"an independent online kurdish website

لە حەوتووی رابردوودا ئەوەی لە فەزای سیاسی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دا بوو و زیاترین باسی لێوە کرا، راپرسیەکی سادەی و بێ بنەمای ماڵپەڕێکی باشووری بوو.golale_kemanger

راپرسیەک کە لەوانەیە لە یەکەم روانین دا وەکوو راپرسی لە بارەی رادەی خۆشەویستی گۆرانیبێژێک بێت و بۆیە قابیلی ئاوڕدانەوە نەبێت، بەڵام راپرسی ئەمجارە نەک لە بارەی گۆرانی و تۆپی پێ و مۆد بەڵکوو لە بارەی سیاسەت و حیزبە سیاسیەکانە.  پرسیارەکە ئەوەیە کە کام حیزب لە کوردستانی رۆژهەڵات دا نوێنەرایەتی خەڵک دەکات؟

پرسیارێکی سادە کە بێ گومان پەیوەست بە داهاتوویە، داهاتوویەک کە لەودا ئەم حیزبانە و لەوانەیە حیزبی دیکەش کە تا ئێستا لە دایک نەبووە لە فەزایەکی واقعی پاش کۆماری ئیسلامی دا دەکەونە رکەبەرایەتی و هەرکام هەوڵ دەدات نوێنەری زیاتر رەوانەی پارلمان بکات بۆ ئەوەی خواستەکانی خۆی و ئەو خەڵکەی لە گەڵی کەوتوون باشتر جێبەجێ بکات. هەر حیزبێک زیاترین دەنگ بهێنێ زیاترین نوێنەری لە پارلمان دەبێ و دەتوانێ ئیدعا بکات کە نوێنەری سەرەکی بەشێکی گەورە لە خەڵکەکەیە، بەڵگەشی ئەو کەسانەن کە رەوانەی پارلمان کراون. واتە بابەتی ئەم راپرسیە شتێکە لە داهاتووی کوردستان دا ، شتێک کە لە ئێستادا نە مەوزوعیەتی هەیە و نە بە هیچ شێوە دەکرێ نەفی یان ئیسبات بکرێ. 

حیزبێک کە لە تاراوگە دەژی هیچ پێوەرێکی ئەوتۆی لە بەردەست دا نیە کە دەرخەری پێگەی لە ناو خەڵک دا بێت، بە دڵنیایەوە هەر حیزبەو کەسانێکی هەیە کە یان ئەندامی ئەون یان هەست و سۆزیان بە نیسبەتی هەیە و لەوانەیە لە داهاتوودا بکرێ حیساب لە سەر دەنگەکانیان بکرێ. بەڵام ئایا لە دۆخێکی وەک ئێستادا کە  هەموو حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کەمترین پێوەندیان لە گەڵ خەڵک هەیە، نە دەتوانن کۆڕ و میتینگ و سمینار بۆ خەڵک بگرن و نە دەتوانن بەرنامە و پرۆگرامی خۆیان بۆ خەڵک باس بکەن، نە ئیمکانی ئەوەیان هەیە شتێک لە ژیانی ئەو خەڵکە بگۆڕن ئایا دەکرێ باس لە شتێک بە ناوی نوێنەرایەتی خەڵک بکرێ؟

بە کام پێوەر، بە پێی کام ئامار و لێکدانەوە و لە چ شوێنێک دا حیزبێکی تاراوگە نشین دەتوانێ  نوێنەرایەتی خەڵکێک بکات کە بەشێکی زۆری کەمترین زانیاری لە سەر بەرنامە و پرۆگرامی ئەو حیزبانە نیە؟ ئەو حیزبانە تەنیا دەتوانن خەڵك لە گەڵ خۆیان ئاشنا بکەن بۆ ئەو رۆژەی کە قەرارە هەڵبژاردن بۆ دیاری کردن نوێنەر بکرێ و تا پێش لەوەش نوێنەرایەتی خەڵک ناتوانێ هەڵگری هیچ مانایەک بێت.

تا ئێرە پێوەندی بە نەزانی و تێنەگەیشتنی بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕەوە هەیە کە لە بابەتێک دا کە کەمترین پێوەندی بە ئەوانەوە نیە و کەمترین زانیاری سەرەتاییان لە سەری نیە خۆیان وەکوو پێوەر و داوەر پێناسە دەکەن.

بەڵام ئەوەی دواتر روودەدات ئیتر پێوەندی بە ئەو ماڵپەرەوە نیە بەڵکوو راستەوخۆ پێوەندی بە سیاسەتی حیزبەکانی رۆژهەڵات، لێکدانەوەی سیاسی رێبەرایەتی ئەو حیزبانە و چۆنیەتی هەڵسووکەوتی ئەوان لە بەرانبەر ئەو شتەدا هەیە.

حیزبێکی سیاسی لە ئان و ساتە پێشبێنی نەکراوەکان دایە کە ئاستی هۆشیاری خۆی، پابەندی خۆی بە ئوسوڵ چەسپاوەکانی و پرستیژی سیاسی خۆی دەردەخات. ئەوەی بە شێوەی رووتین لە کوردستان دا دەگوزەرێت و سەردانی سەرکردەکانی ئەو حیزبانە و دەرکردنی بەیاننامە بۆ ئەو بۆنەگەلە کە هەموو ساڵێک دووپات دەبێتەوە  بە هیچ شێوە ناتوانێ دەرخەری توانا سیاسیەکانی حیزبێک بێت. ئەوانە کۆمەڵە شتێکی رۆژانەن کە هەر کەسێک تەنیا ماوەیەک بەدواداچوونی بۆ بکات و لێی ورد بێتەوە بە ئاسانی دەتوانێ ئەنجامی بدات و هەموو شتێک زۆر ئاسایی بڕوات. بەڵام کاتێک کە بابەتێکی تازە دێتە گۆڕێ، ئەو کاتەیە کە ئاستی هۆشیاری و حەساسیەتی رێبەرایەتی حیزبێک خۆ دەنوێنێ. شێوەی هەڵسووکەوتی ئەوان و بڕیارەکانی ئەوان لەو کاتەدا نیشان دەری لێکدانەوەی سیاسییان، رادەی پابەندیان بە ئوسول و بنەما باوەڕ پێ کراوەکان و زۆر شتی دیکەیە. واتە بابەتی تازە تەنانەت ئەگەر شتێکی لاواز و بێ بنەما و لاوەکی بێت دەتوانێ وەکوو مەحەکێک بێت بۆ تاقیکردنەوە، تاقیکردنەوەی ئەوەی کە ئەو بەرنامە و ئەساسنامە کە لە هەموو کۆنگرەیەک دا سەرلەنوێ دەنووسرێتەوە تا چەندە لە کردەوەدا کەڵکی لێوەردەگیرێت.

لە بابەتی ئەم حەوتووی رابردوودا حیزبەکانی کوردستان دەیانتوانی هەر لە سەرەتاوە بە ئاشکرا بەشداری کردن لەو راپرسیەدا بۆ ئەندامانی خۆیان قەدەخە بکەن، چونکوو باش دەیانزانی کە راپرسیەک کە ماڵپەڕێکی باشوور دەیکات بە هیچ شێوە لە بەردەستی هەموو خەڵکی کوردستان نیە و هەر ئاکامێکیشی هەبێ بە دڵنیانەوە ناتوانێ دەرخەری هیچ راستیەک بێت، و کاتێک کە بە زوویی دەرکەوت کە ئەو راپرسیە هیچ میکانیزمێکی زانستی پەیڕەو ناکات و دەنگەکان پارێزروا نین ئەوکات لە سەریان بوو وەکوو ئەرکێکی حیزبی هەر شێوە بەشدارێک لەو کارەدا قەدەخە بکەن. چونکوو لەوێ دا ئەگەری ئەوە هەبوو کە ئەندامانیان لە ژێر کاریگەری وەسوەسە و هەست و سۆزدا تووشی کاری نائەخلاقی و لە ژێر پێ نانی بنەما سەرەتاییەکانی دیموکراسی بن.

رێبەرایەتی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە سەریان بوو ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان لە ترازانێکی وەها بپارێزن و بەو شێوەیە هەم گرنگی بەها دیموکراتیکەکان دەربخەن و هەمیش بۆ ئەندامانی خۆیان روونی بکەنەوە کە گرنگترین شت بۆ ئەوان وەکوو ئەندام و لایەنگر پاراستنی ئەو ئوسوڵەیە کە بە درێژای مێژوو خەباتی بۆ کراوە و دەکرێ و هەزاران رۆڵەی بە نرخی ئەو نەتەوەیە گیانیان بۆ وەدیهێنانی ئەو بەهاگەلە قوربانی کردوە. 

ئەوە دەیتوانێ دەرسێکی گەورە و بە کەڵک بێ بۆ داهاتووی ئەوکەسانە، کە بزانن لە چوارچێوەی ئەو حیزبە کە هەوڵی بۆ دەدەن بەها و پرەنسیپ و بنەماکان لە سەرووی هەموو شتێکە.

بەڵام بە داخەوە رێبەرایەتی حیزبەکان بێ دەنگیەکی زۆر مانادار و هەڵەیان هەڵبژارد، ئەویش بە نیسبەت بابەتێکەوە کە راستەوخۆ لە بارەی ئەوان بوو و دەبا هەڵویستیان هەبوایە.

حیزبێکی سیاسی کاتێ کە باسی بەها سیاسی و دیموکراتیکەکان دێتە گۆڕێ بە هیچ شێوە ناتوانێ بێ دەنگ بێ، دەبێ رای خۆی دەرببڕێ و بە هەموو هێز و توانایەوە لە ئەو شتانە و ئەو چەمک و بەهاگەلەی خەباتیان بۆ دەکات بەرگری بکات.

یەکێک لە خواستە سەرەکیەکانی حیزبە کوردستانیەکان و هەروەها خەڵکی کوردستان گەییشتن بە  دیموکراسی وەکوو بەهایەکی مۆدێرنە کە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی کوردستان لەو خەڵکە زەوت کراوە. دیموکراسیش لە سەرەتایی ترین پێناسەی دا واتە سەروەری خەڵک، سەروەریەک کە لە رێگای “دەنگ” دانەوە بە کەسانی جێی متمانە دەسپێردرێ. هەر لێرەشەوە دەنگ  پێگە وبەهایەکی زۆر بەرزی لە ناو سیستەمێکی دیموکراتیک و هەروەها رێکخراوێکی پابەند بە دیموکراسی هەیە. تا رادەیەک کە دەتوانێ ببێت بە گرنگترین هێڵی سووری دیموکراسی و هەر سیستەمێک بە پێی رادەی توانای خۆی لە پاراستنی دەنگی خەڵک دایە کە دەتوانێ ئیدعای دیموکرات بوون بکات. ئەو قەیرانە کە حکومەتی ئێران لە ساڵی ٨٨ دا تووشی بوو هەر لە سەر هەڵسووکەوتی نابەرپرسانەی ئەوان لە گەڵ دەنگی خەڵک دا رووی دا.

کەواتە هەر بابەتێک کە پێوەندی بە خەڵک و دەنگی ئەوانەوە هەبێ  بۆ هێزێکی سیاسی بابەتێکی زۆر هەستیارە و دەبێ زۆر وشیارانە لە گەڵی بەرەوروو بێت و نیشان بدات کە ئاستی گرنگی بەها کان لای ئەو چەندە.

ئەو راپرسیە بێ بنەمایەی رووداو و خستنە ژێر پرسیارەی گرنگی دەنگ وەکوو ئەسڵێکی سەرەکی دیموکراسی لە لایەن ئەو ماڵپەڕەوە  ئەگەر بە زووترین کات  لە لایەن حیزبەکانەوە لەقاو درابا و هەر چەشنە بەشداریەک لەو دا قەدەخە کرابا، دەیتوانی نە تەنها ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبانە لە هەڵدێری خیانەت بە بەهاکانی دیموکراسی بپارێزێ بەڵکوو دەیتوانی وەکوو پرستیژێکی سیاسی لە لای خەڵک بۆ ئەوان تۆمار بکرێ و لە جیاتی ئەوەی رەخنەیان بێنەتە سەر ببێتە هۆی سەربەرزی و شانازی بۆیان.

بەڵام بەداخەوە ئەو بێدەنگیە نامەسئولانە و نابەرپرسیارانە وای کرد کە بابەتێکی سەرسەری ببێت بە قەیرانێکی جیدی لە بەرانبەر ئەو حیزبانەدا ، قەیرانێک کە دەتوانێ شەرعیەتی سیاسیان بە ئاسانی لە لای خەڵکەوە بخاتە ژێر پرسیار. بێ دەنگی ئەوان نابەرپرسیاری ئەندامان و لایەنگرانیانی لێ کەوتەوە کە لە نەبوونی میکانیزمێکی شیاودا  و لە ژێر کاریگەری هەست و وەسوەسەدا کەوتنە ناو کایەیەکی پیسەوە و پێیان وا بوو خەریکن کارێکی چاک و خزمەتێکی گەورە بە حیزبەکەیان دەکەن. لە حاڵێک دا خەریک بوون گەورەترین زەبریان لە لەشی بەهایەک بە ناو دیموکراسی دەوەشاند و ترسێک و گومانێکی گەورەیان لە دڵی خەڵک دا دروست دەکرد، ترسی ئەوەی کە ئایا کێ دەتوانێ گەرەنتی پاراستنی دەنگەکانیان لە داهاتوودا بکات و گومانی ئەوەی کە ئایا بە راستی رادەی پابەندی تاکێکی سیاسی سەر بە حیزبێکی سیاسی بە  نیسبەت ئوسوڵ و بنەماکانی هەر ئەوەندەیە و بەهاکان ئایا بە راستی ئەوندە لەرزۆکن؟

بێدەنگی رێبەری حیزبەکان بابەتێکی زۆر سەرسەری و هیچێ کرد بە بابەتێکی هەستیار و پرسیار خولقێن و لە جیاتی ئەوەی کە دڵنیایی و متمانە بە خەڵک ببەخشێ و دڵخۆش و هیواداریان بکات بووە هۆی ترس و بێ متمانەیی و دوردۆنگی، دوردۆنگیەک کە نە تەنیا پێگەی کۆمەڵایەتیان دادەبەزێنێ بەڵکوو رێک هەمان شتە کە دوژمنی ئەوان واتە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بیسەلمێنێ. ئەو بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو ئامرازێک و لە هەموو کاناڵەکان و دەستە شاراوەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێ کە بڵێی حیزبەکان جێی متمانە نین و شیاوی ئەوە نین خەڵک دڵیان پێ خۆش بکات. بێدەنگی رێبەری حیزبەکان و گرنگی نەدان بە بابەتێکی هەستیار واتە “دەنگ” و پاشان کردەوەی نابەرپرسیارانەی هێندێ لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبانە لەم پیوەندیەدا بە داخەوە بێ ئەوەی بزانن و هەستی پێ بکەن رێگە خۆشکەری ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی بوو.

سیاسەتێک کە بۆ بەڕێوە بردنی هەر کەرەستەیەک و لەوانە ماڵپەڕە بێ ناسنامەکانی باشوریش بە کار دێنێ. 

بابەتی پەیوەندیدار

     

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی