خوێندن و زانست پێداویستیەکی حەیاتین و لە ڕاستیدا بنەمای ئەسلی سەنعەت و پێشکەوتن و بەختەوەری ژیانی سەرجەم مرۆڤەکانە. بە لای ئێمەی خاوەن بڕواش دەگەڵ ئەو تایبەتمەندیەی باسم کرد
یەکەمین وشەیەکە خوا بە پێغەمبەرەکەی ئەسپاردوە و وەک فەرمان نەک داوا کە خوێندن لە پێشەوەی هەموو ئەرک و واجبەکانە (إقرء) بخوێنە. بۆیە من باس لە کەسێک دەکەم کە یەکەمین پیتی زمان واتە ئەلفوبێی ئەو فێری کردوم . سەرو ژێرو بۆرو زەنە و هەڵکشاوە و داکشاوە و….. لەوی فێربووم . چۆن بنووسم ئەو دەستی ڕاهێنام. ئەو هەر مامۆستای دەرسم نەبوو، بەڵکو باوکانە مامۆستای ئەخلاق و ڕێنوێنی ژیانم بوو. بناغەی فێربوونی زمان ئەلف و بێی پێدەکوترێێ ئەو بۆی داڕشتم. ئەو ڕاهێنەرم بوو بۆ داهاتویەک کە نەخۆم بیرم لێ دەکردەوە و نە ئەویش وەک خۆی کە بیری لێ دەکردەوە پێی دەکوتم. جیا لەوە کە قوتابی ئەو بووم بە هۆی بۆ چون و تێگەیشتنی لە من زۆر شتی لە خۆم زیاتری فێر دەکردم. ئەو دەیکوت: من خوێندەوارم بەڵام فەعلەم، چیم پێی بڵێن دەبێ ئەوە بکەم، ئاغاکەم چی دەوێ دەبێ ئەوە بنووسم. ژیانی من ژیانێکی کرێگرتەییە، بۆیە ئەوەی حەزم لێیە بینوسم بۆم نانوسرێ، ئەوەی دەبێ بە ئێوەی بڵێم هەمویم بۆ ناکوترێ. هیوادارم ئێوە بکەونە سەر دەمانێک ئەو شتانەی ئێمە نەمان زانیوە ئێوە فێریان بن، ئە وانەی ئێمە بۆمان ناکرێ ئێوە ئەنجامی بدەن. ئەو دەرفەتەتان بۆ بڕەخسێ بتوانن بیرو باوەڕی خۆتان بێ مەترسی دەر بڕن. من دڵنیام ئەو ڕۆژە دێ، بەڵام نە زۆر نیزیکە و نەواش هاسانە.
ئێوە دەبنە خوێندەوار نازانم تۆ هەستی شاعیریت تێدا دەبێ یان نا، بەڵام ئەو هەستە لە تۆدا شک دەبەم کە بتوانی ڕێبواری ڕێگای ئەوان بی. من باش لە وتە بەنرخەکانی و مەبەستەکەی تێ نەدەگەیشتم. پرسیارم لێ کرد : ماموستا ڕێباز چیە و ئەوان کێن؟ کوتی: ئەوان هێمن و هەژارن. ڕێبازی ئەوان خوێندن و خۆناسینە. ئەتۆش بخوێنە بزانە تۆ کێی و لە کام نەتەوەی و چ مافێکت هەیە. لێم پرسی ماف چیە؟ کوتی: ئێستا هەر دەتوانم ئەوەندەت پێ بڵێم: بڕۆ بخوێنە چونکە زانست زامنی خۆناسینە، کە خۆشت ناسی دەزانی مافت هەیە و چۆنە.
پێی دەکوتم: برایم لە دەرونمدا بەرانبەر بەتۆ هەستێکم هەیە کە بۆ ئەوانیترم نیە. بە بۆچونی خۆم لە دوا ڕۆژی تۆ دا هێندێک شت بەدی دەکەم کە وەها بۆ چونێکم بۆ ئەوانەیتر نیە. لە خۆمەوە بڕوایەکی وام پێتە کە هانم دەدا زۆر شتت لە لا بڵێم. وەک لە پێشەوە کوتم باش لە مە بەستی نەدەگەیشتم ئەویش دەقاو دەق پێی نەدەکوتم. خۆشحاڵم زۆر بەی نسحەتەکان و ڕێنوێنیەکانیم ئێستاش لە بیر ماون و لە ماوەی ژیانم دا کەڵکم لێ وەرگرتوون لە زۆربەیان تێگەیشتوم و دەکارم هێناوە.
ئەو مامۆستا بەڕێزە، ئەو باوکە دڵسۆزە، ئەو سادقە دڵپاکە، ئەو خوێندەوارە ئاکار چاکە ، ئەو زانا بەڕێزو پێزە، مامۆستا میرزا برایمی فازلی یە. من لە تەمەنی ٦و٧ ساڵیدا لە شوێنی لە دایکبونم (سونجاق) سەر بە شاری مەهاباد، بە هۆی قاچاغ بوونی بابم، هەڵقەندراوم، لە گوندی (شاوەلە) ی لاجان گیرساومەتەوە. تاقە کوڕەی ماڵێ بووم و تاقانە خوێندەواری تایەفەکەمان. باب و باپیرم بە تایبەت باپیرەم سور بو لە سەر ئەوە کە دەبێ بخوێنم و ببمە مەلای ١٢ عیلم. لە شاوەلە هەم حوجرە بۆ فەقێیان هەبوو هەم قوتابخانە بۆ منداڵەکانی ئاغا. دیارە قوتابخانەکە ڕەسمی نەبوو، تایبەتی منداڵە ئاغاکان بوو، منیش ئیزنم پێ درابوو لە گەڵ ئەوان بخوێنم . وەزعێک هاتە پێش کە نەمتوانی نە لە حوجرە و نە دەگەڵ کورە ئاغاکان درێژە بە خوێندنەکەم بدەم ، بۆیە بە ناچاری بەبێ ئاگاداری باوکم شەوێک لێفەیەکم پێچاوە و ڕۆیشتم بۆ فەقێیەتی. ئەوەش خۆی داستانێکە و بۆ ئێرە نابێ. بە کورتی لە تەمەنی پازدە ساڵێم دا جارێکیتر لە شوێنی نیشتەجێ بوونم هەڵقەدرام، ئەو جارەیان بێ دایک و باب. من وەک خۆم حەزم لە مەلایەتی نەبوو بەڵام لە بەر ئەوەی ڕێگەیەکی ترم بۆ خوێندن نەبوو شانم لێ داخست و زۆر باش و بە جێی دەورەکەم گێڕا. لە گوندی شاوەلە دەستم بە خوێندن کرد و لە مەدرەسەی علومی دینی لە مزگەوتی سوری سابڵاغ تەواوم کرد. وەک لە پێشەوە باسم کرد یەکەم مامۆستام (میرزا برایمی فازلی) و ئاخرین مامۆستاکانم بریتی بوون لە: (١) مامۆستایان: حاجی مەلا حوسێنی مەجدی. (٢) مەلا کەریمی شاریکەندی. (٣) مەلا شێخ عێزەدینی حوسێنی (٤) مە لا سادقی واسیقی بیللا. لە مەدرەسە ی علومی دینی مە هاباد.
مامۆستا فازلی فارسیەکی زۆر باشی دەزانی، لە گولستان و بۆستان وەک دانەرەکەیانی تێدەگەیشت، ئەوەندە خەت خۆش بوو کە من ئێ وەک ئەوم کەم دیوە. بەڕێزیان کەسایەتیەکی بەرز و جێی ڕێزی هەبوو، جیا لە میرزایەتی ئەو سەردەمی کەیخودا و جێی موتمانەی خەڵکی ئاوایی بوو. من کتێبی ١و٢ی فارسی و ٢ بابی گولستانم لە لای بەڕێزیان خوێندوە و قورعانیشم بە ڕەشخوێن هەر لە لای ئەو ختم کردوە. هەرچی لە بواری زمانی فارسی زانی بێتم هەر لەو ڕایە ئەگینا هیچ قوتابخانەیەکی دەوڵەتیم نەدیوە بۆ خوێندن. بۆ زمانە عەڕەبیەکەش وەک هەمو فەقێیان لە گوندان و لە حوجران خوێندومە و ماڵەو ماڵم بۆ ڕاتبە کۆ کردنەوە کردوە.
مامۆستا؛ دەستی شاعیری هەبوو بەڵام کەس نەیدەزانی. منیش لەوەڕا زانیم کە ساڵێک لە شآوەلە دەغڵ و دان خراپ و زۆر کەم بوو. ماڵە مارفاغای شاوەلە گەورە ماڵێک بوون کە لانی کەم ٥٠ /٦٠ کەس ناخۆریان هەبوو. ئاغا ٧ کوڕی هەبوون کە شەشیان بە ژن و منداڵ بوون. ١٥/٢٠ قەرەواش و نۆکەر و باب نۆکەر و گاوان و شوان و نانکەر و و… یان هەبوو ئەوانە هەمویان جیرە و بەراتیان دەدرایە، مامۆستاش یەکێک لەو بەرات بەرانەبوو. ئەو ساڵە بۆ ئیحتیات ئاغا هاتە سەر ئەوە براتان بە نیوەچڵی یان بە سێ یەکی بداتە بەرات بگیران. مامۆستا حەواڵەی ئاشیان دابۆیە کە ڕۆژانە ٢ ڕبە ئارد لە ئاشەوان وەربگرێ بۆ نانی منداڵان. مامۆستا لەو وەزعە ناڕازی بوو، ڕۆژانە لە کەلاسەکەمان لە بەرگی پەڕە جگەران خەریک بوو هەر دەینوسی، ڕەنگە جێی پرسیار بێ کە بۆ لە کاغەزی ئاسایی نە دەنوسی؟ بۆیە بوو تا کەس وا هەست نەکا ئەوە شتێکی تایبەت دەنوسێ. ئەوە سرنجی منی ڕاکێشا بوو، ڕۆژێک کوتم: ئەرێ مامۆستا دەتوانم پرسیارێکت لێ بکەم؟ کوتی: هەر بەغار! کووتم : ئەوە چیە لەو بەرگە پەڕانەی دەنوسی؟ کووتی : ئای شەیتان ئەوە چۆنت هەست پێکردوە! بەو مەرجە پێت دەڵێم کە هەتا کاتی خۆی بە نهێنی لە لای خۆت بمێنێتەوە. برایم: هەر چەند ئەتۆ ئەو تەمەنەت نیه کە شتی نەهێنیت لە لا بدرکێندرێ ، بەڵام من لە خۆمەوە ئەوەندەم بڕوا بە تۆیە کە دەتوانم هەموو نهێنیەکانمت لە لا بدرکێنم، هیوادارم ئەتۆش ئەوە بێ کە من بیری لێدەکەمەوە. ئەوانەی دەیان نووسم شێعرن بۆ بەراتم داناون، دەردی دڵە لە ئاغام کردوە، بەراتی ساڵانەم کە تێشووی منداڵەکانمە لە سەر ڕۆژانە ٢ ڕبە ئارد ساغ بۆتەوە، ئەویش مەترسی بڕین و کەم کردنی هەیە. ئە گەر تەواوم کرد نوسخەیەکت دەدەمێ لە لات بمێنێتەوە.
ئەوە یەکەمین جارە گوێم لە شێعری کوردی دەبێ، یەکەم جارە نوسراوەی کوردی دەبینم، یەکەم جارە دەزانم کوردیش دەنوسرێێ!! من کە سەرم لێیان دەرنەدەچوو مامۆستا ڕۆژانە یەک دوو شێعری بە دەرس پێدەکوتم. واتە مامۆستا بو پێی کووتم: کوردیش زمانە و ڕێزمانی خۆی هەیە و لە کۆماری کوردستان دا بە زمانی کوردی خوێندراوە و پێی نوسراوە.
بەڵێ: مامۆستا یەکێک لە خوێندەوارە هەرە باشەکان و خۆش نوسەکانی ئەو سەردەمی بوو لە مەڵبەندی لاجان. باوکیشی خوێندەوارێکی ناودار و میرزای (قەرەنی ئاغای مامەش بووە. مامۆستا بۆیە دەبێ زۆری لە سەر بنوسرێ، گومانم لەوەدا نیە نوسراوەی زۆر بە نرخی لە دوا بەجێ ماوە، بەڵام نازانم پارێزراون یان لە ناو چون. تەنانەت بە دروستیش نازانم ماوە یان نە ماوە! مامۆستا تایبەتمەندی زۆری هەبوون بە داخەوە من کەمم وەبیر ماون. تەنیا ئەمەگ ناسیه بۆ ئەو کەسەی بناغەی ماڵی زانین و فێربوونەکەمی داناوە. ئەو کەمەی کە ئێستا دەیزانم ، ڕاستە مامۆستای زۆر مەزن و زانا و بە ناوبانگم هەبوون بەڵام هەموی لە سەر ئەو بناغەیەی ئەو بۆی دارشتم هەڵچندراوە.
بۆ یادی ئەو بەڕێزە چەند شێعری ئەوم لەبیر ماوە دەیان نوسم. داوام لە بنەماڵەکەیان ئەوەیە ئەگەر شتێکیان لە لا ماوەو بۆیان دەلوێ بۆم بنێرن، چونکە بە دیتنیان تەمەنم ماوەیەک درێژ دەبێتەوە. ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەکرا دەبا بیان پارێزن من دڵنیام زۆر دەرسی ژیانیان لێ وەردەگیرێ . زۆر نوسراوەی هەبوون ئەو کات بڵاوی نەدەکردەوە. شێوەی شێعرەکانی ڕەخنە گرانەبوون ، ئەوەش ئەو مانایە دەگەیەنێ کە لە بەرانبەر زوڵم و ناڕەوایی و مافی داگیر کراودا هەڵوێستی هەبوو، بە شێوەی گونجا و تەنانەت ئەگەر هەر وەک نوسراوە بە نەهێنی لە لای خۆی ماباوە دەیگەیاند بەو کەسانەی جێگای بڕوای بوون.
مەبەستی من لەو یادە لە پێش هەموو شتێکدا پێزانین و ئەمەگناسیە، چونکە باوەڕم وایە لە هەر کەسێک چاکەت دیتبێ و خێرو بێرێکت پێگەیشتبێ بە هەر شێوەیەک بۆت دەکرێ دەبێ بەکۆمەڵگای بەگەیەنێ ، تا خاوەن چاکە کە هەست بەوە بکا کە ئەرکێکی مرۆڤانەی ئەنجامداوە و کەسێک بەهرەی لێ وەرگرتووە، ئەوە خۆی هاندانە بۆ کەسانی تر. لەلایەکی تر ئەمەگناسی دەبێتە تایبەتمەندیەکی بە نرخ لە ژیانی کۆمەلگادا. بە باوەڕی من پێوەندی عاتیفی و ئەخلاقی مرۆڤەکان لە سەر بنەمایەکی زانستی و ئوسولی، بەبێ مەبەستی تایبەتی و دور لە خووخدەی دژە مرۆڤانە، دەبێتە هۆی پێک هاتنی کۆمەڵگایەکی پڕ لە هاوکاری و دڵسۆزی و خۆشەویستی. کاتێک مرۆڤەکان هەست بەوە دەکەن هەوڵ و تێکۆشانەکەیان بە فیڕۆ نەچووە بێگومان ڕوحیان شادە و لە سەر ئەم چەشنە کارانە سورتر دەبن.
هیوادارم توانی بێتم ئەمەگناسیم سەبارەت بە کەسێک دەربڕی بێ کە وەک مامۆستا یەکی زانا ، باوکێکی دڵسۆز وەستایانە بناغەی فێربوون و هەڵسوکەوتی ژیانی بۆ داڕشتووم. گومانم لەوە دانیە نە هەموو ئامۆژگاریەکانیم لە بیر ماوەو نە توانیویشمە هەمویان بەڕێوەبەرم.
ئـــــەوەش شــێـــعـــرەکـــانـــی
لە پێشدا دە بێ بڵێـم : شێعرەکان لە تو کوتن، تەنیا بۆ یادە و چیتر.
حەمەد ئاغا بە قورئان سوێندێ دەخوا گەنممان نیە و نابینی چڵێکی
گەنم داری چنار بێ قشقە ڵە تــــۆ بەتیرت لێدەدەم بچیە چڵوکی
حەواڵەی ئاشیان دامێ تاکو نەورۆز غەفور نەمداتێ دەگرم خنخنۆکی
وەرە ئێستاکە نامەت بۆ دەنوسم لە بۆ کوێخا جەلیل شۆرەت ڕەمۆکی
بچۆ وەر بگرە دوو سێ بارەر هەرزن لەتیفە ناسکە دەخۆرێ بە پوکی
حەمەد ئاغا یەکێکە لە کوڕەکانی مارفاغا و زۆر ئەنگێوە بوو . غـەفور ئاشەوانە. کوێخا جەلیل نوێنەری ئاغا بوو لە خەلیفانی سندوس.
بڕوا ناکەم مامۆستا مابێ، ئەگەر ماوە یادی بە خێر و ئەگەر نەماوە ڕووحی شاد. دەگەڵ ڕێز و حورمەت و پێزانینم بۆ هەموو ئەو کەسانەی بە شێوەیەک ڕێنوێنیان کردوم، یارمەتیان داوم ، هەڵە و پەڵەیان بۆ راست کردومەوە لە ماوەی ژیانم دا.
ئاواتی بەرزیشم ڕزگاری گەل و نیشتمانە.
براتان مەلا برایمی مەجیدپور. هولەند
١٣ /١١ / ٢٠١٣
