ئەگەر ئەزموونی كۆماری ئیسلامی لە ئێران سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، كۆپیكردنی ئەو لە بەشی شیعەی عێراقیشدا ماوەی 10 ساڵە جگە لە توندڕەوی هیچی دیكەی لێنەكەوتووەتەوە.
حوكمی ئیسلامی لە عێراقی عەرەبی شیعەدا، جیا لە توندوتیژی نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێك نە بۆ چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و نە بۆ گەشەسەندنی ئابووری وڵات بهاوێ و نە پابەندی دیموكراسی بێت.
دیموكراسی بریتی نییە لە فرتوفێڵی سیاسی، دیموكراسی بریتییە لە كۆمەڵێ پرەنسیپی جیهانی كە هەر كۆمەڵگایەك بەپێی تایبەتمەندییەكانی خۆی دەتوانێ خۆی لەگەڵ بگونجێنێت و زیاد و كەمی تێدا بكات، بەڵام بە هیچ شێوەیەك جەوهەری دیموكراسی بەلاوە نانرێ و پێشێل ناكرێ. ئەزموونی ئیخوان و ویلایەتی فەقیهـ لە بەشی شیعەی جیهانی ئیسلامدا پاشقولیان لە دیموكراسی گرت، بە دەنگی خەڵك هاتنە سەركار، بەڵام بە كردەوە دەیانەوێ كۆمەڵگایەكی دینی دروستبكەن و سەرەنجام دیموكراسی بەلاوە بنێن.
ئەگەر دیموكراسی بریتی بێت لە گەشەكردنی كۆمەڵگا بە هەموو بوارەكانی، جێگۆڕكێی سیاسی دەبێ شەفافترین و داینەمۆی هەڵسووڕاندنی ئەم
حوكمی ئیسلامی لە عێراقی عەرەبی شیعەدا، جیا لە توندوتیژی نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێك نە بۆ چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و نە بۆ گەشەسەندنی ئابووری وڵات بهاوێ و نە پابەندی دیموكراسی بێت.
|
گەشەكردنە بێت، بۆیە هەر حیزبێك یان هەر لاباڵێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی كە دێنە سەركار، نابێت هیچ گومانیان لە پەیڕەوكردنی دیموكراسی هەبێت، هەر گومانێك وادەكات كە فێڵ لە دیموكراسی بە تەنگوچەڵەمەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی كۆتایی بێت.
ئەوەی ئیخوان لە میسر وەدەستیهات پشتبەستن بوو بە نیسبەتێكی كەمی شەرعیەتی قانوونی، سەرەڕای هەموو پێشێلكارییەكانی كاتی هەڵبژاردن كە كردیان، ئینجا ئیخوان بە زۆرینەیەكی زۆر لاواز دەسەڵاتیان بەدەستكەوت. ئەو زۆرینە لاوازەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئاست كۆمەڵگای میسر كەمینە بوو. كەچی سازانی كۆمەڵایەتی و سیاسی بەلاوەنا و هەوڵی خۆسەپاندنی دا، لە كاتێكدا لەم زەمانە تەنیا شەرعیەتی قانوونی نییە كە پێویستە حكومەتەكان پەیڕەوی لێبكەن تا حكومەتێكی باش و سەركەوتوو بن، بەڵكو شەرعیەتی نیشتمانیش پێویستە، واتە حكومەتێك نەبێت بۆ رێژەیەكی كەمی كۆمەڵگا، بەڵكو حكومەتێك بێت بۆ هەموو كۆمەڵگا.
ئەمە مەبدەئێكە ئیخوان بڕوایان پێی نەبوو، بڕواشیان پێی نییە. خۆیان ئێستا لە تەنگوچەڵەمەیەكی قووڵدان لە نێوان ئایدیۆلۆژیای خۆسەپێنەری ئیسلامی سیاسی و كرانەوەی دیموكراسی.
ئەوەی كە لە ماوەی رابردوو لە میسر روویدا بریتی بوو لە فشاری بەرفراوانی كۆمەڵگا لەسەر حكومەتێكی ئایدیۆلۆژیی توندڕۆ، بۆ سەندنەوەی شەرعییەتی كۆمەڵایەتی و قانوونی لە مورسی و پرۆژەی ئیخوان.
دەستێوەردانی سوپا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە، دەبێ بە واقیعبینانە هەڵسەنگێندرێ. سوپای میسر هیچ رابردوویەكی لە كودەتای رەش یان لە پەیڕەوكردنی دیموكراسیدا نییە، بەڵام ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە جیهانی سێیەم بە گشتی ئەزموونێكی تاڵمان لەگەڵ كودەتا عەسكەرییەكاندا هەیە. كەم كودەتای عەسكەری هەبووە كە كۆتایی بە دیموكراسی بێت، بۆیە بۆمان هەیە جارێ بە پارێزەوە چاوەڕێ بكەین بزانین دەسەڵات تەسلیمی باڵی دیموكرات دەكات و هەڵبژاردنی ئازاد دەكرێ یان ناكرێ. سەرباری ئەوەش دەخالەتی سوپا نابێت لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان بە شتێكی سەیر بزانرێت، بەتایبەتی ئەگەر سوپا خۆی بە لایەنگر و پشتیوانی دیموكراسی و مەدەنییەت بزانێت و رێوشوێنی تەسلیمكردنی دەسەڵات بە حكومەتی مەدەنی بگرێتە بەر.
دیموكراسی لە هیچ وڵاتێكدا بەبێ پشتیوانی دروستنابێ، پشتیوانی یەكەمی دیموكراسی ئیرادەی میللەتە، بەڵام ئیرادەی میللەتیش پێویستی بە هێزێكی ماددی هەیە كە جێبەجێی بكات. لە هەندێك وڵات پادشا یان بزووتنەوەیەكی سیاسی و رابەرە كاریزمییەكان دەبنە هێزی ماددی بۆ دیفاعكردن لە دیموكراسی، سەرەنجام دەبێتە بەشێك لە دامودەزگای دەوڵەتی و كۆمەڵگایی و دیموكراسی دەچەسپێ.
لە شوێنێكی وەك میسر یان وڵاتێكی دیكەی وەك تونس، هەر دەبێ هێزێكی پشتیوانكەری دیموكراسی و فەرمانڕەوایی مەدەنی هەبێت، چونكە نابێت باس لە پێشكەوتن بكەین بەبێ دیموكراسی و دەسەڵاتی مەدەنی. بۆیە ئەگەر كودەتا ناوێكی خۆش و شیرین نییە، بەڵام پشتیوانیی سوپا بۆ دەسەڵاتی دیموكراسی و ژیانی مەدەنی لەناو كۆمەڵگادا دەبێ بە گەشبینییەوە تەماشا بكرێت.
لە توركیا گەشەپێدانی ئابووری و هێمنی كۆمەڵایەتی وایكرد كە سوپا نەتوانێ رێگە لە پڕۆژەی ئیسلامی بگرێت. ئیسلامییەكانی توركیا
محەممەد مورسی نەك هەر وەك سەرۆك كۆمار كۆتایی هات بەڵكو ئەزموونی ئیخوانیش لە میسر وەكو ئەلتەرناتیڤی یەكەم بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، كۆتایی هات.
|
بەشێوەیەكی عاقڵانە مامەڵەیان لەگەڵ هەموو لاباڵە سیاسییەكانی ناو كۆمەڵگا كرد و تاكو ئێستا ململانێی سیاسی لە چوارچێوەی دیموكراسی و پەرلەماندا بەڕێوە دەبرێ. بۆیە ئەوەی لە میسر كرا پشتبەستن بوو بە ئایدیۆلۆژیا و بە چاوسووركردنەوەی توندڕەوانە. لەو حاڵەتەدا سوپا یان هەر لاباڵێكی دیكەی كۆمەڵگا، دەرگای بۆ دەكرێتەوە كە رێگە بەخۆی بدات دەخالەت لە كاروباری سیاسی بكات. ئەوە فەشەلی ئیدارەكردنی ئیخوانە لە میسر كە نەیتوانی پێكهاتەكانی ناو كۆمەڵگا بەڕێوەبەرێ. هیچ سەركردەیەك ناتوانێ پاساو بۆ فەشەلی سیاسی خۆی بێنێتەوە ئەگەر نەتوانێ لاباڵەكانی كۆمەڵگا بەڕێوەبەرێت و سەرەجام كۆمەڵگا بەرەو سەقامگیری و هێمنی ببات. بۆیە بەڕای من محەممەد مورسی نەك هەر وەك سەرۆك كۆمار كۆتایی هات بەڵكو ئەزموونی ئیخوانیش لە میسر وەكو ئەلتەرناتیڤی یەكەم بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، كۆتایی هات.
محەممەد مورسی، سەلڤادۆر ئالێندەی قارەمانی دیموكراسی ئەمەریكای لاتین (چیلی-1973) نییە، بەڵكو توندڕەوێكە لە ئاكامی پشتبەستن بە ئایدیۆلۆژیای توندوتیژی، بە ڕاپەڕینی جەماوەر متمانەی پێدرابوو، نەیتوانی دەوری سەرۆكێكی دیموكرات بگێڕێت. لە كاتێكدا سەلڤادۆر ئالێندە دەیویست بزووتنەوەی دیموكراتی بە گەشەسەندن و دیموكراسی جێگای حوكمی عەسكەری و گەندەڵی بگرێتەوە. كاتێك كە كودەتای عەسكەری كۆتایی بە دەسەڵاتی سالڤادۆر ئالێندە هێنا و لەناو كۆشكی سەرۆكایەتیدا كوشتیان، بووە قارەمانی چیلی و ئەمەریكای لاتین، بووە قارەمانێك لەسەرانسەری دنیا هێزە دیموكراتەكان بەچاوی ڕێزەوە تەماشایان دەكرد. رۆیشتنی ئالێندە دیموكراسی لاواز كرد، كەچی لە میسر هەموو دیموكراتەكان دژی مورسی بوون.
ئەوەی كە سوپای میسری خەریكە دەیكات، رەفتارێكی كودەتاچیانەی لەبابەتی چیلی نییە، بۆیە دەبێ چاوەڕێ بین ئاخۆ لەسەر ئەم رێبازە بەردەوام دەبن یان نا، بە تایبەتی كە كۆتایی پێهێنانەكە سپی و بێ خوێنڕشتن بوو.
ئەو رووداوانەی بەسەر محەممەد مورسی هاتوون شاراوە نین، بە فەزڵی پێشكەوتنی تەكنیكی و هۆكارەكانی گەیاندنی زانیاری دەتوانین بە دەنگ و رەنگ و نووسین لە هەفتەی كۆتایی فەرمانڕەوایی مورسیدا هەبوون، ببینین. مورسی لەبەرامبەر فشاری جەماوەریدا كە تەخمین دەكرا بە سی ملیۆن كەس، هەڕەشەی خوێنڕشتن و خۆ فیداكردنی كرد، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ میللەت و بۆ بنەماكانی دیموكراسی و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ سازانی سیاسی، لە گفتوگۆ شەخسیەكانیشیدا كە لەناو كۆشكی كۆماریدا ئەنجامدەدران، دیسان تا دوا ساتەكانی هەر وەك توندڕۆیەكی فەرمانڕەوا رەفتاری دەكرد و بە هیچ شێوەیەك رێگای بۆ تەوافوقی سیاسی نەدەهێشتەوە. بۆیە ناكرێ محەممەد مورسی بە سەركردەیەكی سیاسی سەركەوتوو دابنرێت. ئەگەر مورسی بریتی بێت لە سەركردەی سیاسی ئیخوان، دەتوانین بڵێین سەركردەیەكی فاشیلی پڕ بە پێستی پڕۆژەیەكی فاشیل بوو كە هەر دەبووایە لە بەرەنگاربوونەوەیەكی كۆمەڵایەتیدا فەشەلی خۆیان بسەلمێنن.
من پێموایە چۆن نیزامی كۆمۆنیستی دوای 70 ساڵ فەرمانڕەوایی عەسكەری هەر نەیانتوانی بكەونە سەر شاڕێی گەشەسەندنی ئابووری و كۆمەڵایەتی، نەیانتوانی دیموكراسی دامەزرێنن و سەرەنجام بە دەستی میللەتەكانیان رووخان. ئەو رووخانەی لە مۆسكۆ و وڵاتانی دیكەی شیوعی كە بینیمان، هاوشێوەی هەمان رووخان بوو كە ئێستا لە میسر دەیبینین، هەمان ئەو فشارەی كە لەناو مەیدانی تەحریر و مەیدانەكانی تونسدا دەیبینین، لەو فشارەیە كە لە پراگ و لە پایتەختەكانی دیكەی وڵاتانی شیوعی دەمانبینی. بۆیە نابێ پێمان سەیر بێت كە دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیای ئیخوانیش وەك دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیای شیوعیەت بە دەستی خەڵك كۆتایی دێت.
دەمەوێ سەرنجێك بدەینە ئەو ئومێدەی كە بزووتنەوەی سیاسی ئیسلامی لەناو هەرێمی كوردستاندا بە فەرمانڕەوایی ئیخوان لە وڵاتانی عەرەبی بەستبوویان. من بەلامەوە سەیر نییە كە ئەزموونی میسر و تونس ببێ بە ئایدیای بەرزی ئیسلامییەكانی كوردستان. ئەگەر ئیخوان لەو وڵاتانە سەركەوتنیان بەدەستهێنابێ و توانیبێتیان لەگەڵ دیموكراسی خۆیان بگونجێنن، من دڵنیام ئیسلامیەكانی كوردستان هەوڵیاندەدا خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن، بەڵام مەیلی توندڕەوی و سەپاندنی ئەحكامی ئایدیۆلۆژی چۆن لە ئیخوانەكانی میسردا هەیە، لە ئیخوانەكان و ئیسلامییەكانی دیكەی كوردستانیشدا هەیە. هەر بۆیە جۆری مامەڵەكردنی ئیسلامییەكانی كوردستان لەگەڵ رووخانی ئومێد یان ئایدیای گەورەی خۆیان لە میسر، ئەو جۆرە كاردانەوەیەی كە لەناو كوردستان هەیانبوو، بێ ئومێدانەیە، كاردانەوەیەكی وابەستەییانەیە بە دەرەوە. ئەوە نیشاندەدات وەكو هێزی دیموكراتی پشتبەستوو بە ناوخۆی وڵات رەفتار ناكەن، ئەوانیش ئەحكامی ئایدیۆلۆژی خۆیان لە پشتەوەی پڕۆژەی گەشەسەندن و پڕۆژەی دیموكراسی شاردووەتەوە.
هیوادارم ئەزموونی ئیخوانی وڵاتانی عەرەبی وابكات ئیسلامییەكانی كوردستان بەرامبەر بە دیموكراسی راستگۆتر بن.
سەرچاوە: روداو