کاتێک کەش و هەوا سارد دەبێ ، کە زستان بەڕێوەیە ، باڵندە سەرمابردووەکان بۆ باشوور کۆچ دەکەن . ئەوان پەڕ و باڵیان هەیە، لە شەققەی باڵ ئەدەن و ئەفڕن و بۆ شوێنێکی گەرمی باشوور کۆچ ئەکەن.
بەڵام مناڵەکان پەر و باڵیان نەبوو. بەو دەست و پێ بچووکە منداڵانەیە ، نەدەکرا بۆ باشوور هەڵفرن و نە بۆ شوێنێکی دیکە . مناڵەکان تەنیا زاڕۆک بوون .مناڵانی چاورێی زەنگی قوتابخانە. مناڵانی کاتی پشوو و یاری و خۆشی تا ئەو پەڕی جیهان ڕا ئەکەن. تا قووڵای حەوشەی قوتابخانە .
زستانی گوند هەردەم لە زستانی نێو شار ساردترە . زستانی” شێناو”ێش سارد و شەختەی سەهۆڵ بوو . شیناوێ گوندێکی خنجیلانەی نزیک بە سێ هەزار کەسییە . لە حەشیمەتی گەڕەکێکی تاران کمتر .
لە “شێناوێ” قوتابخانەی دواناوەندی لێ نییە ، تەنیا قوتابخانەیەکی سەرەتایی و قوتابخانەیەکی ناوەندی هەیە . کچەکان لە پێشنیوەڕۆدا دەرس دەخوێنن و کورانیش دوانیوەڕۆیان . زستان کە دێت ، سەرما ئەمان نادات . پێویستە قوتابخانە بە شتێک گەرم بکرێ . لە ئامێری گەرمکەرەوەی ستاندارد هەواڵێک نییە . شتێک کە دەمێنێتەوە نەوتە، گازۆئیلە و تەنانەت دار . زۆپاکان نەوتی و قەترەیین کە تەنانەت وەزارەتخانەی پەروەردە و فێر کردن لە ئێران کەڵک لێ وەرگرتنی قەدەغەی کردوون . زستانێکی ساردە و بە ستانداردە نووسراوەکانی نێو لاپەڕەی کاغز گەرم نابێ . یەکەمین چەخماخەی شقارتە ، دووهەمین شقارتە و سێ هەمین شقارتە و تەقینەوە .
“نادیا “قوتابییەک کە بیرەوەری سووتانی سات بە سات لە یادە . تەنانەت ئەمرۆ ، ساڵێک دواتر .لە بەرەبەری ئەم ڕۆژانەدا کەمێک ئەم لاتر یان ئەولاتر ، جیاوازی نییە ، سووتان بیرەوەرییەکی هەتاهەتاییە .
“ئەو رۆژەی ئێمە چووینە قوتابخانە ، مامۆستا لەوێ نەبوو ، دواتر مامۆستاکەش هات ، زۆپا هێشتا هەڵ نەکرابوو . گوتی بچن بانگ لە خزمەتکاری قوتابخانە بکەن . یەکێک لە مناڵەکان چوو و بانگی کرد . هاتن کوورەکە هەڵ بکەن .لە کوورەکە گڕێکی بچووک بەرز بووەوە . دواتر مامۆستا و خزمەتکار ویستیان بی بەنە دەر . زۆپا لە نێوەڕاست دەرکی ژوور گیری کرد. دواتر لە پڕ ئاگر بەزر بووەوە . ئێمەش لە نێو ئاگرەکە سووتاین ، لە بەر ئەوەش نەمانتوانی ڕا بکەین و کورەکە لە دەرگاکە گیری کردبوو ، پەنجەرەکانیش بە تەلەبەندی زۆر داپۆشڕابوون . مامۆستا و سەرایەدار خۆیان ڕایان کرد . کاتێک ئاگر کەوتەوە مامۆستا ڕێی پێ نەداین ئێمەش برۆینە دەر . ئەو گوتی نەرۆن ، دەچم کەپسوولی ئاگر کوژێنەوە دێنم ،ئەویش بەتاڵ بوو “
نێوەراستی مانگی سەرماوەزی ١٣٩١ زۆپەی نەوتی بە بەرچاوی مناڵانەی قوتابیانی قوتابخانەی سەرەتایی دێەوە لە جێی هەڵ بوون تەقییەوە . لە جیاتی گەرمیان کاتەوە ، سووتاندنی . زستانی ئەو ساڵە پێشتر لە هەموو ساڵێک گەیشت . ٢٩ قوتابی سووتان . دوو قوتابی بە هۆی سووتانی زۆرەوە گیانیان لە دەست دا . لە کۆی ٢٧ قوتابیتری سووتاو ، زامی ١٢ قوتابی پڕ گران و قووڵ بوو . کچە مناڵەکان ئێستاش هاوپۆلی یەکترن . بەو روخسارانەی کە لە پڕ گەورە بوون، پیر و سووتاون . روخسارێک کە ئیتر روخساری کچێکی مناڵ نییە .
ئامینە یەکێک لەوانە ، پرسیارێک دەکات کە وڵامی لای کەس نییە .
” من کە ئەو هەمووە جوان بووم ، ئەم بەڵایە چی بوو بەسەرم دا هات؟ خوایە گیان هەرچی زووترە من چاک کەرەوە !”.
یەکساڵ دوای کارەسات ، سێ قوتابی ١١ ساڵ تەمەنی شیناوێ باس لە خۆیان دەکەن . لە حاڵ و رۆژیان .لە ساڵێک کە تێپەڕی و زۆر زیاتر لە ٣٦٥ رۆژ بوو . لە دۆخێک کە ئەمڕۆ تێدا دەژین و لە دڵە ڕواکێ و شەوی سووتان . لە ترسی چوونە نێو پۆل و هات و هاواری خۆشی قوتابخانە .
ئەمە قسەکانی ” ئامینە”یە کە بیری قوتابخانە دەکات :
” ئێستا کە لە تارانم ، دڵم بۆ دەرسەکانم گەلێک تەنگ بووە . گەرەکمە هەرچی زووترە برۆمەوە شێناوێ و دەرسەکانم بخوێنم ، زۆر لە دەرسەکانم دوا کەوتووم “.
بەڵام ترسی ئامینە زۆر لە دڵتەنگییەکەی گەورەترە . مناڵە ١١ ساڵ تەمەنەکە لە ترس و بۆنی گاز ئەدوێ :
” لە قوتابخانەیەک بووین ، قوتابخانە گوڵزارێک بوو . کاتێک بۆ نموونە زەنگی پشوو لێ ئەدرا ئێمە دەچووینە ژوور بۆنی گاز دەهات ، منداڵەکان دەیانگوت ئێستا ئاگر دەگرێ . ئێستا ئاگر دەگرێ . منیش دەترسام “.
چی بەسەر دەست و پێی منداڵانەیان هاتووە؟ ئەو دەستە بچکۆلانەی کە کاریان نووسینی وشە و ڕستەی جوان جوان بوو . لەو دەستە سپی و خنجیلانە چی ماوەتەوە؟ سیما بچکووتر لە هاوپۆڵییەکانیەتی :
” دەستەکانم وشک بوون، وڵامم نادەنەوە . نەشتەرگەریم بۆ ناکەن “.
ئامینە کە ٨٥%ی لەشی سووتاوە :
” قاچەکانم سووتاون . دەستەکانم سووتاون . پشتیشم سووتاوە .کاتێک دەڕۆمە بەر ئاوێنە ، هەستێکی زۆر خرابم هەیە . دەڵێم خوایە کەی باش دەبم “.
هەواڵدەری دەزگایی ئاگرکوژانەوە دەڵی : تەشەنە کردنی نەوتی زۆپا ، سەر لێ شێواوی بەڕێوەبەری قوتابخانە ، کەوتنی سەر زەوی کوورەکە ،کۆبوونەوە و پاڵ پێوەنانی قوتابییەکان بۆ ڕاکردن لە دەستی ئاگر ، پەنجەرەی پۆڵ کە هەموو تەلبەند کرابوون و ڕێگای چوونەدەریان گرتبوو و بەر لە هەموو ئەوانەش گوێ پێ نەدانی بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و فێر کردن بە ستاندارد کردنی ئامێری گەرمکردنەوەی قوتابخانەکان ، کارەساتی لێ کەوتەوە .
ئاگر تێ بەربوونی قوتابخانەی شیناوێ ، یەکەم ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەکانی ئێران نەبوو . تەنیا لە ساڵی ١٣٧٦ەوە تا ئێستا بەو پێیی کە ” خبر انلاین” هەواڵ ئەدات ،دەیان قوتابی لە قوتابخانەکانی ئێران بە هۆی ئاگر کەوتنەوە گیانی خۆیان لە دەست داوە و بە لانی کەمەوە ٥٠ قوتابی و مامۆستا رۆح و لەشیان بە جێ ماوە . لە کۆی ٥٠٠ هەزار پۆلی خوێندن لە ئێران ٣٠%ی واتە ١٥٠هەزار پۆڵی خوێندن تا ئێستاش لە ئامێری گەرم کەرەوەی ناستاندارد کەڵک وەر دەگرن .
ئێستاش و تەنانەت دوای چەندین جار ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەکانی ئێران ،شاری شفت لە گیلان ، گوندی سفیلان لە چوار مەحاڵ و بەختیاری ،قوتابخانەی سەرەتایی شاری دروودزەن لە فارس ، خابگای شەوانە رۆژی چاە رەحمان لە سیستان و بلووچستان ، دواناوەندی چابەهار و زۆر بیرەوەری سووتاوی تر .
لە ساڵرۆژی کارەساتی شیناوێ ، قوتابیانی شیناوێ هاوڕێ لەگەل کەس و کاریان هاتنە تاران . هەڵبەت نە بۆ گەران و سەیران لە پایتەخت و وێنە گرتن لە شوێنە سەرنج ڕاکێش و توریستییەکانی . بۆ کەمێک سەرنج پێ دان . بۆ دەوا و دەرمان . بۆ گرانەوە بە ژیانی ئاسایی . بۆ سەردەمی مناڵی . وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن لە ئێران و وەزارەتی تەندروستی کە بەڵێنی زۆریان بۆ تەداوی کردنی مناڵانی سووتاوی شێناوێ دابوو ، میواندارێکی باش و مێهرەبان نەبوون .
حەوتوویەک تێپەڕ بوو و روخسار سووتاوە خەنجیلانەکان بە بیرەوەرییەکی سووتاو و قڵشاووە لەم وەزارەتخانەوە بۆ ئەو وزارەتخانە چوون بەڵام هیوا بچکۆڵانەکەیان لە هیچ شوێنێکی پایەتەخەتی گەورە و بەرین دا نە دۆزییەوە . نە وزارەتی پەروەردە و فێر کردن ئەو پووڵەی بەڵێنی دابوو بۆ داو و دەرمان کردنیان بی رێژێتە حیسابی نەخۆشخانەوە و نە وزارەتی تەندروستی بەرپرسیارەتی قبوول کرد . بەرێز شادکام باوکی یەکێک لە قوتابییەکانی شیناوێ دەلێت:
” سێ مانگ بەر لە ئێستا ئێمە لەگەڵ وزارەتی پەروەردە و فێر کردن ، وزارەتی تەندروستی ، نوێنەری پیرانشار و سەردەشت کۆبوونەوەمان گرت کە مناڵەکانمان ببەنە نەخۆشخانەی موحیبی کەوسەر و لەوێ پشکنینی وێنەیان بۆ کردن ، لە هەموو لەشیان کە مناڵەکان بۆ ماوی ٢٠ رۆژ لەو نەخۆشخانەیە بەهێڵنەوە و دەرمانیان کەن . بەو دوکتورانەی کە کەس و کاری مناڵەکان دەیانویست . بەداخەوە لە بیست رۆژەوە گەیشتۆتە سێ مانگ . هیچ هەواڵێک نییە و حەوتوویەکە لە تارانین و بۆ ئەملاو و ئەو لا دەچین . نەخۆشخانەی فاتمەی زەهرا ، نەخۆشخانەی موحیبی کەوسەر ، نەخۆشخانەی موتەهەری ، وزارەتی پەروەردە و فێرکردن . و بەداخەوە هیچ ئاکامێکمان دەست نەکەوت . لە هەمان کات دا گەیشتینە ئەو باوەرە کە بڕۆین بە شوێن کاریترەوە . کارهایەک بۆ نموونە برۆینە لای سەرۆک کۆمار …. بزانین چی دەبێ . بەلام بەداخەوە لە کاتژمێر ٢ تا کاتژمێر ٦ لەبەردەم سەرۆکایەتی کۆمار ڕاوەستاین . بداخەوە کەس بە دەنگمانەوە نەهات “.
بەڕێز شادکام باس لە بار و دۆخی کچەکەی دەکات و دەڵێ :” ٣٥% سووتاوە ، تەمەنی ١١ ساڵە . تەواو روخسرا و دەستەکانی …. جوانییەکەی بە گشتی لە دەست داوە ، زۆر خرابە . زۆر خراب . یانی کاتێک دەجێتە بەر دەم ئاوێنە و سەیری خۆی دەکا ، یانی رۆژێک خەمبارە . یەک رۆژ خەمبارە یانی نایەتە دەر ، لە ژوورەوە دەمێنێتەوە . یان دەچین بۆ ناو خەڵک یان جەژنێک و ڕێ و رەسمێک …. دەڵێ من نایەم . خۆی دەشاڕێتەوە.”
بەڵام میوانە بچکۆلەکانی پایەتخت لە چاوی کامیراکان دوور نەمانەوە . هەواڵگەلێک بڵاو بوونەوە . کێ وڵامدەر و بەرپرسیارە؟ ئایا وزارەتی پەروەردە و فێرکردن بەرپرسیارە؟ ئایا وزارەتی تەندورستی لە بەرابەر بە تەندروستی قوتابیانی قوربانی ئاگرکەوتنەوە بەرپرسیارەتی نییە؟ نوێنەری پیرانشار لە مەجلیس ڕایگەیاند کە ٧.٥ ملیارد تمەن بۆ دەرمان کردنی تەواوی قوتابییەکانی شێناوێ پیویستە .
سەرۆکی نووسینگەی کۆماری هاتە نێو قسەکانەوە و بەڵێنی دا کە ئاوڕ لە دۆخی قوتابییەکان بدرێتەوە . بەڵام سووتان شتێک نییە کە بە وادە و بەڵێنی و بەزەیی دەرمان بکرێ . هەرکام لە قوتابییەکان بە لانی کەمەوە پێویستیان بە ١٠ تا ١٥ جار نەشتەرگەری هەیە .
” هەر سێ مانگ جارێک نەشتەری گەری دەکرێن . بەلام بەداخەوە سێ مانگ بەسر نەشتەرگەرییەکەیان تێپەریوە . کەسیش نییە بپەرسێ و بلێ بۆ سێ مانگ تێ پەریوە. لەم شتانەمان زۆر هەیە بەلام بەداخەوە بەرپرسێک نییە بێت و و چارەسەری دەردی ئێمە بکات ، دەرمانی کات”.
٧ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆماری هەواڵی لە پێدانی سەرجەم تێچووی دەرامی قوتابییەکان دا . ٨ی بەفرانبار وزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند باشترین خزمەیکاری پیشکەشی قوتابییەکان دەکات . بەڵام هەر ئەو رۆژە نوێنەری پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیس ڕایگەیاند کە دەوڵەت ملیارد و نیوێکی لە تێچووی دەرمان داوە .
هەر ئەو نوێنەرە پێشتر باسی لە پرۆسەیەکی پێنج ساڵە و هەواڵی تەرخانکردنی بڕی حەوت ملیارد و نیو تمەنی بوودجە بۆ دەرمان و چارەسەری قوتابییەکان دابوو. شتێک کە بانگەشەکانی نووسینگەی سەرۆک کۆماری لە بارەی دانی تەواوی تێچووەکان لەگەڵ گومان رووبەوو دەکاتەوە . دواتریش هەواڵ هات کە سێ قوتابی شیناوێ خراونەتەوە ژێر نەشتەر گەرییەوە . وەزیری پەروەردە و فێر کردن هاتە مەیدان و دڵنیایی دا کە لە هەمان دەستپێکی کاری حکوومەتی یازدەهەم بریار دراوە خەستەخانە و دەرمانی قوتابیان وەزارەتی تەندروستی لە عودەی بگرێ ، دوارۆژیان لە لایەن وزارەتی کارەوە و درێژە پێدان بە خوێندنیش وزارەتی پەروەردە و فێکر کردن لە عودەی بگرن .
٩ی بەفرانبار هەواڵ هات کە کۆمەڵێک لە مامۆستای قوتابخانەکانی تاران لە نەخۆشخانە و دوور لە دەرس و ماڵ و قوتابخانەی شیناوێ ، دەرسیان پێ دەڵێنەوە .وەرزشکارەکانیش چوونە سەردانی مناڵەکان و ئەو قەتارەی کە دەبوایە زۆر لە مێژەوە ڕێ بکەوێ ، وردە ودرە و بە لانی کەمەوە لە هەواڵەکاندا خێرایی بە خۆییەوە بینی.
دوایین هەواڵ رۆژی ١٩ی بەفرانبار بڵاو کرایەوە . هەواڵێکی ساکار و کورت. دووهەمین دەستەی مناڵانی شیناوێ لە نەخۆشخانەی حەزەرتی فاتمە دەستیان بە چارەسەری خۆیان کرد . هێشتا هەواڵێکی دەقیق لە ئاکامی نەشتەرگەییەکان بەردەست نەکەوتووە . بەڵام چارەنووسی ئەو بڕە پارە یە کە بۆ تەداوی و دەرمانی قوتابییەکان پێویستە ، زۆر روون نییە .
بەدواداچوونەکانی ” رادیوفردا” کاردانەوەی بەربلاوی گوێگرانی ئێرانی ئێمەی لە نێوخۆی ئێران و سەراسەری دونیا بەدوای خۆیدا هێنا . بەسەرهاتی بێگەرد و ئاشکرای مندالەکان دڵی زۆر گوێگری خستە ئازار . زۆر کەسی خستە بیری ئەوەی یارمەتییان بدات و تەنانەت کەسانێک گوتیان بەشداری تێچووی داو و دەرمانییان دەکەن . هێندێکیان لە ڕێگای دوورەوە بۆ مناڵانی شیناوێ و روخساری سووتاویان گریان . گوێگرێکی رادیۆ فەردا( بە گریانەوە ) :
” دڵم ژانی کردووە . یانی لە نێو ئەم تارانەدا دوو هاووڵاتی پەیا نابێ ؟ ئەو هەموو پوول ژێر و بن دەبێ ، دوو دانە هاووڵاتی پەیا نابێ چارەسەری ئەم مناڵانە بکات؟ چی لە ئێمە روویداوە؟ لە کوێی ئەو دونیایەدا دەژین؟ تەنیا کۆمەڵێک بخۆن و ببەن؟ کەس نییە ئەو چەند مناڵە عیلاج بکات ، چی بەسەر رۆژگاری ئێمەدا هاتووە؟”
و گوێگرێکیتر بە رادیۆ فەردا دەڵێ:
” قەسەم بەخوا کاتێک ئەوان قسەیان دەکرد ، فرمێسک لە چاوەکانم دەهات . من ئێرانییەکم . دڵم بۆ هەموو ئێرانییەکان دەسووتێ . قسەم بە خوا من شۆفیڕێکم و پوولم نییە. بەو کەسەی کە باوەرتان پێیەتی ، بە وەللا ، بە ویجدان و مرۆڤایەتی قەسەم ، ئەگەر پوولێکم هەبوایە ، ئەگەر دەمتوانی یارمەتی بدەم ، قەسەم بە خوا تێچووی دەرمانی سەرجەمیان وەئەستۆ دەگرت . بەڵام کەسانێک هەن لەم وڵاتەدا بۆ نموونە بابەک زەنجانی کە بۆ ئەوی پوولی یەک پاکەت جگەرە دەکات . ئەگەر بیهەوێ ئەمانە بەڕێ بکات ، ناتوانێ کار بکات ؟ خەڵکیتر . ناتوانن کارێک بۆ ئەم کچە منداڵانە بکات؟ ئەو کچانە بەخوا قەسەم ئەگەر ئێرانی بی دەبەی بۆیان بگری . چونکی ئەوان گەنجییەتیان رۆشت .”
بەو حالەش ئەگەر بێت و هەموو ئەو هەواڵانە بۆ دەرمانی قوتابییان لە رێگەی دوورەوە قبوول بکەین ، هێشتا شتگەلێک هەن کە ناکرێ لە بارەیانەوە دڵنیا بین . هیچ نەشترگەرێک ناتوانی بیرەوەری سووتان لە ڕۆحی قوتابیانی شیناوێ بسرێتەوە . خەندەی بەر لە ئاگر کەوتنەوە ناکرێ لەسەر روخساری بچووکی ئەوان نەشتەرگەری بکرێ . ترس لە ئاوێنە تا کەی لەگەڵ ئەو مناڵانە دەمێنێتەوە؟ تا کەی لە چاوەکان و نیگاکان خۆ حەشار ئەدەن ؟ ئەمە قسەکانی ئامینەیە:
“کاتێک دەچم بۆ شایی ، هەموو ئەو خەڵکە سەیرم دەکەن و منیش حەز ناکم سەیرم کەن. سەرجەم مناڵەکان و هاورێکانیشم هەروان”.
و ئەمەش هەستی نادیا :
“واهەست دەکەم کە هەموان سەیری من دکەەن . هەموو خەڵکی جیهان سەیری من دەکەن . زۆر شەرم دەکەم کاتێک کەسێک سەیرم دەکات”.
ئامینە باس لە ماڵەوە دەکات . لە ئازارێک کە برا و خوشکەکانی لێی دەترسن.
” دوو خوشکم و برایەکم هەیە . سەرەتا کە لە ئیسفەهان مەرەخەس کرام ، لێم دەترسان ، دواتر وردە ودرە لەگەڵم ڕاهاتن . ئێستا من دەناسنەوە . هێندێک جارێش لەگەڵ یەکتری یاری دەکەین”.
و نادیا لە ترازانی شیرازەی دەروونی کە مناڵێکی کارەسات دیتوو لەگەڵی دژی ، لە پەیوەندی زۆرخرابی لەگەڵ خوشک و براکەی ئەدوێ:
” زۆر خرابە . زۆر زوو توورە دەبم . لێی دەدەم . نیگەران دەبم . زۆرم توورە دەکات ، دێت لە ئامێزم دەگرێ . دەڵێم وازم لێ بێنە . بەڵام واز ناهێنێ . دوایی من لە توورەیی خۆم لێی ئەدەم . هەموو منالەکان هەروان . زۆر توورە دەبن . لەراستیدا رۆحییان زۆر گۆڕاوە”.
هیوای ئامینە بچووکە . قوتابییە بچووکەکەی شیناوێ لە سووتانەوە دێت و بۆ قوتابییەکانیتر هیوای نەسووتانی هەیە :
” زۆر رقم لە بیرەوەری ئاگرکەوتنەوە دەبێتەوە ، ئیتر نامهەوێ هیچ کەسێکیتر بەو شێوەیە و وەک ئێمە بسووتێ “.
ئامینە لەوانەیە نەزانێ . لەوانەشە کە باشتر بێ هەر نەزانێ کە ئێستاش ١٥٠ هەزار پۆڵی دەرس لە ئێران بە زۆپای نەوتی گەرم دەبن .
سەر چاوە : رادیو فردا
وێنەکان لە ڕادیۆ فەردا وەرگیراون
وەرگێرانی لە فارسییەوە : رەشید زەرواوی