کاتێک گزنگ
بە هەڵپەی پڕ لە تامەزرۆ
باوەشی کرد بە ئامێزی ئاسۆی سووری ئەرخەوانی
کاتێک تریفە لێو ڕێژبوو لە پێکەنین و بزە و تریقەی
شکاندنی لێوی تینووی چاوەڕوانی
ئەو دەمانەی پوورە هەنگ و پۆلە پەپوولە ،
ڕژانە نێو دڵی باخچەی تامەزرۆیی و
پێدەشتی …
ژیانیان ماچ باران کرد
بە هەزاران ”گەلاوێژ” ناو
بە تۆزی گوڵ چاویان ڕشت و
گوڵە هێرۆی خۆشەویستیی نیشتمانیان
بە سینگ و بەرۆکا کرد،
بەڵام
بۆ من،
٢٥ی هەموو مانگێک وەک یەک ناچێ،
خۆ لەززەتی گشت ماچێکیش،
لە یەک ناچێ
کام کناچێ، ناسکترین لێوی بۆ ماچ لەسەر پشتە!
بە قەد تامی ماچی پرچی
٢٥ی گەلاوێژی
بە ناخی دڵدا ڕۆناچێ!
٢٠١٢.٨.١٦