"an independent online kurdish website

شاری هەڵەبجە، یەکێکە لە شارە جوان و قەشەنگەکانی باشووری کوردستان .. شاری هەڵەبجە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی .. (٨٣) کیلومەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە .. reza_showan

رووبەری هەڵەبجە ( ١٥٥٩) کيلۆمەتری چوارگۆشە .. هەڵەبجە لە ساڵی (١٨٨٩) دا کرا بە قەزا .. لە ساڵی ( ١٩٨٨) دا ، واتە لە کاتی کیمیابارانکردا ژمارەی دانیشتوانی شاری هەڵەبجە (٧٥) هەزار کەس بوون .. بەڵام ئێستا ژمارەیان (١٢٥) هەزار کەسە .. سەرجەم دانیشتوانی قەزای هەڵەبجە کوردن .

قەزای هەڵەبجە بە چەند زنجیرە چیایەک دەوردراوە .. لە باکووریدا ( زنجیرە شاخـە سەرکەشەکانی هەورامـان ) ـە .. لە باشووریدا زنجیرە شاخـە جـوانەکانی ( باڵامبۆ ) یە .. لە رۆژهەڵاتیدا شاخی ( شنروێ ) و ( دەریاچەی دەربەندیخان ) ـە .. لە رۆژئاواشیدا دەشتی بە پیت و بە ناوبانگی شارەزوورە .. شاری هەڵەبجە (٧٢٦) مەتر لەسەر رووی دەریاوە بەرەزە .. ئەمەش ئاو و هەوایەکی خۆش و سازگاری پێ بەخشیوە ، بە تایبەتیش لە وەرزی هاویندا .. لە قەزای هەڵبجەدا چەندین سەیرانگا و هاوینەهەوار و کانیاوی ئاوروون و شیرین و، چەند تاڤگەیەکی زۆر جوان و دڵگیری لێ هەن .. کە لە بەهاران و لە هاویناندا .. سەیرانکەر و گەشتیارێکی زۆری کورد و، بیانی روویان لێدەکەن .. چەندین رەزی بەرین و، باخاتی میوە هەمەجۆرەی بە ناوبانگی هەیە .

دەربارەی لێبوونەوەی ناوی هەڵەبجە، چەند را و بۆچوونی جیاواز هەن .. نزیکترینیان لە راستییەوە .. ئەوەیە کە ناوی هەڵەبجە لە وشەی ( هەڵوژەوە ) هاتووە .. کە جاران هەڵەبجە بەم ميوەیە بە ناوبانگ بوو .. بۆچوونیکی تریش هەیە ، کە دەڵێ ، پیاوێکی ئەو دەڤەرە، بێچووە هەڵۆیەکی گرت و بەخێوی دەکرد بە ( هەڵۆ بەچە ) ناوی دەبرد .. ئەم ناوە کەوتە سەر زمانی خەڵکی ناوچەی هەڵەبجەوە، زۆر دووبارە دەبۆوە، دەشێ ناوی هەڵەبجە لە وشەی ( هەڵۆ بەچـە ) وە، هاتووبێت .. نـاوی ( هەڵەبـجە) و وشەی ( هەڵۆبەچە ) لە یەکەوە نزیکن .

شاری هەڵەبجە هەر لە کۆنەوە، شوێن و پێگەیەکی زۆر گرنگی جوگرافی و مێژوویی و بازرگانی و سەربازی و کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتی و کەلەپووری و کولتووری هەبووە .

هەڵەبجە لە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆش مەڵبەندێکی گرنگی رۆشنبیریی کوردییە .. بە دەیان شاعیر و نووسەر و زانا و رۆشنبیر و هونەرمەند و ناودارانی پیاو و ئافرەتی ناسراوی  لێ هەڵکەوتووە ، کە شوێن پەنجەیان دیارە و رۆڵیکی گرنگیان لە بزووتنەوەی ئەدەبی و رۆشنبیری و هونەری و ئاوەدانی و دەسەڵاتداریی کوردیدا هەبووە .

خەڵکی هەڵەبجە کوردی دڵسۆزن و، کوردستان پەروەری ناسراوان، لە شۆڕشەکانی گەلەکەماندا رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبووە ، پشکی شێری قوربانی و شەهیدیان بەرکەوتووە .. تا ئەمڕۆش کولتوور و داب و نەریتی رەسەنی کوردییان پاراستووە و، لایان کاڵ نەبوونەتەوە .. هەڵەبجەییەکان تا ئەمڕۆش جلوبەرگی رەسەنی کوردیمان لەبەردەکەن و .. لەسەر هەڵسوکەوت و رەفتا و رەوشتی جوان و بەرزی باووباپیرانی کورد ماونەتەوە ، لە هەموو روویەکەوە کوردەواری و رەسەنایەتی بەم شارەوە دیارە .

لە کاتژمێری یانزە و سی و پێنج خولەکی پێش نیوەڕۆی رۆژی ( ١٦/ ٣/ ١٩٨٨) دا، شەش فرۆکەی جەنگی عێراقی، لە جۆری ( سیخۆ ) ی رووسی .. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بە مەبەستی کوشتنی زۆرترین خەڵکی ، لە هەموو لایەکەوە .. ناو شاری هەڵەبجەیان بە گازی کوشندەی کیمیاوی ی قەدەغەکاری نێو دەوڵەتی بۆردوومان کرد .. بریتیبوون لە گازی ( خەردەل ) و ( سیانید ) و چەند جۆرە گازێکی تێکەڵەی تر .. لە هەمان کاتيشدا تۆپە دوورهاوێژەکانی سۆپای خوێنڕێژی عەرەبی عێراقی تۆپارانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەریان دەکرد .. لە ئەنجامی ئەم بوردوومانەدا، لە ماوەیەکی کورتی ئەو رۆژەدا .. زیاتر لە پێنج هەزار کوردی بێ تاوان و بێ دەرتان شەهیدبوون، کە زۆربەیان منداڵانی کۆرپە و ساوا و، ژن و پیر بوون .. زیاتریش لە دە هەزار کورد بریندار و کەم ئەندام و جەستە شێواوبون .. کە زۆربەیان تا ئەمڕۆش دەناڵێنن،چ لە تاو برینی چەستەییان، یا برینی دەروونی ساڕێژ نەبوویان .. تا ئەمڕۆش هەڵەبجە بۆنسوی کیمیاوی لێدێت .. فرمێسک و دڵتەنگیی هەڵبجەییەکان، نەبوونە بە زەردەخەنە و شادی.

مەبەستی رژێمی شۆڤێنی عەرەب ئەوەبو، کە بە یەکجاری ژیان لە هەڵەبجەدا نەهێڵن، ئەوان هەر مرۆڤیان نەکوشت بەڵکو بە هەزاران ، چۆلەکە، پەپوولە، کۆتر، هەنگ، مێروولە، مەر و ماڵاتی بێ زمان، گۆڵ و باخ، هەوای پاک ، کانیاوی روون ..هتد، هەموویان بوونە قوربانیی ئەم ئەم تاوانە بێ وێنەیە، کە بە دڕندەترین و قێزەوەنترین تاوانی کۆمەڵکوژیی ئەم سەردەمە لە جیهاندا دەزانرێت .. ئەو بێویژدان و بێ رەوشتانە هەڵەبجەی جوانیان کرد بە وێرانەشار و، بە  شاری تارماییەکان، کردیان بە گەورەترین گورستان بۆ کوردی بێ تاوانان، تاوان و گوناهی ئێمەی کورد تەنها ئەوەیە کە کوردین وئازادیخوازین .. دەمانەوێت لە کوردستانی  نیشتمانی شیرینماندا، بە ئازادی و بە ئاشتی بژین .. ئێمەش وەکو گەلانی تر، ماف و دەسەڵاتمان هەبێت .

تاوانی هەڵەبجە و ئەنفال یەکەمین تاوان عەرەبە شۆڤێنییەکان نین ، بڕواش ناکەین کە دوا تاوانیان بێت .. ئەمانە لە سەردەمی خەلیفەکانیانەوە، لەژێر دروشمی جیهاد و بە تەماحی غەنائمی ـ دەسکەوتی ـ جەنگدا .. هەر لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ کورد دەکوژن و، ماڵ و سامانی کورد بە تاڵانی و دزی دەبەن ” سەر بۆ ئێمە و .. ماڵ بۆ ئێوە ” .. ئەمە خوویەکی رەسەنیانە و بەشێکە لە کولتووری بۆگەن و، لە مێژووی پڕ لە خوێناویان .. وەکو دەڵێن : ” خوویەکە گرتوویانە بە شیری و، وازی لێناهێنن بە پیری ” ئەوان بە بیری رەگەزپەرستی عەرەبی گۆشکراون .. ئیسلامچێتیشیان پەردەپۆشی و رووکەشییە بۆ هەڵەخەڵەتاندن و تەفرەدان، بۆ لە ڕێ دەرکردنی گەلانی ساوێلکەی خۆشباوەڕە .. ئەمەیە کردەوە قێزەوەنەکانی، برای عەرەبی چاوڕەشم .. ئەمەیە پەیامە پیرۆزەکەی برای موسڵمانی ئاشتیخوازم .. کە خۆیان بە هەڵگری پەیامی ” ذات رسالة خالدە = خاوەن پەیامێکی نەمر ” دەزانن ؟! .. کەچی جاشە بەکرێگیراوەکانیان تا ئەمڕۆش بە ناوی( اللە أکبر) ەوە .. لە رۆژئاوای کوردستاندا .. رۆژانە منداڵ و ژن و گەنجی کورد سەردەبڕن و، ماڵ و سامان و، ئابڕووبدنی کوردیان رەوا و حەڵاڵ کردووە .. بەڵی ئەمەیە راستیی پەیامە نەمرەکەیان .. ئەمەیە جیهادیان، ئەمەیە بێ رەوشتیان .!

هەڵەبجە و ئەنفال ، دوو تاوانی کوتوپڕی داگیرکەرانی کوردستان نەبوون .. بەڵکو بەپێی بەرنامەیەکی نەخشەداڕێژراو .. جێبەجێ کران .. بەرنامەیەکی رەشەکوژی و کوردقڕان ( ژینۆساید ) بوون . بەرنامەیەکی سوتاندنی تەڕ و وشک و، کاولکردنی دێهات و ئاوەدانیی کوردستان بوو .. بەرنامەیەک بوو بۆ  هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری کوردستان .. بۆ هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی خێزانی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردیمان .. بۆ کاڵکردنەوەی داب و نەریتی رەسەنی کوردی و کولتووری گەلەکەمان .. بۆ سوکایەتیکردن بە بەها نەتەوەییەکانمان .. لە راستیدا، نیازگڵاویی ئەم شۆڤێنییانە زۆر لەم تاوانانەش زیاتر بوون .. گەورەترین و دڕندەتین سوپای رەگەزپەرتی رژێمی عێراق، بێ بەزەییانە دەستیان لە کوشتن و زیندەپەچاڵکردنی، منداڵ و ژن و پیری گەلێکی بێ چەک و بێ پشت و پەنا .. نەدەپاراست .. تازەترین و کوشندەترین چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتییان بەکارهێنا .. بۆ قڕانکردنی گەلی کوردمان لە باشووری کوردستاندا، هەموو سنووریکی یاسایی و نێودەوڵەتی و رەوشتییان بەزاند .

تا ئەمڕۆش هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکان و، زۆربەی دەوڵەتە ئیسلامییەکان، لە ئاستی ئەو توان و ناهەقیانەی دەرهەق بە ئێمەی کورد کران و دەکرێن، وێژدان مردوون، دڵبۆگەنن، دەمارگیرن، رەگەزپەرستن،  کوێرن، کەڕن، لاڵن، بێ غیرەتن .. بەڵکو هەندێکیان پێخۆشحاڵبوون و، دەستخۆشیان لە سەدامی گۆڕبەگۆڕ کرد .. تا ئەمڕۆش بەشێک لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی شۆڤینیی عەرەبی، نکووڵی لەوە دەکەن کە سەدام حوسێن چەکی کیمیاوی، لە دژی کورد بەکارهێنابێت .. زۆریشیان شارێ هەڵەبجەش بە ( گوندێکی بچووک)  ناودەبەن .. هەموو ئەم هەڵویستانەش بە لای ئێمەی کوردەوە نامۆ نیین، چونکە ئەوان بە بیری رەگەزپەرستی و خوێنڕشتن و تاڵانی و داگیکردن گۆشکراون .

بەڵام نە کیمیاباران، نە ئەنفال، نە زیندەبەچاڵکردن، نە لە سێدارەدان ، نە ڕاگواستنەوە .. هەرگیز ریشەی کورد ناهێنن لەبن .. چونکە ئێمەی کورد گەلێکی خۆڕاگر و قارەمان و کۆڵنەدەرین .. ناحەزانمان پێش دۆستەکانمان، دان بەم راستییەدا دەنێن .. کورد هەر ماوە و، هەڵەبجەش بۆتەوە شار .. بەڵام کوا ( سەدام حوسێن )ی دیکتاتوری فسفس پاڵەوانی لە خۆبایی  ؟ .. کوا ستەمکاری بێڕەوشت ( عەلی کیمیاوی) ..؟ هەردووکیان سەرشۆڕ و گۆڕبەگۆڕکران و، بوونە پەندی زەمانە و، خرانە زبڵخانی مێژووەوە .

مەرگەساتی هەڵەبجە و کارەساتی ئەنفال ی بەدناو، دوو پەڵەی ڕەش و قێزەوەنن و شەرمەزاری و بێڕەوشتتین، بە نێوچەوانی شۆڤێنی عەرەبییەوە .. ئەم چارەنووسە رەشەیان با ببێت بە پەند و وانە، بۆ ئەو دیکتاتۆر و داگیرکەر و ستەمکار و زوردار و خوێنڕێژانەی، وادەزانن تا هەتایە دەخوڕن و دەبڕن .. بەڵام هیچ دیکتاتۆر و زۆردار و لە خۆباییەک .. ناتوانێت، لە بەردەم تەوژمی رەشەبای راپەڕین و، شەپۆلی سونامیی تووڕەیی گەلدا خۆی بگرێت .

لە بەرواری ( ١٧/ ٣/ ٢٠١١) دا، بە دەنگی تێکڕای ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق، تاوانی ( کیمیابارانی هەڵەبجە ) بە تاوانێکی کۆمەڵکوژی ( ژینۆساید ) ناسرا .

بە پێی ئەم بڕیار و دانپێنانە، دەبوایە تا ئێستا خەڵکی زیان لێکەوتووی هەڵەبجە قەرەبوو بکرانایە .. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق ئاوڕی لێ نەداونەتەوە .  ئەڵمانیا ( ٧٠ ) ملیار دۆلار، قەربووی قوربانیانی ( هۆلۆکۆست) ی بە ئیسرائیل دا. بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا ( ٧٠ ) دیناریشی وەک قەرەبوو بە کورد نەداوە .

ئەمڕۆژ کورد بە گشتی و هەڵەبجەییەکان بە تایبەتی ، لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی دوو بڕیاری گرنگی حکومەتی عێراقدان :

یەکەم : دەنگدانی پەڕلەمانی عێراق لەسەر ( بە پارێزگاری کردنی شاری هەڵەبجە ) .. هیوادارم لە ( یادی بیست و شەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە ) دا، ئەم مژدەیە رابگەیەندرێت .. ئەوبوو لە (٣١ /١٢ / ٢٠١٣) دا، بە زۆرینەی دەنگ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژە یاسای بە پارێزگاری کردنی شاری هەڵەبجەیان پەسەند کرد و، ناردیان بۆ پەڕلەمانی عێراق، بەڵام تا ئێستا سەرۆکی پەرلەمان نەیخستۆتە بەرنامەوە ، تا باسی لێبکەن و دەنگی لەسەر بدەن .. ئێمە دژی ئەوەین کە بڕیاردانی پەڕلەمان عێراق لەسەر بە پارێزگاری کردنی هەڵەبجە، بە هیچ مەرجێکەوە ببەستێت .. داواش لە پەڕلەمان و لە حکومەتی عێراق دەکەین، کە چیتر یاری بە هەستی برینداری هەلەبجەییەکان نەکەن و بڕیارەکانیان جێبەجی بکەن .. ئەگینا ئێمەی خەڵکی کوردستان بێ دەنگ نابین و، لەمە زیاتریش خۆڕانگرین و، ناڕەزاییمان خۆمان دەردەبڕین و .. وازناهێنین .. پێویستە حکومەتی کوردستان و پەڕلەمانتارانی کوردیشمان لە بەغدا .. بێدەنگ نەبن و فشار بخەنە سەر پەڕلەمانی عێراق .. زۆرمان پێ سەیرە کە سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق ( ئوسامە نجێفی ) ئەوە بڕیار و کێسانەی پەیوەندیان بە کوردە وە هەبێت ، مالیکی ئاسایی پشتگویی دەخات و بۆ یا دەیانهڵێتەوە بۆ سازشکردنی سیاسی و بەرژەوەندی کیتلەکەی خۆی بۆ دانا ی مەرجێک لەسەر کورد .. ئەمەش لای ئێمەی کورد، ئەو گومانە دروست بووە .. کە ماليکی و نجێفی هاوڕان لە ئاستی ئەو کێسانەی پەیوەندیان بە کورد و کوردستانەوە هەیە .. چونکە پرۆژەکەی سەرکۆماری عێراق بە گەڕانەوەی قەزا و ناحیە دابڕاوەکانی پارێزگای کەرکوک و .. کە قۆناغی دووەمی جێبەجێکردنی مادەی ( ١٤٠) . دوو ساڵە هەر لە پەڕلەماندایە و، ئوسامە نجێفی نایەوێت بیخاتە بەرنامەوە بۆ دەنگدان لەسەری، پەڕلەمانتارانی کوردیشمان هێچ فشارێکی ئەوتۆیان نەخستۆتە سەر نجێفی بۆ ئەوەی بيخاتە بەرنامەوە . 

دووەم : ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە ( ١٨/١٢ / ٢٠١٣) دا، بڕیاری دا، کە لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی سیانزەمینی ناوچەیی لە دژی بە کارهێنانی چەکی کیمیاوی، کە بڕیار وایە ئەمساڵ لە شاری هەڵەبجەی شەهیدا ئەم کۆنگرە ساڵانەیە ساز بکرێت .. بۆ داواکردن بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی لە جیهاندا .. گەرچی تا ئیستا بە فەرمی ، کاتی بەستنی ئەو کۆنگرەیە دیاری نەکراوە .. داوا لە حکومەتی عێراق و، لە حکومەتی کوردستانیش دەکەین، کە بۆ سەرکەوتنی ئەم کۆنگرەیە، ئامادەکاری تەواوی بۆ بکەن .

هیوادارین هەموو خیرخوازان و ئاشتیخوازانی جیهان یەکبگرن و، دژی شەڕ و کوشتن و کیمیاباران و ژینۆسایدکردنی گەلانی مافخوراو و نیشتمان داگیرکراو بوەستنەوە .. تا لە کوردستان و لەهیچ شوێنێکی تری جیهاندا تاوانی کیمیاباران و ئەنفال و هۆلۆکۆست و ژینۆسایدکردن دووبارە نەبنەوە .

لە یادی بیست و شەشەمین ساڵڕۆژی مەرگەساتی هەڵەبجەی شەهیدا .. بە ئەوپەڕی رێزەوە .. سەری رێز و نوازشت بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و ..  بۆ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دادەنەوێنین .

نەمری و شکۆداری بۆ شەهیدانمان  .. مردن و رسواییش بۆ داگیرکەرانی کوردستان .

رەزا شوان / سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج

نەرویج : ٣ / ٣ / ٢٠١٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی