"an independent online kurdish website


ئایا خوێندن بە زمانی سکماکی مافێکی بنەڕەتی و تاکە کەسییە یا سیاسی؟ زمان ئامرازی پێوەندی یا ناسنامەی فەرهەنگی و سیاسی تاکی کۆمەڵگایە؟rahim_mihemmedi

ئاخافتن و خوێندن بە زمانی سکماکی مافێکی سەرەتایی و بنەڕەتی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە کە بە زمانی خۆی قسە بکا و لە قوتابخانەدا بیخوێنێ. هیچ لایەنێکی ئیتنیکی و سیاسی بە هیچ بیانوویەک مافی ئەوەیان نییە، کە کەمایەتییە زمانییەکانی لە چوارچیوەی جوگرافی وڵاتێکدا لە خوێندن بە زمانی خۆیان بێ بەش بکەن. زمان لە بواری کۆمەڵایەتیدا ئامرازی پێوەندی نێوان تاکەکان و لە بواری سیاسیدا ناسنامەی نەتەوەیی و یەکێ لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی هەر نەتەوەیەکە کە پێی دەناسرێتەوە.

مافی خوێندن به‌ زمانی دایکی له‌ زۆر به‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هاتووه‌. له‌وانه‌، بڵاوکراوه‌ی زمانی دایک، راگه‌یێندراوی جیهانی مافی زمان، خاڵه‌کانی 3 و 4 راگه‌یێندراوی که‌سانی سه‌ر به‌ که‌مایه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، گه‌لان، که‌مایه‌تییه‌ زمانی و مه‌زهه‌بییه‌کان، ماده‌ی 30ی کونڤانسیونی مافی منداڵ، ماده‌ی 27 رێکه‌وتنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان.

ئەمڕۆ بە پێشکەوتنی زانست و تکنولوژی ئیدی سنوورەکان کۆسپی سەر رێی پێشکەوتنی کۆمەڵگا رۆژئاواییەکان نین و، بەرەو یەکگرتنێکی گشتی هەنگاو دەنێن. لەم سیستەمەدا ناسنامەی نەتەوەیی و زمانیان لە مەترسیدا نییە و، خاوەنی کەسایەتی نەتەوەیی خۆیانن. زمان تەنیا ئامرازێکی پێوەندی بۆ لێک تێگەیشتن و پێشکەوتنە زانستییەکانە. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا نە ئەوەی هەوڵی سڕینەوەی زمانەکان نادەن، بەڵکوو بۆ پێوەندی و باشتر و کاریگەرتر بەرنامەی فێربوونی زمانەکان دادەڕێژن.

لە وڵاتە دواکەوتووەکان و یەک لەوان ئێران کە نەتەوەی سەردەست بوونی خۆی لە زەبر و زەنگ و سەرکوت و داسەپاندنی زمانەکەیدا دەبینێ، کەمایەتییە نەتەوەییەکان، زمان نە تەنیا وەکوو ئامرازی پێوەندی بەڵکوو وەکوو ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگی خۆیان دەزانن و، تێ دەکۆشن تا ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگی خۆیان لە رێگەی زمانەوە بناسێنن. لە ئاکامدا زمان لە مافێکی سروشتییەوە، دەبێتە کەرستەیەکی سیاسی، هەم بۆ ملتی باڵادەست و هەم بۆ کەمایەتییەکان. لەم حاڵەدا زمانی دەسەڵاتدار لە بەرانبەر خۆراگری زمانی گەلان هەست بە لاوازی دەکا و دەیەوێ ئەم لاوازییە لە رێگەی بەرتەسک کردن و قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی گەلان قەرەبوو بکاتەوە.

یەکێ لە سیاسەتە هەڵەکان لە وڵاتانی چەند نەتەوەیی و چەند زمانەدا، هەوڵی دروست کردنی یەک زمان و یەک نەتەوە لە چوارچیوەی وڵاتدایە. ئێران یەکێ لەو وڵاتانەیە کە فرە نەتەوە و فرە زمانە. دەوڵەتەکانی ئێران بە درێزایی چەندین دەیە بوودجەیەکی زۆریان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان و خەرج کردووە. بەڵام کۆششی سیاسەتمەدارانی ئێران نە ئەوەی سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو ئاکامی پێچەوانەی لێ کەوتووەتەوە.

سەرەتا ئێران بە رەچاوکردنی ئەو سیاسەتە بە ئامانجەکانی خۆی کە یەک زمان و یەک نەتەوە بووە نەگەیشتووە. دووەم بە بێ بەش کردنی منداڵانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان بەربەستێکی گەورەی لە بەرانبەر پێشکەوتنی فکری وڵاتدا دروست کردووە. سێیەم ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی دووبەرەکی و دوور کەوتنەوەی گەلانی ئێران لە هەستی وڵات پارێزی.

یەکێ لەو ئامانجە وێرانکارانەی ئەم سیاسەتە، بە وتەی بەڕێوەبەرانی یەکیەتی خاکی وڵات و پێشگیری لە دابەش بوونی ئێران بووە. ئەم هەنگاوە هەڵەیە بۆ لاوازکردن و لە ناوبردنی زمانی گەلانی دیکە، نە ئەوەی هیچ یارمەتی بە یەکگرتوویی ئێران نەکردووە، بەڵکوو زەبرێکی کاریگەری لە هەستی نیشتمانپەروەری گەلانی ئێران داوە کە خۆیان بە ئێرانی نەزانن.

کاتێ دانیشتوانی وڵاتێ هەست بە بێ مافی و سووکایەتی بکەن، ئیتر خۆیان بە ئێرانی نازانن و دەبێتە گرێ گوێرە لە دەروونیاندا و هەوڵ دەدەن تۆڵە بکەنەوە و هەستی جیابوونەوە لە لایان بەهێز دەبێ و، رادەپەڕن و داوای مافی پێشێل کراوی خۆیان دەکەن. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەوە سیاسەتی یەک نەتەوە و یەک زمانی ناوەندە کە گەلانی بێ ماف هان دەدا تا جیا ببنەوە.

ئەگەر کەسانێ وا بیر دەکەنەوە کە بە گەشەکردنی زمانی گەلان و خوێندنی لە قوتابخانەکان دەبێتە هۆی لاواز بوونی زمانی حاکم لە هەڵەدان. من پێم وایە کە گەشەی زمانی گەلان لە ئێران نە ئەوەی نابێتە هۆی لاوازی زمانی فارسی بەڵکوو دەبێتە هۆی گەشەسەندنی فەرهەنگی و ئابووری ناوچەیی و سەرانسەری و هۆی یەکیەتییەکی دڵخوازانەی زیاتر لە نێوان گەلانی ئێراندا.

زمان نەکەینە کێشەیەکی سیاسی ئەگەرچی زمان لە بواری سیاسیدا گرینگی تاینەتی خۆی هەیە و ئەحزاب و دەوڵاتان گرینگی زۆر پێ دەدەن و وەکوو یەکێ لە داخوازە سەرەکییەکانی بەرنامەکانیان دای دەنێن، بەڵام نابێ قسەکردن و خوێندنی زمانی دایکی بکرێتە ئامرازێکی سیاسی بە دەست سیاسەتمەدارانەوە، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یا بۆ سەرکوتی فەرهەنگی گەلان. گونجاندنی زمان لە بەرنامەی حیزبە سیاسییەکان و دەوڵەت دەبێ لە پێناو گرینگی دان بە گەشە سەندنی زمان بێ نە کەرەستەیەک بۆ سەرکوت و خۆ بە شیاوتر زانین. دەتوانین زمان بۆ ئامانجی سیاسی بە کار بێنین، بەڵام زمان مافێکی تاکە کەسی و کۆمەڵایەتییە کە دەبێ رێز لە خاوەنەکانیان بگیرێ و، لە هەموو بوارەکانی ژیانی رۆژانەدا مافیان هەبێ کەڵکی لێ وەربگرن.

کۆمەڵە فەرهەنگی و مەدەنییەکان ئەرکە لە سەر شانیان کە ئیجازە نەدەن کە سیاسەتمەداران بۆ ئامانجەکانی خۆیان و سەرکوتی گەلان و دژبەران زمان بە بارمتە بگرن و بیکەنە ئامرازێکی سەرکوت. بەرگری لە زمانی دایکی لە پاوانی هیچ گەل و گرووپێکی تایبەتدا نییە و، خاوەنی راستەقینەی ئەو کۆمەڵە خەڵکەن کە قسەی پێ دەکەن و، مافی تەک تەک ئەندامانی کۆمەڵگایە، بەرگری لێ بکەن و بۆ گەشەسەندنی زمانی دایکی خۆیان هەوڵ بدەن.

رۆڵی زمان

 زمان لە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگادا چ رۆڵی دەگێڕێ؟ زمان چ کاریگەرییەکی لە سەر گەشەسەندنی کەسایەتی منداڵ هەیە؟

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی زانایان و زمان ناسەکان، خوێندن بە زمانی سکماکی یارمەتی منداڵ دەکا تا ئاسانتر و باشتر وانەکان تێ بگا، راستەوخۆ بیر بکاتەوە و، خێراتر بە سەر کەند و کۆسپەکانیدا زاڵ بێ، زیاتر بیری جەم بێ. منداڵ هەست دەکا کە خاوەنی کەسایەتی خۆیە و باوەڕی زیاتری بە خۆی هەیە، شانازی بە خۆیەوە دەکا کە سەربەخۆیە. دەرفەت بە منداڵ دەدا تا پێشڕەفتی زیاتر بێ و لە فێر بوونی خێرای زمانی دیکە یارمەتی دەکا.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر منداڵ به‌ زمانی سکماکی نه‌خوێنێ، له‌گه‌ڵ زمانێکی دیکه‌دا روو به‌ ڕوویه‌ که‌ هیچ ئاشنایه‌تییەکی له‌گه‌ڵدا نییه‌، کاتی زیاتری ده‌وێ تا گوێی ئاشنای ده‌نگەکان بێ، مێشکی بۆ وه‌رگرتن و زمانی بۆ بێژه‌کردن ئاماده‌ بکا، ده‌سته‌کانی بۆ نووسین رابێنێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو کۆششه‌ تێگه‌یشتن له‌ وانه‌کان بۆی دژوار ده‌بێ، بیری پرش و بڵاوه‌ و کاتی زۆری بۆ بیرکردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن پێویسته‌. ده‌بێ وشه‌کان وه‌رگێڕێ و رسته‌کان دروست بکا. له‌ کاتی تێ نه‌گه‌یشتن هه‌ست به‌ بێ مایه‌ بوون پووچی خۆی ده‌کا، زۆربه‌ی کات دوو دڵه‌، منداڵێ که‌ به‌ سه‌ر زمانی دایکیی خۆیدا زاڵ نه‌بێ، له‌ فێر بوونی زمانێکی دیکه‌دا پێشڕه‌فتی زۆری نابێ.

دەبێ چی بکەین؟

هەروەکوو ئاماژەم پێی کرد کە نابێ زمان بکرێتە ئامرازێکی سیاسی، نابێ بە دیدی ناسیونالیستیشەوە سەیری بکرێ. خوێندن و قسەکردن بە زمانی دایکی لە مافە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی هەر نەتەوەیەکە کە دەبێ رێزی لێ بگیردرێ. لە جەنگی دەسەڵات و سیاسەت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان نابێ زمان بکرێتە ئامانجی هێرش و بەرتەسک و قەدەغە بکرێ.

بەر لە هەموو شتێ دەبێ هەوڵ بدەین کە زمان لە بەرەی جەنگی دەسەڵاتخوازی و خۆ بە زلزانی و شوڤنیزم رزگار بکەین و بە خاوەنەکەی کە تاکەکانی کۆمەڵن بسپێرینەوە. ئەگەر لە دەست ئەم نەخۆشییە رزگارمان بێ کارەکان ئاسان دەبن. دەبێ هەوڵ بدەین مافی خوێندن بە زمانی دایکی گەلان لە قانوونی بنەڕەتی وڵات بە رەسمی بناسرێ و جێبەجێ بکرێ. دەوڵەت بوودجەی کتێب و قوتابخانەکان دابین بکا.

گەلی فارس دەبێ زیاتر لە گەلانی دیکە لەم پێناوەدا هەوڵ بدا. ئەگەر گەلی فارس ئەم ئەرکە مێژووییەی خۆی بە باشی بە جێ بگەیێنێ و، وەکوو سەرکوتکەرێ لە بەرانبەر گەلانی دیکەی ئێراندا رانەوەستێ، بە هۆی جۆراوجۆر زمانی فارسی شانسی ئەوەی هەیە کە ببێتە پردی پێوەندی نێوان گەلان و رۆڵی بەرچاو بگێڕێ. لەبەر ئەوەی ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە زمانە و زمانی فارسیش ئەو زەمینەیەی هەیە.

ئێستا پرسیارێک دێتە پێشەوە. ئایا گەلی فارس دەیەوێ زمانەکەی زمانی رەسمی دەوڵەتی داهاتووی ئێران بێ، یا زمانی سەرکوت و ئاسیمیلاسیون؟ من پێم وایە کە گەلانی ئێران بەشی یەکەمی پرسیارەکە بە ئاسانی قەبووڵ دەکەن، بەڵام بەشی دووەم چەکێکی کۆنە کە ژنگی هێناوە و لە بەرانبەر ویست و داخوازی گەلاندا توانای خۆڕاگری نییە. هەڵبژاردن بە دەستی خۆیانە.

ئەگەر هات و دەوڵەت ئەمەی قەبووڵ نەکرد و، لە سەر سەرکوت و لە ناوبردنی زمانی گەلان بەرداوام بوو و پێ داگری کرد، چی بکەین؟

خوێندن بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکان لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا یەکێ لە رێگەچارەکانی زیندوو راگرتن و گەشەپێدانی زمانی دایکە. بەڵام ئەگەر دەوڵەت لەم ئەرکەی خۆی دزییەوە رێگەی دیکەش هەیە. یەکێ لە کاریگەرترین رێگەچارەکان هان دانی کۆمەڵگایە بۆ قسەکردن بە زمانی دایکی. لە باتی وشە و زاراوەی بێگانە و زمانی فارسی وشە و زاراوە ناوچەییەکانی زمانی دایکی بە کار ببەن و هیچ شەرم لە کەموکۆڕی زمانەکەی خۆیان نەکەنەوە.

شاعیره‌کان به‌ زمانی دایکی شێعر بۆ منداڵان بنووسن و هه‌ستی خۆیان ده‌ربڕن. نووسه‌ران له‌ باتی فارسی چیرۆک و شانۆ و هتد به‌ زمانی خۆیان بنووسن. هونه‌رمه‌ندان به‌ کوردی گۆرانی بێژن و بۆ مندالان سروودی کوردی و به‌رنامه‌ی کوردی دروست بکه‌ن. کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگی بۆ گه‌شه‌ پێدان به‌ فه‌رهه‌نگی ناوچه‌یی دابمه‌زڕێنن. پۆلی تایبه‌ت به‌ فێربوونی زمان بکه‌نه‌وه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نه‌کان پشتگیری و یارمه‌تییان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت پێشی به‌م کارانه‌ گرت، هه‌ر که‌س له‌ ماڵی خۆیه‌وه‌ خوێندن و نووسین فێری ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی بکا. به‌م شێوه‌یه‌ پێش به‌ هێرشی زمانی حاکم ده‌گیرێ و له‌ رادەی زاڵ بوونی به‌ سه‌ر زمانی دایکیدا که‌م ده‌بێته‌وه‌.

کاتێ گه‌لێک ویستی خۆی بۆ فێربوون و پاراستنی زمانی دایکی نیشان بدا و به‌رگری لێ بکا، رێ بۆ شۆڕشێکی فه‌رهه‌نگی و گه‌شه‌ی زمان له‌ ناوچه‌که‌دا خۆش ده‌بێ. کاتێ گه‌لێک پێشوازی له‌ به‌رنامه‌ سه‌رکوتکەره‌کانی حاکم نه‌کا، ئه‌وانیش ناچار پاشه‌کشه‌ ده‌که‌ن.

 

مادەی ١٥ قانوونی بنەڕەتی ئێران

 

لەم کاتانەدا لە میدیا و لە زمانی هێندێک کەسایەتی سیاسی و فەرهەنگییەوە باس لە مادەی ١٥ی قانوونی بنەڕەتی ئێران دەکرێ و، هێندێک پێیان وایە بە جێبەجێ کردنی ئەم مادەیە داخوازی گەلان دێتە دی. رەنگە هێندێک یا نەیان خوێندبێتەوە یا باش سەرنجیان نەدابێ، لەم مادەیەدا باسی بە رەسمی ناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکان ناکا. ئەوەی لەم مادەیە هاتووە ئەوەیە کە خوێندنی ئەدەبیاتی گەلان لە پاڵ زمانی فارسیدا ئیجازە پێ دراوە. زمانی رەسمی قوتابخانە فارسییە و، مافی خوێندن بە زمانێکی دیکە باسی نەهاتووە. لەم مادەیە باسی بە کارهێنانی زمانی ناوچەیی لە رۆژنامە و رەسانەکان دەکا، ئەگەرچی ئەم بەشەش جێبەجێ بکرێ، یارمەتی بە گەشە سەندنی زمان و ئەدەبیاتی گەلان دەکا، بەڵام رێژیمەکان ئەو مافە نیوەناتەواوەشەیان بە گەلانی ئێران رەوا نەدیوە. رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەوانی کورد و گەلانی دیکە هەمیشە لە ژێر فشار و راونان و گرتندا بوونە. ئەوەی من تێگەیشتووم، دەوڵەت هیچ ئەرکێکی لە بەرانبەر خوێندن بە زمانی دایکی بۆ گەلاندا نییە و، بوودجەشی بۆ تەرخان ناکا.

سیاسەتی سڕینەوەی زمانی گەلان بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن دەوڵەت و سیاسەتمەدارانی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێ و، هەوڵیان داوە تا زمانی گەلانی ئێران لاواز و لە ئەنجامدا بسڕنەوە. لەوانە: قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، قەدەغەکردنی قسەکردن بە زمانی دایکی لە ئیدارە و بەڕیوەبەرییە ناوچەییەکان، بەرتەسک و هەڵگرتنی لە کاری رۆژانەی خەڵک لە بازاڕ و شەقامەکاندا، تێکەڵ کردنی وشە و زاراوەی زمانی حاکم بە زمانی گەلان، کۆسپ خستنەبەر دەم چاپ و بڵاو بوونەوەی گۆڤار و رۆژنامەکان و داخستن و پێشگیری لە بڵاو بوونەوەیان، بەرتەسک کردنەوەی رادیو و تەلەفزیونی بە زمانی گەلان و پڕ کردنی لە وشەی زمانی فارسی، قەدەغەکردنی قسەکردن بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکان، سووکایەتی بە زمانی گەلان کە گۆیا وەڵامدەری پێویستییەکانی داهاتووی کار و پێشەیان نییە، هێنانی فەرهەنگی مەزهەبی بۆ قوتابخانەکان لە باتی فەرهەنگی نەتەوەیی.

هەروەها تەرخان کردنی بەرنامەکانی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی بۆ زمانی فارسی، کەم کردنەوە و لابردنی بەرنامەی ئوستانەکان بە زمانی دایکی، دروست کردنی بەرنامەی منداڵان بە فارسی تا هەر لە منداڵییەوە گوێی منداڵ بەو زمانە را بێنن. ئەمانە لەو سیاسەتانەن کە بۆ بەرتەسک و لاواز کردن و لە کۆتاییدا لەناو بردنی زمانە ناوچەییەکان و وەدەرنانیان لە مەیدانی رکەبەرایەتی زمانی فارسی رەچاو کراون. ئەمانە سیاسەتی بەرنامە بۆ دارێژراون بۆ کوشتنی زمانێک و سەرەنجام ترۆری فەرهەنگی گەلان.

ئەگەر چی دەوڵەت لەسەر سیاسەتەکانی خۆی بۆ لە ناوبردنی زمانی گەلان سوورە، بەڵام هیچ سەرکەوتنێ بە دەست ناهێنێ. لەبەر ئەوەی خەباتی مافخوازی گەلانی پێگەیشتووە و، لاوانی ئەم گەلانە لەم پێناوەدا ئاڵای خۆڕاگری و بەرگرییان هەڵکردووە. بە پێشکەوتنی تکنولوژی و دەست راگەیشتنی خەڵک بە ئیمکاناتی میدیایی کاریگەری لەسەر ورەیان هەبووە و، دەرفەتی زیاتری خولقاندووە تا خەڵک لە نووسراوەکانی خۆیان، بە چاپی کتێب و رۆژنامە و گۆڤار، لە رادیو و تەلەفزیون و، سایتە ئێنترنێتییەکان زمانی دایکی زیاتر بە کار بێنن.

ئەمرۆ خەڵک مەیلیان بۆ فێربوونی زمانی دایکی لە هەر زمانێکی دیکە زیاترە. لە خەباتی مافخوازی خۆیاندا ناوی کوردی و ناوچەیی خۆیان زیاتر لە سەر منداڵەکان دادەنێن. ئەوان گەیشتوونەتە ئەوە باوەڕە کە خوێند و فێربوونی زمانی دایکی مافی بێ ئەم لا و ئەو لای ئەوانە و لە هیچ کەس گەدایی ناکەن و، قەبووڵێش ناکەن هیچ کەس لێیان وەرگرێ. لەبەر ئەوەی زمان ناسنامەی تاکە کەسی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و نەتەوەیی ئەوانە و، لە رێگەی زمانەوە فەرهەنگەکان بۆ نەوەکانی داهاتوودا دەگوازنەوە. بۆ زیندوو راگرتنی فەرهەنگی نەتەوەیی ئەرکیانە بەرگری لە خاوێنی و پاک و پاراوی زمانەکەیان بکەن.

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی