"an independent online kurdish website

دیاره‌ گفتوگۆ شێوازێكی‌ دیاریكراوی‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ‌ كێشه‌ ‌و جیاوازی‌ و ناكۆكیه‌كان ‌و چاره‌سه‌ر كردنیان .delshad_palami

به‌ تایبه‌تیش گفتوگۆی‌ سیاسی، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ به‌ره‌نجامی‌ بوونی‌ كێشه‌ و كێشمه‌ كێشی سیاسی یه‌ گه‌ر بشگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رچاوه‌ زانستیانه‌ی‌ قسه‌ له‌سه‌ر گفتوگۆ وه‌ك بابه‌تێكی‌ زانستی‌ ده‌كه‌ن‌و، واقعی‌ سیاسی و ئه‌زمونی‌ گفتوگۆ ئه‌نجام دراوه‌كانیش بخوێنینه‌وه‌ و شی بكه‌ینه‌وه‌ ، ئێمه‌ له‌ روانگه‌ی‌ چه‌ند قه‌ناعه‌تێكی‌ دیاریكراوه‌وه‌گفتوگۆ ده‌كه‌ین ، به‌ كورتی‌ له‌ خواره‌وه‌ له‌ دووتوێ‌ی‌ (3)سێ‌ خاڵدا ئاماژه‌یان پێ‌ ده‌كه‌ین :

یه‌كه‌م : واقیعێك هه‌یه‌ دووچاری‌ كێشه‌ و گرفت بووه‌ و لێ ی‌ ناڕازین و ده‌مانه‌وێت بیگۆڕین و گۆڕانكاری‌ تێدا بكه‌ین ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ واقیعه‌ سیاسی و ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌كان ‌و ، په‌یوه‌ندی‌ نێوان هێز و ته‌وژمه‌كان رازی‌ بین ‌و ، ته‌ندروست و بێ‌ كێشه‌بن ، یاخود كێشه‌ی‌ وایان نه‌بێت كار له‌سه‌ر جۆری‌ په‌یوه‌ندی‌ یه‌كان و به‌ڕێوه‌چوونی‌ كاروباره‌كان بكات ، ئه‌و كاته‌ پێویستیمان به‌ گفتوگۆی‌ سیاسی نابێت . چونكه‌ دام و ده‌زگا و چوارچێوه‌ ده‌ستوری‌ ‌و یاسایی و سیاسی و فكری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌كان ، شایسته‌ و كارایی ئه‌وه‌یان تێدا ده‌بێت ئاراسته‌یه‌كی‌ ته‌ندروست به‌ كۆمه‌ڵگا بده‌ن ‌و مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ ته‌ندروستیش له‌گه‌ڵ‌ كێشه‌ و ده‌رهاویشته‌كان بكه‌ن ‌و، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ چاره‌یان بكه‌ن ‌و نه‌هێڵن كه‌ڵه‌كه‌ و قوڵببنه‌وه‌ و ، سه‌ره‌نجام ببن به‌ قه‌یران و ئاسه‌واری‌ خراپ به‌سه‌ر ژیانی‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئابوریدا به‌جێ‌ بهێڵن . لێره‌شدا مه‌رج نیه‌ لایه‌نه‌كانی‌ گفتوگۆكار‌و ئه‌و هێزانه‌ی‌ به‌شداری‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن، به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ و وه‌ك یه‌ك له‌واقیعه‌كه‌ ناڕازی‌ بن .
چونكه‌ هێزه‌كان له‌ دیدگای‌ جیاواز و به‌ گوێره‌ی‌ پێوه‌ر و مه‌رجه‌عیه‌تی‌ جیاواز سه‌یری‌ واقیع ده‌كه‌ن و وێنای‌ ده‌كێشن . بۆ نموونه‌ ئۆپۆزیسیۆن و لایه‌نه‌ حوكومڕانه‌كان بۆچوون و هه‌ڵسه‌نگاندن‌و داوه‌ری‌ هاویه‌كیان بۆ واقیع و دیمه‌نه‌كانی‌ نیه‌ . ده‌كرێت هه‌ندێ‌ كه‌س و لایه‌ن له‌ واقیعێكی‌ دیاریكراو سودمه‌ند بن ، یاخود له‌ به‌ره‌نجامی‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ دیاریكراو ده‌رك به‌ خراپ و ناله‌باریه‌كانی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ نه‌كه‌ن ‌و ، پێیان وانه‌بێت پێویستی‌ به‌ گۆڕان و چاكسازی‌ هه‌یه‌ . به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌وه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س و لایه‌ن ‌و توێژی‌ تر هه‌ست ده‌كه‌ن له‌ واقیعی‌ یاو زیانمه‌ندن و ، ره‌وتی‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵگا به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ خواست و به‌رژه‌وه‌ندی‌ و ئاواته‌كانی‌ ئه‌وانه‌وه‌ ده‌چێته‌ پێش . لێره‌شه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان و كۆمه‌ڵگا له‌ ده‌ست كاری‌ كردنی‌ ئه‌و واقیعه‌دا ده‌بیننه‌وه‌، كه‌ ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ی‌ لێ كه‌وتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ لێره‌شدا جێ‌ی‌ ئاماژه‌ پێكردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رازی‌ بوونی‌ لایه‌نێك له‌ واقیع ، یاخود لانی‌ كه‌م وانه‌بینینی‌ كه‌ ببێته‌ هۆی‌ لێكه‌وتنه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌ و قه‌یرانی‌ راسته‌قینه‌ بۆ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ‌و هێزێكی‌ باڵاده‌ست ، یه‌كسان نیه‌ به‌ بوونی‌ واقیعێكی‌ باش، یاخود پێویست نه‌بوونی‌ گفتوگۆ . چونكه‌ هه‌ر ئه‌و واقیعه‌ی‌ ئه‌و به‌ ناهه‌موار یاخود خراپی‌ نابینێ‌ ، یاخود باوه‌ڕی‌ به‌ خراپی‌ بارودۆخه‌كه‌ هه‌یه‌ و له‌ سۆنگه‌ی‌ درێژه‌دان به‌ باڵاده‌ستی‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ یه‌كانی‌ خۆیه‌وه‌ دان به‌و راستی‌ یه‌دا نانێت و، وێنه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ باوه‌ڕی‌ پێیه‌تی‌ نیشانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆی‌ و كۆمه‌ڵگا و رای‌ گشتی‌ نادات ، ده‌شێ‌ ببێته‌ هۆی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ چه‌ندین كێشه‌ و، ناڕه‌زایه‌تیه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌رفراوان و گیروگرفتی‌ راسته‌قینه‌ی‌ بۆ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هێزه‌كان دروست بكات‌وبێنه‌ پێشه‌وه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندی‌ یانه‌ دووچاری‌ گرژی‌ و ئاڵۆزی‌ بكات‌و كۆمه‌ڵگا بخاته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ خۆیه‌وه‌ و شڵه‌قانی‌ تێدا دروست ده‌كات .

هه‌ربۆیه‌ دووباره‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ (واقیع) و شی‌ كردنه‌وه‌ی‌ بۆ ره‌گه‌زه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی‌ و ده‌ست نیشان كردنی‌ ئاڵۆزی‌ و كێشمه‌ كێش ‌و پرسیاره‌كانی‌ ناوی‌ ، بایه‌خێكی‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌ .

هێزه‌ باڵاده‌سته‌كان ئه‌وانه‌ی‌ رۆڵی‌ سه‌ره‌كیان له‌ پێدانی‌ مۆركێكی‌ دیاریكراو به‌ واقیع ‌وئاراسته‌ كردنی‌ هه‌یه‌ و بوون و مانه‌وه‌ و هێزی‌ خۆشیان به‌ هه‌مان واقیعه‌وه‌ گرێ‌ داوه‌ ، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئێستا و دوارۆژی‌ خۆیان و كۆمه‌ڵگا و ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ دایه‌ ، له‌كاتی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌كاندا خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ نوێ‌ و قوڵ‌ و بابه‌تیانه‌یان بۆ واقیع‌و ئاڵۆزی‌ و گۆڕانه‌كانی‌ ناوی‌ هه‌بێت . خوێندنه‌وه‌یه‌ك دور بێت له‌ دیدی‌ ئایدۆلۆژی‌ و سیاسی و حزبی داخراو و رووكه‌ش .

چونكه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ له‌و جۆره‌ و سه‌یر كردنی‌ واقیع له‌ ده‌لاقه‌ی‌ هه‌ندێ‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گروپی‌ یه‌وه‌، یاخود ته‌نانه‌ت دیدێكی‌ دیاریكراو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ نه‌ته‌وه‌یی و خێرو خۆشی هاوڵاتیان و كۆمه‌ڵگا ، كه‌ قابیلی‌ پشكنین و هه‌ڵسه‌نگاندن ‌و پێداچوونه‌وه‌ نه‌بێت هێزه‌كان دووچاری‌ بڕیار و هه‌ڵسه‌نگاندن و له‌ پێشگرتنی‌ سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه‌ و كوشنده‌ ده‌كات ، خوێندنه‌وه‌ی‌ واقیع بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ راستی‌ یه‌وه‌ نزیك بێت ده‌بێت زانستی‌ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ بێت ، زانستی‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێشه‌كی‌ یه‌كانی‌ بیركردنه‌وه‌ و به‌ره‌نجامگیری‌ لۆژیكی‌ و راست بن و، حه‌ز و مه‌یلی‌ شه‌خسی‌ و گروپی‌ و هه‌ندێ‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ وه‌سفی‌ تاكه‌كه‌سی روكه‌شی تێكه‌ڵ‌ نه‌بێت و ، به‌مه‌ش به‌ره‌نجامگیری‌ یه‌كان هه‌ڵه‌ و ناته‌واو ده‌رنه‌چن . هه‌مه‌لایه‌نه‌ش بن ، چونكه‌ پێداویستی‌ یه‌كی‌ زانستی‌ بوون و بینینی‌ دیمه‌نه‌كه‌یه‌ له‌ هه‌موو لاو گۆشه‌كانیه‌وه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌مانه‌وێت ‌و حه‌زی‌ پێ‌ ده‌كه‌ین و ئاواتی‌ پێ‌ده‌خوازین . كه‌ ئه‌مه‌ی‌ دواییان ده‌ردی‌ كوشنده‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ئایدۆلۆژیانه‌ و تێڕوانینی‌ گروپیانه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی‌ به‌رته‌سكه‌ و كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌ش له‌م روه‌وه‌ باجی‌ زۆری‌ داوه‌ .

به‌هه‌ند وه‌رگرتنی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر ‌و ته‌نانه‌ت دژیش له‌م نێوه‌نده‌دا، مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ گرنگه‌. چونكه‌ جیاوازی‌ خوێندنه‌وه‌ و بینین و به‌ره‌نجامگیری‌ یه‌كانی‌ هێزێك ، نابێته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ ده‌رخستنی‌ تێڕوانینی‌ كۆی‌ كۆمه‌ڵگا و هێزه‌كانی‌ . هێزێك باباڵاده‌ستیش بێت ، ئه‌گه‌ر نه‌توانێ‌ باری‌ سه‌رنج و بینینی‌ خۆی‌ بۆ واقیع بكاته‌ باری‌ سه‌رنجی‌ به‌رامبه‌ر و قه‌ناعه‌تی‌ پێ‌ بكات ، نابێت خوێندنه‌وه‌ و بۆچوونی‌ ئه‌و به‌نادیده‌ بگرێت ‌و له‌ حساباتی‌ سیاسی و كارگێڕی‌ و دارایی و ئابوری‌ و سیاسی و میدیایی خۆیدا پشت گوێ‌ی‌ بخات بیكاته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ بۆ پێویست بوونی‌ گفتوگۆ و په‌رۆشی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌كان ، ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ به‌شێ‌ له‌ هێزه‌كان و كۆمه‌ڵگا ، ناڕازی‌ و توڕه‌ بن و ، خواستی‌ ده‌ستكاری‌ كردنی‌ واقیعی‌ له‌ ئارادا بوو یان هه‌بێت . ئه‌ركی‌ لایه‌نی‌ دووه‌می‌ هاوكێشه‌كه‌ش كه‌ زۆرجار هێز و نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن، جوان گوێ‌ بگرن ‌و بكه‌ونه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵیاندا و وه‌ك هاوبه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ‌ بكه‌ن ‌و خودی‌ ئه‌وه‌ش بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێكی‌ تری‌ به‌خۆداچونه‌وه‌ و دوباره‌ ته‌ته‌ڵه‌كردن‌وهه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ و وێنا و پرسیار و چاره‌سه‌ر و سیاسه‌ت‌و نه‌خشه‌ ومامه‌ڵه‌كانیان . 

دووه‌م : خاڵی‌ دووه‌م هێزه‌كان بۆیه‌ ئاماده‌ن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كدا بكه‌ن چونكه‌ بڕوایان به‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ یه‌ك‌و گرتنه‌ پێشی رێگا و رێكاری‌ ئاشتیخوازانه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كتر و له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ كێشه‌كاندا هه‌یه‌ . ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌كان ، یاخود به‌شێ‌ له‌وان ، بڕوایان به‌ بوونی‌ ره‌وایه‌تی‌ یه‌كتر نه‌بێت‌و، مه‌یلی‌ له‌ ره‌گ ده‌ركێشانی‌ یه‌كتر و ره‌تكردنه‌وه‌یان تێدا به‌هێز بێت ‌و ، باوه‌ڕیان به‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتیخوازانه‌ و كێ‌ بڕكێ‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ نه‌بێت، یاخود لاواز بێت ، ئه‌وه‌ به‌ سروشتی‌ حاڵ‌ ئاماده‌ی‌ گفتوگۆكان نابن، یاخود ئاماده‌ ده‌بن به‌ڵام نه‌ك به‌ نیاز و مه‌به‌ستی‌ گه‌یشتن به‌ دید و چاره‌سه‌ری‌ هاوبه‌ش بۆ كێشه‌كان ، به‌ڵكو بۆ سود وه‌رگرتن له‌ ناو ‌و روپۆشی گفتوگۆ بۆ هێنانه‌ دی‌ هه‌ندێ‌ مه‌رامی‌ سیاسی تری‌ تایبه‌ت .

گفتوگۆی‌ سیاسی كاتێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت ، كه‌ زه‌مینه‌ی‌ فكری‌ له‌بار هه‌بێت ‌و, هێزه‌كان قه‌ناعه‌تێكی‌ فكرییان به‌ گفتوگۆ وه‌ك شێوازێكی‌ عه‌قڵانی‌ و مه‌ده‌نی‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ كێشه‌ و ناكۆكیه‌كان و كۆتایی پێكهێنان و چاره‌سه‌ركردنیان به‌هێز بێت . هه‌ر بۆیه‌ گفتوگۆ پێش ئه‌وه‌ی‌ ناوێك بێت ‌و له‌ هه‌ندێ‌ كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتن بنرێت ، قه‌ناعه‌تێكی‌ فكری‌ و رۆح و هه‌ناسه‌یه‌ ، ئاماژه‌یه‌ به‌ زه‌هنیه‌تێكی‌ ئاشتیخواز و نه‌رم و چاره‌سه‌ر خواز ، كه‌ توانای‌ په‌یوه‌ندی‌ دروست كردنی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رامبه‌ر و هاوكاری‌ كردن له‌گه‌ڵیدا بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌ و ناكۆكیه‌كان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ئاماده‌یی هۆش و بیركردنه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ جوان له‌ به‌ره‌نجامه‌كانی‌ پشت گوێ‌ خستنی‌ گفتوگۆ و ته‌قینه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان و ململانێ‌ توند و هه‌ندێ‌ جار خوێناوی‌ و وێرانكاره‌كان تێگه‌یشتووه‌ ، له‌و روانگه‌شه‌وه‌ لێپرسراوێتی‌ نیشتمانی‌ و ئه‌خلاقی‌ و سیاسی و ئینسانی‌ و ئاینی‌ له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت ‌و، هه‌وڵده‌دات كێشه‌كان بكات به‌ ته‌حه‌دایه‌كی‌ هاوبه‌ش له‌به‌رده‌م لایه‌ن و هێزه‌ جیاوازه‌كان ، به‌مه‌به‌ستی‌ دروست كردنی‌ زه‌مینه‌ و رۆحیه‌تێكی‌ هاوبه‌ش بۆ روبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان .
گه‌ر له‌م سۆنگه‌شه‌وه‌ سه‌یری‌ گفتوگۆمان كرد به‌ ئاسانی‌ بێ‌ ناوه‌ڕۆك بوونی‌ هه‌ندێ‌ بانگه‌شه‌ی‌ گفتوگۆمان له‌لایه‌ن هه‌ندێ‌ كه‌س و ده‌سه‌ڵات ‌و رژێمه‌وه‌ ، بۆ ده‌رده‌كه‌وێت ، كه‌ به‌ناهه‌ق و بۆ چه‌واشه‌كردن ‌و به‌ مه‌به‌ستی‌ سیمای‌ خۆجوانكردن یاخود خۆ ڕزگاركردن له‌ قه‌یرانێكی‌ قوڵ‌ داوای‌ ده‌كات ‌و میدیای‌ بۆ ده‌خاته‌ گه‌ڕ و ده‌هۆڵی‌ بۆ ده‌كوتێت . 
له‌ وێنه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران‌ ، رژێمێك بڕوای‌ راسته‌قینه‌ی‌ به‌ فره‌یی و دیموكراسی و ژیانی‌ ده‌ستوری‌ و مافی‌ خه‌ڵك له‌ فه‌رمانڕه‌وایی كردن ‌و چاودێری‌ كردن ‌و لێپرسینه‌وه‌ نه‌بێت ، وه‌ رێزیكی‌ قوڵی‌ جیاوازیه‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵگا و ناسنامه‌ جیاوازه‌كانی‌ نه‌گرێت‌و ، بواری‌ گوزارشت له‌ خۆدانه‌وه‌یه‌كی‌ ئازادی‌ بۆ نه‌ڕه‌خساندبن ، وه‌ مافی‌ بوون و چالاكی‌ و ئازادی‌ هێز و ته‌وژمه‌كانی‌ به‌ فه‌رمی‌ نه‌ناسیبێت ، چۆن ده‌توانێت خاوه‌ندارێتی‌ له‌ گفتوگۆیه‌كی‌ شارستانی‌ و قوڵ‌ و ناوه‌ڕۆكدار بكات ؟ هێزێك بڕوای‌ به‌ گفتوگۆ هه‌بێت وه‌ك به‌ هاومیكانیزم و رێباز و شێواز ، خزمه‌ت به‌ قوڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و مانایانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌كات و باوه‌ڕی‌ به‌به‌كارهێنانی‌ هێز و توند و تیژی‌ له‌ ژیانی‌ سیاسیدا نی‌ یه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ هێز و ده‌سه‌ڵاتێك ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ئاماده‌ی‌ گفتوگۆ بێت كه‌ له‌ ته‌نگژه‌یه‌كی‌ خنكێنه‌ر به‌ رواڵه‌ت رزگاری‌ بێت ، یاخود له‌پاڵ‌ گفتوگۆكردندا ئه‌ڵته‌رناتیڤی‌ به‌كارهێنانی‌ هێزی‌ هه‌بێت ‌و تاسه‌ر له‌گه‌ڵ‌ رێكاره‌ ئاشتیخوازانه‌كان نه‌ڕوا ‌و به‌دیلی‌ گفتوگۆ به‌ خودی‌ گفتوگۆ یاخود رێكاره‌ مه‌ده‌نیه‌كانی‌ خه‌بات نه‌زانێت ، ناتوانێت له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵبڕینی‌ دروشمی‌ گفتوگۆ تاسه‌ر راستگۆ و وه‌فادار بێت .

هه‌ربۆیه‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن و بڕوایان به‌كات كوشتن ‌و ده‌ستی‌ ده‌ستی‌ پێ‌ كردن و بڕوبیانو و پێ‌ گرتن ‌و ساده‌كردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان و مامه‌ڵه‌ی‌ كه‌رنه‌ڤاڵیانه‌ له‌گه‌ڵ‌ گفتوگۆدا هه‌یه‌، به‌ گفتوگۆ خواز له‌قه‌ڵه‌م نادرێن . له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئاماده‌بوون بۆ گفتوگۆ به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌ و ناكۆكیه‌كان نه‌ك هه‌ر لاوازی‌ نیه‌ ، به‌ڵكو ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌هێزی‌ ئه‌خلاقی‌ و متمانه‌ به‌خۆبوون و ره‌وایه‌تی‌ داخوازیه‌كان و به‌ پێویست زانینی‌ چاره‌سه‌ره‌كان هه‌روه‌ها بڕوابوونه‌ به‌ ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و مافی‌ هاوڵاتیان له‌ ژیانێكی‌ ئاشتیانه‌ ی‌ دور له‌ ترس و تۆقاندن ، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و كه‌س و لایه‌نه‌ی‌ ده‌چێته‌ گفتوگۆوه‌ وازی‌ له‌ داخوازیه‌كانی‌ خۆی‌ نه‌هێناوه‌ و خۆی‌ به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌داوه‌ ، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ ، رێگایه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ و ئاشتیخوازانه‌ و عه‌قڵانی‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی‌ گرتۆته‌ به‌ر .

ســێهه‌م : سێهه‌م خاڵ‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ بۆیه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ چاره‌سه‌رێكی‌ هاوبه‌ش بۆ قه‌یران و كێشه‌كان بگه‌ین ، ئه‌ویش له‌و سۆنگه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا هێز و لایه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی‌ جیاواز له‌ خۆ ده‌گرێت‌و، ئاشتی‌ و ئاسایش و پێشكه‌وتنیش وا له‌ گره‌وی‌ هاوكاری‌ كردنیان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كتردا . ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ه‌ ده‌خوازێت هێزه‌كان له‌ هه‌موو ئه‌و كات‌و شوێنانه‌ی‌ پێویسته‌‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ ده‌یخوازێت ، لێپرسراوێتی‌ هاوبه‌ش له‌ ئه‌ستۆ بگرن ‌و له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ ئه‌وه‌ش هاوكار و هاریكاری‌ یه‌كتر بن ، یه‌كێ‌ له‌و كاتانه‌ش كه‌ له‌ ئه‌ستۆ گرتنی‌ لێپرسراوێتی‌ هاوبه‌ش ده‌خوازێت ، كاتی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌ و ناكۆكی‌ و قه‌یرانه‌كانه‌ . ئه‌و كێشه‌ و قه‌یرانانه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا له‌ هه‌ندێ‌ روه‌وه‌ ده‌خاته‌ حاڵه‌تی‌ له‌ناكاو ، یاخود لانی‌ كه‌م دۆخێكی‌ نائاسایی یه‌وه‌ ، دۆخی‌ سروشتی‌ و ئاسایی ئه‌وه‌یه‌ هێز و ته‌وژمه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌گه‌ڵ‌ یه‌كدا كۆك بن‌و كێ‌ بڕكێ‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ بكه‌ن ‌و به‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ له‌خه‌می‌ پێشخستن ‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵدا بن ، كاتێك په‌یوه‌ندی‌ ئه‌م هێًزانه‌ تێك ده‌چێت ، وه‌ كۆمه‌وڵێك كێشه‌ یه‌خه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌گرێت ‌و، جومگه‌ جیاوازه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سروشتی‌ كار ناكه‌ن و ، ئه‌ركه‌كانیان جێ‌ به‌جێ‌ ناكه‌ن ، دۆخێكی‌ ناسروشتی‌ دێنه‌ كایه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش به‌خه‌مه‌وه‌بوونی‌ هه‌مووان و كاری‌ هاوبه‌شی ده‌وێت ، بایه‌خی‌ گه‌یشتن به‌ دید و چاره‌سه‌ری‌ هاوبه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌توانرێت چاره‌سه‌رێكی‌ ریشه‌یی بۆ كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه‌ ، ترسی ئه‌وه‌ نامێنێ‌ ناڕازی‌ بوونی‌ لایه‌نێك و هه‌ست كردن به‌ مه‌غدوری‌ و سته‌م لێچوویی و په‌راوێز خستن ، سه‌رله‌نوێ‌ فو به‌ پشكۆی‌ ناو ژیله‌مۆی‌ كێشه‌كاندا بكاته‌وه‌ و بڵێسه‌یان به‌رز بكاته‌وه‌. چونكه‌ جێگره‌وه‌ ( بدیل)ی‌ چاره‌سه‌ری‌ هاوبه‌ش سه‌پاندنی‌ چاره‌سه‌ری‌ تاك لایه‌ن و هه‌ژمونی‌ هێزه‌ باڵاده‌سته‌كان و ، حساب نه‌كردن بۆ دید و بۆچوونه‌ جیاوازه‌كانه‌ . له‌و حاڵه‌ته‌شدا چاره‌سه‌ره‌كان هه‌میشه‌یی و قوڵ‌ نابن‌و سه‌رچاوه‌ی‌ نائارامیه‌كان وشك ناكه‌ن .

یه‌كێ‌ له‌ بایه‌خه‌كانی‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری‌ هاوبه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان خۆیان به‌ خاوه‌نی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌زانن ‌و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ له‌ هه‌وڵًی‌ جێ‌ به‌جێ‌ كردنیدا ده‌بن ، به‌ حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ به‌رهه‌می‌ ره‌نج و هه‌وڵی‌ هاوبه‌شی‌ خۆیانی‌ ده‌زانن و ، له‌ گه‌ڵاڵه‌كردنیشیدا ره‌چاوی‌ دید و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ جیاوازه‌كانی‌ تێدا كراوه‌ . ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ رێكه‌وتن و پێكهاتن له‌ گفتوگۆی‌ راسته‌قینه‌دا یه‌كسان ده‌بێت به‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری‌ هاوبه‌ش ، به‌ مانایه‌كی‌ تر هه‌ر رێكه‌وتنێكی‌ نێوان لایه‌نه‌كان ئه‌گه‌ر گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری‌ هاوبه‌ش له‌خۆ نه‌گرێت ، وه‌ مه‌به‌ستی‌ جه‌وهه‌ری‌ تێدا چاره‌سه‌ر كردنی‌ هۆكاری‌ كێشه‌كان نه‌بێت ، ئه‌وه‌ ته‌نها له‌ رواڵه‌تدا رێكه‌وتنه‌، ده‌نا جگه‌ له‌ سات ‌و سه‌ودایه‌كی‌ سیاسی و ، چاره‌سه‌ر كردنی‌ ده‌رهاویشته‌ی‌ كێشه‌كان و هه‌ندێ‌ ده‌سكه‌وتی‌ حزبی و گروپی هیچی تر نی‌ یه‌ و گوزارش له‌ چاره‌سه‌رێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ كێشه‌كان ناكات . له‌ رویه‌كی‌ تره‌وه‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری‌ هاوبه‌ش واتای‌ لێپرسراوێتی‌ پیاده‌كردنی‌ هاوبه‌ش ناگه‌یه‌نێت ، بۆ نمونه‌ ده‌كرێت ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌ حوكمڕانه‌كاندا بگات به‌ چاره‌سه‌رێكی‌ هاوبه‌ش ، به‌ڵام به‌شداری‌ له‌ حكومه‌تدا نه‌كات ، لێره‌دا پیاده‌ كردنه‌كه‌ ده‌بێت به‌ ئه‌رك و پابه‌ندی‌ لایه‌ك ‌و لایه‌كه‌ی‌ تر له‌ رێ‌ی‌ پشتیوانی‌ لێكردن ‌و یارمه‌تی‌ دان و چاودێری‌ و راست كردنه‌وه‌ و هاندان و ره‌خنه‌ لێ گرتن ‌و فشاری‌ مه‌ده‌نی‌ یه‌وه‌، ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ له‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ پیاده‌ كردنی‌ 

ناوه‌ڕۆكی‌ چاره‌سه‌ره‌ هاوبه‌شه‌كه‌ به‌جێ‌ ده‌كات .
ئێستا روون بۆوه‌ ئێمه‌ بۆچی‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ین

دڵشاد پاڵانی /۲۵/۴/۲۰۱۳/ زاینی به‌ریتانیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی