"an independent online kurdish website

دامەزراندنی رێكخراوی ژنان لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا، یەكێك لە خاڵە زێڕینەكانی كارنامەی كاریی كۆماری كوردستانە كە نە تەنیا ژنانی كورد، بەڵكوو سەرجەم كۆمەڵگای كوردستان شانازيی پێوە دەكەن. گرینگيی دامەزراندنی یەكیەتيی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەوەدایە كە لەو سەردەمەدا.eilham_chaichi10

نە تەنیا رادەی ژنانی شارەزا لە بواری سیاسەت كە بتوانن لە گۆڕەپانی خەباتدا رۆڵ بگێرن زۆر كەم بوو، بەڵكوو كۆمەڵگای كوردستان و بە تایبەت ژنان لە ژێر پەنجەی نەخوێندەواری و دابونەریتی كۆنی پیاوسالارانەدا، كە بەرهەمی كردارە نامرۆییەكانی حكوومەتە دەسەڵاتدارەكانی زاڵ بەسەر كوردستاندا بوو، توانایان بۆ هیچ چەشنە گۆرانكارییەك لە بارودۆخی ژیانیاندا نەبوو. لە دوای دامەزراندنی كۆماری كوردستان، ژنانی كورد بە دڵگەرمی و پشتیوانيی دامەزرێنەكانی كۆماری كوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە بنەماڵەی شەهید قازی محەممەد، وەك هاوسەری بەوەفا و كچەكانی كە لە دامەزراندنی ئەو رێكخراوەیە بەشداربوون، بۆ یەكەمجار لەگەڵ چالاكیی كۆمەڵایەتی و سیاسی ئاشنا بوون و دوای ماوەیەك چالاكی لەم رێكخراوەیە هەستیان بە گرینگیی خوێندەواری، فێركاری لە بوارە جۆراوجۆرەكان، بردنە سەری ئاستی ئاگایی سیاسی و ناسینی مافە مرۆییەكانیاندا كرد و یەكەم هەنگاوەكانیان بەرەو گۆڕەپانی سیاسەت هەڵێنا.

لە دابونەریتەكانی ئەو سەردەمەدا، جێگەی ژن نێوماڵ و ئەركی سەرەكیی پشتیوانی لە تاكەكانی بنەماڵە و خزمەت كردن بەوان بوو، دەتوانین بڵێن دامەزراندنی ئەم رێكخراوەیە تێكشكاندنی تابۆیەكی چەندین و چەند ساڵە بوو، بۆیە ئەگەری دروست بوونی هەر چەشنە دژایەتی و بەربەرەكانێ‌ لەبەرامبەر ئەم گۆڕانكارییە لە لایەن دامەزرێنەرانی ئەم رێكخراوەیەوە چاوەڕوان دەكرا، بۆیە وەك چارەسەرییەك و كەمتر كردنی ئەم كێشانە، شەهید قازی محەممەد هاوسەر و كچەكانی خۆی هان دەدات كە لەم رێكخراوەیەدا چالاكی بنوێنن و بە هۆی كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و ئایینی و هەروەها رێز و خۆشەویستیی تایبەتی قازی محەممەد لە لای خەڵك، بەرە بەرە متمانە لە نێوان پیاوان و ئەم رێكخراوەیەدا دروست بێت و رێگا بۆ بەشداربوونی ژنان لە كاروباری رێكخراوەیی ئاسانتر بێت. هەر بۆیە دامەزرێنەرانی كۆمار بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی فەرهەنگی ـ كۆمەڵایەتیی ئەو كات، هەوڵیان دا كە: 1ـ هەر لە نێو ماڵەوە چاكسازی بۆ ژیانی ژنان دەست پێ‌بكەن. 2ـ رێكخراوێك بۆ داكۆكی لە مافەكان و بەرژەوەندییەكانی ژنان دامەزرێنن. 3ـ بۆ ژنان ئەمنیيەت و پشتیوانیی كۆمەڵایەتی دابین بكرێت.

ئەمە رێگەخۆشكەرێك بوو بۆ دروستبوونی بناغەی بزووتنەوەی ژنان لە كوردستانی ئێران كە هەتا ئێستاش هەر درێژەی هەیە و بەردەوامە.

لەگەڵ ئەوەی كە لە ئێران زیاتر لە یەك سەدەیە بزووتنەوەی ژنان بوونی هەیە، بەڵام بە چاوخشاندێك بە مێژووی خەباتی ژنان بۆمان دەردەكەوێ‌ كە لە سێ‌ دەیەی رابردوودا خەباتی ژنان بەرینتر بووە. سێ‌ دەیە خەبات لە بارودۆخێكی دژوار و پڕاوپڕ لە نابەرابەری، بۆ نموونە بە هۆی كەش و هەوای ئەمنیەتی ئێران لە بەرامبەر هەر شێوە ناڕەزایەتی دەڕبرینێك، زۆربەی خەباتگێرانی بوارە جۆراوجۆرەكان وەك ژنان، خوێندكاران و هتد ناچار بوون وڵات بەجێ‌ بهێلن و لە نێو حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن یان بە شێوەی تاكەكەسی بە خەباتی خۆیان درێژە بدەن. بزوتنەوەی ژنان لەم سێ‌ دەیەدا لە شكڵ و قاڵبی جۆراوجۆردا خۆی دەرخستووە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە هەموو كات زیندوو و بەردەوام بووە و شادەمارى بزووتنەوەی ژنان لە ماڵ، قوتابخانە، زانكۆ، نێو كۆمەڵگا و تەنانەت لە نێو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی بە شێوەی نهێنی هەستی پێ‌ دەكرێ‌ و لە لایەكی دیكەوە، ژنان لە نێو حیزب و رێكخراوەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەی ئاشكرا بۆ دەستەبەر كردنی مافە سەرەتاییەكانیان درێژە بە خەبات دەدەن.

كۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە ژنانێكە كە شان بدەنە ژێر كار و بە هزرە بەهێزەكانیان كۆمەڵگاكە بگەیەنە سنووری سەركەوتن، بوونی ژنانی زانا لە ریزەكانی رێكخراوی ژنان و حیزبە سیاسیەكاندا، بە واتای خێراتر گەیشتن بە ئامانجەكانیانە بۆیە لە باتی بەفیڕۆدانی تواناكانی نیوەی كۆمەڵگا لە چوارچێوەی ماڵ، دەتوانین ئەم هێزە و پۆتانسیەلە وەك سەردەمی كۆمار بە شێوەی دروست وەگەڕ بخەین و كارایان بكەین. ئەمە یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی یەكیەتی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە كە بە ئاگادار كردنی ژنان لە بوارە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا، یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزتر كردنی جێگە و پێگەی ژنان لەنێو كۆمەڵگا و مافە لەبیركراوەكانیان وەبیر بێنێتەوە و رێگای وەدەست هێنانی ئەو مافانەیان پێ‌ نیشان بدات. ئەسڵی سەرەكی بۆ یەكیەتی ژنان، دەستەبەركردنی مافە پێشێلكراوەكانی ژنی كورد لە كوردستانی ئێرانە و هەتا گەیشتن بەم ئامانجە بەرزە، درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.

رۆژنامەی كوردستان ـ ژمارەی 601


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی