"an independent online kurdish website

  ئەو ململانییەی شیعە و سوننی لەو وڵاتەدا، دەبوو لە٢٠٠٣دا، دەستی پێبکردایە کە دەسەڵاتی بەعس، راماڵدراو و سوننییەکان، دوای نزیک٩٠ساڵ هەموو دەسەڵاتی خۆیان لە دەست دا. بەڵام ئەو کات رێبەرایەتی کورد لە باتی، خستنە ژیر دەسەڵاتی گشت خاکی کوردستان، تێکۆشا یان ناچارکرا، دەسەڵاتی هاوبەش لە ناوەندی عێراقدا پێک بێنێ!husen_xeliqi

  ئەم شێوە کارە و کێشەی پارتە فەرمانڕەواکانی باشووری کوردستان، بوو بە هۆی ئەوە، دەسەڵاتی ناوەند کە بەشێکی زۆری دەسکردی خۆیان بوو، لە سیاسەتی بەعس لە مەڕ کوردستان پەیرەوی بکا و هەوڵ بدا ناوچە دابڕاوەکانی کاتی دەسەڵاتی بەعس، وەک خۆی بهێڵیتەوە! واتا داگیرکەرێک بە خوێنی سەدان هەزار مرۆڤ، لە مەیدان دەرچوو و داگیرکەرێکی دی یان جێگرە بە ئەمەگەکەی، موویەک لەو سیاسەتە بە عەرەب کردنەکەی کوردستان، لای نەدا!

  ئوپراسیونی دەجلە و خۆ بە فەرماندە کردنی مالکی بە سەر سوپای عێراقدا، بریتییە لە دارشتنی بەرنامە بۆ ناردنی یەکەکانی سوپا بۆ گشت خاکی عێراق! کاتێک ئەو سوپایە بەرەو کوردستان، ملی رێگای گرتەبەر، ئەوە بوو هێزی بە هێزی پێشمەرگە مێرانە پێشی پێگرت و ئەوکات پلانەکەی سەرنەکەوت. ئێستا دوای تێکهەڵچوونی سوپای عێراق و خەڵکی سوننە لەو وڵاتەدا، مالیکی دەیهەوێ، بە ناوی دابینکردنی ئاسایش لە وڵاتدا، بە خشکە سوپا بەرەو کوردستان بنێری و وەک، مامۆستا ئەنفالکەرەکەی، بنکەی خۆی لە بناری قەندیل،  بۆ چەوسانەوەی کورد، دامەزرێنێ!

   ئەو کێشە، کە مالکی وەک دەسکەوتێک چاوی لێدەکا، خاوەن چەند لایەنە:

یەکەم- دەسەڵاتی بە توونا چووی بەعس کە بە لارەلار و دارەدار، خەریکە خۆی بخاتەوە سەرپێ و بێتەوە مەیدان.

دووەم- القاعدە و رێکخراوە ئیسلامییە سیاسییەکان، کە وان لە خزمەت ئەو دیاردەدا کە ناوی”کۆماری ئیسلامی عێراق”ە.

سێیەم- خەڵکی ئاسایی سوننەیە کە بە ئاشکرا لە گەڵ رابردووی شیعە، جێگوڕکێیان کردووە و ئێستا کەوتوونەتە ژێرستەم و هەڵاواردن.

  بەم جۆرە دەبینین، ئەو کێشە هەم ریشەدارە و هەم درێژخایەن و ئەگەر کورد لەم بارودۆخەدا کەلک لەو هەلومەرجە وەرنەگری و هەر سەیری کێشەکە بکا و خۆی بە بێلایەن لە قەڵەم بدا، لە ئاکامدا، هەر لایەنێک لە کێشەکە سەرکەوێ، بۆ کورد بەرنامەی هەیە و تەنیا چارە ئەوەیە لەو کات و ساتەدا کە ئەوان وەک پێشینیانیان سەرقاڵی دابەشکردن و بچڕینی دەسەڵاتن، کورد گشت خاکەکەی خۆی بخاتەوە ژێردەسەڵاتی و تێبکۆشێ، هۆشیارانە لە گەل دۆخە ئالۆژەکەدا مامەڵە بکا.

 شتێکیتر کە شیاوی گوتنە، ئەوەیە کە مالکی بخوازێ، دووبارە ئەمریکا بە هێزێکی زیاترەوە بێتەوە بۆ عێراق و راوی سوننە و ئەلقاعێدەی بۆ بکا! بەڵام وێناچێ، ئەمریکا، پشت لە سوننەی هاوپەیمانی بکا و بەرەی شیعە بە سەرکردایەتی ئێران بە هێز بکا. ئەمێنیتەوە، سناریۆیەکی دیکە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەوکێشە، یان قەوارەیەکی فیدراڵی سوننی نشین، دروسبکرێ، یان بە ئەگەرێکی لاواز، سێ وڵاتی شیعە، سوننە و کورد، پێک بێ. ئەگەر، ئەگەری سێیەم، بێتە ئاراوە، دەبێ چاوەروانی لەت لەتبوونی ئێران و سوورییەش بکەین و بەرنامەی بچووککردنەوەی وڵاتانی رۆژهەلات، جێبەجێی بکرێ. تا داهاتوو چیمان بۆ باس بکا.

سەرچاوە: پێشمەرگەکان

2013-04-25

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی