کۆبوونەوەی ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان بۆ پێکهێنانی کونگرەی نەتەوەیی هەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەرە
بۆ هەموو کوردێک. بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەو مەترسییانەی لەو وتارەی سەر ماڵپەڕی ئینتیرنیتی پێشمەرگەکاندا هاتوون ڕاستن. بڕوانە:
کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی لە لێواری هەڵوەشانەوە دا!
https://peshmergekan.com/kurdish/babetekan/hewalekan/3096-2013-07-25-08-46-53
بەڕای من تەنیا خۆشحاڵی دەربڕینی خەڵک بۆ هاوکاری و یەکگرتنی ڕێکخراوە سیاسییەکان یان هەست بە مەترسی تێکچوونی هاوکاریکردنی ڕێکخراوە سیاسییەکان نیشانەی وشیاری سیاسیی خەڵک نییە. ئەگەر خەڵکی پارچەکانی کوردستان وشیاری پێویستیان بوایە دەبوایە لە ڕێگەی پێکهێنانی ڕێکخراوی مەدەنی سەربەخۆ و لە ڕێگەی چالاکی ئەم ڕێکخراوانەوە لەو شوێنانەی دەرفەتیان هەیە زۆر دەمێکە ڕێکخراوە سیاسییەکانیان ناچار بکردایە بە هاوکاری و یەکگرتن، نەک ئەوەی تەنیا چاوەڕوانی دەستی ڕێبەرانی ڕێکخراوە سیاسییەکان بن و لە کاتێکی وەهادا تەنیا بارەکەڵا و ئافەرین بۆ ئەوان بڵێن یان نفرین و دۆعای شەڕیان بکەن. ئەوان بە وشیاری سیاسیی دەیانتوانی و دەتوانن پێش بە دابەشبوونی ڕێکخراوە سیاسییەکان و بەشێک لە سیاسەتە هەڵەکانیان بگرن کە زۆر دەرفەتی مێژووییان لەدەست داوە. ئیستەش خەڵکی وشیار و ڕێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆکان دەتوانن سنوورێک دابنێن بۆ ئەو مەترسییانەی بە هۆی مەزنیخوازی بەشێک لە ڕێکخراوە و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە دێتە سەرڕێی یەکخستنی ماڵی کورد. لەبەر ئەوە دەڵێم ڕێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆکان، چونکە هەموومام دەزانین کە هەرکام لە ڕێکخراوە سیاسییەکان ڕێکخراوی مەدەنی پاشکۆی خۆیانیان هەیە و هەرکات بە پێویستی بزانن کەڵکیان لێ وەردەگرن و دەیانەوێ وای نیشان بدەن کە ئەوانە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە وتەیەکی تر شەقامی کوردی دەکەن. ئەمە بەشێوەیەکیش فێڵ کردنە لەگەڵ کۆمەڵگە و لەگەڵ خۆ. بەداخەوە لە بەشی نیوەئازادی کوردستانی باشووردا ڕێکخراوە سیاسییەکان بەم کارەیان دەرفەتی زۆریان بۆ پێکهێنان و چالاکی ڕێکخراوی مەدەنی سەربەخٶ نەهێشتوەتەوە و ڕێکخراوە پاشکۆکانیان لەجێگەی ئەوان داناوە و هەروەها ڕێکخراوە سیاسییەکانی بەشەکانی تری کوردستانیش تا ڕادەیەکی زۆر پەیڕەوی لەم ڕەوتەی ئەوان دەکەن. بەڵام ئەگەر خەڵک وشیار بن دەتوانن هیزی خۆیان بە خێرایی ڕێک بخەن و کاریگەرییان لەسەر ڕێکخراوە سیاسییەکان هەبێ و تەنیا چاوەڕوانی مەیل و خواست و مەرحەمەتی شەخسی ئەوان نەبن کە ئایا دانوویان پێکەوە دەکوڵێ یان نە. هیوادارم ئەوەی بۆ پێکهێنانی کونگرەی نەتەوەیی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان دەستی پێ کردووە هەرچی زووتر بە ئاکامی دڵخوازی خەڵکی کوردستان بگا.
فەرامەرز ئەڵماسی ـ نورویژ 25.07.2013