"an independent online kurdish website

 (ئاوڕدانەوەیەک لە وتوێژەکەی بەڕێز جەلال جەلالیزادە دەگەڵ گۆڤاری سیڤیل)  husen_resuli_01

خوێنەری هێژا!
وەک دەزانین لە چەند حەوتووی داهاتوو دا لە ئێران شانۆی یازدەهەمین خۆلی هەڵبژاردنی سەرەک کۆماری بەڕێوە دەچێ کە لە دوای ڕاپەڕێنی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێ و لەو پێوەندیە دا زۆر کەس لە ناوەوە و لە دەرەوەی ئێران ڕا و بۆچوونی خۆی باس کردوە کە بەڕێز” جەلال جەلالیزادە” یەکێکە لەو کەسانەی کە سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنی ئەو جارە دەگەڵ “گۆڤاری سیڤیل” دا وتو وێژێکی ئەنجام داوە و ناوبراو لەو باسە دا ئامۆژگاری گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێ” پێویستە کورد بزانێ هاشمـی ئێستا هی پێشوو نیە و ڕەتکردنەوەی خەسارەتە” .
لە ڕاستی دا ئەوە چەواشکاریە و هەڵوێستی  ئەو بەڕێزە وای کرد کە من ئاوڕێک لە قسەکانی بدەمەوە.   
پێویست بە شیکردنەوەیەکی قووڵ ناکات و تەنانەت بە ئاوڕدانەوەیەکی سەرپێیانە مرۆڤ بە ڕوونی بۆی دەردەکەوێ کە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە دواکەوتووترین و نامرۆڤانەترین یاسا لە جیهاندا و بۆ سەلماندی ئەو قسەیە پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵی سەرەکی بکەین کە بریتین لە:
١. ئەو کەسە دەتوانێ خۆی بۆ سەرەک کۆمار بپاڵێوێ کە پێڕەوی دینی”شیعەی دوازە ئیمامە بێت.
٢. بە پێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ژنان بۆیان نیە خۆیان بۆ پۆستی سەرەک کۆماری بپاڵێون.
مانا و ناوەرۆکی ئەو دووخاڵە هەم لە ڕووی ئایینیەوە و هەو لە ڕووی ڕەگەزیەوە هەڵاواردنێکی بە ئاشکرایە و کەس ناتوانێ پاساوی بۆ بێنێتەوە.
بەڵام با بزانین ئەوە کە هاشمی ڕەفسەنجانی کە لە خۆلی ئەو جارەی شانۆی هەڵبژاردن دا ڕێگای پێنەدرا بەشدار بێت چ خەسارێکە بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە مەبەستی بەڕێز جەلالیزادەیە لەو وتو وێژەدا؟؟
بەڕێز جەلالیزادە دەڵێ بە هاتنی ‌هاشـمی ڕیزبەندی کاندیدەکان تێکچوو و تەنانەت نرخی دۆلار ٥٠ تمەن دابەزی و چاوەڕوان دەکرا گۆڕنکاری سیاسی و ئابووری زۆر بە دوای خۆیدا بێننێ!!!!!
ڕەفسەنجانی یەکێکە لە دامەزڕێنەرانی کۆماری ئیسلامی و یەکێک بووە لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆمەینی و ناوبراو یەکێکە لەو کەسانەی کە نیزامی ویلایەتی فەقیهی بە سەر گەلانی ئێراندا سەپاند و هەر لە سەرەتای پێک هاتنی ئەو نیزامەوە یەکێک بووە لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی  ڕاگری ئەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیە لە ئێران دا و هەر بۆیە لە لای ئازادیخوازانی ئێران و بە تایبەتی کوردستان کەسێکی بەدناوە.
هاشـمی هەمیشە لە بڕیار بە دەستە هەرە پلە بەرزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە  و بۆ ماوەی ٨ ساڵی ڕەبەق سەرەک کۆمار بووە و لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەو دا بە هەزان کەس لە ڕۆڵە ئازایخوازەکانی گەلانی ئێران بە دڕندانەترین شێواز قەڵاچۆ کراون و تەنانەت پانتایی جینایەتەکانی ئەو دەسەڵاتە بە تایبەت لە ماوەی دەسەڵاتدارەتی هاشـمی دا سنوورەکانی ئێرانیشی بەزاند و لە دەیان وڵاتی ئورووپا و ئەمریکا دەستی ڕەشی تێرۆریزمی دەوڵەتی ئێران گیانی لە سەدان کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی گەلی کورد ئەساند کە شەهیدان د. قاسملوو ود. شەڕەفکەندی دوو نمونەی هەرە بەرچاویی ئەو جنایەتەن.
لە ماوەی ٨ ساڵ سەرەک کۆماری ڕەفسەنجانی، دوای خواردنەوەی جامی ژەهری شەڕ دەگەڵ ئێراق لە لایەن خۆمەینیەوە، بە درۆ نازناوی “سردار سازندگی” یان بە بەژن و بەڵای بڕی، کام ئاوەدانی لە کوردستان جێ بەجێ کرا کە گەلی کورد بیرەوەری خۆشی لە ناوبراو هەبێت؟؟؟
سەرەڕای ئەوە کە لە ئاکامی بەردەوامی شەڕ دەگەل ئێراق دا زۆربەی شارە سنووریەکانی کوردستان  تووشی وێرانی بوون ودانیشتوانی کۆچی زۆرەملیان کردبوو، هیچ گرد و بستۆکەیەک لە کوردستان نەمابوو کە مۆڵگەیەکی نیزامی لێ نەبێ و بە هەزار هێکتار لە گوند و شاخ و چیا ودۆڵی کوردستان بە مین چێندران وبە زۆر دانیشتوانی ئاوارە کران و ژێرخانی ئابووری کوردستان تێک و پێک درا بەڵام کابینەی هاشـمی لە دوو خول بە سەرۆکایەتی ناوبراودا چ پڕۆژەیەکی ئاوەدانی بۆ کوردستان بە دیاری هێنا؟؟؟
لە بەشێكی دیکەی قسەکانی دا بەڕێز جەلالیزادە بە بیانووی داکۆکی کردن لە ڕەفسەنجانی فرمێسک بۆ کۆماری ئیسلامی دەڕێژێ و دەڵێ” ڕەتکردنەوەی هاشـمی واتە ڕەتکردنەوەی نیزمای ئێران کە هاشمی لە دروستکردنی و ستوونێکی بەڕێوەبردنی ئێراندا بەشدار بووە”.
بێ گومان ئەوە دەستکەوتێکە بۆ ئازادیخوازانی ڕاستەقینەی ئێران بە گشتی و ڕۆڵەکانی گەلی کورد بە تایبەتی چونکە نەمانی هاشمی و هەرکام لە مۆرە ورد ودرشتەکانی ئەو نیزامە بە واتەی لاوازی کۆماری ئیسلامیە و ئەوەش بۆ کورد نەک خەسارەت نیە ( بە وتەی بەڕێز جەلالیزادە )بەڵکە سەرکەوتنە لە بەر ئەوە هاشمی لە داڕشتن و جێ بە جێ کردنی هەموو تاوانەکان لە دژی ئازادیەکانی گەلی کورد ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و یەکێک لە داڕێژەران  و بڕیاردەرانی تێرۆری ڕێبەرانی حدکا لە ئورووپا بووە.
هاشمی دوای دوو خول سەرەک کۆماری ئەوە بۆ ماوەی ١٦ ساڵ زیاترە کە سەرۆکی دەزگای دیاری کردنی بەژەوەندیە بەڵاکانی نیزامە(مجلیس تشخیص مصلحت نظام) واتا دوای ڕێبەر کەسی دووهەمی وڵاتە تەنانەت ئەگەر بڕیارێک لە پەرلمانە کارتۆنیەکەش دا تێپەڕی پێویستە هاشمی و دەزگاکەی ناوبراو پەسەندی بکات و ناوبراو لە بە دەسەڵات گەیاندی خامەنەیی ڕێبەی ڕێژیم و گۆڕێنی ولایەتی فەقێ بۆ “ولایەتی موتڵەقە” ڕۆڵی هەرە بەرزی گێڕاوە ئەوە لە کاتێک دایە کە ناوبراو لە هەموو ئەو ماوەیە دا یەک وشەی خێری بۆ گەلی کورد و داوا ڕەواکانی بە دەمدا نەهاتوە کەچی بەڕێز جەلالیزادە نەبوونی ئەو زاتە ناموبارەکە بۆ کورد بە خەسارەت دەزانێ!!!!
هاشمی بە ئاشکرا دەڵێ هەست بە مەترسی لە مەڕ چاورەنووسی ڕێژیم دەکات بۆیە دەیهەوێ بۆ ڕزگاری ڕێژیم لەو قەیرانانە جارێکی دیکە بێتەوە گۆڕەپان ئەگینا لە بێ دەرەتانی و ماڵوێرانی خەڵک نیە و بۆ چاکسازی و باشتر کردنی ژیانی تەقەت پڕووکێنی خەلک پێی ناخاتە ناو ئەو گەمەیەوە. 
شتێکی دیکە کە ڕەفسەنجانی و بنەماڵەی ناوبراو لە باقی کاربەدەستانی ڕێژیم سەبارەت بە کورد جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە ژێر چاودێری “مێهدی ” کوڕی هاشمی دا بە سەدان جێگا ئاسەواری کۆن لە شوێنە جیا جیاکانی کوردستان دۆزرایەوە و بە تاڵان بردران کە ئەوە ئەوپەڕی دوژمنایەتی ناوبراوە دەگەڵ کورد.
سەیرە کەسێکی وەک بەڕێز جەلالیزادە کە خۆی بە ڕووناکبیر و بیرمەندی سیاسی دەزانێ بەڵام لە ئاست ڕاستیەکان چاوی بنووقێنێ و وەک موردیدێک بە شان وباهۆی کەسێک دا هەڵ بڵێ کە لە ماوەی ٣٥ ساڵ لە تەمەنی پڕ لە زۆڵم و زۆری ڕێژمی کۆماری ئیسلامی دا  هەمیشە کەسی دووهەم  و بڕیار بەدەست بووە و یەکێک لەو کەسانە بووە کە بۆتە هۆی ماڵوێرانی و ئاوارەیی و هەناسەساردی هەزاران کەس لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و دەڵێ “خەڵک پێی وابوو بە هاتنی هاشـمی باری ئابووری و سیاسی و فەزای ئازدی هاوڵاتیان باشتر دەبێت و قسەکان دەکرێنە کردار،بەڵام بە ڕێگرتن لە هاتنی هاشمـی دەرگای هیوا لە خەڵک دەبەسترێ!!!!؟؟؟
بەڕاستی لەوە قەباحەتتر مەگەر هەر لە قوتابخانەی بیر و هزری بەڕێز جەلالیزادە دا هەبێت ئەگینا کێ هەبێت نەزانێ کە هەرکەس بڕوای بە”ولایەتی فەقی”ە هەبێ هیچ بڕوایەکی بە ئازادی و مافی مرۆڤ نیە؟
کێ هەبێ نەزانێ پەسەند و قبووڵی ویلایەتی قەقی یانی ڕەدی هەر چەشنە ئازادی و دادپەروەرێک؟؟ 
کێ بێ نەزانێ کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندیدا گرینگ نیە کێ سەرەک کۆمارە و چەند میلیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران دەنگیان پێداوە بەڵکە  قسەی هەوڵ و ئاخر هەر ڕێبەرە؟؟
مەگەر لە خولی پێشووتری شانۆی سەرەک کۆماری دا هاشمی نەیوت سکاڵای خۆم دەبەمە لای پەروەردگار؟ هاشمی بۆیە سکاڵای خۆی دەباتە لای پەروەردگار بۆ ئەوە دڵی ڕێبەر نەڕەنجێنێ و دان بە گەندەڵی دانەنێ و لە ڕاستیدا بۆ پاراستن و مانەوەی دەسەڵاتی ڕێژیم ئامادەی هەر چەشنە فیداکاریەکە.
لە وڵامی پرسیارێکی دیکە دا بەڕێزی جەلالیزادە دەڵێ”لە گەڵ هەموو ئەو گلەییانەش کە ئێمەی کورد لە هاشمی هەمانە،ئەوەش دەزانین هاشمی دەتوانێ زۆر شت بۆ کورد بکات”.
حەز دەکەم لێرە دا ئەو پرسیارە لە بەڕێز جەلالیزادە بکەم کە مەبەستت لە زۆر شت چیە؟؟
بۆ ئەو کاتەی کە لە چڵە پۆپەی دەسەڵاتدا بوو و ٨ساڵ سەرەک کۆمار بوو هیچی بۆ کورد نەکرد؟
میلیتاریزە کردنەوەی دووبارەی کوردستان بە شێوەی دەیەکانی ٦٠ هەتا ٨٠ی هەتاوی ؟؟
ناردنەوە دووبارەی تیمەکانی تێرۆ بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بۆ کوشتن و ڕفندنی نەیارانی ڕێژیم؟
یان درێژە دان و پەرەپێدانی ئەو جنایەتانەی کە لە ماوەی ٨ ساڵ سەرەک کۆماری هاشمی دا بۆی تەواو نەکران و نەیتوانی گەلی کورد بە چۆک دا بێنێ و ناچاری بکات دەست لە مافە ڕەواکانی هەڵگرێ!!؟؟
کاک جەلال باس لە نفووز و دەسەڵاتی هاشمی دەکات و بە خەیاڵی خاوی خۆی پێی وایە ناوبراو دەتوانێ زۆر شت بکات کە کاندیدە ڕێفۆرمخوازەکانی دیکە ناتوانن بیکەن بەڵام با بپرسین باشە ئەگەر هاشمی خاوەنی ئەو هێز و دەسەلاتەیە کە ئێوە باسی دەکەن و کیسەتان بۆ هەڵدرووە بۆ ناتوانێ داکۆکی لە کور و کچ و بنەماڵە گەندەڵەکەی خۆی بکات کە  موردیدە دەمار گرژەکانی ڕێبەرەکەی چەقۆیان لێ دەسوون؟؟
لە وڵامی ئەو پرسیارە داکە کام یەک لەو هەشت کەسە کاندیدە لە پێشترە بۆ کورد دەڵێ” پێویستە ئێمەی کورد داواکاریەکانمان بە شێوەی نووسراوە ئامادە وبڵاو بکەینەوە و هەموو گرووپ و حیزب و ڕەوتە کوردیەکان لە دەوری یەکتر کۆببینەوە بە مەبەستی یەکخستنی دەنگەکان و داواکانمان”!!!!
خۆزگە کەسێک هەبا و بەڕێز جەلالیزادەی لەو خەوە کەروێشکیە هەڵستانبا و پێی گوتبایە خاڵۆ وا دیارە 
” گێرەت لە هەولێر دەگەڕێ” تۆ باس لە کام گرووپ و حیزب و ڕەوتی کوردی دەکەی؟
بۆ تۆ نازانی هەر لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ی هەتاویەوە هەموو حیزبێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە کراوە و “حیزب تەنیا حیزبۆڵلا و ڕێبەر تەنیا ڕوحوڵلایە؟؟؟
ئەرێ کاکی برا تۆ لای خۆی نوێنەری کوردان بووی لە پارلمانە کارتۆنیەکەی ئێران و خۆ تۆ دوکتوڕات هەیە و خۆت بە سیاسەت زانانی کورد و ئێران دەزانی ئەی چۆن ئاگات لە وەزعی وڵات نیە؟؟
ئەدی چۆن ئامۆژگاری گەلی کورد دەکەی کە دەنگ بە  هاشمی بدەن چونکە پێت وایە شتی بۆ کورد پێیە؟
مەگەر یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی هەموو دەسەڵاتێک بە ڕێبەر نادات کەوابوو سەرەک کۆمار بە کام دەسەڵاتەوە دەتوانی بە بێ ئەمری ڕێبەر کارێک بکات ئەوەیش بۆ کەس نا بۆ کورد؟؟؟
سەبارەت بەو پرسە کە هیزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن کاک جەلال دەڵی ناکرێ بە بێ هۆ هەڵبژاردن بایکۆت بکرێ و ڕای وایە کە هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ ئەوە خەڵک قسەی خۆی بکات و داواکاری هەبێ، لە کاتێکدا ئەگەر هاتوو هیچ کاندیدێک ئامادە نەبوو داواکاری ئێمە قبووڵ بکات و گوێمان لێ بگرێ ئەوکات بڕیار لە سەر بایکۆت کردن بدەین!!!
لە سیاسەت دا بەو شێوە بیر کردنەوەیە و ئەو شێوە سیاسەت کردنەی بەڕێز جەلالیزادە دەوترێ خۆ بە قەزا وقەدەر ئەسپاردن، بە واتایەیکی سادەتر واژۆ کردنی کاغەزی سپی!!
لە سیاسەت دا بەر لەوە شتێک واژۆ بکەی پێویستە لایەنەکانی لێک بدەیەوە و تاو تۆی بکەی  بە تایبەت کە باس لە سەر پرسی ئازادی و چارەنووسی گەلێک دەکرێ ناکرێ بەر لەوە لە سەر پرسەکە پێک بێیت ئیمتیاز بە بەرانبەرەکەت بدەی!! 
خۆ کاتی خۆی خومەینی هەزاران بەڵێنی درۆی بە خەڵک دا و دەیگوت ئەو دەچێتەوە مزگەوت!!
مەگەر بەڵێنی نەدا ئاو بە خۆڕایی بێت،لولەی نەوت بۆ ماڵی خەڵک بکێشێ و هەموو شتێک بە خۆرایی بێ و هەر کەس خاوەنی چارەنووسی خۆی دەبێ وئازدای ڕاستەقینە بەرقەرار دەبێت؟؟؟؟
لە کاتێک دا هیچ کام لە ڕکابەرەکان بۆ تەبلیغیش بێت باس لە مافی گەلانی ئێران ناکەن و بە چاوی ئەمنیەتیەوە لە کوردستان دەڕوانن چ هۆکارێک پێویستە بۆ ئەوە گەلی کورد بایکۆتی هەڵبژاردن نەکات؟ 
هۆکار لەوە بە هێزتر کە دوای ٣٥ساڵ بە سەر دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەو بڕگە ناتەواوە کە خۆیان لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا هێناویانە سەبارەت بە خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی کەمینەکان لە وڵاتدا جێ بە جێ ناکەن و هەر داوایەک بە تۆمەتی جیاوازیخوازی سەرکوت دەکەن؟؟
لە بڕگەیەکی دیکە دا بەڕێز جەلالیزادە کە باس لە بایکۆت لە لایەن حیزبەکانەوە دەکات دەڵی” بایکۆت کردن بەگشتی کارێکی سیاسی مەعقوول نیە” و پێی وایە کاتێک حیزبێک هەڵبژاردن بایکۆت دەکات ئەگەر ٨٠% خەڵک پشتی بگرن و بەشداری نەکەن و تەنها ١٠% خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بن پێشنیاری ئەو حیزبە بە شکست خواردوو ئەژمار دەکرێ و لە جیاتی بەرژەوەندی زیانی دەبێت”
کەس نازنێ ئەو بەڕێزە ئەو پێوەرەی لە کوێڕا هێناوە لە کاتێک دا تەنها لە سەتا دەی خەڵک بە پیر داوای ئەو حیزبەوە نەهاتوون و ٨٠ لە ١٠٠ ی خەڵک بەشداریان نەکردوە بەڵام هەر شکستی هێناوە؟
خاڵێکی دیکە لە قسەکانی بەڕیز جەلالیزادە دا کە بۆ لێ ورد بوونەوە دەبێت ئەوەیە کەباس لە بەناو نوێنەرانی گەلی کورد لە پارلمانی ئێران دا دەکات و دەڵێ  “شورای نگهبان” زۆر کەس ڕەد دەکاتەوە وکەسانی لاواز قبووڵ دەکات هەر بۆیە زۆر جار کەسانی نەناسراو دەبن بە نوێنەری خەڵک کە لە ڕاستیدا ناتوانین بە  نوێنەری هەموو خەڵکیان بزاینین و بە دڵنیاییەوە دەڵێ لە دوای خولی شەشەم پارلمانتاری بەهێزمان کەم بۆتەوە کە ئەگەر بە هەڵە نەچووبم کاک جەلال خۆی لە خولی شەشەم دا نوێنەری مەجلیس بووە لە سەر لیستی  پارێزگای کوردستان واتا سنە!!!
ئەوەی کە مایەی سەر سوڕ مانە ئەوەیە کە ئەو بەڕێزە بە بەراورد کردن دەگەڵ نوێنەرانی خۆلی شەشەم نوێنەری خولەکانی دوایی بە لاواز دەژمێرێت!!!!
 لە ڕاستیدا بە بێ موباڵەغە و بە بە بێ هیچ دەمارگرژێک دەتوانین بڵێن کە لە یەکەم خولی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیەوە هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێت لە یەک مستەوا دابوون و لە هیچ خولێک دا نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کورد بەشدار نەبووە چونکە ئەگەر کەسێک نوێنەری گەلی کورد بێت وەک کاک جەلال خۆشی بە ئاشکرا باسی کردوە لە “هێڵەگی” شووڕای نیگابان دەرناچێ کەوابوو باشترە ئەو فەخرە بە کەس نەفرۆشێت کە بە ناو نوێنەرانی خولی شەشەمی مەجلیس ئازا بوون و داکۆکیان لە خەڵک کروە.
بەڵام ئەوەی کە بەڕێز جەلالیزادە و هاوبیرەکانی فەخری پێوە دەکەن و  دەیکەنە پێوەر بۆ پێوانی هێز و توانای بە ناو نوێنەرانی گەڵی کورد لە خولی شەشەمی مەجیلیسی ئێران دا، دامەزراندی شتێکی کارتۆنیە بەناوی”بەرەی یەکگرتووی کورد”  کە لە سەردەمی محەممەد خاتەمی دا پێکیان هێنا ،ئەوە لە کاتێک دا بوو کە وەک لە سەرەوە باس کرا هێزە ڕەسەنەکانی کورد لە ڕۆهەڵاتی کوردستان تا ئێستاش نایاسایین.
هێزێکی وەک حدکا کە لانیکەم ٣٠ ساڵ بەر لە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە دژی دەسەڵاتێک دەستی بە خەبات کردوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ خۆشی لە دژی ئەوە حوکومەتە شەڕی کردوە کەچی نایاسیی و هەڵوەشاوە ڕەگەیەندراوە و ڕێبەرانی تێرۆر دەکرێن بەڵام چۆنە ئیزن بە کەسانێک دەرێت بەرەی یەکگرتووی کورد لە ژێر ئاڵا و سێبەری شوومی کۆماری ئیسلامیدا دابمەزرێنن؟؟؟  
سەیر ئەوەیە کە ئەو کەسانە ناوی ئەو جەمەعەیان ناوە بەرەی یەکگرتووی کورد بەڵام بۆ جارێکیش کەس نەیدیت و نەی بیست کە ئەو بە ناو بەرەی کوردە چی بۆ کورد و وەدەست هێنانی مافەکانی کردوە.!!
شتێکی دیکە لە لەو دیمانەیە دا بەڕێز جەلالیزاداە باسی دەکات و بە شانازیەکانی خولی شەشەمی مەجلیسی دەزانێ هێنانی هێندێک خزمەتگوزاریە بۆ ناوچە کورد نشینەکان و ئازادی گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی و لەوەش گرینگتر پێوە زیاد کردنی زمانی کوردیە بە بەشێک لە زانکۆی کوردستان!!!!
بەڕاستی جێگای داخە کە کەسێکی ئاکادێمیک وا سادە بیر بکاتەوە و لە ڕووی هەڵبێت باس لە هێندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بکات کە لەو بڕگە زەمانیە دا بۆ ناوچەکانی کوردستان هاتوون!!
وا دیارە ئەو بەڕێزە نە ئاگای لە دنیایە و نە شتێک لە سەر دەوڵەت و ئەرکەکانی بەرانبەر بە گەل و وڵات دەزانێ ئەگینا دەبوایە بزانێ دەوڵەت یانی خزمەتکاری گەل و وڵات و ئەوەی کە بۆ ئاسایشی خەڵکی دەکات  خێر کردن بە خەڵک نیە بەڵکە مافی یاسایی و سرووشتی هەموو خەڵکی وڵاتە کە لە لەلایەن دەوڵەتەوە خزمەتیان بکرێ،جگە لەوانە ئێران یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جهیان و ئەوەی کە بۆ خەڵک و ئاسایشی ئەوان خەرج بکرێ داهاتی سامانی نەتەوەیی خۆیانە و کەس لە گیرفانی خۆی قڕانێکی بۆ خەڵک خەرج نەکردوە و کەس بۆی نیە منەتیان بەسەردا بکات.
 مافی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕینش بە هەمان شێوە، کەوابوو ئەو بەڕێزە باس لە چی دەکات و چۆن ئیزن بە خۆی دەدات خزمەتگوزاری بە چاوی خەڵک دا بداتەوە؟؟
بەڵام بەڕاستی ئەوەی کە کارەساتە ئەوەیە کە باس لە زیاد کردنی زمانی کوردی بە بەشێک لە زانکۆی سنەوە دەکات و وا دەزانێ هەر سنە کوردستانە و زمانی کورد هەر لە سنە بردراوە و قاچاغە !!
بە ڕاستی دەبوایە ئەوە بۆ کاک جەلال کە خۆی بە ڕووناکبیر دەزانێ شتێکی گاڵتەجاری و بێ ناوەرۆک بایە کە خوێندن لە بری ئەوە لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە لە قوتابخانە بخوێندرێت لە ئاستی زانکۆ ئەویش وەک وترا تەنها لە زانکۆی سنە بخوێندرێ!!
خۆزگە بەڕیز جەلالیزادە و هاوبیرەکانی وەک کورد دەڵێ تیتاڵێکیان لە نوێنەرە کوردەکانی  باکووری کوردستان دادەڕی کە چۆن لە سەر داکۆکی کردن لە مافەکانی کورد ڕووبەرووی ملهۆڕی و دیکتاتۆڕی دەولەتی کەمالیستەکان دەبنەوە!!
خۆزگە بۆ جارێکیش بێ ئەو بە ناو نوێنەرانە لە ئاست ژینۆسایدی سپی(ئیعتیاد) ڕۆڵەکانی کورد لە بەردەم دەگای پارلمانە کارتۆنیەکەی ئێران مانیان دەگرت!!
خۆزگە بۆ مێژوو یەکێک لەو بەناو نوێنەرانە لە ئاست کوشتنی کۆڵبەرانی برسی و بێ دەرەتانی کورد لە سەر سنوورە دەستکردەکان بە دەستی سەربازە بێ ناو و نیشانەکانی ئیمامی زەمان، وازی لە پۆستەکەی دەهێنا بۆ ئەوە ئەمڕۆ گەلی کورد بە شانازیەوە باسی کردبایە!!!
خۆزگە ئەو کەسانەی کە بەرژەوەندی تەسکی تاکە کەسی و کۆتلەییان بە بەرژەوەندی دوژمانی کوردەوە گرێ دراوە دەستیان لە بەرۆکی خەڵک بەردابایە و ئەگەر گۆڵ نین دڕکیش نەبان!!!
هەر کەسێک و بە هەر پاساوێک پر و پاگەندە بۆ بەشداری کردن لە شانۆی هەڵبژاردن دابکات و بە هەر شێوەیەک ڕۆڵەکانی گەلی کورد هان بدات بۆ بەشداری کردن لەو گاڵتەجاریە دا لە ڕاستی دا دژی بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد هەنگاو دەنێت و بە ئاشکرا لەو زۆڕنا ژەنانەیە کە هیوای بە ئاڵو گۆرە لە پێکهاتەی کۆماری دژی گەلی ئیسلامی ئێراندا.
لە ڕاستی دا بەشداری کردن لەو شانۆگەریەدا بە هەر ناوێک و بۆ دەنگ دەنگدان بە هەرکەسێک بێ بۆ ڕێژیم گرینگ نیە چۆنگە ڕێژیم شەرعیەتی خۆی لە بەشداری کردنی خەڵکدا دەبینێ تەنانت ئەگەر هەموو خەڵکیش لە کاتی دەنگداندا دەنگی سپی بدەن بە لای ڕێژیمەوە گرینگ نیە چۆنکە ئەو نیزامە نیشانی داوە ئەو کەسەی کە خۆی دەیهەوێ لە سندووقەکانی دەنگدان سەر دەر دێنێ نەک ئەو کەسەی کە خەڵک دەنگی پێدەدەن کەوابوو خۆ نیشان بۆ ڕێژیم بەسە بۆ ئەوە ڕای گشتی و بەتایبەتی ولاتانی بەژەوەندی خواز و بازرگانەکانی خوێنی پی چەواشە بکات و لەو بارەشەوە خامەنەیی ڕێبەری ڕێژیم بە ئاشکرا دەڵێ بەشداری چالاکانەی خەڵک لەو هەڵبژاردنە دا ئابڕووی نیزام دەپاڕێزی(دیارە ئەگەر ئابڕووی هەبێت) .
هەر کەس کۆماری ئیسلامی بناسێ و شارەزای هەڵس و کەوتی ئەو نیزامە بێت دڵنیایە  و باش دەزانێ کە مەبەسەتی ڕێژیم لەو شانۆگەریە تەنیا بۆ زیاتر چەواشە کردنی ڕای کشتی لە دەرەوی ئێرانە ئەگینا لە وڵاتێکدا کە سەرەڕای ڕێبەر کە خۆی بە نوێنەری خوا لە سەر زەوی دەزانێ، دەیان دەسەڵاتی سێبەر وەک سپای باسداران،مەجلیسی خێبرەگان،مەجلیسی دیاری کردنی بەرژەوەدنیەکانی بەڵای نیزام و شووڕای نیگابان ….هتد هەیە، سەرەک کۆمارێکی کارتۆنی و بە ڕواڵەت چ دەسەلاتێکی هەیە کە بتوانێ ئاڵو گۆڕ لە ژیانی خەڵکدا پێک بێنێ بە تایبەت کە گەلی کورد چقڵی چاوی هەموو مۆرەکانی ڕێژیمە؟؟
کەوابوو سەیرە سەرەڕای هەموو ئەو بەڵگە حاشا هەڵنەگرانە کەسانی وەک بەڕێز جەلالیزادە دێن و لەو زۆڕنایە دەژەنن کە کۆماری ئیسلامی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی خۆی بە دەمیەوە گرتوە!!

حسێن ڕەسووڵی ستۆکهۆڵم/ سۆئێد مەی ٢٠١٣


لینکی وتووێژ، گۆڤاری سڤیل 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی