”محەممەد مەلەکی” یەکەم سەرۆکی زانکۆی تارانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە نامەیەکی سەر ئاواڵەدا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بە وردی دەخاتە ژێر پرسیار و بوێرانە رەخنەی لێ دەگرێ .

محەممەد مەلەکی تەمەن ٨٠ ساڵ و لە چالاکانی داکۆکیکاری ئازادییە مەدەنییەکان ، لە نامەیەکی کەم وێنەدا پاش پرژانە سەر ئەو رووداوانەی بووە هۆی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەدەسەڵات گەیشتنی خومەینی ، دەنووسێ : بەدەر لە درووشمی راستەقینەی ” آزادی ، جمهوری اسلامی ” بەداخەوە باقی درووشمەکانیتر بۆنی مەرگیان ئەدا . لەوانە ” مرگ بر شاه ، مرگ بر شاه ، مرگ بر شاه” ، ” مرگ بر آمریکا ”،” مرگ بر امپریالیسم” و زۆر داواکاری مەرگی تر .
وشەی ” مرگ” لە ناخمان دا جێی گرت و تا هەنووکەش کە ٣٥ ساڵ بەسەر گۆڕانی سیستمی پاشایەتی بە سیستمی شێخایەتی تێ ئەپەڕێ ، ئەم وشە ناحەزە تا هەنووکەش دەستی لە یەخەی ئێمە بەرنەداوە . مەگەر لەو رۆژانەدا هاوارمان نەدەکرد :” تا شاه کفن نشود ، این وطن، وطن نشود ( تاکوو شا دفن نەبێ ، ئەم نیشتمانە نابێتە نیشتمان) بەڵام بینیمان کە شا کفن کرا و بەڵام نیشتمان هەرگیز نەبووە نیشتمان ”.
د. مەلەکی دواتر دەپرسێ :” لە وڵاتێکدا کە نمامی توندوتیژی بە خوێن ئاو درا و باڵای گرت ، بێجگە لە مەرگ دەکرێ چ چاوەروانییەکیترمان لێی هەبێ ؟ ئێمە ٣٥ ساڵ دروشمی مردن بۆ …مان دا و زۆر کەم لە وشەی بژی کەڵکمان وەرگرت”.
فێڵی خومەینی و زامی سارێژ نەبوو
یەکەم سەرۆکی زانکۆی تارانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ، داوای لە ئێرانییەکان کردووە تا بۆ پێشگیری لە دووباروە بوونەوەی ئەوەی کە ناوی ” سەردەمی خوێن و توند و تیژی” لێ دەبات ، ژیری بنوێنن و کەڵک لە هزر و عەقڵ وەربگرن . بە پێی نووسینەکەی ئەو :
” خومەینی بە هەمبانەیەکی پڕ لە وشەی جوان کە خواستی خەڵکیش لە دروشمە سەرەکییەکانی ئەو بوون ، هاتە ئێران و میللەتێکی بە بەڵێنییەکانی لە خشتە برد یان بە قسەی خۆی فریو دا و بناخەکانی دڕٶ و فێڵی دامەزراند . پیویستە ژیرانە بیربکرێتەوە کە بۆچی ئەوە رووی دا و ئێمە گرفتاری ئەو دۆخە بووین ؟”
د. مەلەکی بەوەندەوە ناوەستێ و سەرلە نوێ دەنووسێ :
” بۆچی کاتێک خومەینی لە پاریس لە ژێر سێبەری دارسێوەکاندا ئاوا بە رۆحێکی زل و خۆباییەوە دائەنیشت و ئەو درووشمە بێ ناوەڕۆکانەی کە تەنانەت خۆشی باوەری پێیان نەبوو ، ئەیدان . ئایا ئێمە ئەزموونی توندرەوی ناوبراومان لە ماوەی ژیانیدا لەبیر کردبوو؟ بۆچی لەرووی نووسینەکانی و قسەکانیدا نەمانتوانیبوو بە باشی ئیدە و ئەفکاری بناسین؟ چما وێنەی ئەومان لە نێو مانگ ئەدی ؟”
بەرێز مەلەکی کە یەکەم جار لە رۆژی دوازدەی پووشپەری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا بە دوایی دەربرینی نارەزایەتی دژ بە داخرانی زانکۆکان و ستاندنەوەی سەربەخۆیی ، تامی بەندیخانەی لە کۆماری ئیسلامی دا چێشت و بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە پشتی تەلبەندەکانی بەندیخانەڕا مایەوە ، بە ئاماژە کردن بە ئێعدام و لەسێدارەدانەکان لە سەرەتایی ساڵەکانی دوایی شۆڕش لە تاران و شوێنە جیا جیاکانی ئێران ، دەنووسێ:
جەنابی خومەینی بەڵێنی ” ڕێز” و ” حورمەت”ی دابوو ، بەڵام چەند رۆژێک لەم بەڵێنییانە تێ نەپەریبوو کە دەست بە لە سێدارەدانی سەرانی حکوومەتی رووخاوی لە دادگا گەڵێک دا کرد کە نە دادوەر شایانی دادوەری بوو و نە دەزگای داد خاوەنی هیچ کام لە بناماکانی دادوەری . نە لە پارێزەر هەواڵێک هەبوو و نە لە دانی دەرفەت بە بەندکاراوان بۆ داکۆکی لە خۆیان و نە لە کەشێکدا کە بەندکراو هەست بە ئەمنیەتی بکات . لە جێگای دانانی ئایاتی روحم و مێهرەبانی ، بە گاڵتەکردنی یەکێک لە ئایەکانی قورعان ، ئەویان بەرانبەر بە موتتەهەم و پشت سەری بە ناو دادوەر بە دیواردا هەڵداوەسی تا گومانلێکراو تێ بگات کە بێجگە لە رووبەروو بوونەوە لەگەڵ حوکمی مردن و لەبەین چوون ناتوانێ لەو شوێنە دەربازی ببێ ”.
”چی لەسەر کوشتارەکانی کوردستان و گونبەد و قەتڵ و عامی گوندی قارنێ بڵێم ؟ بێدەنگی زۆربەی ئێمە بوو بە زامێک کە ئێستاش پاش تێپەڕینی ٣٥ ساڵ سارێژ نەبووە.”
”بە بارمتە گرتنی ئەمریکاییەکان نابەجی و زیانبەخش بوو”
د. مەلەکی بە نابەجێ و زیانبەخش ناوبردنی هێڕش بۆ سەر باڵوێزی واشنتۆن لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە تاران و بە بارمتە گرتنی نزیک بە ٧٠ دیپلۆمات و کارمەند ، وەبیری دێنێتەوە کە :” جەنابی خومەینی ئەم کارە دزێو و زیانبەخشەی کە تا ئێستاش دووکەڵەکەی چاوەکانمان دەکزێنێتەوە ، ناوی شۆڕشی دووهەمی لێ هێنا و هێزە سیاسییەکان بە چەپ و راست و مەزهەبییەوە بەهەڵدانی رەشماڵ و ناوەند دەستیان بە پەسند کردنی ئەو کارە کرد و دروشمی مردن بۆ ئەمریکا و ئیمپریالیزمیان دووپات کردەوە . هەرکام لە هێزە سیاسییەکان هەوڵی ئەوەیان بوو کە درووشمەکان بەرزتر بڵێنەوە تا زیاتر شۆڕشگێر بوونیان بسەلمێنن . دەوڵەتی بازرگان وازی لە دەسەڵات هێنا و ئێمەش ، هەمان ئێمەی بە ناو شۆڕشگێر نازناوی لیبراڵمان لێ نا و دامانە بەر رق و بێرێزی خۆمان ”.
هەرکەس رەخنەی گرت ، زمانمان بڕی
ئەم چالاکەی بواری ئازادی مەدەنیەکان لە ئێران ، وێرای شی کردنەوەی چۆنیەتی هەڵگرتنی زانکۆکان و ڕێ خۆشکردن بۆ رووخانی دەوڵەتی ئەبوولحەسەنی بنی سەدر ” یەکەمین سەرۆک کۆماریی ئێران” لێدوانەکانی عەلی خامنەیی لە نوێژی هەینی دا لە هاندانی سەدام حوسێن بۆ شەڕ لە گەڵ ئێران کاریگەر ناو لێدەبا و چەند نموونەیەک لە وتەکانی رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە دەگێڕێتەوە .
بە قسەی دوکتور مەلەکی ، درێژەکێشانی شەڕ دوای ئەوەی کە ناوی ” ئازادی خوڕەم شار”یان لێ ناوە ، سیاسەتێکی هەڵە بوو کە هەم حوسێن عەلی مونتەزری و هەم مەهدی بازرگان لە بارەییەوە هوشداریان بە خومەینی دابوو ، بەڵام شەڕ دڕێژەی کیشا و بە پێی نامەکەی دوکتور مەلەکی :” تاقمێک کە بەرژەوەندی خۆیان لە درێژە پێدانی شەڕدا دەبینییەوە ، شەڕی بەرگریان کردە شەڕی هێڕشی و چوونە نێو خاکی عێراقەوە و هەموو هەوڵی خۆیان بەکار برد تا ٨ ساڵ شەڕ درێژە بکێشێ و ئاکامەکەشی گیان لەدەستدانی سەدان هەزار کەس و بریندار بوون و کەم ئەندام و بە قەولی هاشمی رەفسەنجانی هەزار ملیارد دولاریش خەساری مادی بۆ ئێران بە دواوە بوو .”
بە قسەی دوکتور مەلەکی ، دامەزڕێنەری کۆماری ئیسلامی شەڕی بە نێعمەت دەبینی بەڵام ئازار و سەزاکەی بۆ خەڵکی ئێران بوو .
سپای پاسداران پارێزەری چییە؟
دوکتور مەلەکی لەم نامەیەدا پاش ئاماژە پێدانێکی دوور و درێژ بە سەردەمی شەڕ و تیرۆڕی ژمارەیەکی زۆر لە ئێرانیانی دەرەوەی وڵات لە سەردەمی سەڕۆک کۆماری هاشمی رەفسەنجانی دا ، بە هێز بوونی سپای پاسداران لە گۆڕەپانی سیاسەت دا مەحکووم دەکات :
”سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە چ ئامانجێک پێک هات ؟ ئەگەر ئەرکی سپای پاسداران پارێزگاری لە شۆڕشی ئیسلامییە ، کەواتە پێویستە وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە شۆڕشی ئیسلامی چییە کە دەبەی سپا پارێزگاری لێ بکات ؟ مەگەر هەر شۆڕشێک لە رووی درووشەمەکانییەوە ناناسنەوە؟ دروشمی شۆڕشی ئیسلامی چی بوو؟ مەگەر خەڵک لە شۆرشدا هاواری سەربەخۆیی ، ئازادی ، کۆماری و ئیسلامەتییان بەرز نەدەکردەوە؟
ئایا سپا بە شوێن وەدی هاتنی ئەو ئامانجانەی خەڵکەوە بوو یا خود ئەرکی سەرکوت و ئەشکەنجە و کوشتاری خەڵکی بە عودە گرت؟ بەسیجی سەر بە سپای پاسداران لە زانکۆکان و قوتابخانە و ئیدارەکان و بازار بە چ شێوەیەک لەگەڵ خەڵک هەلسوکەوتیان کرد و دەکەن ؟ سپا و بەسیج وەدی هێنەری ئازادین یان ئازادی کوژن؟
لە بارێکیترەوە ، دیسان دوکتور مەلەکی سپای پاسداران دەخاتەوە ژێر پرسیار و دەڵێ :” مەگەر سپا نەبوو کە لە بەفرانباری ساڵی ٧٩ دا دەیان کەسایەتی جیابیر و نووسەری بە مانگ لە بەندیخانە ترسناکەکانی ”عشرآباد ” و لە نێو ئەو ژوورە یەک لە دوو متریانە بەند کرد و ئەو رەفتارە نامرۆڤانەی لەگەڵ ئەنجام دان و بە چاوی بەستراو ئەوانی بۆ لێکۆڵینەوەی شەوانە دەبرد و لە هیچ بێرێزی و بێ حورمەتییەک بە بەندکراوان خۆی نەپاراست”؟
مەگەر زۆربەی ئەوانە لە ڕێگای کەسابەت بە شەڕەوە نەگەیشتنە پلەی بەرزی سەرداری و دەستیان بە سەر تەواوی کار و باری ئابووری و سیاسی دا نەگرت و سامانی زۆر و قەسر فەرعەونیان بۆ خۆیان و خزم و کەس و کار و مناڵەکانیان ساز نەکرد و گوێیان لە تێکقرمانی ئێسک و پروسکی توێژی خەڵکی هەژار لە ژێر پێکانیانەوە نەگرت؟ و ئەگەر کەسێک یان کەسانێک رەخنەیان لەم کردەوانە دەگرت ، مەگەر بە خوێن و توند و تیژی بەرپرچیان نەدەدانەوە؟
ئەحمەدی نژاد دیاری خامنەیی بۆ خەڵکی ئێران
ئەم رەخنەگرە بە ساڵاچوو و زیندانی کێشاوەی کۆماری ئیسلامی ، بە رەخنە گرتن لە سەردەمی سەرۆک کۆماری ” محەممەد خاتمی” و بیرهێنانەوەی قەتڵی داریوش و پەروانە فرووهەر ، محەممەد موختاری، محەممەد جەعفەر پوویەندە و کۆمەڵێک بیرمەندی تری ئێرانی لە زنجیرە کوشتارێکدا بە ناوی ” قتلهای زنجیرەای”، مەحموودی ئەحمەدی نژاد وەک دیارییەک ناو لێ دەبا کە عەلی خامنەیی بەخشییە خەڵکی ئێران :” لەم سەردەمەدا بەڵایەک بەسەر خەڵک دا هات کە لە ساڵی ٨٨ دا دەستیان دایە شۆرش و شاهیدی کوژران و بریندار بوونی دەیان کەس لە بزووتنەوەی سەوز بووین .سەرئەنجام هەژاری و بێ دەرەتانی ، دزی و دڕۆ و ئێعتیاد و گەندەڵی گەیشتە شوێنێک کە هاواری خەڵکی بەرز کردەوە. هەموو ئەمانەش لەسەردەمی سەرۆک کۆمارێک رووی دا کە جێگای پەسندی ” آقا ” بوو و ئەم پشتیوانییەش تا کۆتایی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نژاد درێژەی کێشا”.
هەواڵێک لە ” ئارامی” لە نێو ئێراندا بوونی نییە
محەممەد مەلەکی هۆکاری هەڵبژاردنی حەسەن رۆحانی بە سەرۆک کۆماری ،بۆ نەبوونی هەڵبژاردەی تر لەبەر دەم دەسەڵات دارانی تاران دەگێڕێتەوە .
” رۆحانی بە ١٨ ملیۆن دەنگی ڕاگەیەنڕاوی یەک لە سەر سێی دەنگی خەڵک کە مافی بەشداریان لە هەڵبژاردن هەبوو ، گەیشتە سەرۆک کۆماری . گوشارە قورسە ئابوورییەکان و پەراویزی جیهانی و زێدەتر بوونی رۆژانەی دەنگی نارەزایەتی خەڵک ، بەرپرسانی نیزامی ولایەتی ناچار کرد تا دەست لە هێزی ناوەکی هەڵ بگرن و بە هاتنە سەر کاری رۆحانی ئامادەکاری نەرمی نواندن لەگەڵ زل هێزە رۆژائاواییەکان بکەن و لە کۆتاییشدا رێکەوتن نامەی ژنێڤ واژۆ کەن”.
” بەڵام لای خەڵک ئەو پرسیارە هەروا لە جێی خۆی ماوە کە بۆچی دەیان ملیارد دۆلار خەرجی نەدانمکارییەکانی ناوکی کرا ؟ ئاخۆ ئەم کارە کە بە قیمەتی هەژاری و لەبەینچوونی ئابووری وڵات تەواو بوو ، چ قازانجێکی بۆ خەلک بەدواوە بوو؟”
دوکتور مەلەکی لە نەبوونی نەرمی نواندن لە نێوخۆی ئێراندا بەداخبوونی خۆی دەر ئەبڕی و دەڵێ:” لەو ماوەیەدا زیندانی و دەست بەسەر کردن و توند و تیژی و ئێعدام هەروا درێژەی هەبووە و روون نییە کە ئاخۆ کەی بریارە تا رێز لە مافی مرۆڤ و مافی خەڵکی ئێران بگیردرێ ؟
لەم نامە بێ وێنەیە و زۆر روون و بێ پەردەیە دا . د. مەلەکی ئامۆژگاری ئێرانیەکان دەکات و دەڵێ:” وەرن بە ئەزموون وەر گرتن لە ڕابردوو ئیتر واز لە دروشمی (بمرێ )بێنین و زیاتر کەڵک لە (بژی ) وەر بگرین ”.
سەرچاوە : بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا
وەرگێر : رەشید ز