"an independent online kurdish website

وێڕای سڵاوێکی گەرمی برایانە جێژنتان پیرۆزو سەرکەوتنتان لە خزمەتی دین بۆ مرۆڤایەتی ئاواتمە .  برایان : بەهۆی ئەوە کوردم و ڕاستەو خۆ و لە نیزیکە وە ئاگاداری هەمو دابو نەریتو خۆو خدەی گەلە کەمانم و زۆرینەی هەرە زۆریان بە موسوڵمان دەزانم و کە مە کەشیان برای ڕەگەزیمن ، دەمەوێی هێندێک پرسیار لە پێوەندی دەگەڵ ئایینی زۆرینەی گەلەکەمان بخەمە بەر ڕاو بۆچونی ئێوە بەڕێزان .mela_biraym1

بەڕێزان وەک ئاگادارن مەسەلە ی پێشێلکردنی مافی ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا بۆتە بابەتێکی داغ بەشکڵو شێوەی جۆراو جۆر تەعبیرو تەفسیر دەکرێی و هەمو پێشێلکاریەکانیشی دەخرێنە سەر شانی ئیسلام. هێندێک نەزانانە و هێندێکیش بە زانیاریەوە ڕاست و چەپ هێرش دەکەنە سەر ئیسلام و لایەنگرانی و زۆر ناعادڵانە و بێبەزەیانە پەلاماری دەدەن، زۆر بوختانی نارەواشی بۆ هەڵدەبەستن و جاری واشە زۆر دور لە مەنتیق بێحورمەتیشی پێدەکەن. بەباوەڕی من ئەوانەی بڕوایان بە ئیسلام نیە زۆر ئاساییە ڕەخنەی لێبگرن و تەنانەت رەدیشی بکەنەوە بەڵام بێحورمەتی لە قاموسی مرۆڤدا مەحکومە.

ئەوانەی نەزانن یان خۆیان دۆڕاندوە، لە وەزیاتر کە نەزان و دۆراون دەبێ چیتریان پێی بکوترێی!  ئەوەی بە لای منەوە گرینگ و جیگای سرنجە ئەوەیە کە شارەزاو زانایانی ئایینی ئەرکی سەر شانیانە ڕاستەقینەی ئیسلام وەک خۆی بناسێنن و ڕاستیەکان وەک هەن بۆ خەڵک ڕون کەنەوە، بە شێوەی زانستیانە و بەئەقڵ و مەنتیق بابەتەکان شیکەنەوە، ئوسول و پڕەنسیپەکانی وەک خوا فەرمویە و پێغەمبەر ئەنجامی داوە بەڕێوە بەرن. قورعان وەک بەڵگەیەکی نەگۆڕی دەسکاری نەکراو لە بەر دەستی موسوڵمان و غەیرەدا هەیە دەبێ زانستیانە لە خەڵک حاڵی بکرێ ، ئەوانەی پێێەوە لکێندراوە بیسڕنەوە و ڕاستیەکان بخەنە ڕوو، لە گلە و گازندە و لۆمە و لەقەمانیش باکتان نەبێ، بوێرانەش دان بە هەڵە و کەمە کۆڕیەکان دابێنن ، دڵنیابن هەڵە و پەڵەکان لە کەم زانی یان خراپ تێگەیشتنی  ئێمەوەیە نەک ئیسلام .

لە پێوەندی دەگەڵ ژن و مافەکانی و پێوەندی ژن و مێردایەتی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە هێندێک پرسیار دەخەمە بەر ڕاو نەزەری ئێوە بەڕێزان هیوادارم وڵامی پێویست وەرگرمەوە.

  1.  وەک ئاگادارن بە فەرمانی خوا سەرجەم مرۆفەکان لە تۆرەمەی ژن و پیاوێکن کە ناویان [ئادەم و حەوایە] ئەوەش مانای ئەوەیە کە بناغە و پێکهاتەی سەرجەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ژن وپیاو ڕایە، داخوا لەو بوارەدا بۆ دەبێ پیاو زێدە بەشی بدرێتێ؟!
  2. . گومان لەوە دانیە ژن و پیاو بەیەکە وە بە ستراون و هیچکامیان بێ ئەویتر بونیان نابێ، کە وابو بۆ دەبێ پیاو لە ژن ماقوڵتربێ و بەروبوی ژیان بەشی زۆرتر بەو ببڕێ ؟!
  3.  مارە بڕینی ژن و پیاو گرێبەستێکە بۆ پێکەوە ژیان بەردەوام، مەگەر ئەو ژیانە بگاتە حاڵەتێکی نەگوجاو، واتە شەراکەتێک لە نێوان ژن و پیاوەکەدا بەستراوە، بۆچی دەبێ لایەنێک هەمو شتو دەسەڵاتێکی هەبێ و لایەکەیتر هیچ؟
  4.  وەک هەمو دەزانین ژن کە دێتە ماڵی مێرد هەمو ئەرکی مناڵداری و ناوماڵ و جارو بارە دەرەوەش دەکەوێتە سەر شانی ژنە کە ، پرسیار ئەوەیە داخوا ئەو ئەرکانە گرێبەستەکە دەیخاتە ئەستۆی ژنەکە ؟ داخوا بەستنی پێوەندی بۆ تێکەڵاوی ژن و مێردایەتییە، یان خزمەتکردن و کورد کوتەنی قەرەواشی؟ داخوا کارپێکردنی ژن لە وبوارەدا ئەرکی شەرعیە و لە گرێبەستەکەدا نوسراوە ، یان دابو نەریتێکە کە خاوەن دەسەڵات لە گەورەی ماڵڕا بگرە تا دەگاتە گەورەی وڵات بەناوی دین بەسەر ژنی دا سەپاندوە؟!
  5.  وەک دەزانن ژن دایکە و دایکیش شەریفترین و زەحمەتکێشترین کەسە بۆ مناڵ ، نۆ مانگ و نۆ ڕۆژەی لە خۆی دا هەڵدە گرێی، بەشیری مەمکانی فرچکی داوەو گەورەی کردوە، شەوو شەو نخونی لە سەر کێشاوە، هەمو پیاوێک کوڕی ژنە و ئەو پێی گەیاندوەو تەحویلی کۆمەڵگای داوە، ئەدی چۆنە کە پیاو لە ژن ماقوڵترەو دەسەڵاتی لەوی زیاتری پێدراوە؟!
  6.  بەو پێێە کە منیش مەلا بوم و لە پێوەندی دەگەڵ ژیانی کۆمەڵگاو ژنو پیاو هەڵسو کەوت لەو بوارەدا لە خێرو شەڕ پێم بڕاوە، بە حوکمی کارەکەم ڕاستەوخۆ دەگەڵ زۆربەیان بەرەو ڕوبوم ، بەقەدەر زانستی خۆم وڵامی ئەو پرسیارانە و زۆرتریشم لە لایە ، بەڵام ڕەنگە پرسیاری زۆر کەسیتریش بێ ، بۆیە هاتمە سەر ئەو بروایە مادام پرسیارە کە گشتیە با وڵامەکانیش کۆ دەنگێکیان لە سەر بێی ، ئەو دەم هەم شەرعیترو هەم ماقوڵترە، هەم نابێتە دمەتەقە ئەم ئەوو شەڕي قەڵەم، بەتایبەت  ئێوە لەو بەشە ئازادەی کوردستاندا لە کەش و هەوایەکی لەباردا دەژین و کەرەسەو ئامرازی ڕاگەیاندنتان لە بەر دەست دایە و دەرەتانی دەر بڕینی راستە یەکانتان زۆرترە ، بێگومان دەر خستنی راستیە کان و بەر پەرچدانەوەی هێرشی ناڕەواو رەد کردنەوەی شتە هەڵبەستراوەکان ئەرکی هەمو لایە کە، بەڵام بەپێی ئەو دەرەتانو دەسەڵاتەی کەبۆ ئێوە رەخساوە ئەرکی زیاتریشتان دەکە وێتە سەر شان خۆشتان دەزانن هەر کەس بەقەدەر زانست و توانای خۆی ئەرکدار دەکرێێ.

هیوادارم هەمومان بەیەکەوە هەست بەو بەر پرسایەتیە بکەین کە گەیاندنی هەق و ڕاستیەکانە .

براتان مە لا برایم مە جید پور  ٢٨ / ١٠ / ٢٠١٢    هولەند.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی