"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پارلمانی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.pdki-logo-




كۆڕ‌ و كۆمەڵە جیهانییەكان!
رۆڵەكانی نەتەوەی كورد!


رۆژی شەممە رێكەوتی ٢١ی سپتامبری ٢٠١٣ی زایینی، بەرانبەر بە ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنەكان بۆ دیاریكردنی ئەندامانی پارلمانی كوردستان لەژێر چاوەدێریی كۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردنەكان و سەدان چاوەدێری بیانی و هەزاران چاوەدێری نێوخۆیی و هەواڵنێران بەڕێوەچوو.

لەم پرۆسە دێموكراتییەدا چەند خاڵی گرنگ جێگای سەرنجن:

یەكەم: لە ماوەی پڕوپاگەندەی لایەنەكاندا سەرەڕای چەند رووداوێكی بچووك و نەخوازراو، هەموو لایەنەكان بە ئازادی و لە چوارچێوەی یاسا و بێ هیچ چەشنە كۆسپێك سەبارەت بە بەرنامە سیاسییەكانی خۆیان لە شەقام و راگەیەنەكاندا ریكلامی خۆیان خستە بەر دید و گوێی دەنگدەران و رای گشتی.

دووهەم: لە رۆژی دەنگداندا وێڕای بوونی ئازادی تەواو بۆ هەر تاكێك لە بەشداریكردن بۆ دەنگدان، یان دەنگنەدان بەپێی رێژەی راگەیەندراو ٧٣.٩ لەسەدی ئەو كەسانەی مەرجی دەنگدانیان هەبوو لەو هەڵبژاردن و دەنگدانەدا بەشدارییان كرد ‌و دەنگیان بە كاندیداكانی دڵخوازی خۆیان دا لەو هەڵبژاردنانەدا سەرەڕای بوونی هێندی سكاڵا كە بۆ لێكۆڵینەوە دراونە كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، زۆربەی نزیك بە تەواوی چاوەدێران لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بە پێی رێنوێنی و رێوشوێنەكانی كۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردنەكان رازی بوون و رەزامەندیی خۆیان دەربڕی و بە سەركەوتنێكی كەم وێنەیان وەسف كرد.
بەم چەشنە كۆمەڵانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی‌یەكانییەوە لەم بڕگەیە لە تەمرینی دێموكراسیدا سەركەوتوو هاتنەدەر، ئەوەش لە حاڵێك دایە كە نەیارانی نەتەوەی كورد كە چاوی دیتنی ئەو پێشكەوتنەیان نەبووە و نییە و هەوڵی جۆراوجۆریان بۆ شێواندن و سەرنەكەوتنی پرۆسەكە دەدا بەهۆی وشیاری و پێگەیشتوویی خەڵك بە ئامانج نەگەیشتن و تەنیا دۆڕاوی ئەو هەڵبژاردنانە بوون. سەركەوتنی ئەم پرۆسە دێموكراتیكە نەك لە عێراق، بەڵكوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە نموونە دەگمەنەكانی بەرە‌وپیشچوونی دێموكراسی و وێكهەڵكردن دێتە ئەژمار.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ئەو سەركەوتنە گەورەیە لە كوردستانی باشوور، خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕی و پیرۆزبایی لە سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان وەك براوەی یەكەمی ئەو هەڵبژاردنانە ‌و هەموو قەوارە سیاسییەكان، سەرۆكی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكا.


ئێمە لەو بڕوایە داین ئەو دەست وێكدان ‌و هاوكارییە كە كۆمەڵانی خەڵك لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسە دێموكراتییە لە خۆیان نیشان دا جارێكی دیكە بە خەڵك و بیروڕای گشتیی جیهانیان راگەیاند كە ئەگەر سێبەری دیكتاتۆرەكانیان لەسەر نەمێنی، كورد شایستەی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دێموكراتیكی خۆیانن. لەم روانگەوە شایستەیە هەم كۆمەڵانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەم هەموو قەوارە سیاسییەكان خۆیان بە براوە بزانن و نەیارانی كورد و دوژمنانی دێموكراسی بە تەنیا دۆڕاو.


جارێكی دیكە بە بۆنەی ئەو سەركەوتنەوە پیرۆزبایی لە هەموو لایەك دەكەین و سەركەوتنی زیاتر بۆ ئاكامی ئەو هەڵبژاردنانە بە ئاوات دەخوازین.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٣١ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی
٢٢ی سپتامبری ٢٠١٣ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی