"an independent online kurdish website

ماوەی دوو ساڵ و نیوە كە خەڵكی ئازادیخواز و مافویستی كۆمەڵگای سووریە لە بەرامبەر سیستمی دیكتاتۆر و دژی مرۆیی رێژیمی ئەسەددا، دەستیان بە شۆڕش و سەرهەڵدانێكی قارمانانە كردووە dara_natiq1

و لەو پێناوەدا نرخ و فیداكارییەكی زۆریان داوە و لە هیچ چەشنە بەرخۆدانێك لە پێناو گەیشتن بە خواستە رەواكانیان و رزگاربوون لە دەست زوڵم و زۆری رێژیمی بەعس درێغیان نەكردووە و تا هەنوكەش خەبات و تێكۆشانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی بەردەوامە. بە درێژایی دەستپێكردنی ئەم سەرهەڵدانە تاكوو ئێستا زیاتر لە دووسەد هەزار كەس لە خەڵكی بێتاوانی ئەو وڵاتە كوژراون و قوربانیانی سەرەكیی ئەم جینایەتانەش ژن و منداڵی بێتاوانن كە بە شێوەگەلێكی نامرۆڤانە لەلایەن رێژیمی ئەسەد و لە ژێر رێنوێنی و مودیرییەتی فەرمیی هێزە نیزامییەكانی ئێران و گرووپە توندڕەوەكانی وەك حیزبوڵڵا و ئەلقاعیدە و…، دوای ئازاردانی جینسییان، جەستەیان پارچە پارچە دەكرێ و دەكوژرێن و تەنانەت بازرگانی بە ئەندامانی لەشیان دەكرێت. خەڵكی ئەو وڵاتە تووشی كۆمەڵكوژی و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رێژیمی ئەسەدەوە بوون و رۆژانە زیاتر لە دەیان كەس دەبنە قوربانیی ئەو شەڕە ماڵوێرانكەرە. لە لایەكی دیكەوە ئاوارەبوونی زیاتر لە چەندسەد هزار كەس لە خەڵكی ئەو وڵاتە كە ئێستا سەرەڕای پەنادان و پێڕاگەیشتنیان لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە، بە كەمترین پێداویستیی سەرەتایی ژیان بەسەر دەبەن.

پشتگیریی لۆجیستیكی و مەعنەویی ئێران و رووسیە و حیزبوڵڵای لوبنان لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئەسەددا، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی درێژەكێشانی ئەو شەڕە ماڵوێرانكەرانە و بە ئاكام نەگەیشتنی شۆڕشی خەڵكی ئازادیخوازی ئەو وڵاتە بووە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە كە رێژیمی ئەسەد بە پشت بەستن بەو هێزە وەك پارێزەری بەرژەوەندییەكانی لە نێوخۆ و دەرەوەدا، پەنا بۆ كۆمەڵكوژی و بەكارهێنانی چەكی كیمیای دژ بە هاوڵاتیانی خۆی ببات و لە هیچ جینایەت و كردەوەیەكی دژە مرۆیی خۆی نەپارێزێت. دوای كوژرانی دەيان كەس لە رۆژی30ی گەلاوێژ بە هۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە لایەن ئەسەدەوە، ئامریكا لە هەڵوێستێكی تونددا، هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی نیزامی دژ بە بنكە نیزامییەكانی ئەو رێژیمە كرد و خوازیاری چارەسەری قەیرانی ئەو وڵاتە بوو.

بەڵام ئێران و دەوڵەتی رووسیە دژكردەوەیەكی توندیان لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئامریكا گرت و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی مرۆڤكوژانەی ئەسەد كەوتنە داڕشتنی سیناریۆیەك كە لە ئاكامدا بوو بە هۆی پاشەكشەی دەوڵەتی ئامریكا لە هەڵوێستەكەی و دەركردنی بڕیارنامەیەك بە كۆی دەنگ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ داماڵینی چەكی كیمیایی لە سووریە. بڕیارێك كە بۆ یەكەمین جار دوای دوو ساڵ و نیو لە قەیرانی سووریە و ململانێی هێزە دەرەكییەكان لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دژ بە سووریە دەر كرا و دەوڵەتی ئەسەد پێشوازیی لەو بڕیارە كرد و ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاریكردن لە پێناو جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەدا دەربڕی. بڕیارێك كە بوو بە هۆی راگرتنی هێرشی دەرەكی دژ بەو وڵاتە و ناڕەزایەتیی ئۆپۆزسیۆنی سووریە كە دەڵێن ئێمە ئەو هەموو قوربانی و شۆڕشەمان تەنیا لە پێناو داماڵینی چەكی كیمیایی لە سووریەدا نەكردووە.
بەگشتی هەر وەك بان كی مون سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، كۆمەڵگای جیهانی تا ئێستا نەیتوانیوە چارەسەری قەیرانی سووریە بكات و لە ئاست بەرپرسیاریەتیی مێژوویی خۆیدا هەنگاو بنێت. بێدەنگ بوونی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بێ هەڵوێستیی زلهێزەكانی جیهان و بەتایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەروەها داكۆكی كردنی رووسیە و ئێران لە رێژیمی ئەسەد و ململانێ دەرەكی و نێوخۆییەكان، قەیرانی وڵاتی سووریەی ئاڵۆزتر كردووە و بۆتە هۆی روودانی ئەو هەموو كوشتار و ماڵوێرانییە لەو وڵاتەدا. واتە كۆمەڵگای سووریە قوربانیی بەرژەوەندی و ململانێی هێزە دەرەكییەكان و بێدەنگیی رای گشتی لە ئاست ئەو هەموو كوشتار و جینایەتەی كە لەو وڵاتەدا روو دەدات و دەستێوەردانی هێزە ناوچەیی و هەرێمییەكانی وەك ئێران و حیزبوڵڵا و شەڕی نێوخۆییە.

ئەزموونی كۆبوونەوەكانی رابردوو بەتایبەت جێبەجێ‌ نەكردنی بڕیاری كۆنفرانسی ئاشتیی ژنێڤی یەك، لە ساڵی رابردوودا كە بڕیار لەسەر راگواستنی دەسەڵات بە شێوەی ئاشتیانە و پێكهێنانی حكومەتێكی ئازاد و بنكە فراوان لە سوورییەدا درابوو، دەرخەری ئەو راستییەن كە نە بڕیاری ئەم دواییانەی شوورای ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و نە هیچ بڕیار و پەسەندكراوێكی دیكە ناتوانێت لە چارەسەركردنی قەیرانی سوورییەدا شوێندانەر بێت و هەروەها رێژیمی ئەسەدیش هیچكات پابەند بە یاسا و پەسەندكراوەكانی نێونەتەوەیی نەبووە و نابێت. تەنیا رێگای چارەسەری قەیرانی سووریە، یەكدەنگیی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەمەڕ نەهێشتنەوەی رێژیمی ئەسەد و پشتیوانی كردن لە تەڤگەری ئازادیخوازانەی خەڵكی مافویستی سووریە و دامەزراندنی سیستمێكی ئازاد و دێموكراتیك و فیدراڵ لەو وڵاتەدایە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی