"an independent online kurdish website

لەو ساتەوە کە ئێران دەسەڵاتی لە نەتەوە جیاوازەکان سەندوە، ڕێژیمە یەک لە دوا یەکەکانی تاران؛ کوردستان وێران و ژنان و پیاوانی کورد لە سێدارە دەدەن،qadir_khandarash

سەدان ساڵە کاولکاری و قڕکردنی کوردان بووە بە خوڕەوشتی دەوڵەتی داگیرکەری فارس، سەدان ساڵە بە درۆودەلەسە کورد دەکەن بە ئێرانی و لەژێر ناوی ئێرانی بوون و خانەخوێیی لاوانی کورد زیندەبەچاڵ دەکەن، ژنان و پیاوانی کورد لە سێدارە دەدەن و کوردستان خاپور و وێران دەکەن، سەروەت و سامانی نەتەوەی کورد بە تاڵان دەبەن و کوردستان دەفارسێنن، دەوڵەتی داگیرکەری تاران  بە ئاشکرا کاری کردوە و بەردەوامیشە بۆ لەنێو بردنی زمان و کولتور و داب و نەریتە کوردیەکان و بە نێوی ئێرانی بوون خەریکن نەتەوەی کورد دەفارسێنن، دەوڵەتی داگیرکەری تاران و فارس زمانەکان بە گشتی لە دەرەوە و ناوەوەی ئێرانی بەزۆر لکێندراو بەیەکەوە دا هەموو هەوڵ و تەقەلایان بۆ بە فارس کردنی کورد و بە ئێران کردنی وڵاتێکە کە نێوی کوردستانە، بەنێو دژبەرانی ڕێژیمی ئێستای تاران وێڕای دژایەتی کردنیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران، کەچی نوکی نێزەیان ڕوو بە سینگی لاوان و ڕووی قسەیان لە نەتەوەی کورد و لەگەڵ نێوبردنی وشەی کوردستانیش دا لەلایەن هەر کوردێکەوە، دەبینی هەر فارس زمانێک کە لە هەر کونج و قوژبنێکی دونیادابێت وەک دووپشکی گەرمەسێر پێوەیبدات هەڵدەبەزێتەوە و یەکسەر کێچ دەکەوێتە کەوڵیەوە و حاوانەوەی لیدەبڕێت! نەتەوەی داگیرکەری فارس بە هەموو ڕەنگ و روخسارە جیاوازەکانیەوە و بێ وەستان کار دەکەن بۆ لەناوبردنی کورد و تواندنەوەی ئەم نەتەوە مەزنە لە هەموو ڕووەکانەوە، بە ڕواڵەت دژبەرەکانی دەسەڵاتدارانی تاران لە دەرەوە و لە ڕێگای دۆستایەتی کردنی کورد و هاوپەیمانێتی و هتد… ڕێژیمی تارانیش لە ڕێگای گرتن، ڕاونان و ئەشکەنجە و لە سێدارەدانەوە خەریکە کورد قڕان کات و لەناوی بەرێت.

ڕێژیمی داگیرکەری تاران لە ماوەی زیاد لە سێ دەیە دەسەڵاتی ڕەشی خۆی بەسەر کوردستان دا هیچ بەرنامەیەک و هیچ ئالەتێکی ئەشکەنجە و ئازاردان و هیچ ڕێگایەکی نامەشروع نەما کە تاقی نەکاتەوە بۆ کوشتن و لەنێوبردنی کوردان، ڕاونان، گرتن، لێدان، گوللەباران، هەڵواسین، بەردباران و زیندەبەچاڵکردن و تەنانەت دەستدرێژی کردنە سەر بەندکراوانیشیان تاقی کردەوە بۆ ترساندنی ژنان و پیاوانی کورد، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو شێوە ئەشکەنجە و ئازار و لەنێوبردنانە، کەچی لاوانی کورد هەر لەسەرپێ وەستاون و بەردەوامن لە خەبات دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، لاوانی کورد وێڕای ئەوەی کە زۆر باش دەزانن دوژمنەکەیان دوورە لە هەر جۆرە خوڕەوشتێکی مرۆڤایەتی و ئەوەی هەست و ئیحساسی ئینسانی بێت لە وجودیان دانی‌یە بەرانبەر بە کورد، کەچی دیسانیش بێ ترس لە گرتن و ئەشکەنجە و ئازار و لێدان و کوشتن دێنە مەیدان و گیانیان دەکەن بە قوربانی لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتەکەیاندا.

حەبیبوڵا گوڵپەری‌پور و رەزا ئیسماعیلی نمونەی لاوانی کورد و گەواهیدەری نەترسی و ئازایەتی ژنان و پیاوانی کوردستانن، هیچ گومان لەوەدانی‌یە کە رەزا و حەبیبوڵا لە ماوەی بەندکردنیان لە چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی تاران دا دەیان حەماسەیان خوڵقاندووە و بە داگیرکەرانیان سەلماندووە کە لاوی کورد ئامادەیە بمرێت بەڵام هەرگیز تەسلیم بە داگیرکەر نابێت، ناکرێت و نابێت کە ئیرادە و بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانە و کوردانەی ئەو شەهیدە مەزنانە کاریگەری لەسەر جەلادەکان دانەنابێت و باوەڕی شۆڕشگێرانەی ئەو لاوە کوردانە دڵی ئەشکەنجەگەرانی ئێرانی نەخستبێتە لەرزە. ڕاستە کە جەلادەکان توانیان دڵی حەبیبوڵا و ڕەزا لە لێدان بخەن، بەڵام ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە هەرگیز بە ئەشکەنجە و لێدان و سێدارە ناتوانن بیروباوەڕی کوردانەو شۆڕشگێرانەی حەبیبوڵا و ڕەزاکان دەستبەسەر و دەستەمۆ بکەن، هەربۆیە هەموو هەوڵ و تەقەلایان ئەوەیە کە لە ڕێگای دۆستایەتی و بە ئێرانی کردنەوە بیروباوەڕی کوردانە و سەربەخۆخوازی لاوانی کوردستان دەستەمۆ بکەن و لەم ڕێگایەوە درێژە بە کوردقڕان بدەن، جا بۆیە پێویستە لاوانی کورد زۆر وشیار بن و ئەو ڕاستیە باش بزانن کە هەتا کورد خۆی بە ئێرانی بزانێت، پەتی سێدارە بەردەوام میوانی گەردنی لاوەکانمان دەبێت و کوردستانیش هەر ژێردەست دەمێنێتەوە، بەڵام بە داخەوە ئەو ڕاستی‌یە لەلای هەندێک کەس بڤەیەو ئێستاش زۆر لە ژنان و پیاوانی کورد یان نەهاتونەتەوە هۆش خۆیان یان بە ئەنقەست دان بەو ڕاستیە دانانێن کە ئێرانی بوون واتای پەت و سێدارە، ئێرانی بوون واتای مل خستنە بەر چەقۆی دوژمن، ئێرانی بوون مانای بە داگیرکراوی هێشتنەوەی کوردستان و خاپوورکردنی زیاتری وڵاتەکەمان، هەربۆیە شانازی بە ئێرانی بوونەوە دەکەن و کوردایەتی و کورد بوون بە هەواو هەوەس و “غروری جەوانی” دەزانن، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەوە خۆیانن کەوتونەتە نێو ئەو داوە ترسناکەی داگیرکەر و ئێرانی بونیان خەریکە کەم کەم دەست و پێیان لە جوڵە دەخات.

 

قادری خەندەڕەش

٦ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٣

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی