"an independent online kurdish website

رێکەوتی ٢٢/٦/ ٢٠١٣ بە پشتگیری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ کونفرانسێک لەسەر پەیماننامەی لۆزان، لە لایەن کۆمەڵەی چاندیی عیسمەت شەریف وانلی لە لۆزان بەڕێوەدەچێ.komele_jnev

ئەمەش دەقی پەیامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ بۆ کونفرانسەکەیە.

پەیمانی لۆزان کە لە بارودۆخێکی هەستیاری پاش جەنگی یەکەمی جیهانی لە ٢٤ی ژووئییە ١٩٢٣ی زایینی لە نێوان وڵاتانی دەرگیر لە جەنگی یەکەمی جیهانی و تورکیەدا بەسترا. ئەم جەنگە جوگرافیای ناوچەکەی بە تەواوی گۆڕی بوو. ئیمپراتۆری عوسمانی شیرازەی لە یەک پچڕا بوو. ئەم بارودۆخە بۆ هێندێک لە میللەتەکانی ناوچە دەرفەتێک بوو تا ببنە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆیان.

پەیماننامەی سێڤر کە پەیماننامەی لۆزانی بە دوادا هات مافی هەبوونی وڵاتێکی بۆ کورد لەسەر بەشێکی لە خاکی کوردستان بە رەسمی ناسیبوو، بەڵام لە ژێر فشاری تورکیە، لە کونفرانسی ئاشتی لۆزان، هاوپەیمانەکان  لە بەڵێنی خۆیان پاشگەز بوونەوە و، کوردیان کردە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان. ئەوان زیاتر نیگەرانی دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی پاش جەنگی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون و، کورد لە بەرنامەکانی ئەواندا هێندە گرینگی نەبوو، بۆیە بە ئاسانی توانییان پەراوێزیان بخەن و  مافەکانیان پشتگوێ خست. لە راستیدا کورد هەلێكی مێژوویی لە دەست دا تا ببێتە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆی. بە گوێرەی ئەم پەیماننامەیە واتە نەوەد ساڵ لەمەو پێش، بۆ جاری دووەم کورد بە سەر وڵاتانی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا دابەش کرا. بەدرێژایی سەدەی بیستەم کورد لە دەربەدەری چەمەسەریدا ژیاوە و لە مافی کۆمەڵایەتی- سیاسییەکانی خۆی بێبەش بووە.

jnev_beyanname

ئێمە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ، پشتیوانی خۆمان لە هەر هەوڵێک دەردەبڕین کە بەرگری لە مافی کورد بکا. هەروەها دەستخۆشی لە کۆمەڵەی چاندی عیسمەت شەریف وانلی دەکەین کە ئەم کونفرانسەیان رێکخستووە و پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم کارەیان دەردەبڕین. بەم بۆنەوە ئەم راسپاردانەی خوارەوە پێشنیار دەکەین.

–          داوا دەکەین کە کۆمەڵە مەدەنییەکانی کانتۆنی ڤۆ و سویس هاوکاری کۆمەڵە مەدەنییە کوردییەکان بکەن، بۆ بە رەسمی ناسینی ئەو ستەمەی کە لە پەیمانی لۆزاندا دەرحەق بە کورد کراوە.

–          داوکارین کە کۆمەڵە مەدەنییەکانی کورد بە هاوکاری دۆستانی سویسی، لە ئاستی پارلمانی کانتونەکان و هەروەها پارلمانی میللی سویس کۆبوونەوە و کونفرانس رێک بخەن و هەوڵ بدەن پشتگیری سیاسی بۆ بە رەسمی ناسینی ئەو ستەمە کۆ بکەنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی