نەیاران و دوژمنانی کورد بە بێ جیاوازی هەم لە عێراق و هەمیش لە تورکیا و ئیران و سوریا ئەوەندەیان بۆیان کرابێت لە گرتنە بەری دڕندانەترین شێوازی قڕکردن سڵیان نەکردۆتەوە ،
ڕۆڵی ئەو کوردانەی کە ( بونە و دەبنە کەواسوری بەرلەشکری داگیرکەران ) لە سەرکوتکردنی شۆڕش و شۆڕشگێڕاندا نادیدە بگیرێت . ئەم شەڕی ناوبردنەش هێشتا ناتوانێت تینوێتی نەیاران بشکێنێت بۆیە هەردەم ویستویانە تۆوی دوبەرەکییش لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا بچێنن و ئەوەش وای کردوە کە گەلەکەمان ببێت بە خاوەنی میژویەکی تاڵ و ئەزمونێکی خوێناوی لە یەکتر کوژیدا ، بە هەزاران هەزار خوێنی ڕۆڵە جوامێرەکانی کراوەتە باراشی ئەم ئاشی یەکتر کوژیە .
چەند ڕۆژێکە شەڕێکی براکوژە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردوە و ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانی ئەم گەلەمانی کردۆتە قوربانی ، شەڕێک لەم کاتە هەستیارەدا ، کە گەلەکەمان زۆر بە تاسەوە لە چاوەڕوانی دامەزراندنی کیانێکی نەتەوەیی سەربەخۆ دان، بەڵام بە داخەوە بە فیت و هاندان و پشتیوانی لایەنێک یان دەستێکی دەرەکی لە گروپ و حیزبێک دژ بە حیزبێکی تر ئەوەتا خەریکە ئەم ئاگرە تەشەنە دەکات . کورد بەدبەختیەکەی لەوەدایە کە کاتێ دەستی چوە خۆی ، ئاوا بە ئاسانی کەف و کوڵی یەکتر کوشتنی نانیشێتەوە و وەک ئاگری ژێر کا هەر جارە لە شوێنێکەوە دەگەشێتەوە ، بەڵام لە ئاشت بونەوەدا زۆر چیڕین . داوام لە هەموو لایەنە تێکۆشەرەکانی ڕۆژئاوای وڵات و ڕێکخراوە و کەسایەتیەکان ئەوەیە بەر بەم شەڕە ماڵوێرانکەر و پاشەڕۆژ بە هەدەر کەرە بگرن ، ئەزمونە تاڵەکانی شەڕی برا کوژی پارچەکانی تری نیشتیمان و بە تایبەتی کوردستانی باشور بهێننە بەرچاو .
قسەم لە سەر ئەوە نیە کە ئاخۆ هەق بە کام لایە ؟ ئایە ئەمەم بۆ پشتیوانیە لەو دوو بڕیارەی کە پەڕلەمان بە پەلەپزورکێ و ڕاکەڕاک چواندی ، نەخێر ، بەڵام من لە ڕوی ئەداوە تێبینیم لە سەر ئەو پەرچە کردارەی نێو هۆڵی پەڕلەمانی کوردستان هەیە ، بە بڕوای من کارێکی ناشایستە و ناشارستانی بوو کە نەدەبو فراکسیۆنی گۆڕان لە ڕێگەی بەڕێز پەڕلەمەنتار ( عەبدوڵای مەلانوری ) وە بیری لەم شێوە هەڵوێستە بکردایەتەوە و ئەم پشێویەی بنایەتەوە و ڕەنگە بەمە کارتەکان تێکەڵ کران ، دواتریش بردنە ژورەوەی ( فیتە ، صافرە ، فیقە ، فیتفیتە ) بۆ نێو پەڕلەمان بەو شێوە نایاساییەی کە بینیمان ئەوەندەیتر شتەکانی ئاڵۆزتر کرد و وای کرد کەس ئاگای لە بڕیارەکان نەمێنێ و زوومی کامیراکانیش کەوتنە سەر ( شەڕە بۆکس ) !
پەڕلەمەنتار مادام کە نوێنەرایەتی خەڵکانێک دەکات ، دەبێت هەمیشە نە وەک خود بجوڵێتەوە و نە وەک خۆدیش بڕیار بدات و پێویستیشە هەمیشە پشودرێژ بێت و زوش هەڵنەچێت و دەبێت لە ئەرک و مافەکانی شارەزا بێت ! ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێز کاک عەبدوڵا نواندی ، جیا لە هەڵچونێکی هەرزەکارانەی دور لە پێناسی پەڕەلەمەنتاری سەرکەوتو بەولاوە پێناسەی تر هەڵ ناگرێتو پێشم وایە مەبەستی یەکەمی لەم ڕەفتارە ، دەرخستنی خۆی وەک کەسێک ، دوەمیش فراوانکردنی ئەو پێگەیەی کە هەیەتی تا لە ڕێگەی ئەزمونی لاساییکردنەوەی خەڵکانێک لە نەتەوەکانی تر بیەوێت پێی بگات ، کە بەڕای من نابێت کاک عەبدوڵا هەوڵی ئەم جۆرە لاسایی کردنەوانە بدات چونکە زەرەر لە کەسایەتی خۆی دەدات .
هیوادارم ، ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو پەڕلەماندا ڕوی دا ، پەل نەهاوێت بۆ دەرەو و نەبێتە فاکتەری خوڵقانی کەشوهەوایەکی بارگرژاوی لە شەقامدا ، چونکە ئێستاش بە هۆی قوڵی و سارێژنەبونی زامەکانەوە ئەگەری کولانەوەیان بە بەرکەوتنێکی کەم هەیە، دەستە دەرەکیەکان بەردەوامن لە هەناردەکردنی شەڕانگێزی و گروپە ئاژاوەگێڕ و توندڕەوەکان بۆ هەرێمی کوردستان ، بەردەوامن لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ تێکدانی ئاشتی و هێمنی لە باشوری وڵاتەکەمان، بازرگانانی شەڕێش لە ناوەوەی هەرێم چاویان بڕێوەتە ئەو ساتە وەختەی کە یەکەم گولەی ( سەعاتی سفر ) دەتەقێنرێت !
وتارەکەی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک یش کۆمەڵێک نهێنی درکاند و هەمو کەس بە ئاسانی لێان تێ دەگەن ، بۆیە لە سەر هەموو لا پێویستە لە هۆڵی بەرژەوەندیە گشتیکاندا بین و پیرۆزیەکان نەکەینە قوربانی بەرژەوەندیە تاک و حیزبیەکان ، هەم کورد و هەم کوردستانیش بە بەریانەوە نەماوە بەرگەی ئەوە بگرن کە ئەمڕۆ لە وڵاتانی میسر و سوریا و لوبنان و لە باشور و ناوەڕاستی عێرقدا ڕودەدەن .
ئاراستەیەکی ناتەندروست و نالۆجیکە کە ئەگەر هەر کام لە ئۆپۆزیسیۆن و حیزبانی فەرمانڕەوا بیانەوێت هێڵی چەپ و ڕاست بە سەر یەکتردا بهێنن و کار لە سەر سڕینەوەی یەکتر بکەن ، بەڵکو دەبێت هەردولا هەم گوێ بۆ یەکتر بگرن و هەم بەرژەوەندی باڵای میللەت و نیشتیمان لەبەرچاو بگرن و هەمیش هەردولایان بە گرینگیەوە گوێ بۆ داوا و داخوازیەکانی شەقام شل بکەن .