"an independent online kurdish website

چارەسەری پرسی كورد لە چوار پارچەی كوردستاندا ، لە هەر قۆناغێكی زەمەنیدا شێوەو مێتۆدی خەبات بۆ وەدەستهێنانی ماف و داخوازە رەواكانی خەڵك لە لایەن ئەحزابی سیاسی‌ بە پێی سیاسەتnavid_karami

و هەڵسوكەوتی دەسەڵاتی حاكم لەو وڵاتەو چۆنییەتی تێڕوانین و بەرخوردكردنی لەگەڵا ئەو داخوازییانە دیاری دەكرێ‌، بەڵام هەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی لە چۆنییەتی و چەندایەتی بەرەوپێشچوونی ئەو خەباتە كاریگەر دەبن.

كوردستان كە بە سەر چوار وڵاتی ئێران، عێراق، توركییەو سووریەدا دابەشكراوە، هەر پارچە خاوەن جووڵانەوەو مێًژووی تایبەت بە خۆیەتی و بە پێی هەڵسوكەوت و تێڕوانینی دەسەڵاتەكانی حاكم بە سەر هەر پارچە لە كوردستان پرسی كورد لە رووی ئاستی چارەسەری جیاوازی تێدایەو لە یەك ئاستدا نیە.

وەك دەبینین لە باشووری كوردستان ئێستا دەسەڵاتێكی كوردی حاكمییەت دەكات و كرانەوەیەكی یەكجار زۆر بە نیسبەت دێمۆكراسی و پرسی نەتەوەیی لە ئارادایە.

لە باكوور پاش ئەو هەموو خەبات و تێكۆشانانەی رۆڵەكانی كورد چ لە شاخ و چ لە سەر شەقامەكان و چ لە پارلەمانەكانی تووركیەدا ئێستا پرسی كورد گەیشتۆتە قۆناغی وتوووێژو هەوڵی تەعامۆڵ و چارەسەری دەدرێت، كە مەوقییەتی سیاسی تووركیە لە جیهان و یاساو سیاسەتەكانی ئەو وڵاتە بە نیسبەت پرسە ناوخۆییەكان كاریگەری یەكجار زۆریان هەیە.

لەو توركیەدا بەهۆی یاسای نیمچە دێمۆكراسی و هەوڵ و داخوازەكانی بۆ پەیوەستبوون بە یەكیەتی ئۆرووپا، دەرەتانی پێكهێنانی حیزبی سیاسی و خەباتی مەدەنی و پارلەمانی بە مەبەستی چارەسەری مەسەلەی كورد بوونی هەیە، بۆیە خەباتی چەكداری لەو شێوەیە كە پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە (P.K.K) بەڕێوەی بردووە گونجاوی ئەو وڵاتە نەبووە، بەڵكوو بەو هۆكارانەی كە باس كران لەو ولاتە دەرەتانی چارەسەری مەسەلەی كورد لە رێگای خەباتی سیاسی و مەدەنی بوونی هەیەو دەكرێ‌ لەو رێگایەوە بە ئاكامێكی باش بگات.

لە كوردستانی سووریە كورد بەهۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدو شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، دەڕوات دەسەڵاتێكی دێمۆكراتیك بۆخۆی پێك بێنێت، ئەگەرچی هەندێ‌ لایەن هەوڵی ئەوە دەدەن تا دەست بەسەر ئەو دەستكەوتانە بگرن و ئەو دەستكەوتانە بە حەزف و پەراوێز خستنی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئەو پارچەیەی كوردستان بە ناو خۆیەوە سەبت بكات، كە پێویستە كەسایەتیەكانی كورد لەو كۆنگرەیەدا لەقاوی ئەو سیاسەتانە بدەن و هەرجۆرە هەولێكی لەو شێوەیە لە لایەن هەر حیزب و لایەنێكەوە مەحكووم بكەن و بە كردەوەش پێشی پێ بگیردرێت.

بەڵام كوردستانی ئێران بەهۆی سیستەمی تۆتالیتەری كۆماری ئیسلامی ئێران و حاكمییەتی تئۆكراتێك و داخراو بوونی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە هیچ جۆرە كرانەوەیەك بە نیسبەت پرسی كورد لەو ولاتە نابینرێت، حیزبە كوردیەكان ناچار كراون تا وڵاتەكەیان بەجێ‌بهێڵن، هیچ دەرەتانێك بۆ تێكۆشانی سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگی لە ئارادا نییە. جگە لەوە خەڵكی كوردستانی ئێران بەردەوام لەژێر گووشارو سیاسەتەكانی كاربەدەستان و بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی ئئێراندا تووشی دەیان و هەزاران دیاردەی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەبنەوە كە بە مەبەستی لەنێوبردن و بنبڕكردنی هەرجۆرە هەوڵ و بیرۆكەیەكی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە لایەن حاكمییەتەوە بەڕێوە دەچێ‌.

كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كە مانگی داهاتوو لە هەولیِری پێتەختی كوردستان دەگیردرێت، پێویستە تا بە ئاوڕدانەوە بە واقییەتی سیاسی هەر پارچەیەك باس لە چۆنییەتی و شێوەی خەبات لەو پارچەیە بكات و هەوڵی تەواوی بخاتەگەڕ بۆ چەسپاندنی پلادفۆرم و یاسایەك بە مەبەستی یارمەتیدان و پشتیوانی سیاسی حیزب و شۆڕشگێڕانی كورد لەو پارچەیە بۆ گەیشتن بە ویست و مافە رەواكانیان و لە ئاكامدا چارەسەری پرسی كورد لەو وڵاتە.

مەسەلەیەك كە وەك پرسیار دێتە گۆڕی ئەمەیە كە: كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاك مەسعوود بارزانی چۆن و چەندە دەبنە پلادفۆرم و گوشارێك بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران تا پرسی نەتەوەیی لە ئێراندا لە رێگای سیاسی و مەدەنییەوە چارەسەر بكات؟ چۆن ئێران دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەری لەو پارچەیەدا رادەستی حیزبە سیاسی و هەڵبژێردراوەكانی خەڵكی كوردستانی ئێران دەكات؟ چۆن و بە چ شێوەیەك كۆماری ئیسلامی ناچار بە رێفراندۆمی یاسای بنەڕەتی ئێران بۆ جێگیر بوونی یاسایەكی دێمۆكراتیك لەو وڵاتە دەكات؟

لە نیهایەتدا خەڵكی كوردستانی ئێران چارەنووسی خۆیان دیاری دەكەن، چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە تا بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حیزبە سەرەكیەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان پشتیوانیان بن لە وەدەستهێنانی ئامانجەكانیان و یارمەتییان بدەن لەو رێگایەدا.

نوید كرمی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی