تا سەرەتاکانی دەیەی چواری سەدەی ڕابردوو حیزبایەتیی ڕۆڵێکی وەهای لە ژیانی سیاسیی نەتەوەی کورد بە گشتییو کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتیی نەبوو.
سەرەرای ئەوەی کە پێکهاتنی حیزبی ئازادیخوازی کوردستان، کۆمەڵەی ژ. کاف و پاشان حیزبی دێموکراتی کوردستان لەدرێژایی ٧ ساڵدا (١٩٤٥-١٩٣٨) سەرەتای کاری حیزبایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانو تا ڕادەیەک کۆتاییهاتن بە ڕۆڵی تاکەکەس یان سەروک خێڵ لە بزوتنەوەی کورد بوو، بەڵام ئێستاش شوێنەوارو نەخشی فەرهەنگی سەرۆک خێڵ، ئاغاو شێخەکان لەنێو بەشێکی زۆر لە حیزبو رێکخراوه بهناو سهردهمیییانهدا دهبیندرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەتا شۆرشی گەڵانی ئێران لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ێ هەتاویی تەنیا ئاڵاهەڵگری شۆرشی کورد لە ئێران بوو. پاش سەرکەوتنی ئەم شۆرشە چەندین حیزب یەک لەوان کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە گۆرەپانی خەباتی سیاسییەوە. لە ماوەی ئەم سێ – چوار دەیەدا حیزبی دێموکراتو کۆمەڵە بە هۆی قەیرانی فیکرییو ڕێکخراوەیی تووشی زەنجیرەیەک ڵێکدابڕانو ئینشعاب بوونو لەم سەردەمەدا چەندین حیزبی دێموکراتو کۆمەڵە بەرهەمی ئەم قەیرانەن.
لەپەنای ئەم ڕێکخراوانەدا چەند حیزبو گرووپی سەربەخۆییخوازیش لە تاراوگەدا پێکهاتن کە ئەوانیش هەر لەو ماوە کەمەدا بە چەشنێک تووشی قەیرانی حیزبە کلاسیکەکان بوون. هۆی زۆربەی ئینشعابەکان زۆرتر مەسەڵەی کورسیو دەسەڵات بووە تا جیاوازیی بیروباوەڕ. بۆ وێنە ئەگەر یەک دوو ئینشعاب وەکو جیابوونەوەی “لایەنگرانی کۆنگرەی چوار” لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یان دەرکردنو جیابوونەوەی بەشێک لە کادرەکانی ئەم حیزبە بە هۆی پەسەندنکردنی کورتەباسی نەمر دوکتور قاسملو یان جیابوونەوەی کوردەکانی لایەنگری مەنسوری حیکمەت لە “حیزبی کمونیستی ئێران – کۆمەڵە” لەسەر بنەمایەکی فیکریی – بەرنامەیی بوو، بە پێچەوانە چ لە حدکاو چ لە کۆمەڵە هۆی زۆربەی جیابوونە یان دەرکردنەکان بە تایبەتیی لەم دوایانەدا بە هۆی بەرژوەندیی تاکەکەس- گرووپ،نەبوونی فەرهەنگو میکانیزمی دێموکراسی لەم حیزبانەو هەوڵ بۆ وەدەسهێنانی کورسیی ڕیبەریی بووە.
شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ لایهنیتر لەم حیزبانەو میکانیزمی چارەسەرکردنی جیاوازیی نێوڕێکخراوەیی لەچەشنی “یان لەگەڵمی یان وەدەرکەوە یان دەرددەکەم” پاشماوەی ئەو فەرهەنگەیە کە لە خوو خدەی خێڵەکیی بەجێ ماوە. هەروەها دیاردەی “سەرۆک“بوون لە بەشێک لە حیزبە کوردستانییەکان ڕەنگدانەوەی هەر ئەو بیرۆکە خێڵەکییەیە، کە بەتایبەتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی گۆرانگاریی لە ئاستی کۆمەڵایەتیی- ئابووریی و سیاسیی – فەرهەنگیی لەمێژە باوی نەماوە.
لە باشوری کوردستان دیاردەی “سەرؤک” پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕۆڵی کاریسماتیکی سەرۆک عەشیرەکانی بارزانی بووە، لەوەدەچێ بە پێی چوونەسەرەی بەرەبەرەی ئاستی ئاگایی سیاسیی – فەرهەنگییو ئاڵوگۆری ئابوریی – کۆمەلایەتیی لەو بەشەی کوردستانیش مەسعود بارزانی ئاخەرین کەسایەتیی بە هێزی کاریسما بێ کە جارێ دەتوانێ لە گۆرەپانی سیاسیی باشوری کوردستاندا نەخش بگێرێ. لاساکردنەوەی ئەم چەشنە سیاسەتکردنە کە لە باشوری کوردستان باوە، تەبایی لەگەڵ ئاستیی ئاگایی سیاسییو فەرهەنگیی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییەو بەشوێن ئەم بیرۆکەیە کەوتن بەمانای هەڵبژاردنی ڕێگای “ناکجاآباد”ە. لە بەشێکی دیکە لە حیزبە کوردستانییەکان سکرتێری حیزب بەچەشنێک نەخشی سەرۆک عەشیرە دەگێرێ، لەزۆربەی کارەکاندا خودموختارەو بەپێی دەسەڵاتی خۆی بەچەشنێکی تاکەکەسیی، ناوچەگەرایی دەکاو بە کۆکردنەوەی کۆمەڵیک هاوفیکری فەرمانبەر ڕۆڵ دەگێرێ. هەر ئەم ئاکارە دەبێتە هۆی دڵساردبونەوەی بەشێکی زۆر لە کادرەکان، جیابوونەوە یان دەرکردریان بە هۆی دەربرینی بیری جیاواز. لەم حیزبانەدا ماڤی ئەندام وەکو تاکەکەس ماناو مەفهومی نییە، هەموو دەبێ فەرمانبەر بنو تەنیا تاقمێک نوخبەو جیاواز کە کاروباری سەرەکیی ڕێکخراوەو بەشی ماڵییان لەدەس دایە دەبێ فەرمانرەوایی بکەن.
لە سانترالیسمی بەنێو دێموکراتیک ئەم حیزبانە تەنیا سانترالیسمەکە نەخش دەگێرێو هەر چەشنە بیرێکی جیاواز یان بوونی فراکسیۆنو پێشنیاری بەرنامەیەکی دیکە وەکو گوناهێکی گەورە پێناسە دەکرێ. پەروەندە دروستکردن، پیلانداڕشتنو دەرکردنی ئەندامەکانی دێرینە بە بیانووی ویستی کومیتەیەکی حیزبی؟! بە کارێکی ئەساسنامەیی لەقەڵەم دەدرێ. سەبارەت بە حیزبەکانی دیکەش، بەرەوخۆکێشانی بەشێک لە کادرو ئەندامەکانی حیزبو ڕیکخراوەیەکیتر بۆئەوان جێگای شانازایییەو بە دهۆڵو زورنا پێشوازیی لێ دەکەنو شایی بۆ دەگرن، بەڵام هاوکات هەرچەشنە جیابوونەوە بە خیانەت لەقەڵەم دەدەنو تاوانی ڵادەر وەپاڵی نارازییەکان دەدەن. ئهوانه تەواوی هێزی خۆیان بۆ خەراپکردنی هاورێکانی پێشوویان کە بە درێژایی چەند دەیە پێکەوە لە ژێر ئاڵای حیزبێکدا خەباتیان کردوە بەکار دەبەنو لەبەکارهێنانی هیچ چەشنە ئەمرازێک بۆ سووککردنی یەکتر کۆتایی ناکەن.
لەهەموو خۆشتر کاتێک لەسەر شاشەی تلەویزیۆن هونەرنمایی دەکەن، دەبن بە مامۆستای دێموکراسییو وانەی دێموکراتبوونو خۆڕێکخستن لەگەڵ زانستو فەرهەنگی سیاسیی هاوچەرخ فێری خەڵک دەکەن، بەڵام لەکارو باری نێو ڕێکخراوەی خۆیان بە پێچەوانەی وتە زێرینەکانیان، بە شێوەی ماکیاولی بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵاتدا لەئەنجامی هیچ کارێکی نارەوا پارێز ناکەن. تراژێدیی پێکەنیندار لەوەدایە کاتێک ئەم حیزبانە دەستەڵاتیان تەنانەت لە بستێک زەوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە، شەریان لەسەر میراتێكی نادیارە کە جارێ وەدەستیان نەکەوتووە. بڵێی بکرێ ئەم چەشنە سیاسەتە وەکو سیاسەتێکی مودێرنو ئەورۆیی لەقەڵەم بدرێ؟ یان باشتر بڵێن سەرەرای دەستپێکی سەدەی٢١ی زایینی، شێوەی کاروباری زۆرینەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم سەردەمەدا وەبیرهێنەری هەڵسوکەوتی سەرۆک خێڵەکانی سەدەی نوزدەیە.