"an independent online kurdish website

بە بێ ئینتیمای حیزبایەتی و بە نەختێک جیاواز لەو روانگە باوەی کە دەڵێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەرچیان کردو هەرچیان گوت خراپەو دەبێ جیهان دژیان بوەستێ.azad_shexi1

هەڵبژاردنی حەسەن روحانی بە سەرکۆماری نوێی ئێران، دۆستان و تەنانەت نەیارانی لە چاوەروانیدا هێشتۆتەوە کە ئەم پیاوە بەو قسانەی کردویەتی و بەم کارانەی دەیهەوێ بیکا بڵێی زیاتر لە خاتەمی بچێتە پێشێ. ئەو هەنگاوەی ئێران لە سیاسەتی دەرەوە هاویشتویەتی و دەیهەوێ روبەروو لەگەل وەزیری دەرەوەی_شەیتانی گەورە_ ئەمریکا دابنیشێ کارێکی ساکار و بێ ئاکام نییە، راستە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێ، گوروو تینێکی بەرچاوی بە ئاستی پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی و بە تایبەتی ئەمریکا دەبەخشێ، بەڵام بەردەوام بوونی ئەم سیاسەتەو زیاتر لێک نزیک بوونەوە کۆمەلێک ئاسەواری هەیە کە پێم وایە یەک لەوان ئەوەیە کورد قازانجی لێ ناکا.

قسەکانی روحانی لە نەتەوەیەکگرتوەکان و قسەکانی ئەمرۆی لە کۆبوونەوەی داماڵینی چەکی ناوکییدا لە ئەمریکا. وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکای بە تایبەت خستۆتە سەر ئەو باوەرە کە بە ئەگەرێکی زۆر کابینەی دەولەتی نوێی ئێران و خودی حەسەنی روحانی بتوانن گرێ کوێرەی پێوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا و لابردنی مۆتەکەی گەمارۆی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەنەوە.

سەرنج راکێش ئەوەیە ئۆباما بە راشکاوی رایگەیاند ئەمریکا نایهەوێ رێژیمی ئێران بگۆرێ، ئەمە دڵنیایێک بۆ ئێران و ئاوێکی سارد بوو بەسەر دەستی نەیارانی چەندین ساڵەی ئەم رێژیمەدا کرد.

چەندین ساڵە هێزە کوردییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵیان بۆ راکێشانی سەرنجی ئەمریکایە بۆ لای پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئێعدام و کوشتنی خەلکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان. دیپلۆماسی کوردی هەرچەند یەکگرتوو نەبوون بەڵام هەوڵدان بووە بۆ خۆ سەڵماندن و بە دەست هێنانی سەرنجی ئەمریکاییەکان بۆ لای داوا رەواکانی کورد و خەلکی ئێران.

نەم هەڵوێستەی ئەمریکا بە نیسبەت ئێران نواندنی زۆرێک لە ئازادیخوازان و چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ نیگەران دەکا، کە قسەکانی ئۆباما ئەوە دەسەلمێنێ کە لە هەر شوێنێک بەرژەوەندی و ئەمنیەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو خەڵکەکەی وە مەترسی نەکەوێ کێشەیان لە گەل دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە نییە، لە لایەکی دیکە بەو روخسارە هێمن و ئاشتیخوازانەیەی روحانی بۆ ئێران و دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە دروستی کردوە، چاوەروانی ئەوە دەکرێ کە نەیارانی کۆماری ئیسلامی وەک چۆن تا ئێستا یەکگرتوو نەبوون زیاتر لێک دور بکەونەوە یا ئەوەیکە وەک چۆن بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانانی مافی مرۆڤی خەلکی کوردو ئێرانی لە چاو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هیچ نییەو لەبەرچاو ناگیردرێ و چرا سەوزی مانەوە بە روحانی دەدا، شێوازی خەباتی خۆیان بگۆرن کە ئەم رێگاش بێ هەزینە نابێ.

دڵنیان زۆر کەس چاوەرێی ئەوەن بزانن ئاکامی ئەم یارییە سیاسیە بەکوێ دەگا، بەڵام هەرچی دەبی و هەرچی روو دەدا هیوادارم ئاکامە زیانبارەکانی بە سەر لاشەی مافی مرۆڤ و خەباتی نەیەوەیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەروخێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی