"an independent online kurdish website

کاتێک ناوی مامۆستا هه‌ژار و کوردستانی گوێ لێ ده‌بێت، له‌ سه‌ره‌خۆ ده‌سته‌ کز و لاوازه‌کانی بۆ ده‌سڕۆکه‌ سپیه‌که‌ی ته‌نیشتی ده‌با و چاوه‌ فرمێسک تێ زاوه‌کانی هێدی هێدی پێ داده‌پۆشێ .

dayki_zagros

مرۆڤ له‌ یه‌که‌مین نیگای چاوه‌ پڕ له‌ چاوه‌ڕوانیه‌کانیدا ڕه‌نجێکی قووڵی ڕابردویه‌کی دوور و درێژ بەدی ده‌کات. عیسمەت خانم له‌ دایک بووی مه‌هاباد و هاوژینی ژیانی سه‌رتاسه‌ر پڕ له‌ کوێره‌وه‌ری مامۆستا هه‌ژاری شاعێر، نووسه‌ر، وه‌رگێر و ئه‌وینداری ئازادی نیشتمانی خێر و ئاسایش نه‌دیتوومان کوردستانه.‌

ئه‌و هه‌نووکه‌ به‌ له‌شی په‌ک که‌وتوو، ماوه‌ی چوار ساڵی ڕه‌به‌قه‌ [1/8/2008ی زاینی]، له‌ لایه‌ن تاقه‌ کوڕه‌ وه‌فاداره‌که‌ی ، کاک (زاگرۆس) ، هه‌ڵگێر وه‌رگێر و ته‌ڕو وشک ده‌کرێ .

 

زاگرۆس پاش ئه‌وه‌ بۆ پارێزگاری و ئاگا لێ بوونی ئه‌م دایکه‌ نیشتمان په‌روه‌ره،‌ بێکه‌س که‌وتوه، ده‌ستی له‌ کار و ژیانی ئاسایی وڵاتی هۆڵه‌ند هه‌ڵگرت، دوو به‌ دوو له‌ گه‌ل عیسمەت خانمی هه‌میشه‌ ده‌ربه‌ده‌ر، له‌ ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردی، له‌ هه‌ولێر ڕۆژ و ڕۆژگاری دژوار به‌ڵام لیپاولیپ له‌ هه‌ست و سۆزی بێ وچان بۆ دابین کردنی ئاسایشی دایک تێده‌په‌ڕێنێ.

 

پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتکاری دڵسۆزی وڵات، زاگرۆس شه‌رفکه‌ندی، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت به‌ نیشتمانی په‌لامار دراو زانکۆی پۆلی تکنیکی تارانی به‌ جێ هێشت و ساڵانێکی زۆری ته‌مه‌نی له‌ پێناو به‌ر گری هێرشی دوژمنانی ماف و ئازادی کوردستان ته‌رخانی پێشمه‌رگایه‌تی بۆ وڵات کرد، دواتر له‌ وڵاتی هۆڵه‌ند خۆی دیته‌وه‌.

zagros_dayki_2

ئه‌م مرۆڤه‌ له‌ خۆ بوردوو و به‌رپرسه، ‌ پاش ئاگادار بوون له‌ وه‌زعی نالەباری ژیانی دایک، دوا به‌ دوای کۆچی دوایی مامۆستا هه‌ژار، هه‌وڵ دەدات گرفته‌ که‌ به‌ ناردنه‌وه‌ی پاره‌ و دابین کردنی خه‌رجی خزمه‌تکاری دایک جێ به‌ جێ بکا، بەڵام له‌ به‌رانبه‌ردا جیا له‌ وه‌رگیرانی پاره‌ له‌ لایه‌ن خزمه‌تکار و که‌سانی به‌ نێو دڵسۆزه‌وه‌،   به‌ پێی ده‌رئه‌نجامی پرسوجۆ زانرا وه‌زعی پێراگه‌یشتنی خێزانی مامۆستا هه‌ژار به‌رەوه‌ خراپی زیاتر ده‌چی!

کاک زاگرۆس ساڵه‌کانی 2006 و 2007 تێده‌کۆشێ به‌ گواستنه‌وه‌ی دایکی بۆ وڵاتی هۆڵه‌ند، ئاڵوگۆڕێک له‌ ژیانی خێزانی وه‌فاداری (هه‌ژار) ، پێک بێنێ.

داخی گران، دره‌نگ که‌وتن و ته‌وژمی پیری، په‌ک که‌وته‌یی یه‌کجاری له‌ش و له‌ قیس چوونی توانای له‌ سه‌ر پێ وه‌ستان و گۆ کردن ماوه‌ی ژیانی ئه‌م ژنه‌ وه‌فادار و دڵسۆزه‌ی نیشتمان داده‌پۆشێ.

هه‌موو حه‌ولی زاگرۆس، تاقه‌ دڵسۆزی عیسمەت خانم و پێشمه‌رگه‌ی نه‌ناسراوی وڵات بۆ دۆزینه‌وه‌ی چارەسه‌ری پزیشکی له‌شی په‌ک که‌وته‌ی دایک له‌ وڵاتانی، هۆڵه‌ند، انگلیس و ئاڵــمان به‌ بێ ئاکامی دڵخواز دمێنێته‌وه‌.

بێ سوود بوونی هه‌وڵه‌کان و ئاماده‌ نه‌بوونی هیچ لایەنێک بۆ به‌ خاوه‌ن ده‌رکه‌وتن و ئاگا لێ بوون به‌ گوێره‌ی ئاره‌زووی خه‌مخۆری ئه‌م دایکه‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌، ئه‌نجامی وه‌لانانی کارو ژیانی ئاسایی و خۆ ته‌رخان کردن بۆ خزمه‌ت، پارێزگاری و نه‌جات دانی ئه‌و له‌ چاره‌نووسی تووش بووی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.

ئه‌رکێک که‌ به‌ داخه‌وه‌ که‌متر که‌س ئاماده‌یه‌ له‌و ئاسته‌ دا به‌ ئه‌و په‌ڕی به‌رپرسایه‌تی و به‌ باشترین شێوه‌به‌ڕێوه‌ی به‌رێ.

وێرای دووپاتی قه‌در زانین له‌ پارتی دێمۆکراتی کوردستان بۆ به‌ هانا هاتن و ته‌رخان کردنی جێ و ڕێی ژیان دوای ماوه‌یه‌ک نیشته‌جێ بوون له‌ شاری هه‌ولێر، زاگرۆس سه‌رجه‌می کاتی ژیانی له‌ سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگایه‌تی نیشتمان بۆ سه‌نگه‌ری خزمه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی دڵسۆز واته‌ دایکی به‌ ساڵاچووو په‌ک که‌وته‌ ته‌رخان کردوه‌.

له‌وانه‌یه‌ زۆر که‌س گرینگی خزمه‌تی ئه‌م مرۆڤه‌ له‌ خۆبردوه، به‌رانبه‌ر به‌ ژنێکی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ دایکی خۆیه‌تی به‌ ئاسایی لێک بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام کاتێک به‌ تۆزێ وردبینی چاو به‌ ده‌ورو به‌ری خۆماندا بگێڕین و جۆری پێوه‌ندی هه‌نووکه‌یی مرۆڤی سه‌رده‌م و به‌ر پرسایه‌تی تاکه‌کان هه‌مبه‌ر هه‌ڤدوو سه‌یر بکه‌ین، مه‌زنایه‌تی بڕیاره‌که‌ی (زگرۆس) زیاتر بۆمان ئاشکرا ده‌بێ.             جیا له‌ خه‌باتکارانی وڵات، ڕه‌نگه‌ که‌متر که‌س هه‌بن هه‌ژار مۆکریانی نه‌ناسن، به‌ تایبه‌ت ئه‌و چین و توێژه‌ی له‌ گه‌ڵ شێعر، مێژوو و ته‌نانه‌ت ئایین سه‌رو کاریان هه‌یه‌ .

سه‌ربرده‌ی ئه‌م پیاوه‌ بڵیمه‌ت، زانا و تێکۆشه‌ره، له‌ پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی، زمان، ئه‌ده‌ب و مێژووی کورد زۆر جار له‌ زمان هه‌ژار ناسانه‌وه‌ به‌ تێرو ته‌سه‌لی باس کراوه‌ .

zagros_dayki

وێرای چێ کردنی په‌یکه‌ری ڕێز و وه‌فا بۆ ئه‌م که‌ڵه‌ پیاوه‌ له‌ شاره‌کانی مه‌هاباد له‌ ڕۆژهه‌لات و شه‌قڵاوا له‌ باشووری وڵات، له‌ پێوه‌ندی مه‌زنی ئه‌م پیاوەدا جێی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه، کاتێک خامنه‌یی وه‌لی شیعه‌کانی ئێران سه‌ردانی ئوستانی کوردستان ( شاری سنه‌) ده‌کا، وێرای هه‌موو بێ باوه‌ڕی و دوژمنایه‌تی ئاشکرا و شاراوه‌ به‌رانبه‌ر کوردستانیان، ناتوانێ له‌ قه‌راغ ناوی کوردستان به‌ بێ ئاماژه‌ به‌ بڵیمه‌تێکی وه‌ک هه‌ژار و مه‌زنی که‌سایه‌تی و زانایی ئه‌م پیاوه‌ تێ په‌ڕێ.

هه‌ژار توانیویه‌تی له‌ ژیانی پڕ کاره‌سات و کوێره‌وه‌ری خۆیدا نازناوی شاعێری میللی تا وه‌رگێڕانی قورئانی موسڵمانان بۆ سه‌ر زمانی کوردی و “قانوون” کتێبی به‌ عه‌ره‌بی نووسراوی (ئێبن سینا)، بۆ سه‌ر زمانی فارسی کە پاش سه‌دان ساڵ ده‌سته‌وه‌ستانی فارسه‌کان بۆ بە ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ پێزه‌، به‌ ناوی خۆی بۆ کورد تۆمار بکا و هەروەها ده‌یان ئاسه‌واری به‌ نرخی تر بۆ نه‌وه‌ی پاش خۆی به‌ جێ بهێڵێ.

نابەجێ و دوور له‌ ئینساف دێته‌ پێش چاو،  ئه‌گه‌ر له‌ درێژه‌ی ده‌یان ساڵ ژیانی هاوبه‌شی مامۆستا هه‌ژار له‌ گه‌ڵ عیسمه‌ت خانم،  باسی ته‌مه‌نێک کوێره‌وه‌ری، ده‌ربه‌ده‌ری و به‌شکردنی جه‌ور و جه‌فا و ئازاره‌کانی ژیانی په‌ڕیوه‌یی ئه‌م که‌ڵه‌ ژنه‌ خۆڕاگره‌، گوشاری سته‌مکارانی دژه‌ کورد و ڕه‌نجی ژیان له‌ نه‌داری و کۆسپه‌کانی سه‌رده‌می شاخ بگره‌ تا بێ به‌شی له‌ هه‌موو خۆشیه‌ک که‌ ئاو قه‌دی بوه‌ پشت گوێ بخرێ و هه‌ر نه‌بێ له‌ دوا ساته‌کانی ژیانی دا ئاوڕی وه‌فای لێ نه‌درێته‌وه‌.

 ئه‌م خاتوونه‌ وه‌فاداره‌ له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی هاوبه‌شی خۆیدا تا دواساته‌کانی ژیانی مامۆستا هه‌ژار ساتێک شک نابات کە ته‌گه‌ره‌ی هاویشتبێته‌ سه‌ر رێی ئامانجه‌ پیرۆزه‌کانی هه‌ژاری نووسه‌ر، شاعێر ، وه‌رگێڕ و…

مه‌خابن له‌ ژێر ته‌وژمی نه‌ریتی کۆنی چه‌ق به‌ستوودا، مه‌زنایه‌تی و لێ بوورده‌یی ئه‌م خێزانه‌ وه‌فاداره‌ به‌ بێ ئاوڕی مرۆیی کۆمه‌ڵگاکه‌ی له‌ سێبه‌ردا قه‌تیس و ده‌گمه‌ن ئاوڕی ئه‌مه‌گناسانه‌ له‌ که‌سانی ئه‌وتۆ دراوه‌ته‌وه‌!!

لێره‌ دا جێی سرنج لاساری، پشت گوێ خران و که‌مته‌ر خه‌می ئه‌و لایەنانه‌یه‌ که‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری، خه‌بات، ڕزگاری ، ئاسووده‌یی کورد ده‌زانن و پێشمه‌رگه‌ به‌ بنه‌مای هه‌بوونی خۆیان و ده‌وامی خه‌بات شرۆڤه‌ ده‌که‌ن!

ئه‌و لایەنانه‌ که‌ هه‌ر جاره‌ له‌ مێدیاکانیان باسی ژیان و خزمه‌ته‌کانی هه‌ژار و به‌خته‌وه‌ری خۆیان وه‌ک هاووڵاتی، هاوشاری و هاواڵ بوونی ئه‌و به‌ سه‌رفرازیه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ و مێدیاکانیان له‌ هه‌ر بۆنه‌یه‌ک باسی خزمه‌ته‌کانی هه‌ژار ده‌که‌ن! هه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ که‌ ره‌نگه‌ زۆر جار ئامادەبوونی خۆیان له‌ مه‌جلیسێکی هه‌ژاردا به‌ فه‌خر و شانازی بگێڕنه‌وه‌، که‌سانێک که‌ ڕه‌نگه‌ خزمه‌ته‌کانی خاتوو عیسمه‌ت خێزانی وه‌فاداری مامۆستا هه‌ژار، کاتی ده‌ربه‌ده‌ری له‌ به‌غدا و جێ جێی سه‌رده‌مه‌ دژواره‌کانی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی هێشتا له‌ بیریان مابێت.!؟

سه‌د عه‌یب و شووره‌یی و گازه‌نده‌ی بێ وه‌فایی و قه‌در نه‌زانی بۆ ئه‌و لایەنانه‌ که‌ جێگای ژیان و نیشتەجێ بوونی ئێستایان تا شوێنی ژوور و ماڵه‌که‌ی خاتوو عێسمه‌ت ڕه‌نگه‌ نیو سه‌عات یان لانی زۆر سه‌عاته‌ ڕیێه‌ک زیاتر مه‌ودا نه‌بێ، به‌ڵام به‌ زه‌حمه‌تی ده‌زانن له‌ نزیکه‌وه‌ بۆ تاوێک سڵاوێکی ساردو سڕی وه‌فای نه‌بوویان، پێ ڕابگەیەنن.

خۆ دوور نیه‌ کاتی مردنی ئه‌م که‌ڵه‌ ژنه‌ دڵسۆزه‌، هه‌ر ئه‌م لایەنانه‌ له‌ مێدیاکانیان وه‌ک هه‌میشه‌ مردنی ئه‌ویش بکه‌ن به‌ به‌ڵگه‌ی تەبلیغات و خۆهه‌ڵکێشانی خه‌‌باتکارانه‌ بۆ خۆیان و حیزبه‌کانیان!!

مه‌خابن له‌ کوردستان پێشمه‌رگه‌ تا زیندوو بێ، خزمه‌ته‌کانی نه‌ک به‌ هێند ناگیردرێن به‌ڵکوو ژیانی ئه‌و له‌ پاش مه‌رگ بۆ خۆ پێ هه‌ڵکێشانی لایەنه‌کان ده‌کرێت به‌ که‌ره‌سه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی هه‌لپه‌رستانه‌ی سیاسی!!

لێره‌دا وێرای ئاره‌زووی ته‌مه‌نی درێژی بۆ پێشمه‌رگه‌ی به‌رپرس و وه‌فاداری نیشتمان کاک زاگرۆس شه‌ره‌فکه‌ندی، ئافه‌رین بۆ فیداکاری سۆزدارانه‌ و هیمه‌تی به‌رزی مرۆیی ئه‌م ئینسانه‌ به‌خشه‌نده‌یه‌ به‌ جێ و ئه‌رک ده‌زانم. هاوکات ڕێز و قدری فێداکاریه‌کانی ئه‌م دایکه‌ نیشتمان په‌روه‌ره‌ به‌ سه‌ردا نه‌واندنی دوورادووری خۆم ده‌رده‌بڕم .

سدیق بابایی ئاڵــمان 15/10/2013  

    

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی