ئەسناعەشەری بێت
ـ لە ناو شیعەكاندا دەبی جەعفەری بێت و باوەڕیان بە هەر 12 ئیمامی شیعە هەبێت
پاڵێوراوەكان دوای ناونووسی كردن لە وەزارەتی ناوخۆ پێویستە شوناسەكانیان بچێتە شۆرای نیگابان و لەفیلتەری ئەوان تێپەڕ بێت و زۆر جار لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا بینراوە كە تەنیا كەسانێك لەو فیلتەرە تێپەڕ دەبن كە لە سیستمی ویلایەتی “فەقیه”دا قاڵ بوونەتەوە، بۆ وێنە لە هەڵبژادنی خولی دەیەمی سەركۆماریدا 476 كەس خۆیان كاندید كردبوو، بەڵام شۆرای نیگابان تەنیا 4 كەسی تەئید كرد و لەناو ئەوانیشدا تەنیا رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران قامكی لەسەر ئەحمەدی نژاد دانا و ئەوی پێ باش بوو، هەر چەندە ئێستا مەحموود ئەحمەدی نژاد لەو ماوەیەدا چەندین جار قسەی عەلی خامنەیی شكاندووە و بێ رێزی بە نزیكانی خامنەیی كردووە، هەر ئەو مل هوڕیانەی ئەحمەدی نژاد بوو كە وای كرد رێبەریی ئێران كەوتە بیری لابردنی پۆستی سەركۆماریی لە ئێران و هێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیری بە جێگای سەركۆماریی و ئەو بیرۆكەیەشی یەكەم جار لەسەدرانێك بۆ پارێزگای كرماشان ئاشكرا كرد.
لە هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی و هەڵبژاردنەكانی دیكەی ئێران وەكوو، پارلمان، ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەنجومەنی شارەكان هیچ كاتێك كەسانێكی بێ لایەن نەیانتوانیوە لە فیلتەری شۆرای نیگابان تێپەڕ بن یان ئەگەریش تێپەڕ بوونە نەیانتوانیوە دەنگ بێنەوە و بە حوكمی ئەوەی كە لە ئێران هیچ حیزبێك بۆیی نیە چالاكی بە ئاشكرای هەبێ زۆر ئاشكراشە كە ناتوانن كاندیدی خۆیان هەبێ و هەر ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی كە رەخنەگران ئەو هەڵبژاردنە بە ئازاد نەزانن، دیارە ئێستاكە تەنیا رەخنەگران نین كە هەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامیی بە ئازادانە نازانن بەڵكوو لە ناوی خودی دەسەڵاتیش كەسانێكی ناڕازی هەن كە باوەڕیان بەو شێوە هەڵبژاردنە نیە.
لە هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەركۆماریی ئێراندا چوار كەس بە ناوەكانی میر حوسێن مووسەوی سەرۆك وەزیری پێشووی ئێران، میهدی كەرووبی، موحسێن رەزایی لە كەسانی باوەڕمەند بە نیزامیی ئێران و فەرماندەی بەرەكانی شەڕ لەگەڵ خەڵكی كوردستان و حیزبەكانی كوردستانی رۆژهەڵات و مەحموود ئەحمەدی نژاد بوون. دوای دەنگدان بۆ دیاری كردنی پۆستی سەركۆماریی، وەزارەتی ناوخۆ ناوی ئەحمەدی نژادی بۆ جاری دووهەم راگەیاند و ئەوە ناڕەزایەتی بەربڵاوی لێ كەوتەوە و بزووتنەوەیەك بە ناوی بزووتنەوەی سەوز بە رێبەرایەتی مووسەوی و كرووبی لێكەوتەوە، بەڵام زۆری نەخایاند كە ئەو بزووتنەوەیە سەركوت كرا و ئەو دوو سەركردەیە لە ماڵەكانی خۆیاندا حەبس كران و ئێستا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە كە مووسەوی و كرووبی نەیانتوانیوە لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە.
لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا چەندین بەرە و كوتلە لە ناو دەسەڵاتدا دروست بووە و دیانهەوێ كاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری بكەن و مەبەست لە نووسینی ئەو بابەتەش شی كردنەوەی باڵ و جەناحەكانی ناو سیستمی كۆماری ئێسلامیی ئێرانە.
ـ بناژۆ خوازەكان ( ئوسوولگەراكان)، ئەو جەناحە پێك هاتوو لە كەسانێكن كە لە حاڵی حازردا لە ناو دەسەڵاتدان و لەرێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران نزیكن و ئوسوولگەراكان بۆ خۆشیان بوون بە دوو باڵ كە بریتین لە:
1ـ “ئوسوولگەرا موحافیزەكارەكان”
2ـ ئوسوولگەرا نەریتییەكان”
ـ باڵی موحافیزە كارەكان بەر لە هەڵبژاردنەكانی خولی نۆیەمی پارلمان بەرەیەكیان بە ناوی “جبهەی پایەداری” یان (بەرەی مانەوە) پێك هێنا و میسباح یەزدی سەرۆكایەتیی دەكا ئەو بەرەیە هەنووكە 30 ئەندامی پارلمانیان لەسەر لیستەكەیان هەیە، جبهەی پایەداری هەتا ئێستا بە شێوەی روون نەیتوانیوە نوێنەر بۆ كاندید كردن دیار بكات، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە كە سەعید جەلیلی دەبیری باڵای ئەمنیەتی میللیی و نوێنەری خامنەیی بۆ دانوسان لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی بۆ بەرنامەی ئەتۆمی، لەلایەن ئەو بەرەیەوە دیاری بكرێت، ئەوەی كە جیگای سرنجدانە ئەوەیە كە كەسانی نزیك لە خامنەیی بەرەی مانەوە بە ئاژاوە چییەكانی هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەركۆماریی ئێران ناو دەبەن و رایانگەیاندووە كە ئەوانە دارودەستەی ئەحمەدی نژادن و نابێ دەسەڵات بكەوێتە دەستی ئەوانەوە. بەڵام بەرەی مانەوە بەبەردەوامی وتوویانە ئێمە هێڵی فیكری ـ سیاسیی خۆمان لە لادەر و فیتنەچییەكان جیا كردۆتەوە. جبهەی پایەداری یان بەرەی مانەوە بوون بە دوو بەش كە بە “تاران”ی و “قوم”ییەكان ناویان دەبەن، تارانییەكان ئەو كەسانەن كە لە سەرۆكی جبهەی پایەداری واتە میسباح یەزدی نزیكن و سەردەمانێك قوتابیی ئەو بوونە، “قوم”ییەكانیش ئەو كەسانەن كە بەردەوام لەلایەن سادق مەحسوولی بەرپرسی ماڵیی جبهەی پایەداری پارەیان بۆ خەرج كراوە و زیاتریش ئەو كەسانەن كە دەنگیان بە سەركۆماریی ئەحمەدی نژاد دا و لەو باوەڕەدان دەبێ هەتا سەر لەگەڵ ئەحمەدی نژاد بن.
بەگشتیی لایەنگرانی ئوسوولگەراكان، جبهەی پایەداری بە تێكدەر و لادەر ناو دەبەن و لایەنگرانی مەحموود ئەحمەدی نژادیش ئەو جبهەیە بە هەوڵدان بۆ بێ دەسەڵات كردنی كابینەی دەوڵەت( ئەحمەدی نژاد) لەقەڵەم دەدەن.
ـ ئوسوولگەرا نەریتەكان، ئەوانە پێك هاتوو لە عەلی ئەكبەر ولایەتی راوێژكاری رێبەری كۆماری ئیسلامیی و دەبیری كۆڕی نێودەوڵەتی ئیسلامی، محەممەد عەلی قالیباف بەرپرسی شارەوانی تاران و غولامعەلی حەداد عادل بەرپرسی فەرهەنگستانی زمانی فارسی و نوێنەری مەجلیس. ئەوانە گرووپێكیان بە ناوی 2+1 پێك هێناوە و وتوویانە لەبەرەبەری هەڵبژارنەكاندا شانسی هەر كاممان زۆر بێت ئەوە ئەو دەبێتە كاندیی لیستی ئێمە.هەر ئەو ئوسوولگەرایانە لە هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەركۆماریشدا گرووپێكیان بە ناوی 8+7 پێك هێنابوو.
ـ لە ناوی تەیفی مەحموود ئەحمەدی نژادیشدا كۆمەڵێك كەس هەن كە دەیانهەوێ خۆیان كاندید بكەن بەڵام بەرچاوترینیان ئیسفەندیار رەحیم مەشاییە و لە نزیكای سەركۆمارە و ئەحمەدی نژاد بەتەوای هێزەوە پشتیوانی لێ دەكات بەڵام لەلایەن ئوسوولگەراكانەوە بە لادەر و فتنە چی ناو دەبردرێت.
دیارە لایەنگرانی بزووتنەوەی سەوز كە داوای رێفورمیان لە ناو دەسەڵاتدا دەكرد و بە رێفورمخوازەكانیش ناسراون هەتا ئێستا كەسێكی دیاری كراویان نەناساندووە و زۆر كەس لەو باوەڕەدان محەممەد خاتمی سەركۆماری پێشوو ئەگەری ئەوە هەیە كە خۆی كاندید بكا و شارەزایانی سیاسیی وتوویانە ئەگەر خۆشی كاندید بكا لەلایەن شۆرای نیگابانەوە تەئیدی سەلاحیەت ناكرێت و هێندی كەسیش رایان وایە كە رێفورمخوازەكان لە هەوڵی ئەوەدان مستەفا موحەقێق داماد كە لە ساڵی 60 هەتا 73وە رەئیسی سازمانی بازرسی وڵات بووە دیاری بكەن.
هێندێ كەسی دیكەش وەكوو موحسێن رەزایی كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا دەنگایان نەهێنایەوە لە شاری دیواندەڕە لە كوردستان كاندیدا توری خۆی راگەیاندووە.