کە پەنجەرەکەم کردەوە زەلامێکی زەبەلاح و رووتوقووتم بینی و یەکەسەر چاوم نوقاندو قیژاندم.
ئەویش زۆر بە شێنەیی گوتی بۆ ئەقیژێنی و چاوت دائەخەیت؟
منیش بە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە، گوتم تکایە ئەوە ڕەوا نیە لە ئیسلامدا!
زەلامی “زەبەلاح”، دەستی کرد بە پێکەنینو گوتی ئسیلام؟
من خۆم ئیسلامم، هیچی وام نەبیستوە لەو بارەیەوە ئەوە تەنها بۆ ژنە کە ڕەوا نیە ڕووت بێت، توخوا چاوت بکەرەوەو جوان سەیرم بکە بزانە چەندە بە هەیبەتم.
ویستم پەنجەرکە دابخەم یەکسەر نەڕەیەکی کردو گوتی نابێت دایبخەیت من حەز دەکەم
پەنجەرەکان، بۆ من کراوە بێت و خۆم و حەزەکانی خۆم بوروژێنم!
منیش گوتم باشە ئیتر لەمەو بە دوا هەرچی پەنجەرەیە دەیکەمەوەو خۆم لە پەنجەرەکانەوە نیشان ئەدەم کە وا بێت،، من و تۆ فەرقمان نیە!
زەلامی” زەبەلاح ” دیسان نەڕەیەکیتری کردو گوتی ئەرێ تۆ تێناگەیت؟
مەگەر لە بیرت چوو من پیاوم و تۆ ژن؟
مەگەر نازانی ژن کێڵگەیە و پیاو جوتیار؟
تۆ چیت ؟؟؟
دیسان ویستم پەنجەرەکە دابخەم بە توندی، بەڵام ئەمجاریان بە توندی پەلاماری دەستیدامو دەستی گرتم.
منیش تا هێزو هەرەکەتم هەبوو، بە دەستەکەیترم زلەیەکم کێشا بە بنا گوێیاو چاوی کەوتە چەخماخەو هاواری لێ بەرز بووەو یەکسەر بەرەردوا خۆی کێشایەوەو بەر پەنجەرەکی بە جێ هێشت و گوتی ئەمەت بە سەر ناچێت.
دوای چەند چرکەیەک خۆم خزاندە بن پەنجەرەکەو هێور بوومەوە.
زەلامی” زەبلاحیش” ، هیچ ڕێگایەکیتری نەبوو، دوا جار بۆی قوچاندو لە چاو وون بوو.
بەردەوام هەر بیرم لێ ئەکردەوەو لە بەر خۆمەوە دەم گوت، تۆ بڵێی ئەمە دواین جار بێت؟
تۆ بڵێی جارێکیتر لێم تاین نەبێتەوە؟
بەڵێ!!
ساڵ هاتو ساڵ چوو، ئەمجارەیان پێچەوانەی جاری پێشوو، من خۆم رووت کردبوەوەو وەک هەمیشە پەنجەرەم کراوە بوو. خۆم لە بەر هەتاوی ئەم دیوی پەنجەرە دا بوو!!
لاشەیەکی سپی و سافولوس لە گەڵ بریقەی شوشەی پەنجەرەکە تێکەڵ ببون و هەر وەک مانگی یەک شەوە وابوو.
ئاگام لە دونیا نەما بوو لە خەیاڵێکی پڕ ئەفسوناویا بووم حەزم دەکرد ئەو خەیاڵە قەت کۆتایی نەهاتایە. بەڵام،
لە پردا بەردێک و دووان بەر پەنجەرکەم کەوتن، دیسانەوە بەردەکان زیادیان کردو وەک تاوی تەوەرگ هەر بەرد بوو کیفەی دەهاتو خۆی دەکردبە نێو ماڵداو منیش ویستم سەرم بەرزکەمەوە بزانم ئەو بەردانە بۆ خۆیان ئەکەن بە ماڵا؟
لە پڕدا دەنگ بەرز بوەوەو هاواریان کرد ” شەیتان” ڕەجم بکەن ” شەیتان” ڕەجم بەکەن.
منیش ئەملاو لای خۆم کرد هیچم نەبینی، لە بەر خۆمەوە گوتم ئەبێت ئەو ” شەیتانە” من بم!!!!!
ئەوندە بێزاری ڕووی تێکردم، هەستامە سەر پێو بە روتی گوتم جوان سەیرم بکەن جوان، هەتا،،، ئەتوانن،، بەرد بارانم بکەن چونکە بەردەکانی ئێوە، هەر هەمووی حەسادەتو شەهوەتەو ئەتانەوێت لە ڕێگای بەردو جەهلەوە خۆتان خاڵی بکەن، لێمدەن هەتا دەتوانن لێمدەن، خۆشە چونکە بە ڕوتی بووم، ئەمەوێت بە روتی بمرم.
جارو بار،لە ژێر چەپۆکی بەردەباراندا بە لا چاوێکەوە سەیرم دەکرد بۆ ئەوەی بزانم، کەس هەست بە ئازاری من ئەکات؟
بەڵام بە پێچەوانە،، هەر هەموو جاهیلەکان بە دەم قای قای پێکەنینەوە بەردیان بۆ فڕێدەدامو دەیان گوت،، ئەوە دەبوایە هەر هەموومان خۆمان لێ خاڵی بکردایە….دەیان گوت، ئەوە جیهادە جیهاد، ئێمە کوڕی تەنگانەی ئیسلامین و ناهێڵین ئیسلام بەرەو فەسادی بڕوات!!!!!!
ئایا هەر ئەوانە نین خۆیان کردارو بکەرن ؟
ئەی کوا داوێن پاکی ئەوان؟
مەگەر ئەوانە، لە مرۆڤێکی پاک کە هێشتا جەستەی بەر دەستی هیچو،، هیچ،، نەکەوتوە پاکترن؟
ئەی مرۆڤەیاتی تۆ گریانی پاکیزەکان نابیستی؟
ئەی مرۆڤ بۆ بە خۆتا ناچیتەوە ؟
تۆ بڵێی کەی ویژدانە خەوتوەکان بە خەبەر بێنەوە؟
تا کەی ڕاستیەکان زیندە بە چاڵ دەکرێن؟
هەستە ئیتر بەسە خەوی جاهیلی!!!!!
شەهلا یارحوسێنی
18.02.2014
نۆروێژ