"an independent online kurdish website

لەم چند ڕۆژەدا فرهاد پیربال وێنەکارو مامۆستای زانکو لە شاری هولێر زور سرنجی ڕاکێشام، بە واتایەکی دیکە لەکارو تێکۆشانی حیزبەکانی روژهەلاتی کوردستان زۆر بێ هیوای کردم،luqman-faruqi

کاک فرهاد بەتاقی تەنیا وەکو هەڵویەک بەرنگاری دامودەزگاکانی پاراستن و ئاساییشی هەریمی کوردستان بووەوە. پێت وابێت کە ئەم حەوت چالاکە مەدەنییە کە گیراون خەڵکی باشووری کوردستان نەبن؟ یانخۆ بڵەیت کورد نەبن و سەربە نەتەوەیەکی دیکە بن؟

بەپێی سەرچاوەکان خەڵکی روژهەلاتی کوردستانن و تەنانەت سەربە حیزبەکانی روژهەلاتن، سەربەو حیزبانەن کە هەزاران ڕۆڵەی کورد گیانی خویان لەپێناو دەستبەر کردنی مافی چارەی خۆنووسین و گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی لەناو ئەو حیزبانەدا داناوەو هەزاران ڕۆڵەی کورد بۆ بەئاکام گەیاندنی خەباتی سیاسیی حیزبەکان لە کوردستان کەوتوونەتە بەر هەڕشەی هێزە داگیرکەرەکان و لە بەندیخانەی دیکتاتۆرەکاندا ڕۆژ هەتا شەو لەژیر ئەشکنجەدا بوون، مەبەست تەنیا و تەنیا ڕزگاری نەتەوەی کورد بووە، بەڵێ ئەم حەوت کەسە سەر بەم حیزبانە بوون!.

باشە بۆ پێم ناڵێن ئەم حیزبانە بۆ بەو چەشنە بێ دەنگ بوونە، ئاخر خۆ ئەم حەوت کەسە پێشمەرگەی ئەوان بوون، باشە بۆ هیچ لێپرسینەوەو بەدواوەچوونێکیان لەو پێوەندییەدا بەئەنجام نەگەیاندووەو گوشاریان نەخستووەتە سەر حوکوومەتی هەرێمی کوردستان؟

بێگومان جەنابی سەروک لێیان زیز دەبێت و لەوانەیە کە دەریان بکات، جنابی سەرۆک بۆ نەتەوەی خۆی زور ئازایە کە چون دەنگیان دابخات و چون هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات، جەنابی سەروک بەس لای ئەردۆغان و سەرۆک کوماری تورکیا بزەی دێتە سەر لێوو ئیتر پرس و باسەکانی دیکەی کوردستانی بۆ گرینگ نییەو چارەنووسی خەڵکی کوردستانی بەستووەتەوە بە بزنەی سەر لێوی داگیرکەرانی کوردستان، لەو لاشەوە کاتێک کە سەردانی ئێران دەکات بەهەمان شێوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێدەکەنێ و ئاوڕ لە کێشەکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ناداتەوە، وەک ئەوە وایە کە نوکتەی بۆ بگێڕنەوە. ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپێوەندی بەبەشەکانی دیکەی کوردستان بەو چەشنەیە کە ئاماژەم پێکرد.

ئاخ کە کورد چەند قوڕ بەسەرو داماوە، هەر چەند پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمان شێوە لەناو کێشەی سیاسیی و نێوخۆیی خۆیاندا دەتلێن و ئەوەندە کات و دەرفەتیان لەبەر دەستدا نییە کە بپرژێنە سەر ئەو کێشانەو ئاوڕیان لێبدەنەوە.

ئیستا ئەوە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئامانج لە هەبوونی پێشمەرگە لەناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەباشوور، تەنیا بەمەبەستی پاراستن و چاوەدێری کردنی دەسەڵات و ژیانی سەرکردەکانیانەو بەس. ئەو حەوت کەسەش کە لەناو بەندیخانەکانی هەرێمی کوردستاندا بەند کراون، ئەرکی ئازاد کردنیان بەئەستۆی خۆیان دانانێن. باشە بۆ مەگەر ئەمانە ڕۆڵەی خەڵک نین؟ باشە مەگەر گیانی ئێوە لە گیانی ئەوان بەنرخترو ڕەنگینترە؟

باشە بۆ حیزبە ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاری چوونە سەر شەقام لە هەرێمی کوردستان نادەن؟ بۆ دەنگ هەڵنابڕن لەهەمبەر ئەو ستەمە کە لەو حەوت ڕۆڵە بەندکراوەی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؟ ببورن نەمزانی کە ئەوان جێگەی گەرم و نەرمتان پێ چۆڵ دەکەن، هەژارانە! چەندە هەوڵیان داوە کە دڵی سەرۆک ڕاگرن و لێیان زیز نەبێت و لەژێر بڕیاری ئەو دەرنەچن!.

باشە ئەمڕۆکە ئێوە لەو بەشە ئازاد کراوەی کوردستان ناتوانن داوای ئازاد کردنی حەوت چالاکی مەدەنی و سیاسیی کە بەڕێکخستنی خۆپیشاندانەکەی ئێوە کەوتنە ناو بەندیخانەی هەرێمی کوردستان، ئەی چۆن سبەی دەتوانن داوای مافی چارەنووس و ئازادی و دادپەروەری لە ڕۆژهەڵات بکەن و کۆماری ئیسلامی کزو لاواز بکەن. یان خود چۆن دەتوانن مافی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران بستێنن و دەستبەر بکەن.

لەگەڵ ڕێزم بۆ هاوڕێی مەزن کاک فەرهاد پیرباڵ، پێشتر خەڵک دەیانگوت کە فەرهاد پیرباڵ لەبواری دەروونیەوە تێک چووە، بەڵام ئەمڕۆکە هەموو کوردستان بە ئەو قەناعەتە گەییشتوون کە ئەوە تەنیا فەرهاد پیرباڵە کە تێک نەچووەو بەزەیین تر لەهەمووانە.

بەڕاستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت بەو دژکردەوەی کە کاک فەرهاد پیرباڵ لە پێوەندی بەگیرانی ئەو ڕۆڵە چالاکانەی ڕۆژهەڵات نوواندی، بەخۆیاندا بچنەوەو جارێکی دیکە بەدواوەچوون بۆ هەوڵ و ڕۆڵی لاوازی خۆیاندا بکەن، چونکوو بەڕاستی ئیتر خەڵکی ڕۆژهەڵات لێیان ماندوو بوونەو ئەگەر ئاڵوگۆڕێکی قوڵ بەسەر بەرنامەو سیاسەتەکانی خۆیاندا نەکەن تووشی کێشەو گرفتی بنەڕەتی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵات دەبن، ئەگەر بەهەمان شێوە بەردەوام بن و لەسەر هەمان ‌هێڵی سیاسیی و لاواز، ئەوا خەڵک هەر ئاوڕیان لێناداتەوە.

ئەگەر خاوەنی مێژووێکی پڕ لە سەروەری و ڕاستەقینەن و خۆتان بەخزمتکاری کورد دەزانن، دەبێت بوێرانە بڕژێنە سەر شەقامەکان و تاکوو ئازاد کردنی ئەو حەوت تێکۆشەرەی ڕۆژهەڵات لەبەندیخانە پاشەکشێ نەکەن، تەنانەت ئەگەر لە هەرێمی کوردستانیش وەدەر بنرێن، مردن جارێکەو شینیش جارێکە. بەڵکوو دڵی جەنابی سەرۆک نەرم بێت و ئەو حەوت چالاکە سیاسییە ئازاد بکات!!.

بەو هیوایە کە ئەم جارە سەرۆک چوو بۆ لای ئەرۆدغان و هەروەها کە سەردانی ئێرانی کرد پێداگری لەسەر مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەکەی بکات!. بەو هیوایە کە ئەمجارە کردەوە ناحەزو فاشیستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەپێوەندی بەگەلی ڕۆژهەڵات ئیدانە بکات و لەقاو بدات!. بەو هیوایە کردەوەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران ئیدانە بکات، بۆ ئەوە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی ڕۆژئاوای کوردستان!.

 بەڵکوو بەو قەناعەتە بگات کە دەبێ دەسەڵاتی عەشیرەتی و بنەماڵەیی کۆتایی پێبێت و دەسەڵاتی بنەماڵەکەی خۆی بنبڕ بکات!. بەشکەم بوێرانە ئەوە بڵێت کە هیچ ناحەزێک ناتوانێت ببێە هەڕەشە بۆ سەر پارچەکانی دیکەی کوردستان!. بەڵکوو پێشگیری لە گەندەڵی بکات و دەسەڵات بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵکی باشووری کوردستان. دواین وتەم ڕووبە خەڵکی کوردستانە!: تکایە بەهیچ شێوەیەک ئیزن بە نادادپەروەری و دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە باشووری کوردستان مەدەن و پاشەکشێیان پێبکەن.

کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە ئیزن مەدەن کە سەرمایەکەی بەفیڕۆو بەهەدەر بچێت، تاکوو ئیستا ئەو سەرمایە لەلایەن دەسەڵاتی باشوور قورخ کراوەو لە خزمەتی بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسیی و گرووپی دایە، بۆیە کاتی ئەوە گەییشتووە کە گەندەڵی بنبڕ بکرێت و ئەو سەرمایە بگەڕێنرێتەوە بۆ خزمەتی گشتی خەڵکی کوردستان. ئەرکی هەموو لایەک ئەوەیە کە وەک فەرهاد پیرباڵ لەمەڕ ستەم و نادادپەروەری دەنگ بەرز کەنەوەو دیکتاتۆر جیاوازی نییە کە عەرەب، فارس، توورک یان خود کورد بێت، دەبێت بڕۆخێت و دەسەڵات بەجێ بهێڵێت.

بژی فەرهاد پیرباڵ ماموستای بوێرو ئازا!

بژی بۆ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی خەڵک!

بژی بۆ ئازادی و یەکسانی!

بڕۆخێ نیزامە دیکتاتۆرییەکان!

Loqman Faroghi( NORWAY)

03.12.2013

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی