ئێمه ژنان له دار فێربووین که چۆن له‌ژێر ڕێژنه‌ی باران و گلێره‌دا به‌سه‌رپێوه بوێستین. له هه‌ور فێربووین، بۆ ڕوواندنی گوڵ له خاک‌دا، به‌سه‌ر تیره‌گی چیاکان‌دا ده‌ربازبین.
٨ی مارس له‌ڕاستیدا ڕۆژی یه‌کده‌نگی و یه‌کگرتوویی ژنانی تێکۆشه‌ری سه‌راسه‌ری جیهان بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی ڕزگاریخوازی و مرۆڤایه‌تی و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشتی و فه‌وتاندنی هه‌رچه‌شنه چه‌وسانه‌وه و نایه‌کسانییه.
ڕۆژی ٨ی مارسی ١٨٧٥ ژنانی کرێکاری کارگه‌ی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرک به ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین سه‌باره‌ت به بارودۆخی گه‌لێک ناگونجاوی کاریی و درێژخایه‌نبوونی ماوه‌ی کار و نزمبوونی راده‌ی مووچه ڕاپه‌ڕین. پۆلیس گه‌لێک دڕندانه په‌لاماری کرێکارانی ژنیدا و ڕێپێوانی ئه‌وانی خه‌ڵتانی خوێنکرد. سه‌ره‌ڕای سه‌رکوتکردنی خوێناوی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه، ساڵانی دواتریش کریکارانی شاری شیکاگۆ و نیۆیۆرک به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو و ڕێکخراوتر، به‌مه‌به‌ستی به‌رزڕاگرتنی ئه‌و ڕۆژه مێژووییه، خه‌باتی خۆیان به‌رده‌وام په‌ره‌پێدا و سه‌ره‌ڕای دروشمه‌کانی پێشوو له‌باره‌ی کۆتاییهێنان به کاری تاقه‌تپروکێن، ئه‌وجار بۆ هه‌بوونی مافی ده‌نگدان بۆ ژنان و پێش‌گرتن له به‌هره‌وه‌رگرتن له وزه و کاری مناڵان هاتنه‌سه‌رشه‌قام. ئه‌وه خاڵێکی گه‌شاوه له مێژووی تێکۆشانی ژنان دژی چه‌وساندنه‌وه و یاسا ئیستیسمارییهکانی جیهانی سه‌رمایه‌داری بوو.
٨ی مارس له‌ڕاستیدا هێمایه‌ک له تێکۆشانی به‌رده‌وام و بێپسانهوهی ژنان دژی زوڵم و به‌هره‌کێشی ئابووری سیاسی، فه‌رهه‌نگی و جینسییه‌تی مه‌وجوود له کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌دارییه. ژنانی کرێکار ئه‌و ڕۆژه‌یان به ئازار و خوێنی خۆیان بنیاتناوه و به تێکۆشانی ئاگاهانه و ماندوویینهناسانه خواسته‌کانیان به ئامانج گه‌یاندووه. ژنان به‌شێوه‌ی سوننه‌تی و مێژوویی له ته‌واوی کۆمه‌ڵگادا بوونه‌ته که‌رسته‌ی تووندوتیژی و هه‌ڵاواردن، بۆیه به تێکۆشانی بێپسانهوه و ڕۆشنکردنه‌وه‌ی بیر و هزری کۆمه‌ڵگا توانیویانه له ئوروپا ئازادی و مافی یه‌کسانی هاوشانی پیاوان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن.
مه‌خابن ژنانی ئێمه تا ئێستاش یه‌خسیر و کۆیله‌ی یه‌ک ئیدئۆلۆژی سوواو و نیزامێکی دواکه‌وتووی ئیسلامین. ئه‌و نیزامه زوڵم و چه‌وسانه‌وه به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر دژ به ژنان له کۆمه‌ڵگادا کردووه‌ته یاسا و گشت به‌ها و ئهرزیشهکانی کۆمه‌ڵایه‌تی نیزامی له‌سه‌ر بنه‌مای کۆیله‌تی ژنان و چه‌وسانه‌وه‌ی ئه‌وان و یاسای پیاوسالاری دامه‌زراندووه. ژنانی کۆمه‌ڵگای ئێمه له سه‌ره‌تاییترین مافی خۆیان، بۆ وێنه مافی ژیان و چۆنییه‌تی ژیان و هه‌ستی هه‌ڵبژاردن و خۆشه‌ویستی و مافی ویستن و نه‌ویستن بێبه‌شکراون. پیاوان خۆیان به مالیک و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی گیانی ژن و ژیانی ئه‌وان له کۆمه‌ڵگادا ده‌زانن. کوشتن و تووندوتیژی به‌تایبه‌ت کوشتن له‌ژێر ناوی پاراستنی نامووس یه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زه‌قی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه و قوربانییه‌کانی ئه‌و جینایه‌ته دڕندانه‌یه له‌ڕاستیدا که‌سانێکن که له به‌رامبه‌ر بیروبۆچوونی دژه ئینسانی ئه‌وتۆدا ڕاده‌وه‌ستن و گیانی خۆیان بهختدهکهن.
هه‌ر مرۆڤێکی ئازادیخواز به لێووردبوونهوهیهکی سه‌ره‌تایی له یاساکانی حاکم له ئێران‌دا، له قوڵایی تووندوتیژی ئاشکرا دژی ژنان تێده‌گا و پووچی و دژه مرۆڤبوون و دژه ژنبوونی ئیسلام و ڕژێمی ئاخووندی بۆ ئاشکراده‌بێ.
ده‌سه‌ڵاتداران ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر درگای هه‌ر قوتابخانه‌یه‌کی کچانه، یاسا و دروشمی به‌قه‌ولی خۆیان پاراستنی حیجابیان هه‌ڵواسیوه و هه‌موو ڕۆژێ یاساکانی ئیسلامی به‌گوێی کچانی گه‌نجدا بانگدهدهن و وه‌بیریان ده‌خه‌نه‌وه. ڕژێمی ئاخووندی له‌کاتی هاتنه‌سه‌رکارییه‌وه، جلوبه‌رگ و خۆداپۆشینی به‌زۆره‌ملی، واته حیجابی ئیجبارییان به‌سه‌ر ژنانی وڵاته‌که‌ماندا سه‌پاندووه، بۆوه‌ی ژنان کۆیله‌تی و سووکی خۆیان ههستپێبکهن و قبوڵی بکه‌ن.
له کۆماری ئیسلامی‌دا به‌شی ژنان له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌ماڵه‌ییدا ته‌نیا ده‌ستڕێژی جینسی، کوژران، له‌شفرۆشی، سووککران، جنێو و بێحوڕمه‌تی و هه‌ڕه‌شه بووه. ته‌نانه‌ت له کاتی هاوسه‌رگیریشدا، بنه‌مای پێکهێنانی ژیانی هاوسه‌ری، ڕه‌چاوکردنی ڕێککه‌وتنی ماڵی وه‌ک ماره‌یی و جێهێز و شتگهلیتره، نه‌ک خۆشه‌ویستی و عه‌لاقه‌ی مرۆڤه‌کان و مافی یه‌کسانی له ژیاندا.
ئێمه‌ی ژن بۆ گه‌یشتن به ئامانج و هیواکانمان بۆ ڕزگاری، ده‌بێ هاوده‌نگ و به‌یه‌که‌وه خه‌بات بکه‌ین و زنجیری یه‌خسیری هه‌زارساڵه‌ی زوڵم و چه‌وسانه‌وه و هه‌ڵاواردن که به‌درێژایی مه‌ودای مێژوویه و له‌ده‌ست و پێمان هاڵاوه، بپسێنین.
بژی یه‌کگرتوویی جیهانی ژنان بۆ ڕزگاری له هه‌رچه‌شنه کۆیلهتییهک.