"an independent online kurdish website

دوای شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوی نەمر، دەفتەری سیاسی حیزب بڕیاری دا کتێبخانەکەی دوکتۆر بدرێتە کتێبخانەی گشتیی حیزب. ئەودەم وەک ئێستا نەبوو کە بە داگرتنی دووگمەیەک، حەزرەتی گوگل سونامی زانیاریت بۆ وەڕێبخا.braym_lajani

سەرچاوەی خوێندنەوە و زانیاری ئێمە لەو شاخانەی قەندیل ئەو کتێبانە بوون کە لە کتێبخانەی گشتی حیزبدا هەبوون لەگەڵ ڕادێۆکان کە بەڕاستی بەکەڵک بوون.

کاتێک کتێبەکانی کاک دوکتۆر گوێزرانەوە بۆ کتێبخانەی گشتی من یەکێک لەو کەسانەبووم کە بە تاسەوە دەستم کرد بە خوێندنەوەیان. دیارە زۆر کتێبی بەزمانی فەرانسەوی تێدابوون کە من بەداخەوە نەمدەتوانی کەڵکیان لێوەرگرم و ئەوە بۆمن ببوو بە مەراقێکی گەورە، بەڵام باقی کتێبەکانی دیکەم جارێک و چەندجار خوێندنەوە.

یەکێک لەو کتێبانە بریتی بوو لە کۆکراوی سەجەمی ئەو جۆکانەکەی کە لە کاتی دەستەڵاتداریەتی حیزبی کۆمۆنیست دا لە یەکیەتی سۆڤیەتی لە سەردەمی خەڵک بوون  و بە نێوخەڵکدا بڵاودەکرانەوە . ناوی کتێبەکەم لەبیرنیە، بەڵام ئەوەم لەبیرماوە کە خانمێکی رٶژنامەنوسی ئوستڕالیایی کۆیکردبوونەوە و دوکتۆرای لەسەر وەرگرتبوون.

ئەوجۆکانە بەجۆرێک  ئاوێنەی باڵانوێنی  بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگای سوڤیەتی سەردەمی دەستەڵاتداریەتی حیزبی کۆمۆنیستی شووڕەوی بوون.  دڵنیام ئێستاس ئەو کتێبە هەر لە کتێبخانەدا ماوە  هیوادارم کادرەکان و ئەندامانی حیزب بیخوێننەوە .

یەکێک لەوجۆکانەم هەرلەبیرە. لێرەدا هەوڵدەدەم نێوەرۆکی جۆکەکە بگێرمەوە. دیارە چۆنیەتی دارشتن و ڕستەبەندیەکەیم وەبیرنەماوە، بەڵام نێوەرۆکەکەی وەخۆی  دەگوێزمەوە.

بەهۆی ئەو باروودۆخە سیاسی و تەشکیلاتیەی کە حیزبی کۆمۆنیستی سوڤیەت لە دورانی ستالیندا تێیدا دەبیت، لەنێو تەشکیلاتی حیزب و ریزەکانی حیزبدا،  ڕووحیەیی کار  و ئەنگیزەو مۆتیڤاشۆن بۆ کارو شان وەبەردان و بەرپرسایەتی قبووڵکردن  نامێنێ و سەرتاسەری تەشکیلاتی حیزب وەک جەستەیەکی بێ خوێن و بێ گیانی لێبەسەردێ.

ئەومەسەلەیە لە دەفتەری سیاسی حیزبدا دێتەبەرباس. بەوجۆرە بڕیار دەدەن کارێکی وابکرێت ئەنگیزەی کار لە ئەندامان و کادرەکانی  حیزبدا بەهێزبکرێت، بەجۆرێک کە ئەندامەکان  بۆ کاروزەحمەتکێشان  و بەرپرسایەتی وەرگرتن تەشویق بکرێن. بۆ بردنەپێشی ئەو تەرحە تەشکیلاتیە  دەست دەکەن بە تاقی کردنەوەی ئەندامان و کادرەکانی حیزب تا ڕادەی وەفاداری و فیداکاری و حیزبی بوون و بە دیسپلین بوونی ئەندامانی حیزب و ئیتاعەتیان لە سکرتێرو ڕێبەرایەتی حیزب بخەنە بەر ئەزموونی عەمەلی.

برێار دەدەن کە لە سکرتاریاڕا دەست پێبکەن و کادرەکان و ڕادەی وەفاداریان بە تاقی کەنەوە. دەفتەری سیاسیی لە  بینایەکی بڵندی حەوت تەبەقە دادەبێت. لەو ساختمانەشدا مقەر یا شوێنی کاری سکرتێر لە تەبەقەی هەرەسەرەوە دەبێت کە بەسەر مەیدانێکی گەورەی شاردا دەڕوانێت.

یەکێک لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی کە بەرپرسی کاروباری تەشکیلاتی دەبێت ، وەختێک بۆ کادرەکانی سکرتاریا دادەنێت بۆ کۆبوونەوە لە گەڵیان. بەوجۆرە کۆبوونەوە دەستپێدەکاو کاکی بەرپرسی تەشکیلات وەک عادەتی هەمیشەیی باس لە حیزب و ئەرکە میللی و نێونەتەوەییەکانی حیزب و وەزیفەی ئەنامانی حیزب  لەبەرانبەر حیزبدا دەکات و پآشان باسی ئەو تەرحە تەشکیلاتیە دێنیتە بەرباس کە دەفتەری سیاسی پەسندی کردوە بۆ ساخکردنەوەی حیزب و خوێندان بەلەشی ساردوسرێ حیزب و بە تین و گوڕێکی زۆرەوە قسەی لەسەردەکات،

دواتریش دەلێ  ئەوتەرحەش لێرەوە دەست پێدەکا و بە بەدەنەی حیزبدا شۆڕدەبێتەوە تا هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەڕواتەخوار. ئاخر ئوسوڵێ سانترالیزمی دێموکڕاتیک ئەوەیە.

کادرەکاکانی سکرتاریا  پێنج کەس دەبن. بەرپرسی تەشکیلات پێیان دەڵێ حیزب بریاری داوە ئێوە بەنۆرە لەو پەنجەرەڕا بۆ ئەو میدانەی خوارێ خۆفڕێدەنە خوارەوە تا ببنە سەرمەشق و سەرچاوی ئیلهام و باقی ئەندامانی حیزبیش چاو لە ئێوەبکەن و ئاوا وەفاربن بە حیزب .

کادرەکان پەنجەرەی بالکۆنی سکرتاریا دەکەنەوە و دەچن تەماشا ی خوارەوە دەکەن و دەگەرێنەوە و بەکاکی مەئموور دەڵێن ئاخر ئەوە مومکین نیەو مەئموریەتێکی دیکەمان پی بسپێرن کە بتوانین جێبەجێی بکەین و لەتواناو زەرفیەتمان دابێت. یەکێک لەوان ئیعتراز دەکاو دەڵێ ئەرێ ئاخر کاکە هەتاکەنگێ ئیمتحانم دەکەن تا گەیشتوومەتە ئێرەو  بووم بە کادری سکرتاریا هەزار ئیمتیحانی تەشکیلاتی و سیاسی و حیزبی و تیئوریئ و عەمەلی چریکی و چیوچیم داوە ئاخر ئەوە بەسنیە، ئەگەر لێرەڕا خۆ بەردەمەوە خوارەوە دەمرم و ئاخر منیش ئینسانم و ژن و منداڵم هەیە. ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی دەلێ باشە ئەوەی ئەو مەئموریەتە بەرێوەنابا دەبێت بزانێت، دەیخەینە بەر تیغی تیژی تەشکیلات و سزای حیزبی دەدرێت. یەکێک لە کادرەکان دەڵی من ئامادەم ئەو مەئموریەتە بەرێوەبەرم. بەڵام یەک داوام هەیە. ئەوشەو لێم گەرێن بچمەوە ماڵێ ژنەکەم و منداڵەکانم ببینم و وەسیەتانبکەم و بەیانی سەعاتی هەشت دێم لەو باڵکۆنەوە خۆفرێدەدەمەخوارەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بەنامەیەکی بەرپرسی تەشکیلات و ئیمزای سکرتێر ئەو کارانەی دیکەی سکرتاریا کە ئامادەی جێبرجێکردنی ئەو مەئموریەتە نەبوون بەتاوانی سەرپێچی لە بڕیاری حیزب و لە ژێرپێنانی پەیڕەوەی نێوخۆی حیزب، لە حیزب دەردەکرێن و دواتریش  هەربەوتاوانە دادگای دەکرێن و ڕەوانەی ئۆردوگاکانی کاری ئیجباری لەسیبریا دەکرێن.

کادرەکەی دیکەش بەیانی سەعاتی هەشت  سەری حاڵ و دەم بەبزەو شادو ڕووخۆش دەگاتە سکرتاریاو ڕادەگەیەنی کە ئێستا من ئامادەم ئەو مەئموریەتە حیزبیە جێبەجێبکەم و چوومەتەوە مالێ و خواحافیزیم لە بنەماڵەکەم کردوە. سکرتێرو ئەندامانی دەفتەری  سیاسی و کۆمیتەی مەرکەزی دێن  تا لە نزیکەوە ئەو کردەوە جەسورانەیە ببینن.  بەوجۆرە کابرای کادر پەنجەرەی ژووری سکرتاریا دەکاتەوە و دەچێتە سەر باڵکۆنەکە تا خۆی فڕبدات و لەوکاتەدا بەرپرسی تەشکیلات هاواری لێدەکات و داوادەکات خۆفڕێنەداتە خوارەوە و حیزب کاری پێیەتی.

کابرای کادر دیسان ناچار دەبێت دیسان  لەسەر دیواری باڵکۆنەکەڕا بێتەخوارەوە و بچێتەوە ژووری سکرتاریا.

سکرتێرو ئەوانی دیکە لێی کۆدەبنەوە و دەڵێن حیزب دەیەوێت ئەنگیزەی کاروخەبات لە تەشکیلات و ئەندامان و کادرەکانی حیزبدا بخوڵقێنێ، دەمانەوێ بزانین ئەوە کام ئەنگیزەو مۆتیڤاشۆنە تۆ هاندەدا کە بتوانی لەو بالکۆنە بەرزەوە  خۆت فڕێ دەیە  خوارەوە، دەمانەوەێ ئەوە بکەینە سوژەو لە تەشکیلاتدا کەڵکی لێوەرگرین تا ئەندامانی دیکەی حیزبیش وەک تۆ بن،

ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ. ئەنگیزەو مۆتیڤاشۆنی من بۆ ئەوە کە: لەدەستی حیزب ڕزگارم بێت .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی