"an independent online kurdish website

کۆنگرەی نەتەوەیی وەک خەونی دەیانساڵەی گشت کوردە نەتەوەییەکانە، و هەردەم چاوەرێی دەستبەکاربوونی ئەو کۆنگرە بوون کە بتوانرێت کوردستانیان لە هۆڵێکدا و لە سەر مێزێک کۆکاتەوە.ala-kurdistan-

لە نزیکەوە لە سەر یەکگوتاری کورد و یەکێتی و یەکریزی کورد شرۆڤە بکەن. لەو ماوەدا پەیتا پەیتا مەسەلەی کۆنگرەی نەتەوەیی سەریهەڵدەدا و دوای ماوەیەک دیسان لە بیر دەکرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٢ دیسانەوە باسکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی هاتە ئاراوە، ئەو کاتە لە لایەن یەکێک لە پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشور داوا لە بەندەش کرا، کە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی بۆچوون و پێشنیاری خۆم ئامادە بکەم، منیش بە شێوەی خوارەوە ڕاوبۆچوونی خۆم لە مەر پێشدەستپێکردنی کۆنگرە و ئەرکەکانی پاش کۆنگرەشم ئاراستە کردن، کە بە خۆشییەوە لە ٢٢ / ٧ / ٢٠١٣ یەکەم کۆبوونەوەی ئامادەکاری لێژنەی کۆنگرەی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان لە بەشی باشوری کوردستانەکەمان بەڕێوە چوو. لێرەدا پێم باشە کە دەقی ئەو نووسینەم وەک خۆی بخەمە بەر دەستی خۆێنەران و لێژنەی بەڕێزی ئامادەکاری کۆنگرەش.

بۆ گشت لایەنە پێوەندیدارەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد
                                 لەگەڵ سڵاو ڕێز.  
بە شێوەی خوارەوە وەک سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان بۆچوون و پێشنیارەکانم لە مەر پێشکەوتنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەخەمە بەردەستتان.  کە بە ٢ بەش دەبێت، بەشی یەکەم پێش کۆنگرە و شێوەی بەشداریکردنی خەڵک.  بەشی دووەم  کۆنگرە و ئەرکەکانی.

تێ بی نی ئەم نووسراوە لە بەهاری ساڵی ٢٧١٢ی کوردی ٢٠١٢ زاینی  ئامادەکراوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی و چۆنیەتی بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکان.
١- سەرەتا دروشمی سەرەکیی کۆنگرە، ( کوردستان یەک نەتەوەو یەکپارچەیە) دیاری بکرێت.

٢- ئەو کەس و لایەنانەی کە هەڵدەستن بە ئامادەکاری بۆ ئەم کۆنگرەیە، سیاسەتێکی وا لەبەرچاو بگرن، کە هەموو لایەنێکی کوردستانی بە ئەرکی سەرشانی خۆیان بزانن و دوور لە هەر چەشنە دەمارگرژییەکی حیزبییانە، لەم کۆنگرەدا کە خەونی دەیانناساڵەی گەلەکەمانە بەشداری بکەن.

٣-  بۆ باشتر بە ڕێوە چوونی کارەکانی کۆنگرە، پێویستی بە لێژنەیەکی سەرەپەرەستییە لە هەر ٤ پارچەی کوردستان.

٤-  ئەو کۆنگرە چەند لێژنەی جیاواز هەڵبژێرێت بۆ کۆکردنەوەی پێشنیارەکانی باسکراوی ناو کۆنگرە و بە دواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ڕاست و دروست لە بوارە جیاوازەکانی کوردستاندا.

٥- هەموو چین و تۆێژەکانی ئاینی و ئایدلۆژیایی کوردستانی وەک، شیعەکان. یارسانییەکان، زەردەشتییەکان، جوولەكەکان، ئێزییدییەکان، لوڕەکان، فەیلییەکان. لەم کۆنگرەدا بەشدار بن. بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان کوردستان بە وڵاتێکی فرە ئاینی و فرە کولتوری و فرە زاراوەیی بناسرێت.

0-             هەروەها پێویستە نۆینەری کوردستانیە دوورخراوەکانی لای وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو کە چەند وڵاتێکە، کوردەکانی خۆراسان.  کوردەکانی لوبنان و هتد،،،، بۆ ئەم کۆنگرە بانگهێشت بکرێن.

٧- داوا لە ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت کە لەو کۆنفرانسە بەشداری بکەن.

٨- بانگێشتنی میدیا ناودارەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی هەواڵەکانی ئەو کۆنگرە زۆر دەوری کاریگەری دەبێت.

……………………………………………………….

            کۆنگرەی نەتەوەیی و ئەرکەکانی
* بۆ ئەوەی دەسکەوتەکانی کۆنگرە لە جێی خۆی بمێنێت و وەک زۆربەی کۆنفرانس  وکۆنگرەکانی دیکەی پێشوو پاش تەواو بوونی پشتگۆی نەخرێت. کۆنگرە پێویستی به‌ بنکه‌یه‌کی سه‌ره‌کیە، که‌ له‌ حاڵه‌تی کۆبوونه‌وه‌و به‌ دواداچوونی هه‌میشه‌ییدا بێت.
*یا پێویستی به‌ دروستکردنی فیدراسێۆنێکی سه‌رتا سه‌رییه‌ کە هەموو هێز ولایەن و ڕێکخراوەکانی کوردستانی تێدا ئەندام بێت، دروست بکرێت، و ساڵانە کۆنگرەکانی خۆی ببەستێت و ڕووداوەکانی کوردستان لە گشت بوارێکدا تاوتوێ بکات.
*.بە دروستکردنی لۆبییەکی یەکگرتووانەی کوردستانی لە گشت وڵاتانی دەرەوەی کوردستان، بە مەبەستی نۆێنەرایەتی کردنی گەلی کورد لە تاراوگە و بە جیهانی کردنی دۆزی کورد. من بە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی کۆنگرە دەزانم.
* بۆ ئەوەی کارەکانی کۆنگرە بچنە قاڵبی کردارەوە. پێویستی بە چەند لێژنەیەکە وەک:
 -لێژنەی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کە ئەرکی بنبر کردنی شەری براکوژی کورد بە کورد و ئاشتەوایی هەمیشەیی لە نێۆ گەلی کورددا دەکات.
 -لێژنەی جۆغرافیایی گشتی کوردستان و چارەسەری کێشە هاوسنوورییەکان لەگەڵ دراوسێکانی کوردستاندا.
 -لێژنەی بە دوادا چوونی گشت سامانە ئابوورییەکانی  سەر خاکی کوردستان.
 -لێژنەی بە دوادا چوونی زمان وزاراوە کوردییەکان.
 -لێژنەی بە دواداچوونی کوردە دابڕاو و دوورخراوەکان و سەرژمێری گشتی کوردستانیان لە جیهاندا.
 -لێژنەی بە دوادا چوونی گشت ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان.
 -لێژنەی پووچەڵکردنەوەی گشت ئاسەوارە خراپەکانی داگیرکەرانی کوردستان.
 -لێژنەی بە دواداچوونی ژنانی ناودار و چالاکی بوارە جیاوازەکان و دروستکردنی فیدراسێۆنی سەرتاسەری ژنانی کوردستان.
 -لێژنەی مافی مرۆڤی کوردستان.
 -لێژنەی کۆکردنەوەی ئاکادیمی کارانی کوردستان،  بۆ ئەوەی کەڵک لە تواناو  زانستەکانیان بۆ کوردستانێکی لێهاتوو پێگەیشتوو وەربگیرێت.
*  لێژنه‌ی نووسینه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی کورد له‌ دیدی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌.
*  جوغرافیای كوردستان و دەستنیشانكردنی سنوورەكانی بە گوێرەی ئەو پێوەرە راستەقینە كوردییانەی خۆمان هەمانە، یا لە بەڵگە مێژوویەکاندا هەن. نەك بە گوێرەی ئەو سەرچاوە ناڕاستانەی کە داگیرکەرانی کوردستان دیارییان کردوون.
* لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لە سەر زمانی كوردی و چارەسەرییەک بۆ زمانێکی گشتی کوردستانی، و ئاماژەکردن بە زاراوە جیاوازەکانی هەرێمەکانی کوردستان.
* ئامادەکردنی کوردستانیان بۆ بەرەو دەوڵەتبوونی گەلەکەمان لە هەر بەشێکی جیاوازدا، کە  نموونەی ئیستامان باشوری کوردستان بۆ وەرگرتنی سەربەخۆیی تەواو ئامادەیە. ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو ڕووناکییەک دەروا کە لە درێژایی مێژوو چاوەڕێی بووە. بە پێی هەڕەشەکانی سەر ئێرانیش وا چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەرەو  ڕووناکی برۆن. فشارەکانیش لە سەر تورکیا بەرەو زیاتر دەروات.
* پێناسەکردنی کولتورە جیاوازەکانی  کوردستانی و ناساندنیان بە جیهان، بە تایبەت گەشەدان بە کولتوری نەتەوەییمان و تێکەڵ نەکردنیان بە کولتوری داگیرکەرانی کوردستان.
*  گەشەدان بە ڕۆشنبیری و هونەری ڕەسەنی کوردی لە بوارە جیاوازەکاندا. وەک نموونەی بواری سینەما کە بە ئاسانی خۆی بگەیەنێتە ئاستی وڵاتانی گەشە کردوو.
* گرنگیدان بە یانەی وەرزشی و کەسایەتییە وەرزشییەکانی کوردستانی، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەرزشەوە گەلەکەمان زیاتر بە جیهان بناسرێت.
* دروستکردنی سندووقێکی دارایی لە بانکە ناودارەکانی جیهان بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو بە سەر کوردا، نموونەی کارەساتەکەی وان، پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە ساڵانە بازرگان و لایەنە خاوەن ئیمکاناتە کوردییەکان ئابونەی خۆیان بخەنە ئەو سندووقەوە.
* کۆنگرە داوا لە گشت کوردستانیان بکات، کە گرنگی زۆر بە بووژاندنەوەی کشت و کاڵی کوردستان بدەن، بۆ ئەوەی پەنا بۆ کرینی بەرهەمی کشت وکاڵی وڵاتانی دراوسێ نەبەن، و خاکی بە پیت وبەرەکەتی خۆمان بێبەرهەم نەمێنێتەوە.

*هەوڵبدرێت بۆ کاناڵێکی سەرتاسەری کوردستانی و رۆژنامەیەکی گشتی بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی، بۆ یەکەخستنەوەی ماڵی کوردی وبڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوردستان بە گۆیی جیهاندا.

ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ هەموو لایەکتان.
عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.

2013-07-24

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی