بێگومانین هەر جۆرە خۆپیشاندان و مانگرتنێک لە هەر جێ و وڵاتێک، وەک تاک یان کۆمەڵ کاتێ ئەنجام دەدرێ ، شتێکی خۆڕسک نیە ، بەڵکو دەرهاویشتەی بونی بارودۆخێکی نالەبار ، نادادپەروەر،
نا یەکسان و هەست بە چەوسانەوە کردن و پێشێلکردنی ماف و ئەنجامدانی توندوتیژی و ناڕەواییە ، تاکەکان لە ڕێی ئەم خەباتە مەدەنیانەیەوە ، داواکاریە ڕەواکانیان دەگەێننە ئەو دەسەڵاتەی کە لێیان بەرپرسە تا کۆتایی بەو کەشوهەوا ئاڵۆزە سیاسی ، ئابوری ، فەرهەنگی ، کۆمەڵایەتی ، ژینگەیی ، تەندروستی ، خزمەتگوزاریە ، بهێنرێت . تەمەنی ئەم خۆپیشاندان و مانگرتنانە تا ئەو کاتە تولانی دەکێشێت کە ئاسۆی چارەسەرەکان دەردەکەونو ئێدی خۆپیشاندەران دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
یەکێتیەکان و جەماوەرەکەیان ، لە خۆپیشاندان و مانگرتنێکی ئاشتیانەدا بون ، داواکانیان لە چاکسازی ڕێشەیی و گۆڕینی کەسانی خەمسارد و گەڕانەوە بۆ ڕای شەقام و بەستنی پلینیۆم و دواتریش کۆنگرە چڕ کردبۆوە( نەک ڕوخان ) وەک ئەوەی هەندێک یاغیش لێکدانەوەی عەنتیکەیان بۆی کردبو !! مانگرتنی یەکێتیەکان بۆ دڵنیایی دۆستان و ناحەزان تا ئێوارەی دوێنێ ٧/١٠ / ٢٠١٣ و تا کاتی بڕیاردانی سەرکردایەتی بە ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکەک و کادیران و ئەندام و دۆستان و چارەسەرکردنی کێشەجەوهەریەکانی حیزب لەو جێگایانەی یەکێتیەکانی لێیە لە( ناوەوە )و ( دەرەوە ) ی وڵات درێژەی هەبو ، بەڵام لەم کاتە بەدواوە مانگرتوان بە وتنەوەی سرودی ( ڕێی خەباتمان چەندێ سەخت و دوربێ ….. ) گەڕانەوە ناو ماڵە گەورەکەیان .
لێرەوە سەرەتایەک ١ / بۆ مێژو و زەمەن و قۆناخێکی نوێیخۆڕێکخستنەوە ، نوێبونەوە ، جۆشدانەوە ، بوژانەوە ، چاکسازی و داڕشتنەوە دەستپێدەکات ٢ / کاروانێکی نوێ بەرەو لوتکە و هێنانەدی ئامانجی شەهیدان و ئاواتی نەتەوەیەک دەکەوێتە ڕێ ٣ / کەشتیەکەی یەکێتی ڕوەو کەناری ئارام دەکەوێتەوە ڕێ ٤ / لێرەوە بەرزبونەوەی باڵانسی هێز و گەڕانەوە و تۆخکردنەوەی متمانەی نێوان یەکێتی و جەماوەرەکەی دەستپێدەکاتەوە ٥ / لێرەوە شەڕی یەکلاکەرەوەی کوردستانیبونی کەرکوک و خانەقین و مەندەلی و تەلەعفەر و بەدرە و جەسان و مەخمور و هەموو بستە خاکێکی داگیرکراو کە داوایەکی سەرسەختی ( یەکێتیەکانە ) دەستپێدەکات ٦ / لێرەوە کار بە پرنسیپی سەربەخۆی لە بڕیاردان و پشتبەستن بە نەوەی نوێ و داهێنانی نوێ و بیری نوێ و خەباتی سەردەمیانە دەستپێدەکات ٧ / لێرەوە ڕێ لە بە هەدەربردنی سەروەت و سامانی نەتەوەیی ولەکەدارکردنی شوناس و بەخەراپ بە کارهێنانی لۆگۆ و سومبوڵی یەکێتی دەستپێدەکات ٨ / یەکەم هەنگاوی هەڵکشان و بوژانەوە و نوێبونەوە و گەشبونەوە و سەوزاندنی ژیانی نوێ و گەڕانەوە بۆ ڕێچکە پیرۆزەکەی شەهیدانی سەرکردە ( ئارام و جەعفەر و ئەنوەر و شەهاب و عەلی عەسکەری و ئازاد هەورامی و دەبابە و دکتۆر خالید و بابا شێخ و مامە ڕێشە و حەسەن کوێستانی وشەوکەتی حاجی مشیر و هەمو شەهیدان و سەروەرانی ی.ن.ک .
سەرکردایەتی ی.ن.ک لە بڕیارێکدا کە ئومێد دەکەم لایەنەکانی تریش بەم ئاستەی بوێری بتوانن ئاوا بڕیار بدەن و بگەڕێنەوە بۆ ڕای شەقام و ڕای زۆرینەی ئەندامان و کادیر و هەوادارانیان. سەرکردایەتی ی.ن.ک توانی لە هەلومەرجێکی هەستیاری پڕ لە گرێ کوێرە و تەنگژە و ململانێی سیاسی و کێشەی دەستوری و دامەزراندنی حکومەت و فشارە ناوخۆیی و دەرەکی و ئیقلیمیەکان لە سەر کۆی پرۆسەکان ،بە نێو ئەم تونێلە درێژەدا گوزەربکات بڕیار لە سەر بەستنی پلینیۆم و کۆنگرەش بدات ، پلینیۆم لە ٤ دانە ڕۆژ و کۆنگرەش کەمتر لە ١٢٠ ڕۆژ ، سەرکردایەتی یەکێتی بەم کارە توانی سرنجی دوست و ناحەزیش بۆ لای ئەم بڕیار و زاتکردنە پەلکێش بکات کە لە ڕاگەێنراوی کۆبونەوە لوتکەییەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا ڕایگەیاند .
لە خوێندنەوەمان بۆ ئەم بڕیارە بەدەر لە مەسەلەی تایبەتەکانی ی.ن.ک ، دەکرێت وەک ١ / هەنگاوێک بە ئاراستەی گەشانەوە و کرانەوەی زیاتر بەڕوی دیمۆکراسی ٢ / هەنگاوێکی داهێنەرانەشە بە مەبەستی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سەرکردایەتی حیزب ٣ / هەڵوەشانەوەی سیستەمی مانەوەی هەتاهەتایی وچەسپبونی سەرکردەیە بە کورسی دەسەڵاتەوە ٤ / هێنانە کایەی شێوازێکی نوێی سەرکردایەتیکردنی حیزب چاو لێ بکرێت و دەستخۆشییش لەم هەنگاوە هەقە بکرێت و هەموشمان پشتیوانی ئەم تیزە نوێیە ببین ، پێویستە لە ئاوێنەی سەرخستنی ئەم بیرۆکە و ئەم سیستەمە نوێیەی بەڕێوەبردنی حیزبدا هەمومان خۆمانی تێدا ببینەوە .