"an independent online kurdish website

” ڕاست کردنەوەی هەڵەیەک: بە داوای لێبۆردن کە لە بەشی پێشوو دا نووسیبووم کاک ڕەحیم ساڵح زادە لەگەل لکی ١، و٢ ڕۆیشت ، بەڵام دواتر بیرم لێکردەوە کە هەڵەم کردووە و کاک ڕەحیم هەر لەگەل ئێمە مایەوە”. kavos_azizi_pm

ماوەیەک لەوێ بووین و چەند کەس لەو هاوڕێیانەی کە خێزان و مناڵەکانیان نەهاتبوونە دەر، چوون بۆ سەردانیان و لە ماوەیەکی کورت دا گەڕانەوە. لەوانە فەرامەرز عوسمانی، یووسف کەنعانی و سەڵمان کووهی (دیارە سەڵمان بۆ دیداری دایکی چوو بوو کە نەیتوانی ببینێ) (ڕووحی هەرسێکیان شاد) لە نیزیک گوندی سیدان کەوتبوونە گەمارۆی ژمارەیەک چەکداری ڕێژیم، بەڵام بە قارەمانیەتیی خۆیان ئەو گەمارۆیەیان شکاندبوو و بە سڵامەتی دەرباس ببوون و سەربازێکیشیان کوشتبوو.

ماوەیەک لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکوور ماینەوە و هەواش ئیدی تەواو ساردی کردبوو، چیای موور بەفر دایپۆشیبوو. لە نەکاو کۆبوونەوەیان بۆ کردین و بە سەر چەند تیم دا دابەش بووین بۆ ئەوەی لە ناوچەی سۆما هیندێک ئەسپی چاک بدۆزینەوە. ناوجەی سۆما ناسراوە بەوەی کە هەمیشە باشترین ئەسپیان بەخێو دەکرد.

لە ماوەیەکی کورت دا توانیمان نیزیک ٨٠ ئەسپ بە ئەمانەت لە خەڵک وەرگرین.خەڵکیش نەیان دەپرسی بۆ چیە؟ چوونکی ساڵانی پێشتر حیزب ئەسپی لە خەڵک وەردەگرت بۆ هێنانی تەقەمەنی لە لای ناوچەی سەردەشت ڕا ، بۆیە خەڵک و تەنانەت ئێمەش کە نەماندەزانی فەلسەفەی ئەو ئەسپ کۆکردنەوەیە چیە، هە رپێمان وابوو دەچین بۆ هێنانی تەقەمەنی لە دەفتەری سیاسی ڕا. دەمانزانی کە قەرارە ئەو زستانە هەر لە ناوچە بمێنینەوە و نەچین بۆ کوردستانی عێڕاق.

بە هەر حاڵ ڕۆژ هات و بەیانی یەک کۆبوونەوەیان بۆ کردین و گوتیان ئێمە دەچین بۆ عەمەڵیاتێکی دەشتی سۆما. لەبەر ئەوەی شوێنی عەمەڵیاتەکە لە ناوەڕاستی سۆمایە و دەبێ بۆ بەیانی دەشت بەجێ بێڵین و بگەینەوە شاخەکان، بۆیە ئەو ئەسپانەمان هێناوە. ئەوەبوو ئێوار کەوتینە ڕیگا و نیزیک ٨٠ سوار دەبووین. گەیشتینە لای فریزیان، ئەو ئەسپەی کە من سواری بووم، لە جەریانی غاردان دا لاقی زەربەی خوارد و گوتی لەوەی زیاتر ناتوانم بڕۆم.

هەرچی داوام کرد با کەسێکی دیکە بگەڕێتەوە لای هاوڕێیان و من بە ئەسپەکەی بێم بۆ عەمەڵیات، کەس ئامادە نەبوو بگەڕێتەوە. منیش بەناچار کە نەمدەتوانی لە گەل سواران بڕۆم، دەبوایە بگەڕێمەوە لای هاوڕێیانی دیکە کە لە ناوشیوان مابوونەوە.

شەو لە کاتی گەڕانەوە دا کەوتمە نێو کەمینی ئۆپەراسیۆنی ئەرتەشتی تورک و گرتیانم. گوتیان بۆ لە سنوور دەرباز بووی، ئەوشوێنە تەنیا یەک کانیی هەبووم ئەویش لەوبەری سنوور بوو، گوتم تینووم بوو هاتم ئاو بخۆم. داوام لەوان کرد کە ئاگرم بدەنێ، چوونکی ئاگرم نیە تا سیگار بکێشم. کابرای ئەفسەر گوتی ئێمە لە پوسووداین و سیگار قەدەغەیە(پوسوو واتە کەمین) هەر وازم نەهێنا تا کابرا فەندەکی سەربازێکی وەرگرت و دای بە من و منی لە کۆل خۆی کردەوە.

دەتوانم بڵێم سەد میتر لەوان دوور نەکەوتم ، دانیشتم و سیگارێکم هەڵکرد، لەوکاتی دا تیمێکی دیکەی سەربازی تورک دەوریان دام و گرتیانم، بردمیانە لای ئەوانەی پێشوو. ئەوان گوتیان ئەوە پێشمەرگەیە و بە هەڵە هاتۆتەوە ناو خاکی تورکیە، بەریان دام و ڕۆیشتم . بەفر دەستی پێکرد، بەرەبەیان بوو گەیشتمە لای هاوڕییان ئیدی بەفر هەموو ئەو شوێنانەی سپی کرد بوو.

ڕۆژەکە هەوا ساردو هەموو شوێنێک بەفر بوو. کە من چوومە سەر چیای گربەران و تەماسم لە گەل هیز گرت ، سەڵمان کووهی بێسیم چیی هێز بوو. ئەوان لە چیای چوارشەنبە بوون . لای ئەوان باران دەباری و وەزعیان خۆش نەبوو. سەڵمان گوتی ئەگەر بەفر مەجال بدا ئێوارێ وەرە سەر خەت. زانیم مەبەستی لەوەیە کە ئێوارێ عەمەڵیات دەکەین.

هاتمەوە لای هاوڕێیان و دوای نان و چایەک ، کیسەخەوم هەڵگرت و کەسێکی دیکەشم لە گەل بوو ، بەداخەوە لە بیرم نیە کێ بوو؟ چووینە گربەران و لە بن بەردێک دانیشتین. تا سەعات ١٠ ی شەو گوێمان لە بێسیمەکان بوو کە نەگەیشتبوونەوە شوێنی عەمەڵیات و ئێمەش نەماندەزانی کوێ یە. تا ئەوەبوو دەستووری دەستپێکردنی عەمەڵیاتمان گوێ لێ بوو، لە سەڵمانم پرسی عەمەڵیات لە کوێ یە؟ گوتی پایەگای “بێلەجووک!” ئاخەر ناوێکی والەو ناوچەیە نیە. بەڵام زانیم مەبەستی پایەگای بێچەجووکە لە ناوچەی سۆما. سەڵمان تازە هاتبووە ئەو ناوچەیە و خۆشی لە شاری قەزوین ژیابوو. بۆیە هیچ شوێنێکی شیمالی نەدەناسی.

نیزیک سەعاتێک عەمەڵیاتەکە درێژەی کێشا و گوێمان لێبوو کە دەستووری پاشەکشەیان دا بێ ئەوەی دەست بە سەر پایەگا کە دابگرن. بەس حەسەن بازووکا گوتی : بەیانی زوو تیمێکی ٥، ٦ کەسی وەرنەوە چیای دووگوه و ئامادە بن، چوونکی ئێمە ماندوو دەبین و نەکا تووشی کەمین و شتی وابین.   ئێمەش هاتینەوە لای هاوڕێیان و چەند کەس دیاری کران کە خۆشم وەک بێسیم چی دەگەڵیان بوو.

ئێمە چووینە گەرووی دووگوه . تاریک و ڕوونی بەیانی ئەو هاوڕێیانەی کە ئەسپی چاکیان هەبوو هاتن و دەرباس بوون بۆ لای ئەو شوێنەی کە وەک بنکە هەمان بوو. ئەگەر لە بیرم بێ چەند ئەسپێک ماندوو ببوون و هەر لە دەشت بەڕەڵلا کرابوون و ئەو هاوڕێیانە لەگەل کەسی دیکە بە نۆرە سوار ببوون. خولاسە تا سەعات ٩، ١٠ ی بەیانی بوو کە ئاخر کەسەکان هاتن. عەمەڵیات سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە پێشمەرگەکان کەمێک هەستیان بە شکان دەکرد.

چەند ڕۆژێکی پێچوو دیسان گوتیان دەچینەوە جەولەیەکی سیاسی نیزامی لە ناوچەی ئەنزەل وکەنار بەڕۆژ. هاوڕێیان ئامادە بوون . کاتی حەرەکەت شاپوور شوجاعی فەرد گوتی : کاک حەسەن ئەگەر بێسیمچییەکەت نەڕوات باشترە! ئەو قسەیە وەک بەردێکی لە تەپڵی سەرم بدەن وابوو. ئەوە دوو ڕۆژبوو خۆم ئامادە کرد و دڵم خۆش بوو کە دەچینەوە جەولە، بەڵام لە سەر حەرەکەت هەموو ڕیسەکەم لێبوو بە خوری.

حەسەن بازووکا تازە خێزان و مناڵەکانی هاتبوون ، دەبوایە بنێرێ بۆ الی مەڵبەند، بۆیە نەیان هێشت ئەو بروات بۆ جەولە، شاپوور کە هەر لەوێ دەمایەوە، منیش چوونکی بێسیمی چیی حەسەن بووم، ئەو پێشنیارەی شاپوور نەیهێشت بڕۆمەوە. وابزانم ژمارەمان ١٢، تا ١٥ کەس دەبووین. مناڵەکانی حەسەن لە بن نایلۆن دابوون ، بەفر باریبوو، مناڵی بچووک، خێزانی عادەتی بە سەرمای ئەوشاخە نەکردبوو، بەڵام سەرەرای هەمووی ئەوانەش ئەو هەم حەسەن وهەم خیزانی قانیع بەو وەزعە بوون. با ئەوەش بڵێم کە خێزانی حەسەن ئازەری بوو .

ئەوان حەرەکەتیان کرد و ئێمەش لە نێو بەفر دا ماینەوە. هەر ڕۆژی دوایی چوومە تەماس ، توانیم لە گەل سەڵمان قسە بکەم. ڕۆژی دووهەم نەمتوانی و وادیار بوو لە قووڵایی د ابوون. ڕۆژی سێهەمیش بە هەمان شێوە. ڕۆژی چوارەم کە ٢١ ی مانگی خەزەلوەر بوو ، سەرکەوتمە چیاوی دووگوه سەڵمان لە سەر خەت بوو. یەکەم قسە مزگێنیی گرتنی پایەگای گوندی کوورەی خواروو بوو کە گوتی دوێنێ شەو، واتە ئێوارەی ٢٠ ی خەزەلوەری ١٣٦٥.

پایەگای کوورەی خواروو ، یەکێک لە کۆنترین پایەگاکانی ناوچەی ئەنزەل بوو کە لە ڕابردوو دا چەند جار کەوتبووە بەر زەبری پێشمەرگە و نەگیرابوو. جێی پایەگا زۆر حاستەم بوو. بۆیە دەڵیم ئەگەر لە ڕێگای تەشکیلاتی یەوە کە بە هەوڵ و هیمەتی تەشکیلاتی ئەو ناوچەیە نەگیرابا، ڕەنگە گرتنی ئەو پایەگایە مومکین نەبووایە. هاوڕێێانی تیمی تەشکیلاتی توانیبوویان نفووز بکەنە نێو ئەفرادی پایەگا، تەنانەت بێسیمیان بۆ شەوی عەمەڵیات ناردبووە نێو خودی پایەگا بۆ هیدایەت کردنی پێشمەرگەکان تا بگەنە نێو پایەگا.

بە هەر حاڵ پایەگا کە گیرا، ژمارەیەک بەسیج کوژران و ئەوانی دیکەش بەدیل گیران. من بۆ ئەوەی زیاتری لە سەر نەڕۆم، هە رئەوندە دەنووسم و بە جێی دێڵم بۆ کاک سولەیمان کەلەشی کە ئەوکات بەرپرسی تەشکیلات بوو، با راوەستین تا بیرەوەرییەکانی کاک سولەیمان دەکەونە بەردەستمان. ئەوە بوو گوتیان بۆ سبەی ئێوارە تیمێکتان وەرن بۆ لای فیریزیان و کەینێسی. هاتمە خوار و کاک حەسەنم ئاگادار کردەوە، کە دەبێ سبەی ئێوارە بچینەوە ئەو گوندانە تا هاوڕێیان دێن. مەبەست ئەوەبوو کە لەوێ ئامادەگیمان ببێ تا نەکا کەمین و شتە هەبێ.

ئێوارەکەی کەوتینە ڕێ و کاک حەسەن خۆیشی هات. وابزخانم تیمێکی ٧، ٨ کەسی لە گەل حەسەن بازووکا چووین. لە بەرە ڕەشە (ڕاسەری کۆران) سەعات پێنجی ئێوارە بێسمم کردەوە تا لەگەل مەڵبەند قسە بکەین، هاوڕێیانی لکی ٢ لەسەر خەتبوون. بێسیم چیی لکی ٢ کەسێک بوو بە ناوی عوسمان سەحرائی و مزگێنیی گرتنی پایەگای کوورەم پیدان ،ئەویش گوتی: ئەو تیمەی ئێمە کە چووبوونە نێوشار جارێک لە بالۆڤ و جارێکیش لە گەژێن تووشی شەڕ هاتوون و دوو شەهیدیان داوە!

بەداخەوە ئەو تیمە لە لای بالۆڤ کەوتبوونە کەمین ئۆمید ڕەشیدی شەهید ببوو و دواتریش لە گوندی گەژێن لە ماڵێک دائاشکرا ببوو و فەقێ محەممەد زادە سەرپەل شەهید ببوو(ڕاست ٢٠ ی خەزەلوەر ). ئۆمید گەنجێکی تازەپێگەیشتووی گوندی کوڕانەی ناوچەی برادۆست بوو کە چەند مانگ بوو لە سەربازی ڕای کردبوو و هاتبووە نێو پێشمەرگەکان، کوڕێکی هەتابڵێی جەسوور، فیداکار و لەسەرەخۆ بوو.

feqi_mihemmed_zadeomid_rashidi

   شەهید فەقێ محەممەد زادە     و شەهید ئۆمید ڕەشیدی

فەقی (فەقۆ) یەکێک لە فەرماندە هەرە ناسراوەکان بوو لە تەڕگەوەر، گەلی بەردەڕەش و برادۆست و کەناربەڕۆژ، کە زۆربەی تیمی پێشمەرگە کە بۆ زەبر لێدان لە ناوەندەسەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ناو شاری ورمێ ، بە شارەزایی و فەرماندەهیی ئەو بەڕێوە دەچوون و دوژمن زۆری هەوڵ دابوو تا زەبری لێبدا کە بەداخەوە توانیان ئەو ئاواتە گڵاویان بێننەوە جێ. یادی هەردووکیان بەخێر.

ئێمە زووتر گەیشتینەوە فریزیان و لەوێ چاوەروان بووین تا هاوڕێیان گەیشتن. ئەوان ماندوو بوون و ئەگەر لەبیرم بێ ١٣، یان ١٥ ئەسیریان لە گەل بوو. چەکو چۆڵێکی زۆریشیان هێنابوو. لەوێ ماینەوە تا بەرەبەیان و دەرکەوتین عەرز بەستەڵەکی کردبوو. گەیشتینە بەرەرەشە هەوا ڕووناکی کرد ، بەڵام ئەو ڕشتە شاخە لەگەل ئەوەی کەمێک بەفری لێبوو، بەڵام پایەگا و ئەوانەی لێ نەبوو. بۆ دەورووبەری سەعات ١١ ی بەیانی گەیشتینەوەلای بنەکەمان.

پاش یەک دوو ڕۆژ ، کاک ڕەحیم ساڵحزادە و چەند پێشمەرگەیەکیشی لە گەل بوو، ئەسیرەکانیان بردەوە لای مەڵبەند. ئێمەش لەوێ ماینەوە و بنکەکەمان گواستەوە شوێنێک کە پێیان دەگوت : وارێ سمایل ئاغا (مەبەست سمکۆی شکاکە) . ١ چادرمان هەبوو ، یەکیان هی لک وئەوی تریان هاوڕێیانی مەڵبەند، و باقی هاوڕێیانیش هەر ٣، کەس ، ٤ کەس بە نایلۆن شوێنێکیان دروست کردبوو.

کاک سولەیمان کەڵەشی، حاجی جوندی و چەند کەسێکی دیکە کە لە بیرم نەماون کێ بوون ، چوون بۆ ئەنزەل و دواتر زانیمان کە کاریان لە سەر ئەوە کردبوو تا بڕۆین و پایەگایەکی دیکەش لە ڕێگای تەشکیلاتەوە دەست بە سەر دابگرین. ئەوەبوو ئیدی بەهاری ساڵی دواتر کاک سولەیمان کەوتە زیندانی تورکیە و حاجی جوندی نەقڵی سەردەشت کرا و پایەگاکەش هەر نەگیرایەوە.

بەڵێ ئەوجار بەفر دەستی پێکرد، ئەوشوێنە دواتر زانیمان کە شوێنی ڕوونی بەفریشە. لەو بەفرە دا بوو کە کاک عیسمەت پێی گوتم ئامادە بە ئەمڕۆ بۆ سەعات پێنج دەبێ لە بڵینترین شوین بین تا لە گەل ەمڵبەند پەیوەندی بگرین. ئەو شوێنەی کە ئێمە دەچووین ، پێش بەفر ئەوپەڕەلەی ٤٥ دەقەی دەبرد. بەڵام ئەو ڕۆژە زیاتر لە دوو سەعاتی گرت تا سەرکەوتین. چوونکی هەمووشوێنێک سپی بوو، شیو و دۆل و بەرد ئەوانە دیار نەبوون. جاری وابوو بەپێچەوانە چووبووین. بە هەرحاڵ سەرکەوتینە نوقتەی بەرز و با و بەفر تێکەڵ بوو، کڕێوە بە هەموو مانای خۆی. لەبیرمە کاک عەلی لە سەر خەتبوو و گوتی لای ئێمەش بەفر دەبارێ. لە گەل کاک عیسمەت قسەیان کرد و لەسەر ئەوە ساغ بوونەوە کە هەوا کەمێک خۆش بێ ئێمە بڕۆینەوە بۆ لای گەلی بەردەڕەش .

کە ئێمە هاتین وەزع زۆر خەراپ بوو. تیمێک کە چووبوونەو ەگوندی کۆران ئەوانیش گەڕابوونەوە بە هەزار موشکیل و وابزانم دوو کەسیش هەڵاتبوون و خۆیان تەحویل دابووە کە یەکێکیان ساڵی دواتر ٣ کادری حیزبی ئاشکرا کرد و شەهید کران. بەرپرسی ئەو تیمە کاک شاپوور بوو کە لەگەل کەسێکی دیکە چووبوونەوە گوندی دێریشک. ٢ ڕۆژ لەوێ ماینەوە. ئەو دوو ڕۆژە بەفر ئەسڵەن ڕانەوەستا. زیاتر لە یەک میتر بەفر باری و هەر بەردەوامیش بوو.

پێشتر دار و گوێنی هەبوو بۆ سووتان ، ئەوجار هیچ شتێک نەمابوو تا چایەکی پێ دروست بکەین، لە ئەرکانی لک یەک بار TNT هەبوو. ناچار هەر هەموومان سووتاند. ئیدی مەجالی مانەوە نەمابوو ، کاک حەسەن و کاک عیسمەت قسەیان کرد و ساغ بوونەوە تا بڕۆینەوە نێو گوند کە خەڵک فیساریان بۆ شاپوور هێنابوو تا بە زووترین کات پێشمەرگەکان لەوێ نەمێنن و بڕۆنەوە نێو گوند و ئەوان دەیان زانی ئەو نوقتەیە دەبێتەوە ڕنوو . ئێمە وەڕێ کەوتین و فەرامەرز عوسمانی گوتی ئێمە چەند کەسێک لێرە دەمێنەوە، ئەوە خواردن و شتی وا هەیە، جێی چادری مەڵبەند سەر ڕێگای ڕنوو نەبوو، گوتیان کۆ دەبینەو ەئەو چادرە و ئێوە بڕۆن.

عەبدوڕەحمان دەشت پێمان جێگری فەرامەرز  لە مرەخەستی بوو.(جێگر پەل)  و دوای ئێمە هاتبووە لای هاوڕێیان . ئەوان ٨، تا ١٠ کەس دەبوون . ئێمە بە ترسە ترس چووین و هەمووش روونووی هار و ترسناک، بەلام لە هیندێکیان لامان دا و لە هیندێکیشیان هە ربە تەوەکەڵی خۆمان پیدادا کە نەهاتنەوە خوار. کڕێوەیەک بوو ئینسان کە ١٠ میتر لە یەکتر دوور کەوتبایە ، یەکتری نەدەدیت، دونیاش تاریکی کردبوو. وابزانم نیزیک سەعات ٩ی شەو گەیشتینە دێ و خەڵک ئامادە بوون و هەر زوو دابەشیان کردینە نیو مالان.

دوای چەند ڕۆژ ئەو شەوە لەبەر سۆبەی دار گەرم بووین و دوای نان خواردن بە ڕاحەتی خەوتین. چوونکی شوێنەکە لاچەپ بوو، بێسیم نەیدەکێشا و پەیوەندیمان لە گەل فەرامەرز و ئەوان نەبوو. ڕۆژی دوایی(١٨/٨/١٣٦٥) نانی نیوەڕۆمان خوارد و سەعید مەحموود نەژاد و چەند پێشمەرگەیەک چوون تا فەرامەرز و ئەوان بگۆڕنەوە. نیزیک ٢ سەعاتی تێپەڕیبوو لە ڕۆیشتنیان ، وابزانم سەعات ٣ بوو کە چوومە پشتی ئاوایی تا لەگەل سەعید تەماس بگرم. حەسەنیش بێسیمێکی پێبوو ومن دەبا ببمە ڕابیتیان لە گەل سەعید . هەر کە بێسیمم کردەوە دیتم سەعید بە دەنگی بەرز لەگەل فەرامەرز باسی ڕنوو دەکەن و دیار بوو کە شڵەژا بوو . پرسیم چی بووە ؟ سەعید گوتی زووکەن خۆتان وخەڵکی گوند وەرن پێشمەرگەکان تووشی ڕنوو هاتوون و دوو کەسیان کەوتوونەتە بن ڕنوو.


درێژەی هەیە…………


بەشی پێنجەم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی