"an independent online kurdish website

زۆرن ئەو تێکۆشەرانەی دێمۆکرات کە ساڵانی هەرە بە نرخی تەمەنیان  لە پێناو ڕزگاریی خاک و نیشتیمانیان و لە ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران داasker-alizade-peshmerge-pdki-0

بە سەخاوەتەوە بەسەر بردووە. یەکێک لەو تێکۆشەرانە کە دەتوانم بڵێم هەم خۆی کەم ئیدیعایە، هەم کەسێکی ئەهلی میدیا نیە ،  کاک عەسکەر عەلیزادە یە.

ئەو تێکۆشەرەی دێمۆکرات  کوڕی پیاوێکی باوەڕ بەخۆ ، قسە لەڕوو ،زەحمەتکێش و هەمیشە و لە هەموو هەل و مەرجێک دا لە سەر پێی خۆی ڕاوەستاوە بە ناوی حەمید یا بە قسەی عام “حەمۆ” و دایکێکی هەیە کە ئەگەر کەمترین تاریفی لێ بکەم دەتوانم بڵێم: شێرە ژنێکی کورد بە هەموو مانای وشەیە بە ناوی سورمێ.  عەسکەر لە دایک بووی گوندی سپیدەرە سەربە ناوچەی شپیرانی سەڵماسە.

عەسکەر چوونکی هاوکات لە گەل دەرسی فارسی قورئانیشی خوێندووە و ماوەیەکیش مەلایەتی ئاوایەکەیانی کردووە ، تا ساڵانێکی زۆریش کە پێشمەرگە بوو، هەر پێیان دەگوت مەلا عەسکەر. ئەو لە پاییزی ساڵی ١٣٦١ بۆتە پێشمەرگە لە هێزی شەهید حاتەمی ئەوکات کە چوارچێوەی تێکۆشانەکەی شاری سەڵماس و دەوروبەری بووە.

عەسکەر هەر لە سەرەتای بوونە پێشمەرگەی دا ، بەهۆی ئەوەی کەسێکی کۆمەڵایەتی وئارام و لەسەرەخۆیە ، هەمیش بە حوکمی ئەوەی کە پاشناوی مەلایەتیی هەبوو ، تەشکیلاتی حیزب بە کەسێکی موئەسیر زانی و هەر زوو لە تەشکیلاتی ناوچەی شپیران دا وەک یاریدەدەری کادر دیاری دەکرێ.

ڕووداوێک کە هەر لە سەرەتای پێشمەرگایەتیی عەسکەر دا بەسەریدا هاتووە ، ئەوەیە کە ئەو لە گەل هاوڕێ و خزمەکەی خۆی مەلا جاسم ئیسماعیلی (ڕووحی شاد)  زستانی ساڵی ٦١ کە  ناسراوە بە ساڵی بەفرە زۆرەکە ، بۆ مەئمووریەت دەچنە گوندی هەرەکیانی ناوچەی شیپران و لە ڕیگا دا تووشی ڕنوویەک دەبن کە هەتا ئەوکات نەدیترا و نەبیستراو بوو کە ئەو شوێنە ڕنوو  هەڵگرێ.

مەلا جاسم ناکەوێتەوە ژێر ڕنوو، بەڵام عەسکەر دەکەوێتەوە ژێری. کاتێک مەلا جاسم دەبینێ عەسکەر وەبن ڕنوو کەوتووە، زۆر دەقیق و وشیارانە هەوڵی دۆزینەوەی عەسکەر دەدات. مەلا جاسم کەسێکی زۆر زیرەک و لێزان بوو، بۆیە بە تفەنگە بڕنۆکەی بە دوای عەسکەر دا دەگەڕێ. سەرەنجام دوای نیزیک بە ٤٥ دەقە لە نەکاو لوولەی بڕنۆ دەگاتە سەر لەشی عەسکەر  و مەلا جاسم هەست دەکا کە ئەوە عەسکەرە، بۆیە زوو ئەو شوێنە هەڵدەکەنێ و دەگاتە عەسکەر کە دەبینێ جارێ زیندوویە، دڵنیا دەبێ کە سەرکەوتووە و توانیویەتی عەسکەری خزم و هاوڕێی منداڵیی خۆی بە زیندووی ڕزگار بکات. ئەوە ناخۆشترین ڕووداوی سەرەتای پێشمەرگایەتیی عەسکەرە.

بەهاری ساڵی ١٣٦٣ بەشێک لە کۆمیتەی ئاڕاڕات و هێزی شەهید حاتەم لە حیزب جیابوونەوە و بنکەیان لە گوندی سپی دەرە بوو. کە ئەوان جیابوونەوە، عەسکەر لەگەلیان نەکەوت و لەگەل حیزب مایەوە. ئەو جیابووانە فشاریان بۆ بنەماڵەی عەسکەر هێنابوو کە دەبێ عەسکەر لەگەل حیزب نەمێنێ و بێتەوە لای ئێمە! سەرەنجام کار کێشرایە جێگایەک کە ماڵە بابی عەسکەر لە سەر ماڵ و حاڵیان دەربکەن و بە ناچار ئاوارە بوونە گوندی حەسەنی لە ناوچەی سۆما و تا ئەو ڕۆژەی کە هێرشی بەرینی ڕێژیم بە قەول” عملیات لیلە القدر ٣١ ی جۆزەردانی ١٣٦٣” دا هەموو ناوچە ڕزگار کراوەکان گیران و کەوتنە دەستی ڕێژیم، مام حەمۆ و بنەماڵەکەیان ئاوارەی دەستی کەسانێک بوون کە تا دوێنێ بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان دەبەردابوون. بنەماڵەی عەسکەر مەڕدار بوون و سەدان سەر مەڕیان هەبوو، ناچار لە لای حاجی حوسێن لە گوندی حەسەنی گیرسا بوونەوە. حاجی حوسێن کەسایەتیەکی ناسراو و خۆش نێوی ناوچە بوو و هاوکات ناوی ماڵەکەشی دانا بوو ماڵی دەفتەری سیاسی(مەبەست دەفتەری سیاسیی حیزب بوو)  ڕووحی شاد.

هەر لە هاوینی ساڵی ٦٣ بوو کە عەسکەر لە گەل پۆلێک لە هاوڕێیانی دیکەی بۆ بەشداری لە دەورەی سیاسیی کادر دا نێردرانە فێرگەی سیاسی/نیزامیی حیزب و دوای تەواو کردنی دەورە وەک کادرێکی هەڵسووری کۆمیتەی ئاڕاڕات لە ناوچەکانی سەڵماس  و شپیران دا ئەرکی پێ سپێردرابوو. دوای ماوەیەکی کورت عەسکەر وەک بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی شپیران سەڵماس دیاری کرا و هەتا ساڵی ١٣٦٧ هەر لەو ئەرکە دا خزمەتێکی بەرچاوی بە حیزب و بزووتنەوە کرد .

یەکێکی دیکە لە ڕووداوە تاڵەکانی ژیانی پێشمەرگایەتیی عەسکەر ئەوەیە کە هاوینی ساڵی ١٣٦٤ لە گەل ١٠ هاوڕێی دیکەی دا لە سەر سنووری برادۆست کەوتنە نێو کەمینی سەربازی تورکیە و بردرانەوە زیندانی دیاربەکر کە بۆ ماوەی نیزیک بە ٩  مانگ لە زیندان مانەوە  بە هەوڵ و لێزانیی شەهید دوکتۆر قاسملوو،  ئازاد کران.

دوای ئازاد بوونیش دیسان عەسکەر ئەرکی تەشکیلاتیی خۆی لە هەمان حەوزە دا درێژە دا . هاوینی ساڵی ٦٥ کاتێک عەسکەر  و هاوڕێ یەکی  لە ناوچەی بەرەو مەئمووریەتێک دەچن، لە سەر سنوور لە نەکاو دەکەونەوە نێو کەمینێکی  هیزێکی ١٥ کەسی لە ئەفرادی ژاندارمێریی پایەگای گوندی کۆران . فەرماندەکەیان زۆر بە ئاسایی دێت و تۆقە لە گەل عەسکەر و هاوڕێکەی دەکات و لێی دەپرسێ ئێوە مەرزبانن؟ مەبەستی مەرزبانی تورکیە. عەسکەریش بە فارسی دەڵێ : بلە ما مرزبان این منطقە هستیم! خۆ فەرماندەکە چاک دەزانێ ئەوانە پێشمەرگەن، لیباسی تایبەتیی حیزب و ئارمی حیزب لە سەر گیرفانیان، بەڵام هەر وەک دواتریش دەرکەوت ئەو ئەفسەرە کەسێکی ئازەری زمان و دۆستی کورد بوو، بۆیەشە ڕێژیم دوای ئەو ڕووداوە بردی و سەربەنیستی کرد.

هەر لە هەمان ساڵ دا کاتێک هێزی ئاگری دەستی بە سەر پایەگای گوندی سپیدەرە دا گرت، عەسکەر بریندار بوو . ئەوکات خەڵکی ئاوایی سپیدەرەش بە زۆر چەکدار کرا بوون. پێشمەرگە چەکی ئەوانیشیان وەرگرتبوو. هەموو جارێ یادی بە خێر شەهید بهرام آزادفر بە شۆخی دەیگوت: عەسکەر دەستی حەمۆ خۆش بێ! ئەگەر تۆ ساڵح بوایەی حەمۆ بڕنۆیەکی لێ نەدەدای.( مەبەستی ئەوە بوو کە حەمۆی باوکت لێیداوی).

با لێرەدا وەک خۆم(کاووس) شاهیدییەک بدەم. بەهاری ساڵی ٦١ بەشێکی زۆری ناوچەی شپیران بە زۆر هۆی جۆراوجۆرەوە لەگەل ڕیژیم کەوتن و تەنانەت بەشێکیان بە دڵ و بەگیان لە خزمەت ڕێژیم دابوون. شەڕی زۆریان لەگەل پێشمەرگەی حیزب کردبوو، خوێن لە هەر دوولا ڕژابوو . ئەو کەسەی کە ڕۆڵی یەکەمی هەبوو بۆ دووبارە دامەزراندنی پەیوەندیی حیزب لە گەل خەڵکی ئەو ناوچەیە، کاک عەسکەر عەلیزادە بوو. ئەوە نەتەنیا من شاهیدم، هەموو ئەوانەی ئەوکات پێشمەرگەی ئەو دەڤەرەبوون ئەو ڕاستییە دەزانن.

عەسکەر یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرەی ٨ ی حیزب بوو کە لەکۆنگرە دا لە موافیقانی سیاسەت و ڕیبازی گەورە ڕێبەری حیزب دوکتۆر قاسملوو بوو. ئەو کات بەشی هەرە زۆری بەرپرسانی مەڵبەندی شیمال لە موخالیفانی  دوکتۆر بوون، بۆیە هەم پێش کۆنگرە و هەم دوای کۆنگرە تا ڕێگای خۆیان جیا کردەوە، یەک دونیا بێ لوتفیان بە نیسبەت عەسکەر نیشان دا. هەتا لە دەستیان هات خستیانە ژێر گوشارەوە تا یان لە گەل ئەوان کەوێ، یان لە گەل حیزب نەمێنێ و واز بێنێ لە پێشمەرگایەتی، بەڵام عەسکەر هەموو ئەو بێلوتفیانەی قەبووڵ کرد بۆ ئەوەی خزمەت بە حیزب و گەلەکەی بکا. لە نیهایەتیش دا سەربەرزییەکە هەر بۆ ئەو مایەوە.

دوای کۆنگرەی ٨ عەسکەر یەکێک لەو کادرە بە ئەزموونانەی کۆمیتەی سەڵماس بوو کە حیسابی لە سەر دەکرا و چاوەڕوانیی زۆرمان لێی هەبوو کە چاوەڕوانیەکەمان بە حەق و لەجێی خۆشیدا بوو. ئەوەبوو لە کۆنفرانس دا  کە کاک دوکتۆر قاسملوو سەرپەرەستیی ئەکۆنفرانسەی دەکرد ، بە ئەندامی کۆمیتە و دواتریش وەک  ئەندامی هەیئەتی ئیجرائی کۆمیتە هەڵبژێردرا  و بەرپرسایەتیی ناوچەی ئەنزەل، کەناربەڕۆژ و بەشی ڕۆژهەڵاتی سوما  و برادۆستی کەوتە سەر شان(بەرپرسایەتیی ئەوناوچانە  لە ئەساس دا بۆ کاک سولەیمان کەڵەشی دیاری کرابوو کە لە زیندانی تورکیە دابوو ، بەڵام چوونکی حوکمەکەی جارێ مابوو ، عەسکەر وەئەستۆی گرت تا کۆنفرانسی  زستانی ساڵی ١٣٦٨ ).

ساڵەکانی ١٣٦٩/٧٠ عەسکەر ئەندامی مەڵبەند  و بەرپرسی بەشی ماڵیی مەڵبەند بوو  و لەو ئەرکەشی دا ماندووی نەناسانە خزمەتی کرد. دیارە ساڵێ ٦٩ من هاوکاری بووم و ئاگادارم کە چەندە بە جیدیەتەوە خزمەتی دەکرد.  ساڵی ١٣٧١ دووبارە هاوکار بووین، من فەرماندەری لکی ٢ بووم و ئەویش کادری سیاسیی لک بوو، لەو مەیدانەش دا کاک عەسکەر جیدیەت و تێکۆشانی دیار و بەرچاوی هەبوو. هاوکات کە کادری سیاسیی لک بوو  بەرپرسی بەشی ئەمنیەتی مەڵبەندیش بوو و درێژەی بە هەردوو ئەرکیش دەدایەوە تا کۆنفرانسی ساڵی  ٧٣ کە دووبارە بوو بە ئەندامی مەڵبەند و بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس.

عەسکەر لە بەرپرسایەتیی کۆمیتەی شارستانیش دا سەرەڕای ئەوەی کە کەمترین کادری لەبەر دەست دا بوو، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی و هاوکارانی ، توانیان هاوکاری لە گەل هێزیش بکەن لە ڕیک خستنی جەولە و بگرە عەمەڵیاتی نیزامیش دا. لە کاتێک دا عەسکەر و دوو هاوڕێی تری بە مەبەستی  یەک گرتن لە گەل تیمی تەشکیلاتیی ئەنزەل/کەناربەڕۆژ واریدی ناوچەی کەناربەڕۆژ دەبنەوە ، بە داخەوە لە تاریکایی شەو و لە نیزیک گوندی “خرابە” لەگەل ئەو تیمەی کە دەبوایە یەک بگرن، تووشی تەقە دەبن و لە ئاکام دا کادری بەوەجی حیزب فەیسەڵ مەزیدی شەهید بوو و عەسکەریش بریندار، کە ئەوەش یەکێک لە ڕووداوە ناخۆشەکانی ژیانی پێشمەرگایەتیی عەسکەرە.

ڕووداوێکی دیکەی ژیانی عەسکەریش کە ڕەنگە دوایین ڕووداوی ژایانی پێشمەرگایەتی بێ، بەتوندی بریندار بوونیەتی لە شەڕ دەگەڵ ئەرتەشی تورکیە دا. لە ١ ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٧٥ کاتێک لە سنووری ناوچەی سۆما کەوتینە نێو ئۆپەراسیۆنی سەربازانی کۆماندۆی تورک، ٨ شەهیدمان هەبوو  و عەسکەر یەکەم کەس بوو کە پێکا و بە توندی بریندار بوو. ئەوە جاری سێهەم بوو کە عەسکەر بریندار دەبوو و هەموو جارێش لە بێ ئیمکاناتی دا برینەکانی دوای چەندین مانگ چاک دەبوونەوە.

بواری خێزانی و کەسایەتیی عەسکەر

عەسکەر لە ئاخیر ڕۆژەکانی ساڵی ٦٩، وابزانم لە ٨ ی مارتسی ١٣٦٩ لە گەل خەجیجە خانم کە ئەویش پێشمەرگە بوو ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە. ئاکامی ئەو ژیانی هاوبەشە ٤ مناڵن.

عەسکەر لە بەهاری ساڵی ١٣٧٧ وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە و دوای ٣ ساڵ و نیو لە ڕیگای تورکیەوە  گەیشتۆتەوە وڵاتی نۆروێژ و لەوێ دەژین. ژیانی بنەماڵەی عەسکەر  وخەجیج خانم خۆش و ئارامە. مناڵەکانیان درێژەی خوێندن دەدەن و کچە گەورەکەیان وەژین هاوکات کە لە زانکۆ سیاسەت دەخوێنێ، یەکێک لە چالاکانی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتە و عەسکەر و خەجیجە خانم ئەندامی دڵسۆز و بەوەفای حیزبن. هاوکات عەسکەر لە کۆمەڵەیەکی کوردی دا فەعال بووە  وهەیە.

عەسکەر ئینسانێکی ئارام ولەسەرەخۆ، مەتین و خۆش ڕەفتارە کە دەتوانێ زوو دۆست و هاوڕێ پەیدا بکات. کەسێکە ئەسڵەن و ئەسڵەن خۆ پەسند و خۆ بەزل زان و مەغروور نیە. کەسێکی خاکی وخەڵکی، ئەوەی لە دەستی بێت بۆ هاوڕێ و نیزیکەکانی وەک هاوکاری  ئەنجامی دەدات. زۆر کەم تووڕە دەبێ و نایەوێ هیچ کەس ئازار بدات. دەتوانم بڵێم  کە وەبیرم نایە کەسێک دڵی لە عەسکەر ڕەنجابێ. بۆیە ئێستاش هەموومان بە چاوی ڕێز و حورمەتەوە تەماشای عەسکەر دەکەین. ئەوەی کە نووسیومە دڵۆپێکە لە دەریایەک خەبات و تێکۆشانی ئەو ئینسانە دڵسۆزە لە ڕیزەکانی حیزب دا، ئەگەر بمانەوێ بەڕاستی عەسکەر وەک خۆی بناسێنین ، لەگەل ئەوەی کەلە توانای من دا نیە ، پیوسیتی بە نووسینی سەدان ڵاپەرە هەیە. عەسکەر عەلیزادە لەو تێکۆشەرانەی حیزبە لە شیمالی کوردستان کە زیاتر لە شانزدە ساڵی پڕ لە خەبات و دەورانێکی سەختی تێکۆشان دا نەخش و ڕۆڵی زۆری بینیوە، جێ پەنجەی لە زۆر بەشی تێکۆشانی حیزبی دا هەیە کە ڕەنگە ئێمڕۆ باسکردنیان بە قازانج نەبێ. چوونکی جارێ دوژمن مان ماوە و داستانی خەبات و بەرخودانیش هەر بەردەوامە. بۆیە جارێ بەوندە قەناعەت دەکەین. 

منیش لە  کۆتایی دا وێڕای ئارەزووی لەش ساغی و ژیانێکی خۆش بۆ کاک عەسکەر  و بنەماڵە بەڕیزەکەی، پڕ بەدڵ سوپاسی دەکەم کە ئەو کۆمەڵە وێنەیەی ئارشیوی تایبەتیی خۆی بۆ ناردووین و ئێمەش بە ئەمانەتەوە لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکاندا بڵاو دەکەینەوە.

ئێوەی خوێنەرانیش هەرشاد بن و ماڵئاوا 

2014-01-03

بۆ بینینی 122 وێنەی ناردراو بۆ پێشمەرگەکان، سەر وێنەکە کلیک بکەن 


 


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی