پارتی دێمۆکراتی کوردستان وەك براوەی یەکەمی خولی چوارەمی پارلمانی کوردستان سەرکەوت و یەکیەتی نیشتیمانیش کە زیاتر لە سێ دەیە وەك رەکەبەری پارتی سەیر دەکرا لە کوردستان بە هۆی کەمتر خەمی سەرکردایەتیان و ناروونی ستڕاتیژی سیاسی
بوو بە هێزی سێەم و بزووتنەوەی گۆڕان وەك جێگرەوەی یەکیەتی لە سلێمانی و هەولێر و شارو ناوچەکانیتر دەرکەوت و ئێستا وەك هێزی دووهەم لە نێو هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی کوردستان بە حیساب دێ و بەم جۆرە هەلومەرجێکی نوێی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
پاش ئەوەی ئاکامی کۆتای هەڵبژاردن بەرەسمی لە لایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژران ڕادەگەیەندرێت لە هەرێمی کوردستاندا ،گرینگترین بابەتیش پاش ئەو پڕۆسەیە مەسەلەی پێک هێنانی حکوومەتە. سەرکردایەتی سیاسی پارتی چەند جارێک بە ئاشکرا ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە ئەوان لایان نیە لە پێک هێنانی حکوومەت لە گەڵ یەکیەتی و بەمدوایانەش باسی یەکگرتووی ئیسلامیش دەکرێت.
بەڵام هەر ئەمڕۆ ڕێزدار سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی گرینگ و مێژوویدا، داوای لە سەرکردایەتی سیاسی پارتی کرد کە لە بارەی پێک هێنانی حکوومەتی داهاتوو ، هەتا بەشێوەی گشتی لە سەرکردایەتی سیاسی پارتی بڕیاری لەسەر دەدرێت هیچ لێدوانێک لەو بارەوە بڵاو نەکرێتەوە و وەك سیاسەتی ڕاگەیاندراوی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان سەیرناکرێت و بە هەڵوێستی پارتی نازانرێ. کە بێگومان ئەو هەڵوێستەی بارزانی وەك سەرەتای دەست پێکی ژیانێکی نوێی سیاسی و پەیوەندی هێزولایەنەکان لە هەرێمی کوردستان چاولێدەکرێت و بەهێمای یەکیەتی و یەکڕیزی سیاسی کورد لە قەڵەم دەدرێت.
بەڵام جارێ روونیە ئەو بابەتە بە چ ئاڕاستەیەکدا دەکەوێت و ئەگەر یەکیەتی ببێت بە ئۆپۆزیسیۆن پارتی لەگەڵ کام لە هێزەکان لە نەبوونی گۆڕاندا دەتوانێت ڕێژەی کورسی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دابین بکات و حکوومەتێکی بنکەفراوان لە سەر ئەساسی میکانیزمی هاوبەشی ئیداری و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان پێک بێنێت.
چین و توێژەگەلیەکانی کۆمەڵگای کوردستان زۆر بەرچاوروونانە چوونەسەر سەندوقی دەنگدان و لە کەش و هەوایەکی ئازاد و دێمۆکراتیکدا دەنگی خۆیان بەو لیست و قەوارەی سیاسی دڵخوازیخۆیاندا کە پێیان وابوو بەشی زۆری ویست و ئامانجە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیان لە بەرنامەی سیاسی تێدا رەچاوکرابوون و بە جێگای باوەڕو متمانەی خۆیان دادەنێن. ئەو متمانە گەورە و مێژوویەی لەو هەڵبژاردنەوەی پارلماندا خەڵکی کوردستان خستیانە سەرشانی پارتی دێمۆکرات گرینگی و بایخی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەی بۆ پارتی و کۆمەڵگای نێو نەتەوەی هەیەو کۆدەنگی و پشتیوانی بەربڵاوی خەڵک لە لیستی ژمارە ١١٠ی پارتی بەو مانایەدێت کە لە ماوەی حوکمڕانی سیاسی و ئیداریاندا توانیویانە زۆر یەک لە ویست و ئامنجە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکەن و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بەرچاو پێشکەش بە خەڵکی کوردستان بکەن.
زۆر ئاسایە ئەگەر هێزێکی گەورەی وەك یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان بە ئاکامی هەڵبژاردنی پارلمانی وەک داکۆکیکارێکی ماف و ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵک رازیبێت و ئەو پاشەکشیەیان لە هەڵبژرادندا زۆر بە هیند وەربگرن و لە هۆکارو خاڵە ئەساسیەکانی ئەو بابەتە هەستیارە، بەچاوی پێداچوونەوە و ڕەخنە گرانە لەو مەسەلەیە بکۆڵنەوە و هەرچەندە سەرکردایەتی سیاسی یەکیەتی ئۆباڵی ئەو شکەستەیان قبووڵکردوە و خۆیان لەو کارەساتە مێژوویە کە بەسەریەکیەتی نیشتیمانیدا هات لە غیابی ڕێزدار تاڵەبانی بەبەرپرسیار دادەنێن.
لە قۆناخی ئێستادا یەکیەتی نیشتیمانی پێویستە بەخۆیدا بچێتەوە و لەو پەیوەندیەدا سەرنج و بیروڕای ئەندامان و لایەنگرانی لەسەر هۆکاری ئەو شکەستەی کە بەسەریان داهات بەهێند وەربگرن و هەرلەوکاتەشدا ستراتیژی نوێی خەباتی مەدەنی بۆ داهاتووی ژیانی سیاسی حیزبەکایان دابنێن و لە ڕێگای نەخشەڕێگایەکی شیاو بتوانن دڵی هەموو ناڕازیانی خۆیان بەدەست بێنەوە و زۆر بە هەستیاری و وریای سیاسی و نیشتیمانی هەنگاو بەرەو پێشيەوە بهاوێژن هەروەك هەمیشە پاڕێزەری پاراستنی دەسکەوتە سیاسی و نەتەوەیەکان بن . بێگومان ئەوە سروشتی سیاسی و دێمۆکڕاتیکی بنەماکانی حوکمڕانی مەدەنی و سەقامگیری دێمۆکڕاسی سیاسی دەگەیەنێت لە کوردستان کە خەڵک بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو دەنگی خۆیان لە پێناو باشترکرانی ژیان و گوزەرانی خۆیان بە قەوارەسیاسیەکان دەدەن و بەبێ بەرانبەر بەشداری ناکەن و دەنگیان بۆ قەوارەکان ناڕوات کە بە شیاوی باوەڕومتمانەی خۆیان دانەنێن لە ئاستی حوکمڕانی وڵاتدا.
هەڵبژرادنی خولی چوارەمینی پارلمانی لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرینگی بە شێوەی گشتی گەیاندە هەموو هێزو لایەنەکانی کوردستان کە بەشداری پرۆسەی سیاسی و پارلمانی دەکەن لە وڵاتدا. خەڵکی کوردستان لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە لە ئاستێکی بەرزی وشیاری و بەرچاوروونیدا دەژین و زۆر بە سەرنج و هەستیاریەوە چاوەدێری و ئاگاداری بەسەر شێوەی حوکمرانی سیاسی و ئیداریدا دەکەن لە کوردستان و لە ئاستی مەسەلە ئەساسیەکاندا وەك تاکی غەریبە و دورەپەرێز هەڵسوکەت ناکەن و خۆیان بە شەریک و خانەخوێی سیاسی و حوکمڕانی دادەنێن.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هۆی سەقامگیری سیاسی ودابینبوونی ماف و ئازادیە دێمۆکڕاتیکەکان بەهاسانی دەتوانن لە کاتی دەنگداندا کە دەرفەتیکی باش و بەشداری چالاکانەی بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا رەخساندوە، لە ڕێگای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە نەخشەی سیاسی و تەرازوی هێز لە بەرژەوەندی هێز و لایەناکندا بگۆڕن وڕێڕەوی سیاسی و حکوومەتداری دەست نیشان بکەن .
هەربۆیە ئێستا پارتی دێمۆكراتی کوردستان و بەو هێزانەش کە براوەی ئەو هەڵبژاردنەن دەبێت لە ئاستی ئەو بەڵێنیانەیاندابن کە پێشتر بە خەڵک و ئەندام و لایەنگرانیاندوە و هەرلەوکاتەشدا کاربکەن بۆ ئەوەی ژیانێکی گەش و سەردەمیانە لە سەر بنەمای ئەو ئابووریە بەهێزو رولەگەشەی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵک دابین بکرێت و ڕێگا لە گەندەڵی و کۆمەڵێک دیاردەیتری ناشێرینی حوکمڕانی لە کوردستان بگیرێ و ژیان و گوزرانێکی باشتر بۆ هەموو پێک هاتەکانی کۆمەڵگا دابین بکرێت و هەموو لایەک خۆیان بە پارێزەری دەسکەوتە سیاسی و نەتوەیەکان بزانن و کێشەو مل ملانەی ڕێکخراوەی زەمینەی لێکترازانی یەکرێزی کورد دروست نەکات و هەموو لایەک لە ئاستی ئەو دەسکەوتەی بەدەست هاتووە خۆی بەبەرپرسیار بزانێت.
محمد سلیمانی
23.09.2013