لەم رۆژانەدا، گوێ بیستی بە ستانکردنی هەڵەبجە بووم وچاوم لە شادی دەربڕینی دانیشتوانی ئەو دەڤەرە بوو کە دەسەڵاتی عێراق، ئەوەی پەسند کردووە.
دیارە ئەو گورانکارییە خۆی لەخۆیدا، دیاردەیەکی سەرنجراکێشە و دەبێتە هۆی گەشەکردنی بنکە و بنیاتی ناوچەکە و جموجۆڵێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ. بەڵام ئەوەی لای من، جێی سەرسووڕمان بوو ئەوە بوو کە خەلکی هەڵەبجە بە فەرمانی دەسەڵاتی پێشووی عێراق، بە چەکی شیمیایی، بۆمباباران کران و بێجگە لە شەهیدبوونی ٥هەزار مرۆڤی بێتاوان، شوێنەوارێکی گیانیی(رۆحی) ئەوتوی لە مێشکی پاشماوەکانیاندا دانا، تا سەدان ساڵی دیکە بەرە لەدوای بەرە، لەژێر کاریگەریدا دەمێنیتەوە! ئەوە سەرەرای زیانی ماکی(ماددی) فراوان و پیسکردنی کەش و هەوای ناوچەکە و قرکردنی هەزاران سەر مەر وگا و بزن و… کە چی لە دوای رۆخانی رژیمی دیکتاوری عیراق و هاتنە سەرکاری رژیمی نوێ، لە جیاتی ئەوە خەڵکی هەلەبجە داوا بکەن جێگرەکانی رژیمی شیمیاباران، ئەو گشت زیانە ماکیی و میناکییەیان قەرەبوو بکاتە، دەنگیان لێوە نەهات و ئێستا لەوانەیە، سوپاسی مالکیش بکەن کە رێگای داوە، ئەو شارە بەڵا لێدراوە ببێتە ستان یان موحافەزە!!!
ئەوە لەکاتێکدایە کە رژیمە داگیرکەرە ئورووپاییەکان، خەریکن، زیان و زەرەی خەڵکی ئەو وڵاتانە قەرەبوو دەکەنەوە کە پێشتر، وڵاتەکەیانیان داگیرکرد بوو. سەمەرەتر لەوە، رژیمی شیمیاباران، ٤٠٠٠هەزارگوندی باشووری کوردستانی ویران کرد و زیندەوەری تێدا نەهێشت و بە ناپاڵم شاخ و دار و دەوەن و دۆڵ و لێڕەواری کیڵان و زیاتر لە دووسەد هەزار مرۆڤی بێتاوانی بە ناوی ئەنفال و بە پشت بەستن بە قورئانە عەرەبییەکەیان، زیندە بە گوڕ کرد، کە چی خەڵکی باشوور لە دەسەڵاتی دوای بەعس، داوای نەکرد، ئەو گشت زیانە مرۆڤیی و ماکیی و میناکیانە قەرەبوو بکاتەوە!!! سەیرتر لەوە، نەک هەر ئەوەی نەکرد، پێنج لە حەڤدەی بودجەی ئەو دەوەرەی قرتاندووە و ئەوەش بووتە مایەی سەرئێشە و دانوستانی دەسەڵاتی هەرێم لەگەل جێگرەکانی سەدامدا!! بوونی هەڵەبجە بە موحافەزە، مافێکی رەوا و سرۆشتی و پێویستییەکی هەنووکەییە. بەپێی زۆر بوونی حەشیمەتی و نیازی ئەو دەڤەرە، دەبوو زووتر ئەو هەنگاوە هەڵبگیردرایە.
ئایا کێشەی هەڵەبجە بە موحافەزە بوونی چارەسەر دەکرێ؟
ئایا ئەگەر هەڵەبجە کرا بە ستان، ئێش و ئازاری پاشماوەکانی شیمیاباران سارێژ ئەبێ؟
ئایا موحافزەکردنی هەڵەبجە، رێگا بۆ پەرەدان بەو گەندەڵییە کە رەگ و ریشەی داکۆتاوە، نادا؟
دەکرێ ئەم داوایە، جێگای ئەو زیانە سامناکە بگرێتەوە؟
خەلێقی١-١-٢٠١٤