"an independent online kurdish website

 کاتێک وەبیرم هاتەوە کە ٢٥ی نۆڤەمبرە و رۆژێکی تایبەتە بۆ زەقکردنەوەی تووندوتیژی ڕەگەزی هەروەها خەباتکردن بۆ دژی تووندوتیژی نەمویست هیچ بنووسم،tuba_aliyasi

چوون زۆر جار وا بیر دەکەمەوە کە دیاری کردنی ئەو ڕۆژانە ناتوانێت دەردی ئەو ژنانە چارەسەر بکات کە ڕۆژانە دەکەونە بەر تووندوتیژی رەگەزەکەی دیکەوە. بەڵامدیسانیش بەسەرهاتێکی تاڵی کچێکی مێر منداڵم وەبیر هاتەوە کە ماوەیەک لە مەوپێش لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان ڕووی دابوو. هەربۆیە بڕیارمدا کە ئەو بەسەرهاتە وەک خۆی کە بیستبووم بگێڕمەوە.

بەسەرهاتەکە :

جارێکیان ژنێکی داماو لە ئاکامی ژیانێکی هاوسەری پڕ لە چەرمەسەری و بێ مافیدا لە مێردەکەی جیا دەبێتەوە. لە ئاکامدا کچێکی مێرمنداڵی دەبێت کە مێردەکەی دەڵێ من کچەکەم ناوێت و لە گەڵ خۆت بیبە. هەربۆیە ژنەش کچەکەی لە گەڵ خۆی دەبات. بەڵام ژنەی داماو و دەسکورت جێگایەکی نییە تێیدا بحەوێتەوە، دەگەڕێت و ماڵێک کرایە دەکات لە لای پیاوێکی موسوڵمانی لە خوا ترس بە وتەی کۆمەڵگای ئێمە. بەڵام بەداخەوە مامە پیرەی لە هیچ نەترس ڕۆژێکیان لە کاتێکدا کە دایکی کچەی داماو لە ماڵ نییە دەچێتە ماڵەوەو دەستدرێژی دەکاتە سەر کچەو لە ئاکامدا بەداخەوە کچەی بێگوناح باردار دەبێت.

کچە لە ترسانا ناوێرێ هیچ بۆ دایکی باس بکات تا ئەوەی کە منداڵەکەی زکی گەورە دەبێت و ئەوجا دایکی دەزانێت کە کچەکەی باردارە. ئیتر دایکی بەم کارە توشی دەردەسەرییەکی زۆر دەبێت و نازانێت چی بکات و لە هەمانکاتدا کچەکەی خۆی سەرکۆنە دەکات کە بۆچی کاری وای کردووەو لە گەڵ کێ ئەو کارەی کردووە. ئیتر کچە ناچار دەبێت کە بۆ دایکی بگێڕێتەوە کە مامە پیرەی خاوەن ماڵ ئەو کارەساتەی بەسەر هێناوە. لە ئاکامدا دایک و کچەی داماو لە ترسی لۆمەو تانەو توانجی خەڵکیدا ناوێرن کارەساتی نامرۆڤانەی مامە پیرە ئاشکرا بکەن و ئا بەو شێوەیە مامەی تاوانبار وەک بەسکی بانان بۆی دەردەچێت و هیچ تاوانێکی نادرێتە پاڵ.

لەو نێوەدا دیسان هەر کچەو دایکی دەبن کە دەبێت ماڵەکە بە زوویی بەجێ بهێڵن و بکەونە دوای دۆزینەوەی شوێنێکی دیکە بۆ ژیان. لە وەش خراپتر ناوێرن پەنا ببەنە بەر پزیشکی یاسایی بۆ لە بار بردنی منداڵەکە ناچارن بەشێوەیەکی زۆر ئازار هێنەرو نامرۆڤانە منداڵەکە لە باری کچەکە ببەن.

ئەو کارەساتە چیرۆکی ژیانی دەیان و سەدان کچ و ژنی داماوە هەم لە کوردستان و هەم لە وڵاتانی دیکەی دونیادا. بەڵام بەداخەوە دابونەریتی ناحەز و دوواکەوتوانە وای کردووە کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو پیاوانەی کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان، بێ ئەوەی لە گوڵێک کاڵتریان پێ بڵێن بۆ خۆیان بۆی دەردەچن و لەو نێوەدا کچەی داماوە کە دەکەوێتە بەر تووندوتیژی زیاتری بةەماڵەکەی و هەتا گیانی لێ دەستێنن لە بەر ئەوەی دەستدرێژی کراوەتە سەر.

لە ئاکامدا من پێم وایە تووندوتیژی ڕەگەزی کاتێک ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات کە ئاستی زانیاری کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بەتایبەتی بچێتە سەرێ و کۆمەڵگا لەوە تێ بگەن کە ژن و پیاو هەردووک مرۆڤن و ئەبێت لە ماف و مەودای وەک یەک بەهرەمەند بن. بەو هیوایە زۆر نەخایەنێ شاهیدی نەمانی تووندوتیژی ڕەگەزی بین و چیتر ژنان و کچان نەبن بە قوربانی بیری دواکەوتوانە و تەسکی کۆمەڵگا و جێگەو پێگەی خۆیان ببیننەوە و زیاتر ئاستی زانیاری خۆیان ببەنە پێش بۆ ئەوەی ڕێگا لە تووندوتیژی ڕەگەزی بگرن.

تووبا ئەلیاسی ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی