"an independent online kurdish website

 

هو ڕوئیاکانی پڕ له‌ هه‌ستم
ساته‌كانی ڕەهایی بوون
هۆ ڕابووردووی به‌رزی ژیان
هۆ وه‌لاته‌كه‌ی  مه‌رگسـتانمahmad_deshti-0

وا ئه‌مڕوکه‌  له‌ خه‌ره‌ندی
خه‌مه‌كانی پڕ ئازار و كاره‌ساتان
چاو ده‌گێرم له‌ هیواكان,لێم دیار نین
چاو ده‌گێڕم له‌ ئه‌وینی

خوشه‌وه‌ستی و هاتنی به‌یان لێم دیار نین

چاو دەگێرم له‌به‌هاری

پڕ ستاره‌ و ئاسمانی پاک
داخم هه‌مووی لێم ون كراون
بووم به‌ گریە و نەکسەی

شوومی  ده‌ستی دوژمن

ئه‌ی ڕوئیاكه‌ی سبه‌ی ڕوژم

ئاسوی ڕوونی بەربەیانم
هۆ داستانی پڕ گولشه‌نی

خوشه‌ویستی نا‌و ده‌روونم

وائێستاكه‌ له‌ گولخه‌نی ئه‌م ژیانه‌
پڕ جه‌فایه‌ و مه‌نفایه‌م دا
كاره‌ساتان ده‌گێڕمه‌وه‌
ئازاره‌کان وه‌دی ده‌که‌م‌
وا له‌ ئاسۆ‌ی ژیانم دا
چی جه‌فایه‌ پێم وه‌ر بووینه‌
خه‌مه‌كانم لێم ئالاون، ڕاوم ده‌كه‌ن

له‌م غوربه‌ته‌م پڕ نیگبه‌ته‌

مه‌رگی ژینم پێ وه‌ر ده‌كه‌ن

ئێستا لێره‌ له‌م مه‌لبه‌نده‌

لا ته‌ریک و  پڕ لە گریەم
وا له‌ باسی ستاره‌كان

چیای خه‌مم له‌به‌رچاوه‌
كاره‌سات و نه‌هامه‌تی

شومی ئازار ده‌گێڕنه‌وه‌
ئێستاكه‌ وا له‌ گشت شتێ

ئه‌من ‌دوورم
نه‌ ئاره‌زوو به‌ خوم ده‌گرێ
نه‌ ڕوئیاكان وه‌دیم ده‌که‌م
نه ‌به‌هارم لێ دیاره
نه‌ نه‌وره‌سێ ده‌م دوێنێ


له‌ زه‌مزه‌مه‌ی ئاوازی خه‌م
بە ناچاری وا من ده‌ژیم
نه‌ئه‌وینی هیواكانم لێم ده‌ئاڵێن
نه‌هه‌لگوردم لێ دیاره‌
نه‌‌مامه‌ ڕووت  وه‌خوم ده‌گرێ
وا لە کۆڕی ئازیزانم دوور بویمەوە
هاتوم به‌ره ‌و كشوه‌رێكی مه‌رگ و نه‌مان
وا ئه‌ژده‌های كاره‌ساتان لێم ئالاوە
ساته‌كانی ئازارەکان دەمدوێنن‌


وا له‌ خاكی منی خه‌مبار

لە گشت شوێنی  وەڵاتەکەم
كوترو ژیان په‌پووله‌و ڕوژ
له‌ ناو ده‌برێن
سه‌ریان ده‌بڕێن
گول ده‌وه‌رێن
هەزارانم لێ ون دەکرێن
ڕوئیاكانم لێ بوون به‌ژان


له‌ به‌رده‌می چه‌قۆی مه‌رگ
نه‌وڕه‌سه‌كان وا پێکه‌وه‌ گشت وه‌ستاون
بە تێکڕایی  له‌ دار دەدرێن
ئاوازی خه‌م ده‌مگریێنێ
ئێستا كه‌‌وا ئازاره‌كان هەمووی زالن
وه‌سه‌ر ڕوئیاكانی سبه‌ی رۆژم


ئه‌من ئێستا
له‌ گول و به‌هار گه‌لێ دوورم
له‌ چڕینی گشت سروودی
ڕه‌هایی بوون ئه‌من دوورم
ئێستا گولم هه‌لوه‌ریون
ڕوئیاكانم سه‌ریان بڕان
په‌تیان خسته‌ ملی هیـوام
ئاره‌زووه‌كان لێم خنكێندران
بوومه‌ ژانی بێ ئینتهام
هیواكانم لێم بوون به‌ ته‌م
دیده‌كانم لێ كوێر كران
بووم به‌ كێوی ئازار و خه‌م


به‌لام دیسان سه‌ر له‌ نوێ
له‌ قولایی ئازارانم
له‌ كشوه‌ری خه‌مه‌كانم
وره‌ی به‌رزم هه‌لم ده‌گرێ
ده‌مباته‌وه‌ ڕوژگارانی
پڕ ئاره‌زووی ڕه‌ها بوونم
ده‌مباته‌وه‌ لای چڕینی
سروودی ئه‌شق و كۆی هه‌ڤاڵان
وره‌ی به‌رزو خوشه‌ویستیم
له‌ ناو دل و ده‌روونم دا
بو كوردستان هه‌رسه‌وزه‌بێ

لێم ون نابێ و لە بەر چاومن

هه‌رچه‌ند ئه‌مڕو كاره‌ساته
به‌لام ده‌لێن دوای سه‌ختی
خۆشی له‌ ڕووی ڕوئیای شیرین
بو هه‌میشه‌ ده‌‌گه‌شێته‌وه‌
چی گولخه‌نه‌
به‌ هاتنی گولشه‌نی ژین ‌دبڕێته‌وه
کارەسات و نەهامەتی لە ناو دەچێ
شادی ژیان دەگەڕێت

به‌هاری ١٩٦٧ لە مینوو دەشتی مازندەران و لە یەکێک لە قوتابخانەکان مامۆستا بووم و ئەو هۆنراوەم بە یادی ئازارەکانم نووسیوە .

ئەو کات کاری عەککاسیشم لە پال کاری مامۆستایەتیەکەم دەکرد، کامێرایەکی پۆلارۆیدم کری و دەست بە کار کردن بووم، لە دوای تەواو بوونی قوتابخانە ئەو کارەم ئەنجام دەدا،رۆژێکی هه‌ینی  لە ژێر گونبەدەکەی گونبەد کاوس، تووش بە هەندێ کوردی خەلکی مەهاباد هاتم،کە بە کوردیان قسە دەکرد،زۆر دڵم پێیان گەشایەوە و شاد بووم پێیان، بە دیداری ئەوان نزگرەی خەم بەرچاوانیان لێ دەگرتم، دوای ئەوەی کە هەندێ لە گەل یەک دواین،ئەوانیش کە ئيمەیان دی پەرۆشی ئێمە بوون و حه‌سرەتیان بۆ هەلدەکێشاین کە ئاوا ئاوارە کراوین .  دڵ نەواییان  زۆر داینەوە و دیار بوو دۆستایه‌تی مامۆستا هه‌ژارو هێمنیان هه‌بوو، خانه‌واده‌یه‌کی نیشتمنپه‌روه‌ر دیاربوون،، لەو کاتەدا هه‌ستی ئه‌م هۆزانه‌م جولاو ئەم هۆنراویەم لە دوای ڕۆیشتنی ئەوان نوسی و لە گولستان کە شوێنیکی سەیرانگایە  ته‌واوم کرد، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ چوینه‌ گولستان، مێوانی هەندێ لە هەڤالانی ئاوارە بووین کە لەوێ جەنگەل بان بوون. لە گەل کاکە مەلا حەمدەمین سنجاوی لای که‌کسه‌عید تۆماری نه‌مر ماینه‌وه‌، سەردانی هه‌موو ماله‌کانمان  کردن،نێوەرۆی رۆژی شه‌موش لای کاک عه‌بدولا ماینه‌وه‌،پاشان گه‌ڕاینه‌وه‌ مینو ده‌شت و یادی ئه‌وان سه‌رده‌مانه‌ به‌ خێر بگه‌ڕێت

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی