"an independent online kurdish website

گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن جەمیل بایك وەك هاوسەرۆكی KCK یان بە كوردییەكەی PKK، زۆر كەسی تووشی شۆك كرد. لە قۆناغێكدا كە پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان پێی ناوەتە ویراژێكی هەستیارrebwar-kerim-weli-

و چارەنووسی كورد لە سووریا بە یەكێك لە گرنگترین وێستگەكانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت، هاتنی كەسێكی وەك جەمیل بایك كە لە مێژووی PKKدا بە كەسێكی توندڕەوی شەڕخواز ناسراوە، جێگەی هەڵوەستە و لێوردبوونەوەیە.

لەگەڵ هاتنی بایك بۆ جێگەی موراد قەرەیڵان (كە میانڕەو و نەتەوەییترە) ئەو لێكدانەوەیە سەری هەڵدا كە هەوڵ دراوە بەو جێگۆڕكێیە، هەژموونی قەرەیڵان بەسەر هێزە چەكدارەكانی  PKK  لە پرۆسەی ئاشتیدا سوودی لێوەربگیرێت و قەرەیڵان رێگە نەدات هێزەكانی PKK بە كردەوەی خۆسەرییانە پرۆسەكە لەباربەرن و كشانەوەیەكی راست و دروستی شەڕڤانانی PKK رووبدات. كەچی لێدوانە توندوتیژەكانی بایك بەم دواییانە چ سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە باكوور یان رەوشی رۆژئاوا، دەریخست كە سەركردایەتی نوێی PKK بە سازێكی جیا لێدەدات و ئەوەش وایكردووە تەنانەت جۆرێك لە دووفاقی و ناڕوونی لە سیاسەتی PKKدا بێتە ئاراوە. ئینجا لەوەش بترازێ خەریكە دوو گوتاری تەواو جیاواز دێتە ئاراوە: گوتاری توندڕەوانەی قەندیل و گوتاری میانڕەوانەی ئیمرالی! ئەوە وا دەكات سەر لەو حیزبانەش بشێوێ كە بە رێنوێنیی PKK لە باكوور و رۆژئاوا كار دەكەن، لەوانەش BDP (لە باكوور) و (PYD) لە رۆژئاوا.

ئۆجەلان كە باوەڕی بەوە نەماوە ئیتر بتوانێ بەچەك لەوە زیاتر گوشار بۆ توركیا بێنێت، لە هەوڵی ئەوەدایە بە هەر شێوەیەك بێت لە رێگەی دانوستاندنەوە بەشێك لە مافەكەنی كورد و هاتنەدەرەوەی خۆی لە ئیمرالی مسۆگەر بكات. هەر بەو ئاراستەیەشدا داوای لە توركەكان كرد كە لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی (PYD) دابنیشن و ئامانجیشی ئەوە بوو كە نەك هەر لە باكوور، بگرە لە رۆژئاواش دڵی توركیا رازی بكات.

بایك كە نایەوێ كۆنترۆڵی PYD و تەنانەت BDP لە دەست بدات، دەیەوێ بە پلەی یەكەم PYD بخاتە خزمەت ئامانجەكانی ئێران كە بریتین لە راگرتنی هاوسەنگی لە قازانجی رژێمی ئەسەد. بۆیە هەر زوو دوای سەردانی موسلیم بۆ توركیا، ناوبراو بانگكرایە قەندیل و لەوێشەوە رەوانەی ئێران كرا تا نەچێتە بەرەیەكەوە كە توركیا لە دژی ئەسەد كردوویەتیەوە. تەنانەت دەگوترێ “عیسا حەسۆ” هاوسەرۆكی پێشووی PYD بۆیە تیرۆر كرا، چونكە داكۆكی لە تێزی نزیككەوتنەوە لە توركیا دەكرد.

لە بەرامبەر ئەوەدا كە تا ئێستا ئۆجەلان باسی لە خشتەیەكی زەمەنی نەكردووە، جەمیل بایك وادە بۆ پرۆسەی ئاشتی دادەنێ و دەیبەستێتەوە بە كاتەوە، ئەوەش دیسان ئیحراجییەكی گەورەی هەم بۆ ئۆجەلان و هەم بۆ BDPش دروستكردووە كە زیاتر لە هێڵی ئۆجەلانەوە نزیكە و نایانەوێ پرۆسەكە بوەستێت. تەنانەت جۆرێك لە سەرلێشێواویشی بۆ BDP دروستكردووە كە نازانن چۆن هەڵوێست وەرگرن.

ئێستا PKK لەسەر دووڕیانێكی سەختی مێژووییدایە لەوەی كە ئایا دەیەوێ وەك هێزێكی سەربازی بمێنێتەوە و داكۆكی لە ستاتوكۆی سەپێنراوی دەیان ساڵەی رۆژهەڵاتی ناوین بكات، كە ئەوە پتر بە سیاسەت و بۆچوونەكانی جەمیل بایكەوە رەنگی داوەتەوە، یان ئەوەتا بتوانێ وەك هێزێكی مەدەنی توانای خۆی لە هێنانەدی ئاشتی نەك هەر لە باكووری كوردستان بگرە لە بەشەكانی دیكەشدا خەرج بكات.

بەردەوامیی سیاسەتەكانی بایك بەو ئاراستەیەدا و دەستپێكردنەوەی شەڕ لەگەڵ توركیا، نەك هەر PKK تووشی گۆشەگیری دەكات، بگرە بوونی ئۆجەلان وەك رێبەرێكی كاریزمایی و گرنگ لە پرۆسەكەدا مایەپووچ دەكات.

سەرچاوە: روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی