"an independent online kurdish website

لەو کتێبانەی لەو ماوەیەدا خوێندوومەتەوە، رۆمانی “بابەلاق درێژ”بوو کە مام ئەنوەر سوڵتانپەنا لە زمانی فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

ئەم رۆمانە بە پێنووسی خاتوو جین وێبستێرە(١٩١٦ـ ١٨٧٦) کە نووسەرێکی ئامریکاییەqadr_eliasi10

کتێبەکە، رۆمانێکی بە قەوارە بچووک بەڵام بە ناوەرۆک سەنگین، شیرین و هەست بزوێنە. بۆ من کە دەستم بە خوێندنەوەی کرد، ئەوەندە سەرنجڕاکێش بوو، حەزم دەکرد هیچ کارێکیتر نەکەم تا بە تەواویی دەیخوێنمەوە.

وەک نرخاندنێکی سەرپێی، دەتوانم بێژم: ئەوەندە ناوەرۆکی کتێبەکە بۆ من سەرنجڕاکێش بوو، چەند ئەوەندەش زمانی وەرگێڕانەکە لە لام شیرین بوو. بۆیە حەزم کرد، وەک کتێب خوێنێک را و بۆچوونی خۆم لە سەر زمانی نووسینی وەرگێڕانی وەرگێڕ “مام ئەنوەر”، دەربڕم:

مام ئەنوەر خەڵکی سەرشیوی سەقزە. ئەو ناوچەیە بە چەند زاراوە و بن زاراوە دەورە دراوە یان باشترە بڵێم خەمڵێندراوە. لە گەڵ زاراوەکانی ئەردەڵانی، هەورامی، کوردی خوار یان کرماشانی، موکریانی و بابانی (سلێمانی و بانە)  هاوتخووبە.

ئەگەرچی مام ئەنوەری وەرگێڕ، وەک ناوچەی لە دایک بوونی لە کرمانجی سەروو نەختێک تەرەیە، بەڵام بە هۆی بەشداری لە شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان و ژیانی پێشمەرگایەتی و دواتر گیرسانەوە لە دەرەوەی وڵات(ئورووپا)، لە گەڵ ئاخێورانی ئەو زاراوەیەش سووکە تێکەڵاوی و گرێدانەوەیەکی پەیدا کردووە. بۆیە لە وەرگێڕانەکەی “بابەلاق درێژ”دا، ئەنوەرخان توانیویەتی رەنگاڵەیەکی هەمە چەشنە لەو زاراوە و بن زاراوانە لە سەر یەک کۆکاتەوە و زمانی نووسینەکەی پێ شیرین و رەوان کا. بە واتایەکی دیکە، وەرگێڕ بە زمانێکی پاراو و بە دەسەڵاتێکی رێگەپێدراو( بە پێی شارەزایی لە زاراوەکاندا)، لەوپەڕی رەوانبێژیدا پێنووسی خستۆتە گەڕ و بابەلاق درێژ کە بەرهەمی ساڵی ١٩١٢ی جین وێبستێرە، ئەوەندە جوان و سادە و ساکار هێناوەتە سەر زمانی کوردی، ئەگەر ناوگەلی وەک جودی ئابووت و … نەبایە، وامدەزانی هەر لە بنەڕەتدا بە کوردی نووسراوە.

سووکە سەرنجێک ئەگەر هەمبێ، لە هێنانی هەندێ دەستەوشەیە کە ئەویش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەی کوردستان دەگۆڕدرێ. بۆ وێنە، مام ئەنوەر پرمەی پێکەنینی بەکار هێناوە بەڵام لای ئێمە پرمە لە گەڵ گریان دێ. بۆ وێنە: فڵانی بە بیستنی ئەو هەواڵەناخۆشە، لە پرمەی گریانی دا. لە ناوچەی زەهاو و گەرمیان، بۆ دەنگی بەرز تریقەی پێکەنین و بۆ دەنگی نزم حیلکەحێلک یان فیق و هوڕی پێکەنین، بە کار دەبرێ. ئەمەش وەک ئاماژەم پێکرد،  وشەگەلێکی ناوچەیین و دەکرێ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر واتایان بگۆڕدرێ. ناشکوریش نەبێ، هێشتا زمانێکی یەکگرتوومان نییە تا ئەو جیاوازییانە کەم ببنەوە. بۆیە ئەم سەرنجە وەک هەڵسەنگاندنێکی سەرکەوتوو چاولێدەکەم و بە بەرزەوە وەرگێڕانەکە دەنرخێنم.

لە کۆتایی ئەم چەند دێڕەدا، وەک خوێنەرێکی رۆمانی “بابەلاق درێژ” دەست خۆشی لە مام ئەنوەر دەکەم و هیوادارم تەمەن درێژ و بەردەوام بێ لە نووسین و وەرگێراندا. داوا لە ئێوەی هێژای خوێنەری ئەم دێڕانەش دەکەم، ئەو کتێبە بە کوردی بخوێننەوە، ئەوسا دڵنیام لە گەڵ من سەبارەت بەو وەرگێڕانە هاوڕا دەبن.

قادرئەلیاسی

ئۆسلۆ،٢٦/٦/٢٠١٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی