"an independent online kurdish website

به درێژایی مێژوو و هەتا چەند رۆژێکیش لەمەوبەر یەکێک له شێوەکانی بێحورمەتیکردن بە پیاوان و ئازاردانی دەروونی ئەوان له کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوە بوو که به پیاوێک بڵین: دەبا دەرپێی ژنانی له پێ بایه.shkufe_qwbadi1

ئەو رەستەیه نیشاندەری ئەو بیر و فکرەیه که ژنان له بەر چاوی پیاواندا کەم بایەخ یان باشتر بڵێم بێبایەخن. به داخەوه یاساکانی پەسەندکراوی کۆماری ئیسلامی که سەرچاوە لەو بیر و باوەرە دەگرێت که ژن مرۆڤێکی تەواو نییه و کەم عەقڵە، ئاکامەکەی ئەوەیه که ژن نیوەی پیاو مافی هەیه و وەکوو مڵکی پیاو چاوی لێ دەکرێت. ئەو یاسایانه رەنگدانەوەیەکی قوڵیان له سەر شیوازی بیر و هەڵسوکەووتی پیاوان لەگەڵ ژنان داناوە. ئاکامی ئەو شێوە بیرکردنەوه و ئەو یاسایانه بۆته هۆی خۆسووتاندن و خۆکۆشتنی ژنان که هیچ دەرەتانێک بۆ رزگاری و ژیانێکی باشتر شک نابن. تێکەڵاوی یاساکانی ئیسلامی و کولتووری پیاوسالارانە،  بووە به هۆی پەرەئەستاندی بیری بێبایەخی گیان و ژیان و کەسایەتی ژنان له کۆمەڵگای ئێمەدا. هەر بۆیه بەرپرسانی هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران له شاری مەریوان بۆ سزادانی پیاوێک جلی ژنانەی له بەر دەکەن و له نێو شار دەیگەرێنن و به خەڵکی نیشان دەدەن.

هەڵوێستی قارەمانانه و کەم وێنەی ژنانی شاری مەریوان بەو کردەوەیه و سەرکوت کردنیان له لایەن هێزه ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ به هۆی ئەوە که باوەرمەندانی راستەقینە به ئەرزشی بەرابەری ژن و پیا له هەڵمەتێکی بێ‌وێنه به لە بەر کردنی جل و بەرگی ژنانه وێرای پشتیوانی له ژنانی پێشکەوتووی شاری مەریوان، به بیرورای گشتی کۆمەڵگای کوردەواری و کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان بدەن که عەقلییەتی ئەندامانی کۆمەڵگای ئێمه ئاڵوگۆرێکی گەورەی بە سەر هاتووه و شێوازی بیرکردنەوە وەکوو جاران نەماوه.

به رای من جیا لەوەی که ئەو حەرەکەته بۆ به زەنگێکی خەتەر بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکات ئەو کردەوە سنووربەزێن و تابۆ شکێنه دەستپێکی شۆرشێکی فەرهەنگی گەورە و بێ‌وێنەیه له کۆمەڵگای کوردەوارێدا.

ئاڵ‌وگۆر له شێوازی بیرکردنەوە بەردی بناغه و ئەساسی هەموو ئاڵ‌وگۆرەکانی دیکەیە له کۆمەڵگادا. کاتێک که بیری یەکسانبوونی ژن و پیاو له نێو کۆمەڵگادا ئەوەنده پەرەی بستێنێت که ئیدی نەتوانن بۆ تانە و تەشر لە پیاوان به ژنیان حیسێب بکەن، ئەو کاتەیە کە ئەو باوەرمەندان دەتوانن داهاتوویەکی باشتر بۆ ژنان له کۆمەڵگا بخۆلقێنن. شێوازی بیر کردنه که دەبێته هۆ و بەردی بناغەی ئاڵ‌وگۆرەکان و گۆرینی نۆرم و یاسا لە کۆمەڵگادا. دیاره هەتا ئەو کات خەباتێکی دوور و درێژ و رێگایەکی پر له تەنگ و چەڵەمەمان له پێشدایه بەڵام ئەم کردەوە رەچەشکێنه دەسپێکێکه که دەبێته هۆی دڵخۆش بوون و هیوا به داهاتوویەکی باشتر و روونتر بۆ نەسڵەکانی داهاتوو. ئێوە بەو کردەوەتان رەوتی مێژووتان به شێوەی ئەرینی گۆری.

بۆیه سپاس و پێزانینی خۆم پێشکەشی تاک تاکی ئێوه دەکەم که سنووربەزێنن، به تایبەت ئەوانەی که له نێوخۆی وڵات و کوردستانی باشوور زۆر ئازایانه و بوێرانه له بەرامبەر بیر و کولتووری دواکەوتوو راوەستان. نێوی ئێوه تێکەڵی مێژووی خەباتی یەکسانی خوازی گەلەکەمان بووه. من و ئەوانەی کە وەکوو من بیر دەکەنەوە و نەسلەکانی داهاتوو خۆمان بە قەرزدارتان دەزانین و شانازیتان پێوە دەکەین. دڵنیا بن که رەنگدانەوەی ئەو کردوە هەر رۆژ زیاتر له رۆژی پێشتر له کۆمەڵگادا خوێ دەنوێنی.  


2013-04-20

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی