بەبۆنەی ساڵوەگەڕی ڕۆژی دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە پیرۆزبایی گەرمی خۆم پێش کێش بەسەرجەم هاوڕێیانی پێشمەرگەو بنەماڵەکانیانو بنەماڵەی شەهیدانو بەندیە کانمانو سەرجەم گەلەکەمان دەکەم و ئاواتەخوازم بگەینە ئەو ئامانجە بەرزەی کە هەمومان هەوڵمان بۆ داوەو دەیدەین و قوربانی زۆرو بەنرخیشمان بۆ داوە.
لە مانگی سەرماوەزدا دوو ڕووداوی گرینگو مێژویی ڕوویانداوە.(١) لە ٢٦ی ئەو مانگەدا هێزی ڕزگاریدەرو پارێزەری کوردستان دامەزراوە. (٢) لە ئاخرین چرکە ساتەکانی شەوی ئەو مانگەدا ڕۆڵەیەکی بە بەفرانباردا بۆ کورد ناردەو کە وەک بەفری کویستانەکانی کوردستان هەمو بەهارێک دەتوێتەوەو لە سەرچاوەو کانیاوەکانی نیشتمان هەڵدەتۆقێتەوەو زێدەکەی بەڕنگی ئاڵاو واڵا دەڕازێنێتەوەو خەبات بۆژیان دەسپێدەکاتەوە. ئەوڕۆڵە بلیمەتە ڕێبەرایەتی حیزبی بە دەستەوە گرتوەو پڕۆسەی ئازادیو دێمۆکڕاسی بەشێوەی زانستی بۆ گەلەکەی داڕشتوەو هەر لەو ڕێبازەشدا سەری داناوە.
٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانە ، گرینگترینو بایخدارترین بەرهەمی خەباتی ڕەواو پیرۆزی گەلەکەمانە . بۆیە گرینگە چونکە گەلێکی ژێردەستەی زاڵم ترین دەسەڵاتەکانی ئەو سەرزەویە ، لە بەشێکی بچوکی ئـەو نیشتمانە دا لەنـێـو ئەو هەموو گورگو چەقەڵەی کە سەریان لێدەسوێیە ناوەو بڕیاری خواردنیان داوە، پڕۆسەی بەرەنگاربونەوەی ئەو گشتە مەترسیانەی لە بەردەستدایە و هێزێک دادەمەزرێنێ کە بتوانێ بەرەنگاری ئەو هەموو مەترسیانە ببێتەوەو دەگەڵ هەموو هێزەکانیتری دنیاش جیاوازی هەبێ . هەرناوەکەی دوژمن تۆقێنە . هێزێکە بەئیمان بەڕەوابونی مافی نەتەوایەتیو سووربوون لە سەر داواکانی بۆ مەرگیش خۆی وەپێش گەلەکەی دەخا، ڕێبازەکەی بەدڵخوازی خۆی هەڵبژاردوە ، چاوەڕوانی هیچ پارەو هەقدەستێک ناکا، بۆ ڕزگاری گەلو نیشتمانەکەی دەستی لەهەمو کارو کاسپیو تەنانەت لە دایکو بابو ژنو منداڵیش هەڵگرتوە ، گیانی بەقوربانی گەل دەکاو پارەو دارایی و خۆشگوزەرانی وەلاخستوە ، شەوو شەونخونی دەکێشێ و خۆبەخش خەبات دەکا ، دەگەڵ هەموو گرفتو تەنگو چەڵەمەیەک بەرەو ڕوو دەبێو دەگەڵ دڕندە ترین هێز ململانە دەکا. لە شەوانی ئەگوستەچاودا کە هەموو گیانلەبەرێک لە خانەو لانەی خۆیدا خەریکی حەسانەوەو پشوودانن ، پێشمەرگە لە شوێنی حەسانەوە دێتەدەروو هێرش دەکاتە سەر دوژمن، وچانی لێدەشێوێنێ ، لە خەوی غەفڵەت ڕای دەپەڕێنێ ، پێیدەڵێی: ئێرە کوردستانە داگیرت کردوە،وادەزانی کورد مردوە؟ هەستە ڕاکە کورد زیندوە. دڵنیابە ناتوانی لەم کوردستانەدا بحەسێیەوە .
پێشمەرەگە ، لەحاڵی سەرماو کڕێوەدا ئاگری شۆڕش لەدەرونیدا کڵپە دەستێنێ هەست بەسەرماو گەرماناکاو گەردەلول بەچۆکی داناهێنێ ، ساردیو گەرمی ڕیگری نینو بۆ ڕزگاری گەلەکەی ماندویی ناناسێو بەقورسترین پێشهاتیش ناتاسێ. هێزێکە بایخدارترین سەرمایەی ژیانی کە گیانە بەسەخاوەتەوە بەگەلەکەی دەبەخشێو بەغیرەتەوە خۆی بۆ قوربانی داناوە. خۆڕاگرە بەمانای وشە ، هیچ هێزێک بە چۆکی داناهێنێ . لەسەرکەوتندا لەخۆ بایی نیە و لە تێشکاندا ورەی بەرنەداوەو ناهومێد نابێ ، تێشکانەکە دەکاتە دەرسو بۆ داهاتوو دەکاری دێنێ. بـەکـورتی هێزێـکـە بەئامانجەوە هاتۆتە گۆرەپانی خەباتو کار بۆکەسی تایبەت ناکاو موچەخۆرو چاو لە دەستی کەس نیە ، دەسکەوتی هەرەمەزنی ئەو ڕێزوو خۆشەویستیەی گەلەکەیەتی کە بۆی دادەنێن.
داخەکەم لەملاو ئەولا بەناڕەواو بەهەڵە ، بگرە بەئانقەستو بەخەتاش ، نەک نەزانانە بەڵکو زانای هەڵخلیسکاو ، بەناو پێشکەوتنخوازی دۆڕاو ، بەجۆرێک لە جۆرەکان هەوڵ دەدەن پلەو پێگەی پێشمەرگە دابەزێنن ، لە بایخی کەم کەنەوە ، ئەوانە هەر دەڵێی بەژەکی بێگانە فرچک دراون ، بەشیری نەیاران گەورەکراون ، کە لەناوی کـوردیش بێزارنــو ناوی بێگانانیان پـێی باشترە ! ئـەوە بەنیشانەی پێشکەوتنی دەزانن ، ئەوەندە خۆیان بەلاوە چوکە کە دەیانەوێی بەلاسا کردنەوەی ناشیانە خۆیان گەورە کەنەوە . بۆوێنە : یەکێک دەڵێی: میلیشیا ، ئەویتر دەڵێی : گیانباز و …. دەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو ئەوحیزبو سازمانانە کە ئەو ناوانەیان لە چەکدارەکانیان ناوەو بۆوان پیرۆزەو بۆمنیش جێگای ڕێزە ، بەڵام پێشمەرگە ناوی سوپای کوردستانە.
پرسیارم ئەوەیە : گوناحو عەیبەکە لە کوێدایە کەهێزی پارێزەری کوردستان ناوی پێشمەرگە بێی ؟! بۆچی تاوانە هێزی کوردستان ناوی کوردی لێبندرێی ؟! ئەویش ئەوناوە جوانو پڕماناو لەسەر دڵانە ؟! داخوا ئەوە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە ئەوەندە بەستراوەو خۆ بەکەمزانین کە ناولێنانی کوردیش بە نیشانەی دواکەوتویی دەزانین.؟ واڕاهێندراوین خۆنەویستو دژبەیەک بین، خۆمان پێی چوکو خەڵکمان بەلاوە گەورەتربێی ! بۆچی پێمانوایە جلوبەرگو لاساکردنەوەی بێگانان نیشانەی پێشکەوتویی و تێگەیشتنە ؟! نا کاکی (خۆم بەڕیش نیەو بە ئیشە.)
بۆچی کەسری شانە کەناوی هێزی پارێزەری کوردستان پیاوێکی زەحمەتکێشی کورد دیاری بکا ، کە شارەزایانی بواری نیزامی گەلانی پێشکەوتوی دنیاش نەیان توانیوە ناوێکی ئاوا پڕناوەرۆک بۆ گەلێکی ئاوا ژێردەستە بدۆزنەوە !
پێشمەرگە ئەو هێزە بەهێزو لە بڕان نەهاتویەیە ، کە داگیر کەرانی کوردستان هەموو جۆرە چەکێکی قورسو سوکو ژاراویان لە سەر بەکار هێناوە بەڵام خۆڕاگرو سەربەرزانە ڕاوەستاوەو کۆڵی نەداوەو نەفەوتاوە ، نەبەزیوە ، قورسو قایم لەسەر داواڕەواکانی سورەو پاشگەز نەبۆتەوە ، زەختـو زۆری داگیرکەران بۆ سەر بنەماڵەو زۆر جاران گرتنو ئێعدام کردنیان دڵی نەلە رزاندوەو بەچۆکی دانەهێناوە توشی کزیو ورەو ناهومێدی نەکردوە . ئەوەندە وەفادار بوە بەهاوسەنگەرانی کە جاری وابوە بۆ دەربازکردنی تەرمی هاوڕێیەکی لە چەنگی دوژمن گیانی خۆی داناوە. بەدڵنیایەوە هەتا کوردستان هەبێ پێشمەرگەش هەیەو ماوە ، لە قۆناغی داگیر کاریدا خەبات بۆڕزاگاری دەکاو دوای ڕزگاریش هێزی پارێزەری کوردستانە.
بەداخەوە ئاسەواری خۆ بەچوک زانین هێشتا داوێنی بەرنەداوین ، شۆڕشگێڕی گەلانیتر لە ئیخۆمان بەگەورەتر دەزانینو ڕێزی زیاتریان بۆ دادەنێین. ئەو خۆ بەکەم زانینە وای لێکردوین قارەمانانی خۆمان بەکەم بگرینو وتارو کتێب لە سەر کەسانیتر بنوسین . من زۆر جار کتومەو دەیڵێمەوە : ئەگەر ئیبڕاهیم و هاجەرەو ئیسماعیل لە مێژوی ئیسلام دا بەڕێزەوە باسیان لێکراوە، ئێمەی کوردیش بۆ ڕزگاری گەلو نیشتمانو بەرەنگاری زاڵمانو داگیرکەران دەیان برایمو هاجەرو سمایلمان هەیەو ناویشمان نەهێناوە! ئەگەر چێگوارا وەک شۆڕشگێڕی ناودار ناسراوە ، ئێمە دەیان چێگوارامان هەیە و بێناوە ! ئێمە وەک کورد ڕێزمان بۆ هەموو ئەوانە هەیەو دامانناوە ، بەڵام دەبێ برایمەکانو ، هاجەرەکانو ، سمایلەکانو ، چێگواراکانی خـۆشمـان خۆشتر بوێو لەبیریان نەکەین . من سەری ڕێزو حورمەت بـــۆ هەموو ئـەوانـە دادەنەوێنم کە لە بەرانبەر زاڵمانو داگیر کەراندا ڕاوەستاونو گیانیان کردۆتە قوربانی و دەیکەن ، بەڵام چێم پێدەڵێن بڵێن، شۆڕشگێڕانی گەلەکەی خۆم بەلامەوە لە پێشەوەی هەمویانە. بێی تەعاروف خۆشەویستو جێگەی رێزوو تاجی سەری هەمومانە.
براتان مەلا برایمی مەجیدپور ١٦/ ١٢/ ٢٠١٣ هولەند