"an independent online kurdish website

لەنێوان ساڵەکانی٢٠٠٠ تا ٢٠٠٤ی زایینیدا، لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ، ئیدارەی موهاجەرەتی نۆروێژ و ڕێکخراوی نۆروێژی هیلسنکی بۆ مافەکانی مرۆڤدا وەک دیلمانج  کارم دەکرد.braym_lajani_3

ئەودەم خەڵکێکی لە وڵاتانی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستەوە وەک پەنابەر روویان دەکردە نۆرویژ و کەمپەکان هەرجمەیان دەهات. هیج کۆنە ساختمانێک نەمابوو نەکرێتە کەمپ، بەو حاڵەش هەر جێگا نەبوو.

مەبەست لەوپرۆژە بریتی بوو لە ئاشناکردنی ئەوپەنابەرانە بە مافەکانی مرۆڤ، پێکەوەژیانی بە ئاشتی لە کۆمەڵگایەکی دێمەکراتیک و فرەفەرهەنگیدا و هەروەها ڕاهێنانیان لە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردن و ئیدارە و هێنانەخواری ئاستی کێشەکان. بەواتایەکی دیکە ئەوان کە لە ناوچە شەڕلێدراوەکانەوە هاتبوون، لە فەرهەنگیکی دووگم و پڕ لە تووندوتیژی و تەعەسوب و خۆبەحەقزانی کەللەویشکی سیاسی و مەزهەبی ئیدەئۆلۆژیکیدا گەورەببوون، دەبوایە سەرلەنوێ بازسازی بکرێنەوە، پڕگرامەکۆنەکانی نێو کامپێۆتێری زەینییان دیلیت بکرێن و پڕۆگرامی تازەیان  لە جێ دامەزرێنرێ تا بۆ ژیانێکی تازە ئامادەبن.

لە کۆمۆنی هۆرداڵ نزیک گاردەمۆن واتە فرۆکەخانەی ئۆسلۆ  سەلیبی سووری نۆروێژ خاوەنی  ناوەندێکی گەشتیاریە بۆ ئەوکەس و بنەماڵانەی توانای سەفەریان نیە و سەلیبی سوور بە ئیمکاناتی خۆی ئەوخەڵکە دێننە ئەو شوێنەو سەیران و چالاکی جۆراوجۆریان بۆ رێکدەخەن. لەو ماوەیەدا بەشێک لە ناوەندە گەورە گەشتیاریە خرابووە خزمەت ئەو پڕۆژەیە.

هەر هەفتەی 50 کەس لەو لاوانەی لە کەمپەکاندا دەژیان دەهێنرانە هۆرداڵ و دەخرانە ژێر بەرنامەیەکی پەروەردەیی چروپڕ. باشترین مامۆستاکان و شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ و دێموکراسی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانەوە دەهاتن و دەرسیان دەگوتەوە. کاری من ئەوە بوو کە دەبوایە ڕاستەوخۆ هەرچی مامۆستا لە زاری دەهاتەدەر تەرجومەی بکەم بۆ سەر زمانی بەشدارانی کۆرسەکان یا قسە و پرسیار و تێبینیەکانی ئەوان تەرجومە بکەمەوە بۆ مامۆستا.   بەشدارانی کۆرسەکان جاری وابوو کوردبوون جاری وابوو خەڵکی ولاتانی ئێران و ئەفغانستان و جاری واش بوو خەڵکی وڵاتانی عەرەبی بوون.   دەرسەکان بە شێوەی تیئاتر و پێداگۆگی موشاڕەکەتی دەوترانەوە. لە پێشدا مامۆستاکان کورتەیەکی تیئوریکی  بابەت و زاراوەکانیان پێشکەش دەکرد و دواتر ئەو تیئوری و کۆنسێپتانە بە شێوەی عەمەلی و بە بەشداری قوتابیەکان ئیجرادەکران و ژیانیان وەبەردەنرا.  لە پێداگۆگیدا دەڵێن باشترین شێوەی فێربوون فێرکرنە. بەڕاستی من بۆخۆم بە ئەندازەی هەموو عومرم  لەو کۆرسانەدا فێربووم. چاویلکەیەکی دیکەم بۆ تەماشاکردنی ژیان و ژیان کردن وەرگرت. هەر چەند بە هۆی پێشینەی پەروەردەیی و تەمەن و  …. ئیمکانی نیە کەسێکی وەک من سەر لە نوێ لە سەداسەد بازسازی بکرێتەوە، بەڵام لانی کەم دەزانم کە فڵان کار یا حەرەکەتی من درووست نیە و مەعقولیەتی تێدانیە.  ئارەزووم بوو رۆژێک بێت ئەو ماتریاڵە بە کوردیش هەبێت و ئێمەش لە پەروەردەو فێرکردنی خۆماندا بەکاری بەرین.

بەخۆشیەوە چەندساڵ دواتر  بەرێوەبەرانی پڕۆژەکە هەموو ئەو ماتڕیاڵەیان کۆکردەوە و لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی ” با پردان درووست کەین نەک دیواران”  بلاویانکردەوە. کتێبەکە لە میدیاکانی نۆروێژ و ناوەندەکانی پەروەردەو فێرکردندا پێشوازی گەورەی لێکرا. هەر زوو وەرگێردرایە سەر بەشێکی بەرچاو لە زمانە گەورەکانی وەک ڕووسی و ئینگلیسی و سێربی و چینی و…. . دواتر گەلێک خەڵاتی جۆرواجۆری وەرگرتن وەک خەڵاتی  شوڕای ئورووپا و یونسکۆ.

من کە لە گەڵ نوسەرەکانی کتێبەکە شانازی هاوکاری چەند ساڵەم هەبوو، هەروەها لە مێژیش بوو خەوم بەوەوە دەدی ئەو ماتڕیاڵە بە کوردی هەبێت، دەستبەجێ بڕیارم دا تەرجومەی بکەم. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کتێبی دیکەم  لە بەردەستا بوون بۆ وەرگێران  و وەختی بە تاڵیشم نەبوو،  کارەکە کەمێک دواکەوت. دیارە چەند فەسڵم  پار تەرجومەکردبوون و بەرێز کاک عەلی لالە کاری لە سەرکردبوون. سەرەتای ئەو بەهارە تەشویقی کردم کە کارەکە تەواوکەم.  بریارم دابوو بۆ ساڵرۆژی شەهیدبوونی نەمر دوکتۆر قاسملوو تەوای کەم.  بە خۆشیەوە ئێستا کتێبەکە  تەواو بووە .

نوسەرانی کتێبەکە برتین لە   .  Enver Djuliman & Lillian Hjortn

هەردووکیان لە بەناوبانگترین مامۆستایانی ئەو بوارەن. خاتوو لیلیان ئێستا سەرۆکی ئەکادیمی فێرکردنی مافەکانی مرۆڤە لە نۆروێژ و لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی پەروەردەدا پڕۆژەکانی فێرکردنی مافەکانی مرۆڤ  سەرپەرستی دەکات.

کتێبەکە  هەشت فەسڵە. سێ بواری مافەکانی مرۆڤ، لێک تێگەیشتینی فەرهەنگەکان و چۆنیەتی ئیدارەو چارەسەری کێشەکان دەگرێتەخۆ. بێجگە لە باسە تیئوریکیەکان لەسەر ئەو بابەتانە، 97 ڕاهێنان و مەشقیشی لە خۆگرتوە کە  مامۆستایان دەتوانن بەکاری بێنن. کتێبە دەتوانرێ لە هەموو ئاستەکاندا، لە قوتابخانەکان، زانکۆکان، پۆلیس، ئیدارەدەوڵەتیەکان، کلاس و دەورە جۆراوجۆراوەکانی ڕاهێنانی کادر و پەروەردەی تەشکیلاتی و حیزبیەکاندا کەڵکی لی وەرگیردرێ.

شایانی باسە کە کاک عەلی لالە ئەو جاریش زەحمەتێکی زۆری لە گەڵ ساخکردنەوەی تێکستە دەستنوسەکانی من و دەسەر یەک کردنەوەیان و ویراستاری کتێبە کێشاوە. بەرێز کاک عەبدوڵا حیجاب بەرپرسایەتی تەتبیقی دەقە کوردیەکەی کتێبەکەی لەگەڵ دەقە نۆرویژیەکە  و کۆنتڕۆڵی کەیفیەتی وەڕگێرانەکەی گرتۆتە ئەستۆ.

ئامانجی  گەورەی دووکتۆر قاسملوو  دێموکراسی بوو. جەوهەری دێموکراسی بریتیە لە پێکەوە حەوانەوە. هەموو هەوڵی دووکتۆر قاسملوو ئەوەبوو کە لە نێو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران دا پردان درووستکات.

سەرەنجام لە رێگای ڕووخاندنی دیوارەکانی نێوان  گەلی کورد و دەوڵەتی مەرکەزیدا گیانی لەدەستدا. ئەو دەیزانی ئەودیوارانە زۆر سەخت و بڵندن، بەڵام ئەوەشی دەزانی هیچ رێی دیکەمان نیە بێجگە لە کار و تێکۆشان بۆ رووخاندنی ئەو دیوارانە. بۆیە لەرێگای درووستکردنی ئەو پردەدا ئامادەبوو هەموو خەتەرێک قبوول بکات.  بە بڕواوە ڕێی ئەو کارەی گرتەبەر و سەرەنجام گیانیشی لەسەر دانا.  شەهیدبوونی دووکتۆر قاسملوو بەمانای بی ئیعتبار بوونی ئەو بیر و فەرهەنگ و ستراتیژیەنیە، ڕاست نیشانەی ئەوەیە کە ئەودیوارە سەخت و ئەستوورە بەڵام هەر دەبێت تێک بشکێ و لە جێگای ئەو پرد درووست بێ. بۆیە ئەمڕۆ دووکتۆ قاسملوو بۆتە سەمبوولی ئەوپردە کە پێویستە لە نێوان بزووتنەوەی کورد و دوڵەتی ناوەندیدا درووست بێت.

هەر بۆیە لە ٢٤مین ساڵی شەهیدبوونیدا، وەرگێرانی کتێبە پێشکەش دەکەم بە گیانی پاکی دوکتۆر قاسملووی نەمر.

برایم لاجانی

ئەستنبووڵ

٢٢.٠٧.٢٠١٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی