داڕشتنی پلانی هێرش
پاش ئەوەی جیهانبانی زانیاری تەواوی لە جوگرافیای ناوچەکە و هێزە کانی سمکۆ و چاری کۆکردەوە کەوتە داڕشتنی پلانی هێرش, بەمجۆرە
فەرمانی دەرکرد
١ – هەمو ئەو هێزانەی لە تارانەوە هاتون جگە لە سوارە نیزام کە لە ژێر فەرمانی ئەمیر لەشکر ئیسماعیل ئاغای ئەمیرفەزڵی دا بو بە هۆکانی گوێزانەوەی دەریایی بە نهێنی و لە ناکاو لە بەندەری دانالو بۆ بەندەری شەرەفخان بگوێزرێنەوەو لەوێ جێگیر بن. سوارە نیزامی هێزی ناوبراویش دەبو بە زوترین کات لە وشکاییەوە خۆی بگەیەنێتەوە بەندەری شەرەفخان.
٢-بەزوترین کات هەمو هێزەکانی ئازەربایجان لە بەندەری شەرەفخان کۆببنەوە٠
هێزەکانی ئیران بە هۆی شەرەفخانەوە دەیتوانی دەس بەسەر کەناری ڕۆژهەڵاتی گۆمی ورمێ دا بگرێ و لەوێوە بجوڵێ، هێزی کورد لە کەناری ڕۆژئاوای گۆمی ورمێ دا بەندەرەکانی قوچی و گولمانخانەی بە دەستەوە بو، بەهۆی نەبونی هۆی گواستنەوە نەیدەتوانی کەڵکی تەواویان لێ وەربگرێ لە نێوان هەردو بەندەریش دا بەرزایی((سەنگی کازم))بە دەست کوردەوە نەبو، بە دەست یاخییەکی عەجەمی بە ناو بانگی ئەو ناوەوە بو،هێزەکانی دەوڵەت بە هۆی گۆمی ورمێوە ئەیان توانی مانۆڕی خێرا بکەن و لە لای چەپ و ڕاستەوە بجوڵێن و لەهەر شوێنێکی کەناری ڕۆژئاوای دا،کە بە دەست کوردەوە بو،بیانەوێ دابەزن،بەم جۆرەی لەی خوارەوە..
١ـ لەبەر ئەوەی لە سەروی گۆمی ورمێ دا دیواەێکی تەخت هەیە کە هەورازی قزل داغەو لە شارستانی سەلماس تەواو ئەبێ،وادانرا ئەو هێزانەی لە بەندەری شەرەفخان کۆبونەتەوە بەدزە کردن لەدیواری تەختی سەرو لەبەرزاییە کانی قزل داغەوە ڕاببورن و دوای گرتنی شارستانی سەلماس ڕاستەوخۆ هێرش ببەنە سەر قەڵای چەهریق. بۆ ئەمەش دەبو لەوشوێنەوە دابەزن کە بەدەست کازمی یاخییەوەبو.
٢- هێزی چریک کە بەناوی گوردانی مورادی ناودەبراو لە پاش ماوەی هێزەکەی خاڵۆقوربان پێک هێنرابو لەژێر سەرکردایەتی موراد خانی کوردا لەگەڵ هێزێکی بچوکی نیزامی لە ژێرفەرمانی ڕاستەوخۆی سەرهەنگ ئەبولحەسەن خان پورزەندا دەبو لە کەناری ڕۆژئاوا لە بەندەری سەنگی کازم دابەزن، فەرماندەی هەمو ئەم هێزە بە پورزەند بو. هێزەکانی دەوڵەت کە بەسەرکردایەتی سەرتیپ ئامانوڵا میرزای جیهانبانی لە شەرەفخانە کۆبوبووە و لەم بەشانە پێک هاتبو:
١-ستادی فەرماندیی گشتی ئازەربایجان، جیهانبانی ویستی زۆرترین سود لە ئەفسەرانی لاوو خوێندەوار وەر بگرێ. سەرهەنگ سەیفوڵا شيهاب،سەرهەنگ ڕوحوڵڵا میرزا،سەرهەنگ شاهروخمیرزا، سەرهەنگ ئەحمەد خان چارلسکی(دوایی ناوی گۆڕی بۆ ئەقسی) لە سەرۆکایەتی ستادی گشتی دانران. سەرهەنگ یوسف خان و سەروان مەهینیش هەر لەوێ کاریان پێ سپێردرا.
(درێژەی سمکۆو ڕۆژنامەوانی)
مامۆستا سەجادی دەربارەی ئەم ڕۆژنامەیە نوسیوێتی..((کورد))ڕۆژنامەیەکی کوردی و زمان حاڵی سمایل ئاغای سمکۆ بووە، لە ١٩٢١ لە شاری ورمێ دەرچوە،تەنها سێ چوار ژمارەی لێ دەرچوە لەوە دوا پەکی کەوت. (سمکۆلە هەفتە نامەی (بانگی کوردستان)دا ، سمکۆ لە کوردستان وەکو قارەمانی نەتەوەی کورد سەیر دەکرا. هەفتەنامەی کوردی، فارسی، تورکی (بانگی کوردستان) لە لایەن(جەمعییەتی کوردستان)وە لەو سەردەمەدا لە سلێمانی دەردەچو، خاوەنی ئیمتیازو بەرپرس و سەرنوسەری حاجی پاشای یاملکی و نوسەری بەشی کوردی و فارسی عەلی باپیرئاغاو شێخ نوری شێخ ساڵح و نوسەری بەشی تورکی ڕەفیق حیلمی بو.
درێژەی هەیە
سەر چاوەکان
١- بەڵگە نامەکانی بەریتانیا
٢- کتیبی کوردو عەجەم لە نوسینی بەڕێز نەوشیروان موستەفا
٣- بیرە وەرییە کانی میستەر پاکار سەرۆکی میسیۆنی ئەمریکا لە ورمێ