ئەو دەورەیەیی هەڵبژاردنیش بێ ئەوەی بتوانیت خواستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی گەلانی ئێران دابین بکات ، کۆتایی پێدێ و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ دەنێتە قۆناخێکی ناسک
و هەستیار و لە هەلومەرجێکی ئەتۆی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە هەموو وەختێک زیاتر هەست پێویستی یەکڕیزی سیاسی و ڕێکخراوەی دەکرێت بۆ ئەوەی گەلی کورد لە ڕێگای پشتیووانی و کۆدەنگی سیاسی نێو ماڵی خۆی، بتوانێت مافە نەتەوایەتیەکانی لە ئێراندا دەستەبەر بکات.
کاتێک لە وڵاتێکی فرە نەتەوەیی وەك ئێرانی ئێمە دا هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەت بە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێمۆکڕاتیک بە قازانجی گەڵانی بندەستی ئەو وڵاتە پێک دێت کە دەستووری گشتی بە لەبەرچاوگرتن و دابینکردنی ماف و ئازادیە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی گەلانی ئەوڵاتەی بەتەواوی تێدا ڕانگبداتەوە. ئەوەش کاتێک دەکرێت کە دەستووری وڵات سەر لەنوێ بنووسرێتەوە و دەستەیەکی شارەزاو ماف ناس کە نوێنەرایەتی ئیرادەیی گەلانی وڵات بکات ئەو ئەرکە نیشتیمانیە بەڕێوەبەرن و هەرلەوکاتەشدا بناخەی دەستووری نوێ لەسەر شەراکەتی ئیداری هاوبەش و بنکەفراوان دابڕێژرێت کە مافی هەموو پێک هاتەکانی تێدا ڕەچاوکرابێت بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی لە ئێراندا.
پاش ئەو گۆڕانکاریە دەستووریە کە بنەماکانی لەسەر ئەساسی دێمۆکڕاسی سیاسی و فرە نەتەوەیی لە سەر شکڵی فیدڕاڵی دابمەزرێت و فرە ئیدارەی سیاسی و هەرێمی لە ولاتێکی وەک ئێراندا باشتر زەمینەی گەشەکردنی بۆ بڕەخسێ و دەسەڵاتێکی نیشتیمانی سیاسی بخرێتە نێو چوار چێوەیی دەستووری گشتی وڵات. هەرلەوکاتەشدا زۆر گرینگە کە شێوەی حوکمڕانی و ئیدارەی وڵات لەسەر بنەمای دیاریکردنی سنووری جوگڕافیایی ئیداری سیاسی حکوومەتە هەرێمیەکان دابمەزرێت و لە ئاستی ناوندیشدا دەسەڵاتێکی هاوبەشی بەڕێوەبەری لە سەر شکڵی فیدڕاڵی پێک بێت و نەوحی حوکمرانی نوێ لە ئێراندا کە دەستوور دیاری بکات و بەشێوەی بنکە فراوانی سیاسی ئێران بەڕێوە ببردرێت .
هەموو لایەک بێگوومان دەبێت وڵامی نەخێر بەو سیستمە دیکتاتۆریە بڵێن و ئیتر دەورانی ئەوەی بەسەرچووە ئاخوندێکی وەک خامنەی و هاوبیرانی ئێران بە شێووەی دیکتاتۆری و خۆسەپێنینانە بەسەر ماف و چارەنووسی سیاسی گەلانی ئێراندا بەڕێوەبەرن .
ئەو کات دەرفەتی ئەوە پێک دێت کە چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی بەرفراوان بین سەبارەت بە شێوەیی حوکمڕانی سیاسی و ئیداری لە ئێراندا. ئەگەر ئەو دەرفەتە پێک نەیەت و کاندیداکانیش کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵات بەربژێر دەکەن لایەنگری و خواستی گۆڕانکاری لە بەر چاو نەگرن و هەر وەک هەمیشە سیلەی چاویان بڕیبێتە سەر ئەوەی کە فەلسەفەی سیاسی و ئیداری لە ژێر سێبەری ڕێژیمی ئاخوندی دا بپارێزن و لەو بازنە دیکتاتۆریەدا بسوڕێنەوە. چۆن دەکرێت هیوایەکمان بە ئاڵۆگۆڕی شیاو و بەرچاو لە ئێراندا هەبێت و خەڵکی چەوساوە و زەحمەتکێشی کوردستان هانبدەین بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی بەشداری بەربڵاوی خەڵک لە هەر وڵاتێکدا رەنگدانەوەی خواست و داواکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانیان، کە پێشوەخت پڕوپاگەندەی هەلبژاردنی لەسەر دەکرێ و هانی خەڵک دەدەن کە دەنگ بەوبەرنامە ڕاگەیاندراوە بدرێت کە خواستی زۆرینەی هاووڵاتیانی تێدا ڕەچاوکرابێت. هەر بۆیە دەکرێت بڵێین خەڵکی وڵاتە ئازاد و دێمۆکراتیکەکان دەنگیان بۆ ئەو حیزب و لایەنە دەدەن کە هەڵگری ویست و داواکاریەکان بێ و لە بەرژەوەندی گەشەی گشتی دا ،خزمەت بەگەل و نیشتیمانەکەی بکات. بەلام هەلبژرادن لە ئیران دا ڕاست بە پێچەوانەی ئەو چەمکە گرینگە بەڕێوەدەچێت و زۆر جاریش بەقازانجی ڕێژیم و داخراوەیی زۆرتری حکوومەتی ئاخوندی فێل لە دەنگی خەڵک دەکرێت. بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو ئاکامەی کە بەشداری خەڵک بەتایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵبژاردندا بە هیچ کام لە ئامانجە کانیان ناگەیەنێت و تەنیا ئەوە نەبێت سەرانی ڕێژیم بڵێن ئەوان باوەڕو متمانەی خەڵکیان لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بەدەست هێناوە و شەرعیەتی ناڕەوا بە حاکمیەتی خۆیان بدەن.
بێگوومان ئەو مەسەلەیە دەبێت بۆ وڵاتێکی فرە نەتەوەیی وەك ئێران زۆرروونتر بکرێتەوە و بێجگە لە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان، زەمینەی دابین کردنی ئازادی سیاسی و چەسپاندنی مافی گەلانیش ڕەچاوکرابێت و کۆتایی بە هەڵاواردنی سیاسی و نەتەوایەتی بێ و دەبێت حکوومەتی ناوەندی بەشێوەیی فیدڕاڵی ئیدارە بکرێت و هەلومەرجی هەموارکردنەوەی دەستووری سیاسی وڵات پێک بێت کە ئەوە تەنیا ڕێگایەکە بۆ ئەوەی گەلانی وڵات بەمافی ئازادی و یەکسانی خۆیان بگەن لە چوارچێوەی ئێرانیکی دیمۆکرات و فیدڕالدا.
خۆ ڕەنگە زۆر کەس و لایەنی ئەو تۆ هەبن کە پێیان وابێت هەلبژاردنی دەورەی یازدەهەمی سەڕۆک کۆماری هێندێک جیاوازی لە گەل هەڵبژارنە فەرمایشتیەکانی ترداهەبێت و قەیران و مل ملانە نێو خۆیەکانی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران بە قازانجی خواستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئازادیخوازانی وڵات تەواو بێت.
دیارە زۆر دەمێکە خەڵکی ئازادیخواز و ڕیفۆرمخوازی وڵات دڵی خۆیان بە هەڵبژاردنە دەورەیەکانی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران خۆشکردەوە و پێیان وابووە کە دەرفەتێکی باش پێك دێت بەئاڕاستەی گەشەکردنی ئازادی سیاسی نەتەوەیی و هەلومەرجی ڕیفۆرمی سیاسی و ئیداری لە ئێراندا هەلومەرجی لەبارتری لە پێناو چەسپاندنی ماف و ئازادیە دێمۆکڕاتیکەکانی کۆمەڵانی خەڵکی وڵات بۆ دەرەخسێت. بەڵام بێگوومان ئەو هەلومەرجە وەختیک زەمینەی بۆ دەرەخسێت کە کاندیداکان باوەڕیان بە دەستکاری دەستوور و ڕیفۆرمی سیاسی لە نێو جمگەکانی دەسەڵات هێنابێت و سەنگەری گۆرانکاری و ئازادیە دێمۆکڕاتیکەکان هەڵبژێرن و چیتر خۆیان بە نیزامی ئاخوندی نەبەستنەوە.
هەر وەك دەبینین فەلسەفەی فیکری کاندیداکانی دەورەی یازدەهەمی سەرۆک کۆماری حکوومەتی نیزامی ئاخوندی ئێران سیمای زۆر دیکتاتۆر و پشتیووانی تیرۆرنێونەتەوەیان تێدا وەبەرچاو دەکەوێت ، کە بەردەوام بەدژی بیری ئازدی و لایەنگرانی دابین کردنی سیستەمێکی بەتەواوی دێمۆکڕاتیک پلانی تیرۆریان بە ئاکام گەیاندوە و ئێستاش بێگوومان باوەڕیان بە هێچ جۆرە گۆڕانیکی حوکمڕانی سیاسی و فرە ئیداری بەشکڵی هەڕیمی لە ئێراندا نیەوە و هەموویان لەسەر ئەوەی کۆکن کە پاڕێزگاری دەستووری وڵات بکەن و ڕێگا بە نەیارانی نیزامەکەیان نەدرێ ئەو زەمینەیە بڕەخسێنن کە بە قازانجی گۆڕانێکی ڕیشەی بێ و نیزامی دیکتاتۆری بروخێنێ.
بێگوومان هەڵبژاردنی ئەو دەورەیەش هیچ گۆڕانێک لە بەرژەوەندی ماف و ئازادیە دێمۆکڕاتیکەکانی گەڵانی وڵاتدا بەدوای خۆیدا ناهێنێت و هەر وەک ساڵانی پێشوو کۆتای پێدێت و قۆناخێکی ترسەناکتر لە ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی گەلانی نبدەستی وڵات دەست پێدەکاتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیم هەتا بیرلە دەربازبوون لە قەیرانە نێوخۆی و دەرەوەیەکانیان نیەو ڕێژەی بێکاری و داڕمانی ژیرخانی ئابووری وڵات لە ساڵانی پێشووزیاتر پەرەدەستێنێت.
محمد سلیمانی
06.05.2013