"an independent online kurdish website

لە 24مین ساڵوەگەری تێرۆری سەرکردەی نەمر دوکتۆر عبدالرحمانی قاسملوودا کوردانی فینلەند و بە تایبەتی ئەندامانی هەر دوو لایەنی دێموکرات و ڕیکخراوە مەدەنیەکانی سەر بەو دوو لایەنە، لە یادەوەریەکی رێک و پێک دا رێزیان لە سەرکردەی بلیمەت و کاریزمای کورد گرت.

یادەوەریەکە لە سەعات 13.00 ی پاش نیوەڕۆی رۆژی هەینی دەستی پێکرد. کوردانی دانیشتووی فینلەند بۆ مەحکوم کردنی تاوانی تێرۆری ئەو ڕیبەرە شەهیدە لە بەردەم پارلەمانی فینلەند لە هێلسینکی کۆبوونەوە. خۆپێشاندەران لە کاتێک دا ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدانیان بەرز کردبۆوە، بە رێپیوانێکی هێمنانە بەرەو بارەگای کۆمیسیۆنی پارلەمانی ئوروپا وەڕێکەوتن. لە بەر دەرگای کۆمیسیۆنی پاڕلەمانی ئوروپا کۆبوونەوە و بڕیارنامەی خۆپێشاندەرانیان دایە سەرۆکی بەشی راگەیاندنی پەرلەمانی ئورووپا و دواتر بڕیارنامەکە و چەند شێعر و پەخشان پێشکەش کران.

ئەوەی کە  بەلای هێندێک کەسەوە بڤەیە و بە لای منەوە جێگەی سەرنج و تێڕوانێنە، بەشداری کردنی ئەندامانی هەردوو لایەنی دێموکڕات بەوپەڕی گیانی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی لەو رێپێوانە  دا بوو. دێموکڕاتەکان بەو هەنگاوە گرینگەیان روحی دوکتۆر قاسملوویان شاد کرد و بە دۆست و دوژمنیان سەلماند کە دێموکڕاتەکان رێبواری راستەقینەی ڕێبەرە شەهیدەکەیانن و ئامۆژگاریەکانی لە ناو دڵی هەموویان دا بە زیندویی و ئەمانەتەوە پارێزراوە.

دێموکڕاتەکانی فینلەند دڵسۆزانی حیزب و گەل لە مێژە بڕیاریان داوە کە دەبێ بنەماڵەی گەورەی حیزب بکەوێتەوە سەر یەک. ئەوان بە کردەوە، بە دوور لە دەمارگرژی و بە دڵسۆزیەوە، هەموو کات لە هەوڵی لە یەک نزیک بوونەوە و وەلانانی ناکۆکیەکان دا بوون و تا ئیستا بە کردەوە ئەو ویست و هەڵوێستەی خۆیان نیشان داوە. ئەندامانی دوو لایەنی دێموکڕات لەم وڵاتە هەمیشە بە پەرۆشەوە سەیری رووداوەکانیان کردووە و دەکرێ بڵێین زۆر بە وریایی و لە خۆبردووییەوە پێشەنگی کاروانی یەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکڕات بوون.

 لەم سەردەمەدا دەنگی شەقام و رای بەدەنە لە سەر بڕیارە چارەنووس سازەکان بایەخی تایبەتی هەیە ، هەر بۆیە پێویستە بەدەنەی دوولایەنی دێموکڕات لە هەموو شوێنێک بۆ نزیککردنەوەی هەرجی زیاتری حیزبەکەمان نەخشی خۆیان بگێڕن، وێرای رێز بۆ دەنگ و ڕای ڕێبەرایەتی، نابێ هەر چاوەڕوانی بڕیاراتی سەروتر بن و پێویستە بەدەنە پاڵنەری بە هێزی پرۆسەی یەکگرتنەوە بێت.

ئەوەی لە پەڕاوێزی ئەم رێپێوان و ئاکسیۆنەدا زیاتر جێگای سەرنج بوو، تێکەڵاوبوونی بێ تەعاروف و بێ بەرنامەی لەپێشدا دارێژراو، رێز و حورمەت بۆ یەکتر و گەڕانەوەی گەرم و گوڕیەکانی جاران لە پێوەندی نێوان تاکەکانی ئەندامانی دوو لایەنی دێموکرات بوو. تەنانەت بۆ یەکجاریش نەبیندرا کە وتە و ئاخاوتنی ئەندامان و بەرپرسانی دوو لایەن لە خوێندنەوەی پەیام و بابەتەکان دا، بچووکترین هەستی نەرێنی لە ناو بەشداران دا پێک بێنێ. هەموو ئەوانەش نیشانەی ئەوەن کە بەدەنەی دوو لایەنی دێموکرات تا چەند ئامادەن بە یەکەوە کار بکەن و زۆر بە خێرایی گیانی هاوڕێیەتی و یەکریزیەکەی جاران بگەڕێتەوە ناویان.

هەر لەم کاتەشدا چاوەڕوانیمان لە ڕیبەرایەتی هەردوو لایەن ئەوەیە کە گوێ لە دەنگ و داواکاری خەڵک و بەدەنەی حیزب بگرن و لەوە زیاتر خەڵک لە چاوەڕوانی دا ڕانەگرن. پێویستە رێبەرایەتی چالاکانەترو خێراتر هەنگاو بەرەو یەکگرتنەوە هەڵگرێ و وێڕای رێگەدان بە بەشداریی بەدەنە لە پرۆسەی یەکگرتنەوە دا، ئاکامی کۆبوونەوەکان بە بەدەنە رابگەیەنێ.

 سەرکردایەتیی دوو لایەنی دێموکرات ئەگەر مەبەستیان لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکانی ئەم یەک ساڵەی رابردوو بە راستی یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەی ریزەکانی دێموکراتە، ئەوا رێپێوانەکەی رۆژی هەینیی بەردەم پارلمانی فینلاند و کۆبوونەوە و هاوکاریەکانی دیکەی رێکخراوە مەدەنیەکانی حیزب لە کوردستان و دەرەوە نیشانی دا کە هیچ یەکگرتنەوەیەکی راستەقینە نایەتە دی ئەگەر بەدەنەی تێدا پەڕاوێز بخرێ و ئەگەر بەدەنە پێشقەڕاوڵی ئەو یەکگرتنەوەیە نەبێ. ئەگەر کۆبوونەوە زۆر و زەبەندەکانی سەرکردایەتیی دوو لایەنی دێموکرات تا ئیستا هیچ هەنگاوێکی بە کردەوەی لێ نەکەوتۆتەوە، ئەوە یەک دڵی و یەکریزیی بەکردەوەی دێموکراتەکان لە ئاکسیۆنی بیست‌وچوارەمین ساڵی تیرۆری رێبەرەکەیان‌دا نیشانی دا کە بەدەنە چەندە لە پێش سەرکردایەتیەوەیە بۆ بە کردەیی کردنی پرسی یەکگرتنەوە و بەجێگەیاندنی ئەرکی یەکخستنەوەی ناو ماڵی دێموکرات. لێتان نابینەوە، نە ئەوەندە ئێمە زەحمەت دەن و نە ژانە سەریش بۆ خۆتان پەیدا کەن، بریاری کۆتایی  بەس یەکگرتنەوەیە .

   13.07.2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی