شەوێکیان بە رەنگێکی ئێجگار پەریوەوە
بە چاوێکی پڕ فرمێسک و خوێنینەوە
بە دلێکی غەمگینەوە
دەست بە ئەژنۆ
لە سەر تایەی بالکۆنەکەمان دانیشتبووم
نازانم
ئەو شەوە بۆ وا غەم داگیری کردبووم
لەو شەوەیا قەرار وا بوو
شێرکۆ معاریفی بۆ سبەی شەفەق لە دار دەن
نازانم
غەمی پەتەکەی ملی ئەو بوو
یان غەمی سال یادی گۆرە کێل شکاوەکە بوو
یان غەمی کراسە سپی یە لە خوێن تێکلاوەکەی ژنێڤ بوو
نازانم
ئەو شەوە چ غەمێک بوو وا دلی پڕ کردم
ئەو شەوە زۆر سەیر بوو
ئەستێرەکان ئەوندە جوان دیار بوون
ئەم ژماردن
مانگ ئەوندە جوان دیار بوو
وام هەست ئەکرد لە بەر دەممایە
ناوە ناوەش هاتوو چووی فریشتەکانم دەبینی
لە پڕڕا باڵا بەرزێکی سپی پۆشی لە خۆر چۆو
هێدی هێدی هاتە خوارێ
لە سەر کەناری بەلکۆنەکە نیشتەوە
گوتی سڵاو
هەر کە گوتی سڵاو
هی چم بیر نەما
ئەوندە جوان بوو
گوتم سڵاو
تۆ کێی ئەوندە جوانی؟
گوتی من فریشتەی خواوەندم
ناوەکەشی گوت بۆم
بەڵام مەخابن لە بیرم نەماوە
گوتم ڵۆ ئەم شەو مانگ و ئەستێرەکان وا پڕشنگ دارن
هاتووچووی فریشتەکان وا دیارن
تا ئێستە من شتی وام نبینیوە
زۆر سەیرە؟
گوتی ئەم شەو دوو ڕووحی پاک
دوو روخساری لە مانگ چوو
دوو دڵ لە ئاوێنە
دوو هەست لە تیشک و شنەبا
دوو جەستەی ماندووی یەکسانی و ئازادی
لە بارەگای خوا موحاسەبە دەکرێن
مانگ و ئەستێرەکان و فریشتەکان
ئەیانەوێ شاهێدی بدەن
گوتم باشە
ئەو دووانە کێین ئەوەندە مەزنن؟
گوتی یەکێکیان عابا سپی یەکی چاویلکە چاوە
ئەوی تریان شاڵ لە پشتێکی شۆرە سوارە
فریشتەی بە رەگەز لە تیشک
ویستی بچێ
وتم تکایە! تکایە ناوی ئەو دوانە چی بوون؟
وتی عابا سپێ یە چاویلکە چاوەکە ناوی
گاندی یە و
شاڵ لە پشتە شۆرە سوارەکەش ناوی قاسملوویە