زمانی دایکی یه‌کێ له سه‌ره‌کیترین مافه‌کانی هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگایه که، مافی هه‌یه به زمانی سکماکی خۆی قسه بکا و بخوێنێ.
زمان له روانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئامرازی پێوه‌ندی نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵه. له بواری سیاسی‌دا ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کێ له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که که پێی ده‌ناسرێته‌وه
مافی خوێندن به زمانی دایکی له زۆر به‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هاتووه. له‌وانه، بڵاکراوه‌ی زمانی دایک، راگه‌یێندراوی جیهانی مافی زمان، خاڵه‌کانی 3 و 4 راگه‌یێندراوی که‌سانی سه‌ر به که‌مایه‌تییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، گه‌لان، که‌مایه‌تییه زمانی و مه‌زهه‌بییه‌کان، ماده‌ی 30ی کونڤانسیونی مافی منداڵ، ماده‌ی 27 رێکه‌وتنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان.
خوێندن به زمانی سکماکی یارمه‌تی منداڵ ده‌کا تا ئاسانتر وانه‌کان تێ بگا و راسته‌وخۆ بیر بکاته‌وه. خێراتر به سه‌ر کۆسپه‌کاندا زال بێ، منداڵ هه‌ست به که‌سایه‌تی خۆی ده‌کا و متمانه‌ی زیاتری به خۆی هه‌یه. شانازی به خۆیه‌وه ده‌کا که که‌سایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه، ده‌رفه‌ت به منداڵ ده‌دا تا زیاتر گه‌شه بکا و خێراتر فێری زمانی دیکه بێ.
به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر منداڵ به زمانی سکماکی نه‌خوێنێ، له‌گه‌ڵ زمانێکی دیکه‌دا روو به ڕوویه که هیچ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵدا نییه، کاتی زیاتری ده‌وێ تا گوێی ئاشنای ده‌نگەکان بێ، مێشکی بۆ وه‌رگرتن و زمانی بۆ بێژه‌کردن ئاماده بکا، ده‌سته‌کانی بۆ نووسین رابێنێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو کۆششه تێگه‌یشتن له وانه‌کان بۆی دژوار ده‌بێ، بیری پرش و بڵاوه و کاتی زۆری بۆ بیرکردنه‌وه و تێگه‌یشتن پێویسته. ده‌بێ وشه‌کان وه‌رگێڕێ و رسته‌کان دروست بکا. له کاتی تێ نه‌گه‌یشتن هه‌ست به بێ مایه بوون پووچی خۆی ده‌کا، زۆربه‌ی کات دوو دڵه، منداڵێ که به سه‌ر زمانی دایکیی خۆیدا زاڵ نه‌بێ، له فێر بوونی زمانێکی دیکه پێشڕه‌فتی زۆری نابێ.
ده‌وڵه‌تی ئێران له رێگای جۆراوجۆره‌وه سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیون و سه‌رکوت و له ناو بردنی زمانی دژی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێرانی ره‌چاو کردووه. له‌وانه قه‌ده‌غه‌کردنی خوێندن به زمانی سکماکی له قوتابخانه‌کاندا، قەدەغەکردنی قسه کردن به زمانه ناوچه‌ییه‌کان له ئیداره دهوڵهتییهکادا. به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی له کاری رۆژانه‌ی خه‌ڵکدا، به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌کانی رادیو و ته‌له‌فزیون به زمانی گه‌لانی دیکه و تێکه‌ڵ کردنی به وشه‌ی زمانی حاکم، قه‌ده‌غه‌کردنی قسه‌کردن له قوتابخانه‌کان به زمانی سکماکی، سووکایه‌تی به زمانی گه‌لانی دیکه و پڕوپاگه‌نده دژی زمانی دایک که وه‌ڵامده‌ری داهاتووی پێشه‌ییان نییه. هێنانی په‌روه‌رده‌ی ئایینی له باتی په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یی له قوتابخانه‌کان، ته‌رخان کردنی به‌رنامه‌کانی ده‌نگ و ره‌نگی کۆماری ئیسلامی بۆ زمانی فارسی، به‌رته‌سک کردنه‌وه و هه‌ڵگرتنی به‌رنامه‌ی ئوستانه‌کان به زمانی محلی. دروست کردنی هه‌موو به‌رنامه‌کانی مندالان به زمانی فارسی بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان هه‌ر له منداڵییه‌وه به زمانی فارسی خوو بگرن. ئه‌مانه ئه‌و سیاسه‌تانه‌ن که به‌رته‌سک کردنه‌وه و لاواز کردن و له ناو نابردنی زمانی دایکی گه‌لان، بۆ وهردهرنانیان له مه‌یدانی رکه‌به‌رایه‌تی زمانی فارسی له پێش گیراون.
بۆ ئه‌وه‌ی زمانی دایکی له مه‌ترسی له ناوچون رزگار بکه‌ین، رێگه‌ی جۆراوجۆر هه‌یه که یه‌کێ له کاریگه‌رترینیان قسه‌کردنی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا به زمانی خۆیانه. له باتی وشه‌ی فارسی و بێگانه هه‌وڵ بده‌ن وشه‌ی ناوچه‌یی پوخت و پاراو به کار بێنن. شاعیره‌کان به زمانی دایکی شێعر بۆ منداڵان بنووسن و هه‌ستی خۆیان ده‌ربڕن. نووسه‌ران له باتی فارسی چیرۆک و شانۆ و هتد به زمانی خۆیان بنووسن. هونه‌رمه‌ندان به کوردی گۆرانی بێژن و بۆ مندالان سروودی کوردی و به‌رنامه‌ی کوردی دروست بکه‌ن. کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگی بۆ گه‌شه پێدان به فه‌رهه‌نگی ناوچه‌یی دابمه‌زڕێنن. پۆلی تایبه‌ت به فێربوونی زمان بکه‌نه‌وه و ده‌وڵه‌مه‌نه‌کان پشتگیری و یارمه‌تییان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت پێشی به‌م کارانه گرت، هه‌ر که‌س له ماڵی خۆیه‌وه خوێندن و نووسین فێری ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی بکا. به‌م شێوه‌یه پێش به هێرشی زمانی حاکم ده‌گیرێ و له رادەی زاڵ بوونی به سه‌ر زمانی دایکیدا که‌م ده‌بێته‌وه.
کاتێ گه‌لێک ویستی خۆی بۆ فێربوون و پاراستنی زمانی دایکی نیشان بدا و به‌رگری لێ بکا، رێ بۆ شۆڕشێکی فه‌رهه‌نگی و گه‌شه‌ی زمان له ناوچه‌که‌دا خۆش ده‌بێ. کاتێ گه‌لێک پێشوازی له به‌رنامه سهرکوتکەرهکانی حاکم نه‌کا، ئه‌وانیش ناچار پاشه‌کشه ده‌که‌ن.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ ئه‌م راسپاردانەی خواره‌وه پێشنیار ده‌کا.
– ئه‌نجومه‌نه فه‌رهه‌نگییه‌کان له رێگه‌ی کۆڕ و کۆمه‌ڵه نیونهتهوهییهکانەوە که به‌رگری له زمانی که‌مایه‌تییه‌کان ده‌که‌ن بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه یه‌کگرتووانه هه‌وڵ بده‌ن.
– خویندن به زمانی دایکی له قوتابخانه‌کان له قانوونی بنه‌ره‌تی ئێران‌دا به ره‌سمی دانی پێدا بنرێ و جێبه‌جێ بکرێ
– به‌رته‌سک کردنه‌وه و کۆسپه‌کانی سه‌ر رێی میدیا ناوچه‌ییه‌کان ( رۆژنامه سایت، رادیو و ته‌له‌فزیون) به زمانی دایکی هه‌ڵ بگیرێ و ئیجازه‌یان پێ بدرێ ئازادانه کاری خۆیان بکه‌ن
– ئیجازه‌ی پێکهێنان و ئازادی کار به ناوه‌نده فه‌رهه‌نگییه‌کان بدرێ.
– رادیو و ته‌له‌فزیونه ناوچه‌ییه‌کان له ئوستانه‌کان به زمانی دانیشتوانی به‌ڕێوه بچن و هه‌وڵ بۆ گه‌شه سه‌ندنی فه‌رهه‌نگی دانیشتوانی بده‌ن.
– ئیجازه‌ی دامه‌زراندنی پۆلی فێربوونی به زمانی دایکی له به‌شی تایبه‌ت بدرێ و ده‌وڵه‌ت پشتگیری لێ بکا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ