"an independent online kurdish website

دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران و بەدەسەڵات گەیشتنی كۆماری ئیسلامی،

شەپۆلی مافخوازی و هەقخوازی نەتەوەكانی ئێران  و داواكاریی خەڵك بۆ دابینبوونی ویست و داخوازییەكانیان پەرەیان سەند و لەم پێناوەدا شۆڕشێكی هەمە لایەنەیان وەڕێخست كە لەگەڵا دژایەتی رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بەرەوڕوو بوو و تەنانەت وادە و بەڵێنەكانی خودی دەسەڵاتداران لە رەوتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە بیركران و هێرشێكی بێ بەزیانەی كرایە سەر كەسانی پێشكەوتنخواز و دێموكرات و  نەتەوە مافخوازەكانی ئێران، حكوومەتی ئیسلامی ئێران وەك هەر رێژێمێكی دیكتاتۆر تەنیا رێگای مانەوەی خۆی لە سەركوتكردنی هەر دەنگێكی ئازادیخوازنە دەدی. بۆیە هەر لە سەرەتایی هاتنە سەركار، دژایەتی لەگەڵا نەتەوەیی كورد و بەربەرەكانێ‌ لەگەڵا ویست و داخوازەكانی بە شێوەیەكی سیستماتیك و بەرنامەدارێژراو دەست پێكرد و ئەم دژایەتییە بە دەسپێكی شەڕی سێ مانگە و بەهاری سنە، لایەنی فیزیكی بە خۆیەوە گرت و هێرشی بەربڵاوی هێزەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی بۆ سەر شار و گوندەكانی كوردستان  بە تایبەت دوای فتوای خومینی دژی نەتەوەی كورد بەرگێكی ئایینیشی بە بەردا كرا.

فتوای خومەینی بووە هۆی ئەوەی  هێرشێكی بەربڵاو بكرێتە سەر شار و گوندەكانی كوردستان و كوشتنی خەڵكی كورد وەك بەجێی هێنانی ئەركێكی ئایینی سەیر بكرێت و لایەنی كۆمەڵكوژی بە خۆیەوە بگرێ‌. گوندەكانی “حەلەبێ‌، كوێكان، كەرێزەی شكاكان، یونس لی”ی سەر بە شاری نەغەدە لەو گوندانە بوون كە لە رێكەوتی  23ی رەشەممەی 1361 كەوتە بەر هێرشی بێ بەزیانەی هێزەكانی رێژیم و 40 كەس لە خەڵكی بێ تاوان و بێ دیفاعی ئەم گوندانە شەهید كران. ئەم تاوانە لە درێژەی ئەو جنایەت و تاوانانە بوو كە كۆماری ئیسلامی لە شار و گوندەكانی سەرانسەری كوردستان ئەنجامی دابوو، وەك پاوە، سەقز، مەهاباد، قارنێ، قەڵاتان و دەیان شار و گوندی دیكەی كوردستان. ئامانجی رێژیمی كۆماری ئیسلامی لە كوشتاری خەڵكی ئاواییەكانی نەغەدە بۆ چاوترسێن كردنی خەڵكێك بوو كە پشتیوانیان لە هێزە دێموكرات و پێشكەوتنخوازەكانی كورد دەكرد و هەروەها نانەوەی تووی دووبەرەكی لە نێوان كورد و ئازەرییەكانی ئەو ناوچەیە بوو كە بە خۆشیەوە سیاسەتی درووست و لۆژیكیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و وشیاری و شعوری بەرزی سیاسیی خەڵكی ئەو ناوچەیە تا رادەیەكی بەرچاو پێشی بەو سیاسەتەی كۆماری ئیسلامی گرت.

تەنیا هۆی كوشتاری خەڵكی ئاواییەكانی نەغەدە و شار و گوندەكانی دیكەی كوردستان ، كورد بوونیان بوو، ئەو كارەساتە مرۆییانە بە هۆی نەبوونی راگەیەنەكانەوە و بە هۆی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، هیچ دەنگدانەوەیەكی لە میدیای جیهانیدا نەبوو و تەنانەت ئەو هێز و كەسایەتیانەی دروشمی دادپەروەریان دەدا، هیچ دژكردەوەیەكیان نیشان نەدا وبەداخەوە ئێستاشی لەگەڵا بێ هیچكام لە تاوانبارانی كۆمەڵكوژییەكانی كوردستان رووبەرووی دادگا نەبوونەتەوە، بەڵكوو پلە و پایەشیان بەرزتر كراوەتەوە. هەر بۆیە بە هۆی ئەو زوڵم و زۆرەی بە درێژایی مێژوو لە كورد كراوە و لە بەرامبەردا ئەو شعورە سیاسییەی كە هەموو كات كورد هەیبووە، كوردستان هەمیشە سەنگەری ئازادیخوازی و شۆڕش بووە، هەرچەند كوشتار و ئیعدام و وێرانكارییەكانی شار و گوندەكانی كوردستان لە لایەن رێژیمی كۆماری ئیسلامییەوە شوێنەواری دەروونی و ناخۆشی بۆ كەس و كاری شەهیدەكان بەدواوە بووە، بەڵام لە هەمان كاتدا، ورەی خەباتگێڕی و بەردەوامی لە خەباتدا هەمیشە بە زیندوویی هێشتووەتەوە.

سیاسەتی كوشتن و لە نێوبردن كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی مێژووی خۆی لەپێشی گرتووە، ئێستایش بە گرتن و زیندانی كردن و ئیعدامی رووناكبیر و رۆژنامەوانانی كورد و چالاكە مەدەنییەكان و  لە هەژاریدا هێشتنەوەی ناوچە كوردنشینەكان و بڵاوكردنەوەی مادە هۆشبەرەكان لە نێو كۆمەڵگادا بەردەوامە و جۆرێكی دیكە لە كۆمەڵكوژیی خەڵكی ئێران و بەتایبەت كوردستانی لێكەوتووەتەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی