لە 13ی خەزەڵوەری 1358ەوە كە بالوێزەكانی ئەمریكا لە ئێران بە بارمتە گیران پێوەندی سیاسی و دیپلوماتیك لە نێوان ئێران و ئەمریكا پچڕا و بە درێژایی ئەم 3دەیەیە بەردەوام كۆماری ئیسلامی ئەمریكای وەك دوژمنی ژمارە یەكی خۆی شوپهاندووە و بە دژی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لە ناوچە جوڵاوەتەوە
بەڵام ئێستا دوای 34 ساڵ دابڕان و دوور كەوتنەوەی ئەم دوو وڵاتە لە یەكتر عەلی خامنەیی باس لە” نرمش قارمانانە” دەكا كە لە واقێعدا ئەمە پاشەكشێكی روون و بەرچاوی ئێرانە لە زۆر یەك لە دروشم و كردەوەكانی خۆی و بەداخەوە ئەم پاشەكشێ تاكتیكیەی كۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی خۆشحالی زۆر یەك لە لایەنە سیاسیەكان و میدیاكارە تاراوگە نشینەكان و ئەمە بە دەسپێكی پێوەندی لە نێوان ئەمریكا و ئێرانی دەزانن .
یەكێك لە هۆكارەكانی پاشەكشێ كۆماری ئیسلامی لە دروشمەكانی هەلومەرجی نالەباری ئابووری ئەم وڵاتەیە كە بە هۆی گەمارۆ ئابووریەكان ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئەم وڵاتەی هێناوەتە خوارەوە و ترس لە راپەرینێكی جەماوەری لە نێوخۆیی وڵات بە هۆی ئەم هەلومەرجە نالەبارە ئێرانی ناچار كردووە كە چاویك بە پێوەندیەكانی خۆیدا لەگەڵ زلهێزترین و كاریگەرترین وڵاتی جیهاندا بخشێنێتەوە. یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی ئەم پاشەكشێیە كڕینی كاتی زیاترە بۆ وەدەستهێنانی چەكی ناوكی یە كە كۆماری ئیسلامی زۆر لە مێژە لە هەولی بە دەستهێنانیەتی و گەرەنتی مانەوەی خۆی تەنیا لەودا دەبینێتەوە .
ئەوەی كە گەلو پێوەندیەكانی ئەمریكا و ئێران دەچێتە قوناغی دۆستایەتی و سەهۆلی ئەم هەموو ساڵە دژایەتی و دوژمنكاریە دەتوێتەوە و پیوەندیە ئابووری و سیاسییەكان دەچێتە ئاستێكی ئاسایییەوە بە بروای من دوورە دیمەنێكی خەیالیە چوونكە پێشگرتنی ئێران لە دەست پێراگیشتن بە چەكی ناوكی بۆ ئەمریكا و وڵاتانی ئووروپایی و ئیسرائیل ئیستراتژیكە و چارەسەی ئەم كێشەیەش دەكرێ كلیلی چارەسەر كردنی زۆریەك لە كێشەكانی دیكە بێ. بەڵام ئێران هەروا بە ئاسانی دەسبەرداری پیتاندنی ئورانیوم نابێ و ئەمەیش دبێتە هۆی گرێ كوێرەی زیاتر لە پێوەندیەكانی ئێران و رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریكا.كێشە كەلەكە بووەكانی ئێران و ئەمریكا تەنیا بە بزە و پاشەكشێكی تاكتیكی چارەسەر نابێ و لێرەدا رۆلی ئۆپۆزیسیونی تاراوگەنشین زیاد لە جاران گرینگی هەیە كە بە خۆ رێكخستن و گرتنە بەری سیاسەتێكی هاوتەریب و دیار دەتوانن پاشەكشێكی زیاتر بە ئێران بكەن و ماف سیاسی و نەتەوەیی و مەدەنیەكانی خۆیان بەدەست بێنن و هەوێنی راپەرینێكی جەمارەوی لە ئێران بنێنەوە وبە رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران فەزا بۆ جێگیر كردنی حكوومەتێكی فرە لایەن و ناناوەندگەرا و دێموكرات درووست بكەن .